له‌ ساتی دروستبون و سەرهەڵدانەوە تا... !

چیا عەباس
  2023-09-21     378

بۆ ئەوانەی هێشتا له‌دایک نه‌بون

 

ترۆتسکی، یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ ناودارەکانی شۆرشی کۆمینیستەکانی روسیا ده‌ڵێت: ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێکی هه‌ڵه‌دا له‌ دایکبوین، سه‌رده‌مێک ئه‌سته‌مه‌ چێژی ئارامی و  ئازادی و به‌خته‌وه‌ری بکه‌ین.
چیرۆکەکانی مرۆڤ لە مێژوی نیشتمانەکەمان بۆ ئەو نیشتمانە بێ ژمارەن، بەڵام تۆ بڵێی لەسایەی ئەو چیرۆکانەدا ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئارامیان دروێنە کردبێت، بەئەرکی دەزانم  چیرۆکی هاورێیەکی زێرین لە گەشتەکەی لە نیشتمانەکەیدا وەک تابلۆیەکی نەمر بۆ ئەوانەی هێشتا لە دایک نەبون بەجێبهێڵم.
ئه‌و ساڵه‌ ساڵێک بو وه‌ک ساڵه‌کانی تری زه‌مه‌ن، دوازده‌ مانگ و چوار وه‌رز، نازانم چ ساڵێک بو، وه‌ک ساڵه‌کانی تر ژماره‌یه‌کی هه‌بو.
له‌و ساتەدا زه‌ینم چه‌که‌ره‌ی نه‌کردبو، نازانم‌ چ وەرزێک بو، کات و شوێنه‌کان له‌ یه‌ک ده‌چون، نه‌مده‌زانی له‌ چیەوە هاتوم و بۆچی هاتوم و بۆ کوێ دەرۆم.
له‌و ساتەدا ته‌نیا بوم، ته‌نها چه‌ند تارماییه‌ک ده‌وریان دابوم، هه‌مو تارماییه‌کان له‌ یه‌ک ده‌چون، چونکه‌ به‌ باڵا و ره‌نگ و بۆن و ده‌نگ و سۆزیان ئاشنا نه‌بوبوم.
نازانم له‌و ساتەدا گیانله‌به‌رێک بوم یاخود تۆوی خەیاڵ و حه‌زێکی کتوپری سودفە کە به‌ها و مانایه‌کیان هه‌بو. چونکه‌ گیانله‌به‌ره‌کان پێش سه‌رهه‌ڵدان، پێش هاتن له‌نێو چه‌قی حه‌زێکی خه‌یاڵاوی کتوپردا خۆیان گرموڵه‌ ده‌که‌ن، بۆیه لە غەیبدا چاوه‌روان بوم و ساتی هاتن و ده‌رکه‌وتنم دیار نه‌بو.
له‌و ساتەدا کاتێک ساوا بوم، نازانم له‌ سوچی چ هۆده‌ و به‌رهه‌یوانێک جۆلانه‌ی لاوانه‌وه‌م بۆ هه‌ڵخرابو، له‌ گۆی چ مه‌مکێک یه‌که‌م چێژی سوننه‌ته‌کان دەکەم.
هیچ په‌له‌م نه‌بو فێری گریان بم و به‌برسیه‌تی و ئازار ئاشنا بم، هیچ په‌له‌م نه‌بو گاگۆلکێ‌ بکه‌م و فێری یه‌که‌م هه‌ڵسان و که‌وتن بم، په‌له‌م نه‌بو یه‌که‌م وشه‌ بجومه‌وه‌‌، جیاوازی نێو خه‌نده‌ و فرمێسکم نه‌ده‌زانی. نه‌مده‌مزانی پاش ئاشنابون به‌سوننه‌ته‌کان چیتر رێگه‌یه‌ک نادۆزمه‌وه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌‌ بۆ پێش سه‌ره‌تا و پێش سەرهەڵدان.
له‌و ساتە‌دا کاتێک منداڵ بوم به‌په‌رۆشه‌وه‌ توند ده‌ستم به‌ قبلەی حه‌زه‌کانه‌وه‌ گرتبو، له‌ نێو په‌ڵه‌ هه‌وره‌کاندا به‌ که‌شتیه‌کی ره‌نگینی خنجیلانه‌ی دروستکراو له‌ په‌رچه‌می ئاودار و وقاری شۆڕه‌بی و گه‌ڵای شه‌ونمدار‌ و تاڵه‌‌ ناسکه‌کانی پرچی ئایشێ و فاتمه‌ گه‌شتێکی گه‌رانم به‌دوای ئه‌ستێره‌ بی ژماره‌کانی به‌ختی نادیارم گرتبوه‌ به‌ر. له‌و دنیا به‌رینه‌ بێ سنور و وڵات و شارو و گه‌ره‌ک و کۆڵان و ماڵ و و سەرکردە و حزب و ئاین و یاساکان حه‌زه‌ وردیله‌کانم له‌ سه‌ر سنگی مانگێکی بێ ناو و ناونیشان نه‌قش کردبو، چاوه‌روان بوم له‌و دیوی فه‌زاوه‌‌ یه‌زدانێک ئاورێک بداته‌وه‌ و دوعا و نزاکانم به‌و زمانه‌ی هێشتا فێری نه‌بوبوم بخوێنێته‌وه‌ و لێیان تێبگات و ئاورێکیان لێبداتەوە.
له‌و ساتەدا کاتێک گه‌نجێکی بێ ناسنامه‌ بوم گوریسی جۆلانه‌ی عه‌شقم له‌ مه‌چه‌کی تاوێری کێوه‌ شۆخه‌کانی گه‌ردون ئالاندبو، ده‌شته‌ ئازاده‌ به‌رینه‌کان و گۆڵزاره‌ ‌ دڵگیره‌ هه‌مه‌ ره‌نگه‌کان و ده‌ریا هه‌ڵچوه‌ بێ سنوره‌کان له‌ گه‌ڵ ته‌وژمی گەرمی سینە و دڵی هه‌ڵچو و بێئۆقره‌یی جه‌سته‌مدا گزنگێکی ره‌نگاوره‌نگیان له ئاسۆی عشقێکی چاوه‌روان نه‌کراودا ئاڵاندبو.
‌به‌بیرم نایه‌ت له‌و فه‌زایه‌دا شه‌یدای چ شۆخ و جوانێک بوم چونکه‌ هه‌ر هه‌مو جوان بون، به‌ڵام‌ سه‌رده‌مێک بو وه‌ک‌‌ چه‌پکه‌ تیشکی‌ خۆر له‌ کڵاورۆژنه‌ی قه‌ڵاکانی عه‌رشی خۆشه‌ویسته‌ نه‌ناسراو‌ه‌که‌مه‌وه‌ ده‌پرژامه‌ ‌سه‌ر به‌سته‌ڵه‌کی ئاره‌زویه‌کی شاردراوه‌ی گڕدار، خوازیار بوم له‌‌ جۆش و خرۆش و گری جه‌سته‌یه‌کی نه‌رمی زاده‌ی سودفه‌دا بتوێـمه‌وه‌ و زینای بون و حه‌زه‌ ئه‌زه‌لیه‌کان له‌ گه‌ردنی گزنگه‌که‌ی ئاسۆ بئاڵێنم‌.
له‌و ساتەدا کاتێک گه‌وره‌بوم، حه‌زه‌ وردیله‌کانیشم گه‌وره‌ بوبون، که‌شتی گه‌رانم بۆ‌ فه‌زایه‌کی دورتر سه‌وڵی لێده‌دا، جۆلانه‌که‌ی عیشقم به‌ره‌و ئەو خۆرەی هه‌ڵناهاتبو  هه‌ڵده‌کشا.
له‌و ساتەدا کاتێک گه‌وره‌ بوم گۆرانیم بۆ گزنگی خۆر و ئاوابونی ده‌بێژی، زۆر دڵگران ده‌بوم کاتێک ‌شه‌پۆله‌ بێبه‌زییه‌کانی خه‌یاڵ له‌ قه‌ڵایه‌کی ره‌شهه‌ڵگه‌راوی چۆڵ و به‌تاڵ له‌ خۆشه‌ویستی فرێیان ده‌دام، چونکه‌ ده‌مزانی خۆر و تریفه‌ی مانگ و هاژه‌ی روبار و زه‌رده‌خه‌نه‌ و فرمێسک تەنیا جێم دەهێڵن.
له‌و ساڵه‌دا من کور و ئەو دایک له‌ هۆده‌ بچوکه‌ تاریکه‌ قوراویه‌که‌ی هاتن و یه‌که‌م هاوار و یه‌که‌م لوقمه‌ی ژیان، دوا دیدارمان به‌ڕێکرد. وێرای دوربونم له‌وێ بوم، لایان بوم،‌ نیشتمانی به‌رخودان و ئازار و هیوا هه‌وێنی ته‌مه‌نمیان جۆش و خۆشه‌کردبو.
زۆری نەخایاند جوانی و مەڵ و گوڵه‌کان هێدی هێدی لانه‌کانیان جێده‌هێشت، پۆل پۆل ئاسمانی کۆچکر‌دنیان به‌ره‌و ده‌ریای وشکبوی توره‌یی و گوڵزاری زه‌ردهه‌لگه‌راوی نائومێدی گرتبوه‌ به‌ر.
ئه‌و کاته‌ی گه‌وره‌ بونم تێپه‌راند عه‌وداڵیم بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا، بۆ کاڵبونه‌وه‌ و دەستپێکردنەوە، بۆ کۆشه‌ به‌سۆزه‌که‌ی دایکه‌ نەماوەکەم و بۆ باس و خەندەکانی هاورێکانی گه‌شته‌کانم، هه‌راسانیان کردبوم. دوای گه‌ورەبون هه‌ستم ده‌کرد چه‌ند بچوک بومه‌ته‌وه، چۆن حه‌ز و خه‌و‌نه‌کانم له‌ فه‌زای بوندا کاڵده‌بنه‌وه‌، چۆن ئه‌مجاره‌ گه‌شتێک به‌رێده‌که‌م که‌ پێش ده‌ستپێکردن به‌دوا وێستگه‌که‌ی‌ گه‌یشتوم‌.
له‌و ساتەی له‌‌‌ وه‌رزی پایزدا گیرسامه‌وه‌‌‌ ره‌نگه‌کانی وه‌رزه‌که‌ بێئۆقره‌ یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ده‌وه‌رینه‌ سه‌ر جه‌سته‌ی خه‌یاڵیکی پیر و ماندو، خه‌یاڵێک مەملەکەتەکەی پرشنگدار، شورای پاشاو و سنورەکانی هەڵتەنراو بە درک و داڵ و خرنۆک.
سه‌رده‌مێک بو گه‌رده‌لولی راماڵینی ساکاری و بێگه‌ردی و خۆشه‌ویستی پاک هه‌ڵیکردبو، گه‌رده‌لولێک وه‌ک گه‌ڵایه‌کی پایزی زەردهەڵەگراو هه‌ڵێلۆشی بوم و ده‌یکێشام به‌ دار و به‌ردی حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسماندا.
کاتیك گه‌یشتمه‌ دوا وێستگه و چاوم هه‌ڵهێنا زۆر دره‌نگ بو، ئەو چرکەیە تێگەیشتم لەم نیشتمانەی مندا ساتێک نیت و ساتێک هەیت و بێدەنگیت و ساتێک نامێنێت تۆ چێژی ئەو ئازادیە دەکەیت کە لە گەشتەکەتدا زۆر تامەزرۆی بویت.
هاورێی ئەزیزی دەمێک رۆیشتو دڵنیا بە لە مەملەکەتەکەدا مەلەکانی ناو قەفەس بەردەوام بۆ ئازادی دەخوێنن.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×