حکومەت‌و بەرەی نارازی‌و کۆرۆنا

چیا عەباس
  2020-03-20     989
لەگەڵ دروستبونی گۆڕان بەرەی ئۆپزسیۆن لەباشور پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە کە رێگەی ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی کردە ئەمری واقیع. ئەم وەرچەرخاندنە دەسەڵاتی حوکمرانی هەرێمی شڵەژاندو ئەو هاوسەنگیەی نێوان پارتی و یەکێتی بەجۆرێک تێکچو کە تا دەیان ساڵی تر پێوەی دەناڵێنن.

دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بەرەی ئۆپزسیۆن، کە زۆربەی لە روی رێكخراویی و سیاسیەوە لە ناو گۆڕاندا بونی هەبو، دوچاری پەرتەوازە و لەتبون و داکشان و لاوازیەکی بەرچاو بو. لێرە بەدواوە دەسەڵات کاری جدی بۆ ئیحتواکردنی پاشماوەکانی بەشێکی ئەو ئۆپزسیۆنەی ناو گۆڕانی کرد و تێیدا سەرکەوتوش بو. 

کاتێک لە ناو گۆڕان کار لە کار ترازا و ئومێدی گۆرانکاری و چاکسازی تێیدا روی لە ئاوابون کرد، دەیان هەڵسوراو و پەرڵەمانتار و بەرپرسانی گۆڕان بە رێگەی پەیام و پرۆژەوە سەرانی گۆڕان یان لە مەترسیەکانی ئەو نەهجەی گرتبویانە بەر ئاگادار کردەوە، یەکێک لەو گروپانە پرۆگۆڕانە کە لە دەرەوەی وڵات دروستبو و رۆڵێکی بەرچاوی بۆ لێكنزیکبونەوە و لێکتێگەیشتنی بەرەی نارازی ناو گۆڕان لە وڵات و دەرەوە هەیە، هاوکاتیش دەسەڵاتدارانی گۆڕانی لە ئاکامە نەرێنەکانی بەشداری بزوتنەوەکە بەو لاوازی و پەرتەوازیە لە حکومەت بە ئاگاهێنایەوە، سەرانی گۆڕان لە روانگای بەرژەوەندی گروپە جیاکانی خۆیان گوێیان نەگرت و بەشداریان کرد و بێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی گەلەکەیان لە گەڵ پارتی رێکەوتن، کەچی پارتی تا ئەم چرکەیەش بە جورعە شیرینی دەسەڵات بە گۆڕان دەبەخشێ و بێدەنگی کردون.

لە ئاکامی ئەم روداوانەدا زۆربەی زۆری بەرەی نارازی جارانی ناو گۆڕان، بە بەندەشەوە،  گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە گۆرانکاری و چاکسازی لە ناو گۆڕان و زۆربەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان کۆتایی پێهاتوە و قەوانێکی سواوە و راکردنە بەدوای سەرابدا، بۆیە ئەو قەناعەتە زۆربەمانی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە دەبێت لە مەقامی بنەرەتی و سەرەکیدا خەمخۆری ئایندەی نەتەوە و نیشتمان بین بە پشتبەستن بە هێز و کاری جەماوەر  و پرسەکانی گەشەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و چالاکیە مەدەنیەکان.

لەو دیدگایەوە بەرەی نارازی هەوڵێکی زۆری دڵسۆزانەی هەمەلایەنەی داوە  و بەردەوامیشە بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێک یاخود سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نارازیەکانی دژ بە گەندەڵی و نادادی لە هەرێمدا تا هەڵسن بە ئەرکی مێژویی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمان، پلاتفۆرمێک دور لە دیماگۆگی حزبی و بێبەری لە کەسانی روخسار لەکەدار و دەمامکدار و نیەت خۆپەرست بنیات بنێن، بێگومان بە هاوکاری رێژەیەکی بەرچاوی رۆشنبیر و نوسەر و نارازی ناو هێزەکانی تر هەوڵ دەدرێت  پشتگیری لە هەق بکرێت و دژی ناهەقی بوەستنەوە، بەتایبەت بەرامبەر دەسەڵاتی رەهای حزبی لە حوکمرانیدا کە سەرچاوەی بنەرەتی و سەرەکی ناهەقی و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسایە.

سەرهەڵدانی ئافاتی کۆرۆنا چاوەروان نەکراو بو، ئێستا بۆتە مەترسیەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، زلهێزەکان و وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتوەکانی دنیا بەرێگەی جیاجیا کۆکن لە سەر ئەوەی دەبێت زیانەکانی ئەم ئافاتە سنوردار بکرێن و دواتر کۆنترۆڵی بکەن، بۆ ئەمەش چەند ترلیۆن دۆلاریان تەرخانکردوە بۆ گوزەرانی هاوڵانیان و دابینکردنی پێداویستیە پزیشکی و مرۆییەکان لە جەنگی دژ بە کۆرۆنا.
لە ئێستادا ئێران یەکێکە لە سەنتەرە گەورەکانی تەشەنەکردنی کۆرۆنا، باشوری کوردستان سنورێکی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتری لە گەڵدا هەیە، هاوکاتیش تێکەڵاوبونێکی مێژویی خەستی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و سیاسی لە گەڵدا هەیە، بۆیە مەترسیەکانی سەر کوردستان لەم ئیپی سەنتەرە مەترسیدارەوە کەم نین، دەبێت زۆر ورد و دروست مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت.

دیارە لە نوسینی پێشومدا " ئەو یەکێتیانە بۆ وادەکەن" مەبەستم بو رونی بکەمەوە کە ئەو مەرزانەی سنور لە گەڵ ئێران کە لە مێژە لەلایەن هەر دو حزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی، کۆنترۆڵ کراون و تا ئەم چرکەیەش بازرگانیان لە رێگەیانەوە قۆرخ کردوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی نایاسایی و نارەوا و تاڵانکردن، بەم دواییەش هەوڵ دراوە گۆڕانیش پشکی تێدا هەبێت، دەبوا ئەم مەرزانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت و وەزارەتی دارایی و دەزگا پەیوەندار و بەرپرسە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی گەل و نیشتماندا بونایە و بەردەوام چاودێری ورد و توند بکرانەیە. ئەم سنور و مەرزانە چەند گرنگیەکی ستراتیژی هەستاریان بۆ باشوری کوردستان و فەرمانرەوایی هەرێم هەیە، لەلایەک گرنگی سیاسی و لە لاکەی تریشەوە دەروازە گرنگەکانی بازرگانی هەرێمن لە گەڵ دنیای دەرەوە، کە لە ساڵانی دوای راپەرینەوە چروپر بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراون.
لەم سەردەمەی کۆرۆنا ئەو مەرزانە پێویستیان بە کۆنترۆڵکردنێک هەیە کە وەک دەمامکی خۆپاراستن لە کۆرۆنای لێبکەن، نەک بەو بەرەڵڵاییەی بەر چاو دەکەوێت کە چەند تاقمێک لێی سودمەندن.

کاتێکیش باسی وەزیری داراییم کردوە کە بە بریاری حکومەت سەردانی یەک دو مەرزی کردوە بە مەبەستی بەدواداچون و ئەگەرەکانی ئیجرائاتی پێویست، وەک هەواڵێک و جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمانرەوایی ئاماژەم پێداوە، ئەم باسکردنەم بەهیچ شێوەیەک دەربرینی پشتگیری سیاسی نیە بۆ ئەو وەزیرە و حکومەتی هەرێم، بەڵکو ناراستەوخۆ بەشێکی واقیعی ناکۆکی و ململانێی نارەوا و تۆڵەکردنەوە لە نێوان هێزە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆم خستۆتە رو.

بێجگە لەو خاڵانەی سەرەوە لە بنەرەتدا لەو باوەرەدام حکومەتی هەرێم لە زۆر بواری هەستیاردا، یەکێک لەوانە مەرزەکانی سنورە و پرسە ستراتیژیەکانی پەیوەست پێیانەوە، تایبەت لەم ساتە وەختەدا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، نابەرپرسانە مامەڵەی کردوە و زۆر کەمیشی هێناوە.

بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ئەرکێکی گەورەی نیشتمانیە، هەرچەندە لە ئێستادا خەڵک ناتوانن بە یەکەوە بن بەڵام دەتوانن هاوکاری یەکتر بن بۆ زاڵبون بەسەر ئەم ئافاتەدا. حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری یەکەمە، بە تایبەت لە تەرخانکردنی دارایی پێویست، بەخشینی زانیاری، دابینکردنی پێویستیە بنەرەتیەکان بۆ بژێوی سەدان هەزار کەسی پیر و پەککەوتو و نەخۆش و ئەوانەی موچەخۆر نین و لە ماڵەوەن و کار و کاسبیان نەماوە، ئامادەسازی پزیشکی و دارایی و لۆجیستیک بۆ ئەگەری تەشەنەبونی زیاتری ئەم ئافاتە.

حکومەتی هەرێم رێگەی قفڵدانی هەرێـمی  بژاردە کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، ئەم ستراتیژیە پێویستی بەدابینکردنی گەڵێک پێدوایستی زۆر بنەرەتی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەیەکی زانستانە و راست و دروست، کەچی لەم ساتە هەستیارەشدا دەسەڵاتدارانی ئەو دو حزبە هێشتا کار بە دو ئیدارەیی دەکەن، بەوەش نەوەستاون لە ئاستی زۆر باڵادا و بەهۆی بەرژەوەندیە نەوتیەکان و رق و کینەی مێژوییەوە کەوتونەتە گیانی یەکتر، بەجۆرێک کە سەردەمەکانی شەرە ناوخۆییەکانی نێو جەستەی کوردایەتیمان لە باشور بەبیر دەهێننەوە. 

دوبەرەکی و دو ئیدارەیی رێگری گرنگن لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کە تا ئێستاش لە زۆر شوێن کاریگەری نەرێنیان هەیە، وەک لە مەرزەکانی سنور، لە فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکان و چەند دامودەزگای هەستیاری حوکمرانیدا، زیادە بۆ ئەمانەش ژێرخانێکی شەکەتی ئابوری و گواستنەوە و غیابی ئاماری ورد و دروست و دەسەڵاتی گروپە بەرژەوەندخوازەکان لە ناوچە جیاکانی کوردستان، هەروەهاش ژێڕخانێکی پزیشکی و تەندروستی لاواز و کەم ئیمکانیات. ئەم هەمو خاڵە گرنگانە تا ئەم چرکەیەش بەتێر و تەسەلی و راشکاوانە لە کارنامەی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەرچاو نەکەوتون، بەڵكو هەر وەک نەریتی جاران راگەیانراوی زۆر و زەبەندی سەد بارە و سواو  رۆژانە نمایش دەکرێن.

ئەم سێ هێزەی حوکمرانی بەرپرسیاری یەکەمن لە هەر ئاکامێکی نەخوازیاری ئەم ئافاتە، ئەم هەڵسەنگاندنە بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆنی رانەگەینراویش بێبەری ناکات لەوەی کۆمەڵێک کار هەبو دەیانتوانی و دەشتوانن بیکەن. لە سەرویانەوە سازدانی سندوقێکی کۆمەک بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، تەنگ هەڵچنین بە دەسەڵاتدارانی ئەو هێز و حزبانە بۆ گەرانەوەی پارەی زەوتکراو و هەڵلوشکراوی میللەت لەم سات و ئانەدا تا لە هەڵمەتی دژ بە کۆرۆنا بەکاربهێنرێت، داواکردن لە سەرمایەدارانی گەلەکەمان کە بێنە پێش و لەئاستی بەرپرسیاریەتی مێژویاندا بن لەم جەنگە سەختە دژ بە کۆرۆنا، بەتایبەت لە دابینکردنی بژێوی رۆژانەی کەم دەرامەت و بەتەمەنچوەکان و نەخۆش و پەککەوتەکان.

لێرەدا دەسەڵاتی سێ حزبی حوکمرانی بەرپرسی یەکەمن لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ سەرجەم ئەو خاڵە گرنگ و بنەرەتیانە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، هەروەها بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و یارمەتی پێویستی قوربیانیانی کۆرۆنا.

وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی پێشکەوتوی تریش سەدان ملیار دۆلاریان تەرخان کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو ئافاتە، تایبەت بۆ قەرەبوکردنەوەی خەڵک لەو زیانانەی بەریان دەکەوێت بەهۆی داخستنی شوێنی کار و بژێوی ژیانیان، هەروەها بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستیە لۆجیستیک و پزیشکیەکان و بەردەوامدان بە پرۆسەی خوێندن و فێربون بە رێگەی ئۆنلاینەوە.

کەس داوای مەحاڵ لە حکومەتی هەرێم ناکات، بەڵام ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت هەر سێ حزبی دەسەڵاتدار لێی بەرپرسن و هەریەکە بە پێی دەرامەت و پێگە و قورسایی لە حکومەت و لەودیو سنورەکانی کوردستانیشەوە، هیچ لایەکیان ناتوانن خۆی لەم بەرپرسیاریەتە بێبەری بکات، کاتێک شەریک بن لە دابەشکردنی کێکەکە و شەری خواستەکانیان لە حکومەتدا دەبێت ئەرکەکانیشیان راست و دروست و راستگۆیانە و شەفافانە جێبەجێ بکەن.


نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام ٢٠ مارچ ٢٠٢٠   
     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×