کورد و شۆڤینیزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی توندڕەو

چیا عەباس
  2024-11-20     226

کورد لەسەر دەستی فاشیزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی توندرەو دوچاری مێژویەکی خوێناوی لێوان لێو لە تاوان و وێرانی بوە.
ئەم روداوانە ناگەرێنەوە بۆ ئەم سەدەیە بەڵکو رەگ و ریشەیان دەیان ساڵە لە ناخی نەتەوەی کورد و خاکەکەیدا بەزەبری هێز و هەمەجیەت سەپێنراون.
پرۆفیسۆر مارتن ڤان بروانسن، توێژەری ناوداری هۆڵەندی لە بواری کورد و ئیسلامدا دەڵێت: سەرکردە باڵاکانی سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی کورد سەرۆک خێڵ یان عەشیرەتەکان نەبوون بەڵکو شێخ و ڕابەرە ئاینیەکان بوون. ئەمانەش سەرۆک تەریقەتی سۆفی یان دەروێشی بون و لەم حاڵەتەشدا بەتایبەتی ڕێبازی نەقشبەندی جەماوەرێکی زۆر گەورەی هەبوو لە کوردستان. ڤان براونسن لە درێژەی توێژینەوەکەیدا دەڵێت: لە مانگەکانی شوبات و ئازاری ١٩٢٥دا، کۆمارە نوێکەی تورکیا کەوتە لەرزین بە هۆی شۆڕشێکی جوتیارانی کوردەوە کە بە خێرایی لە بەشێکی  گەورە و بەربڵاوی ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتیدا لە دەسپێکی جەنگی یەکەمی جیهاندا تەشەنەی کرد. کاتێ کە سوڵتان وەک  خەلیفە و ڕابەری باڵای تەواوی موسڵمانە ئوسوڵییەکان "جیهاد" ی (جەنگی پیرۆزی) ڕاگەیاند، زۆربەی کوردەکان کەوتنە جۆش و خرۆش و چون بە دەم ئەو بانگەوازەوە. ئەو بڕە پارە هێجگار زۆرەی کە ڕوسەکان خەرجیان کرد لە هەوڵداندا بۆ کڕینی لایەنگری و دڵسۆزی هەندێ لە سەرۆکە کوردەکان هیچ سودێکی نەبو، بە هەمان شێوەش بانگەشە پڕ سۆز و جۆشەکەی نەتەوەییە کوردەکانیش نەبوە ڕکابەری گوتاری خەلیفە. چونکە بۆ زۆرێک لەوان خەلافەت بەرجەستەی تەواوی ئیسلام بو و هەڵوەشاندەوەشی وا وێناکرا کە لێدان بێت لە خودی ئیسلام (کۆتایی ئەم بەشەی توێژینەوەکە).

 

کورتەیەکی مێژوی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان
لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابوردو بەشێوەیەکی بەرچاو بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیە نوێکان لە باشوری کوردستان دروستبون، شۆرشی ئیسلامی لە ئێران ساڵی ١٩٧٩ و جیابونەوەی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی بەغدا لە ١٩٩١ و بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ئەو روداوانەن دەبێت لە سەرهەڵدانی ئەم هێزە ئیسلامیانانەدا بەهەند وەربگیرێن.
بزوتنەوەی تاڵیبان باوەری بە جیهاد و وتوندرەوی بو. ئەنساری ئیسلامی مەلا کریكار و چەند بزوتنەوەی توندرەوی ئیسلامی سیاسی لە چەند ناوچەیەکی سنوری ئێران، تایبەت هەڵەبجە و قەڵادزە و رانیە، جێگیر بون.
ئەم توندرەوە ئیسلامیە سیاسیانە روبەروی شەری خوێناوی لە گەڵ هێزە سیاسیەکانی کوردستان بون، تایبەت لە گەڵ یەکێتی  و پارتیدا.
لە واقعدا ئەم هێزە ئیسلامیە توندرەوانە تێرۆریستی بون و پەیوەندیان لەگەڵ قاعدە و تاڵیبان هەبو و کاریان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی دەکرد. 
ساڵی ١٩٩٩ سەرکردەی بزوتنەوەی ئیسلامی، عوسمان عبدالعزیز، کۆچی دوایی کرد، براکەی، علی عبدالعزیز، شوێنی گرتەوە و براکەی تری صدیق بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی لە کوردستان دامەزراند، ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان و بزوتنەوەی حەماسی کوردی کە عمر بازیانی سەرکردەی بو و پەیوەندی لەگەڵ شەرکەرە ئیسلامیەکان هەبو کە رویان لە ئەفغانستان دەکرد و بەو هۆیەوە لە ئوسامە بن لادن و ایمن الظواهری نزیکبو، دواتر هەر دو لا بزوتنەوەی یەکگرتوی ئیسلامی کوردیان دروستکرد، ماوەیەک دواتر عمر بازیانی بو بە یەکێک لە سەرکردە و شەرکەرە ناودارەکانی قاعدە لە ناو عێراق.
لەگێژاوی ئەو روداوانەدا یەکگرتو پارچەپارچە بو، علی باپیر سەرکردایەتی گروپێکی ئیسلامی چەکداری لە کوردستان دەکرد و مەلا کرێکار گروپێکی بەناوی " المجموعة الاصلاحیة " دروستکرد و دواتر ئەنساری ئیسلامی دروستکرد کە لە قاعدە نزیکبو، لە ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٠٤  لە ناوچەکانی کوردستان چەندین کاری تێرۆریستی و توندرەوی ئەنجامدا، وەک کارە تێرۆریستەکەی خێڵی حەمە.  ( ئەم بەشە لە چەند سەرچاوەیەک وەرم گرتوە).       
لە باشوری کوردستان شۆڤینیزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی توندرەو بۆ ئامانجە هاوبەشەکانیان تەواوکەری یەکتر بون، ئەویش لەناوبردنی پرس و ناسنامەی نەتەوایەتی کورد وتواندنەوەیان لە بۆدەقەی خۆیاندا.
تەنها چاوخشاندنەوەیەک بەو مێژوەدا چەندین نمونەی حاشاهەڵنەگر نیەتی ئەو دوانە دەسەلمێنن. لێرەدا تەنها  ئاماژە بە بەچەند روداوێکی گرنگ دەدەم:
یەکەم: هەماهەنگی و کاری هاوبەشی دەسەڵاتی عەرەبی بەغدا لەگەڵ هێز و دەسەڵاتە ئیقلیمیەکان و دەرەکی بۆ لەناوبردنی شۆرشەکانی بارزان و حکومەتەکەی شێخی نەمر.
دوەم: پاش کودەتای ١٤ گەلاوێژی ١٩٥٨ دەسەڵاتی نوێ لە بەغدا بە هاوکاری فاشیزمی عەرەبی ناوچەکە و چەند هێزێکی ئیسلامی سیاسی بە بیانوی جۆرەها و تۆمەتی درۆ و ناوەرا و دروستکراو ( عملاء الاستعمار و الصهیونیة) هێرشێکی بەرفراوانیان دژ بە کورد دەست پێکرد.
سێێەم: بە بەرپابونی شۆرشی ئەیلول سەرکردەی ناوداری ناسیۆنالیزمی عەرەب، جمال عبدالناصر، لە دانیشتنێکدا لە گەڵ مام جلال، داوای لێدەکات بە بارزانی بڵێت کە خۆیان لە داوی شای ئێران و کۆنەپەرستی ناوچەکە و زایۆنیزم و ئیپمپریاڵیزمی ئەمریکا دوربخەنەوە، پشتئەستور بن بەهێزە عەرەبە ناسیۆنالیستەکان: حرکة القومیین العرب و اتحاد الاشتراکي العربي.
چوارەم: دوای روخاندنی عبدالکریم قاسم، فاشیستە عەرەبەکانی تازە دەسەڵاتدار سیاسەتی " الارض المحروقة " یان بەرامبەر بە کورد پێرەو کرد، لەو هێرشانەدا سوپای فاشیستی بەعسی سوریاش بەشداربو.
پێنجەم: بەکرێگیراوە ئیسلامیەکان لە ساڵی ١٩٧٢ وەک کۆیلەی سەدام لە چاوپێکەوتنێکیان لە گەڵ خوالێخۆشبو مەلا مستافە لە حاجی عۆمەران خۆیان تەقاندەوە بەمەبەستی کوشتنی سەرکردەی شۆرشی ئەیلول.
شەشەم: دوای شکستی شۆرشی ئەیلول دەسەڵات و هێزە فاشیستەکانی عەرەب هەڵمەتێکی بەرفراوانی تەعریب و راگوێزانی زۆرەملێی کورد لە زێدی باو و باپیرانیان و تێکدانی دیمۆگرافی کوردستان یان جێبەجێکرد. بەدەگمەن چەند رابەرێکی ئیسلامی ناودار هەڵوێستی هاوسۆزیان لەگەڵ کورد هەبو.
هەوتەم: لەگەڵ بەرپابونی شۆرشی هەستانەوە و شۆرشی گوڵان رژێمی فاشستی سەدام، تەنانەت بەهاریکاریەکی سنورداری کۆمینیستەکانی عێراق، پەلامارێکی درندانەیان دژ بە کورد و کوردستان دەستپێکرد. چەند پیاوێکی ئاینی ناسراوی کوردی بەکرێگیراو نوێژیان بۆ " قائد حفظە اللە" دەکرد.
هەشتەم: هێزە ئیسلامیە سیاسیە توندرەوەکانی ئێران کە کۆیلە و خزمەتکاری سەدام بون ( باندە هەمەجیەکەی مجاهدین الخلق) دژایەتی سەرسەختی کوردیان دەکرد. شەلم کوێرم دەست ناپارێزم پێشمەرگە و هاوڵاتی کوردیان دەکوشت. ئەم بەکرێگیراو و جاشە موسڵمانە دەرەکیانە زۆر سپڵە و بەدرەوشت بون، ئەوەیان لەبیر کردبو کە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە شەستەکانی سەدەی رابردو چۆن یارمەتی و هاریکاریان کردبون.
نۆیەم: فاشیزمی عەرەبی لە هێرشەکانی بەردەوام بو. ئەمجارە بەمەبەستی کۆمەڵ کوژی کورد و دارمانی خاکەکەی: ئەنفال و کیمیابارانی خاک و نەتەوەی کورد درندانەترین روداون وەک هۆلۆکۆستی جوەکان لە جەنگی دوەمی جیهاندا.
ئەوەندی من بزانم تەنها خوالێخۆشبو، احمد بن بلا، سەرکردەی ناوداری جەزائیر، پەیامێکی توندی نارەزایی دژ بەو هێرشانە بڵاوکردەوە. هەر لەو سەردەمانەدا شاعیری ناوداری فەلەستین، محمود دەرویش، لە فێستڤاڵێکی شعر لە بەغدا، لە ریزدا سەرەی گرتبو تا سەدام مەدالیایەک لەیەخەی بچەقێنێت. ناشێت شۆڤینزمی تورکیش لە یاد بکەین، شاعیری ناسراوی تورک. نازم حکمت، شیعری تارانتا بابۆی بۆ باشوری ئەفریقا هۆنیوەتەوە کەچی کوردی وڵاتەکەی کە چەند مەترێک لێی دور بون لەبیر کردوە.
دەیەم: دامەزرێنەری حەماس، شێخ یاسین، سەردەمی ئەنفال فەتوایەکی دەرکرد کە رشتنی خوێنی کوردی حەڵاڵ کرد و هەزاران چەکداری بۆ شەرکردنی کورد لە باشوری کورستان رەوانەی سەدام کرد، لە سەردەمی کیمیابارانی کوردستان یاسر عەرەفات لە کوێت لە لێدوانێکی رۆژنامەگەریدا وتی: کوردەکان چ چاوەروان دەکەن سەدام گوڵ بەسەریاندا برێژێت! هەر ئەم سەرکردە شۆڤینزمەی عەرەب لەکاتی کۆرەوەکەدا کە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە فرۆکەوە خواردنیان بۆ زیاتر یەک ملیۆن کورد لە سنوری تورکیا لە کەش و هەوایەکی سارد و بەفراویدا دەهاویشت وتی: کوردەکان چیان دەوێت ئەوەنیە ئەمریکا هەمبەرگەر بەسەریاندا دەرێژێت.
یازدەم: هێزە سیاسیە ئیسلامیە توندرەوەکانی کوردستان درێغیان نەکردوە لە هەوڵەکانیان بۆ سرینەوەی ناسنامەی کورد، شەرەنگخوازی خوێناوی بزوتنەوە و ئەنساری ئیسلام و کۆمەڵکوژیەکەی خێلی حەمە روداوی زیندون لە زاکرەماندا.
دوازدەم: داعش و تاوانە بێ وێنەکانیان رەنگدانەوەی ئەقڵیەتی هەمەجی و خوێنرێژی ئەم هێزە وەحشیەی ئیسلامی سیاسیە، کورد نرخێکی گەڵێک مەزنی داوە لە بەرەنگاربونەوەیان. کاتێک داعش شکستی سەربازی هێنا شۆڤینزمە عەرەبە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا و ناوچەکە کەوتنە خۆیان بۆ بچوککردنەوە و هەڵلوشینی کیانی هەرێمی کوردستان.
ئێستا، هێزە شۆڤینزمە مەزهەبیەکانی بەغدا، کە بونەتە بەشێکی فەرمی لە " منظومة الدفاع العراقیة" و لەلایەن چەند سەرکردەیەکی شۆڤینزم و تاوانبار بەرێوە دەبرێن، وەک مالکی و خەزعەلی و عامری و وەلائی و ....تاد، تەماعیان لە هەرێمی کوردستان کردوە، بەدرۆ و دەلەسەش دەیانەوێت کورد لە خشتە بەرن. ناوچە زوەتکراوەکانیان بە کەرکوکیشەوە کۆنترۆڵ کردوە، لێرە و لەوێ لە دەڤەرەکانی خانەقین و توزخەرماتو و کەلار و کفری
( خۆیان بە وسادة بغداد وەسفی دەکەن – بەو مانایەی تا ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ نەکەن بەغدا باش خەوی لێ ناکەوێت) چالاکن بۆ زەوتکردنیان، تەنانەت ناوبەناویش لە دەڤەرەکانی سلێمانی و نزیک لە چەمچەماڵ و سەنگاو و قەرەداغ بە پاڵپشتی هێزە ئیسلامیە سیاسیە چەکدارە توندرەوەکان جموجۆڵی دوژمنانە بەرامبەر بە کورد دەکەن.
مەخابن، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم پلان و تاوانانە چاو دەپۆشن، چونکە رازیکردنی دەوڵەت و هێزە ئیقلیمیاکانیان زۆر بەلاوە گرنگترە وەک لەوەی سەروەری و ئاسایشی هەڕیم بپارێزن.
سەرەرای ئەم مێژوە تاڵ و دژوارە ئێمەی کورد. تایبەت لە باشور، شانازی دەکەین بەوەی بەشێک لە سەرکردە ئاینییەکانی کورد رۆڵی گرنگ و هەستیاریان لە پرسی کوردایەتی و سەرهەڵدان و شۆرشەکاندا هەبوە. وەک: شۆرشەکانی بارزان، حکومەتەکەی شێخی نەمر، کۆماری کوردستان و نەمر قازی محمد، خوالێخۆشبو شێخ عزالدین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خوالێخۆشبو مەلا مستەفا. خوالێخۆشبو مام جلال لە ژینگەیەکی ئاینیدا بە تەوژمێکی سەردەمانە و خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا سەرکردە وسیاسەتمەدار و رۆشنبیر بە باوەری سۆفیزمەوە.
ئیسلامی سیاسی بەهەر دو مەزهەبەکەیەوە لە بەردەم پرسیارێکی گرنگ و هەستیاردایە، ئەویش: چۆن هاوسەنگی نێوان قوڵایی ئاینی و نەتەوەیی لە گۆرەپانی سیاسی ئێستادا رادەگرێت ؟        
بەشێک لە هێزە ئیسلامیە سیاسیە توندرەوەکان چاویان بە رابوردوی خۆیاندا خشانەوە. لە ئاکامیدا رێگەی کاری سیاسی و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق بژاردەکرد، ئێستاش بەرێگەی سیاسی هێمن کار بۆ خۆیان و پرسەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

نمونەیەک لە مێژوی نزیکدا
بەپێویستی دەزانم وردەکاریەکانی شەری بزوتنەوەی ئیسلامی دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بخەمەرو تەنها بەمەبەستی ئاوردانەوەیەک لەو مێژوە، نەک کولانەوەی برینەکان.
شەری بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان
له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ری 1993 شه‌ڕی نێوان بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و یه‌کێتیی هه‌ڵگیر‌سا، بزوتنه‌وه‌ کێشه‌یه‌کی بچوکی له‌ رۆژی 18/12/1993 له‌ کفری زلکرد و که‌وته‌ په‌لاماردانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌، رۆژیک دواتر له‌ 19 مانگدا بزوتنه‌وه‌ هێزێکی 500 چه‌کدار ده‌نێرنه‌ ناو شاری رانیه‌ و ته‌قه‌ له‌ باره‌گای یه‌کێتیی ده‌که‌ن، هه‌ر له‌وێدا چه‌کدارانی بزوتنه‌وه‌ کارگێر و ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی یه‌کێتی (5 ئه‌ندام) ریز ده‌که‌ن و گولله‌ بارانیان ده‌که‌ن و دواتر ده‌ست به‌تاڵانکردنی باره‌گاکه‌ ده‌که‌ن. هه‌مان رۆژیش پێشمه‌رگه‌یه‌کی یه‌کێتیی له‌ ناو شاری کۆیه‌ شه‌هید ده‌که‌ن،
له‌ رۆژی 22/12 چه‌کدارانی بزوتنه‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵکی قه‌ڵادزێ کرد و به‌ هاوه‌نیش قه‌سفی ماڵه‌کانیان کرد و شه‌هید و زیانێکی زۆریان به‌خه‌ڵکی گه‌یاند‌.  دواتر به‌ره‌ی شه‌ڕه‌کان به‌رفراوان بو و بزوتنه‌وه‌ ناچارکرا مه‌رجه‌کانی راگرتنی شه‌ر له‌ 24/12 قبوڵ بکات. رۆژی دواتر خوالێخۆشبو مه‌لا عسمان عبدالعزیز (مورشدی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی) فه‌توایه‌ک بڵاوده‌کاته‌وه‌، تێیدا هاتوه‌:  ئه‌مڕۆ رۆژی سه‌لماندنی هێزی ئیسلامه‌.. کوڕه‌ شێره‌کانی ئیسلام: تاقمی خائینی جلال تاڵه‌بانی و بۆ جاری دوه‌م رێکه‌وتنی نێوانمان پێشێل ده‌کات و له‌به‌ر رۆشنایی ئایه‌تی پیرۆز:{ و قاتلوا آئمة الکافر انهم لا ایمان لهم لعلهم ینتهون} رێکه‌وتوین له‌ هه‌مو ناوچه‌کانی کوردستان لێیان بده‌ین و به‌ره‌نگاریان ببینه‌وه‌ تا ملکه‌چی رێکه‌وتن ده‌بن. له‌ درێژه‌ی فه‌تواکه‌یدا مه‌لا عسمان ده‌ڵێت: نه‌وه‌کانی ئیسلام تۆڵه‌ بکه‌نه‌وه‌ بۆ خوێنی شه‌ڕی کورد و کورد که‌ ئه‌م تاقمه‌ خائینه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان دروستی ده‌که‌ن.
بزوتنه‌وه‌ پێشوه‌خت ئاماده‌سازی بۆ شه‌ڕه‌که‌ کردبو، له‌ رۆژی 8/10/1993 قیاده‌ی عه‌سکه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌نوسراوێکی نهێنی ژماره‌ 728 رێنمایی بۆ گشت باره‌گاکانی عه‌سکه‌ری و رێکخستنی بزوتنه‌وه‌ ده‌نێرێت. له‌ سه‌ره‌تادا هاتوه‌:
براده‌رانی موجاهید، هه‌روه‌کو ئاگادارن یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان جارێکی تر که‌وتونه‌ته‌ خۆ له‌ بواری عه‌سکه‌ری و ئیعلامی و ته‌نزیمی له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستاندا خۆی به‌هێز ده‌کاته‌وه‌ و .... تاد، بۆیه‌ ده‌بێ په‌یڕه‌وی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن، له‌و خاڵانه‌: زیاتر ته‌نسیق له‌گه‌ڵ پارتی و دیفاع له‌ یه‌کتر بکه‌ن، تاکو بێتان ده‌کرێت استعراضی عه‌سکه‌ری بکه‌ن و جۆره‌کانی چه‌ک پیشانی خه‌ڵک بده‌ن، تا ئه‌توانن خط مایل دروست بکه‌ن.

له‌ 27/12/1993 مسعود بارزانی راگه‌یاندراوێکی بۆ خه‌ڵکی کوردستان بڵاوکرده‌وه‌، تێیدا هاتوه‌: پێتان راده‌گه‌یه‌نم ئێمه‌ له‌ یه‌که‌م رۆژی روداوی کاره‌ساته‌که‌ی رانیه‌  هه‌وڵماندا دۆخه‌که‌ کۆنترۆڵ بکه‌ین و رێگرتن بکه‌ین له‌ گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ ناو شاره‌کان و هێنانی تاوانباران بۆ به‌رده‌م یاسا. له‌ رۆژی واژۆکردنی رێکه‌وتنی ستراتیژی و پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم جێگرانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ بۆ ناوچه‌ی رانیه‌ نێردران، ئه‌وان چه‌ند بریارێکیان دابو ئیلتزام پێیان نه‌کرا و شه‌ڕ به‌رده‌وام بو.... تاد، راسته‌ بزوتنه‌وه‌ ده‌ستی به‌شه‌ڕه‌که‌ له‌ شاره‌کانی سلێمانی و رانیه‌ کرد، به‌ڵام ده‌بێت هه‌مو راستیه‌کان بوترێن، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی یه‌کێتیی په‌لاماری سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌ویان له‌ بێتواته‌ دا، بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ناوه‌ڕۆکی ئه‌و بروسکه‌یه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ر دو مه‌کته‌بی سیاسیه‌وه‌ بۆی نێردرابو جێبه‌جێ نه‌کرد که‌ جێبه‌جێکردنی ئاگربه‌ست بو به‌پێی رێکه‌وتنی رۆژی 25/12 به‌پێی مه‌رجه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم. وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌وه‌ی یاسای به‌خۆی دابو. (کۆتایی په‌یامه‌که‌ی بارزانی).

پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ توانیان ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی بزوتنه‌وەدا بگرن و له‌ شه‌وی 26-27/12 له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌کان شکستیان خوارد، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ مسعود بارزانی خه‌به‌رێک بۆ یه‌کێتیی ده‌نێرێت و ده‌ڵێت مه‌لا عسمان له‌ شاخ خۆی شاردۆته‌وه‌، با‌ یه‌کێکی پارتی و یه‌کێکی یه‌کێتیی بچن بیهێننه‌وه‌، یه‌کێتی به‌و پێشنیازه‌ رازی بو تا به‌حورمه‌ته‌وه‌ بیهێننه‌وه‌.
لە بڵاوکراوەیەکی ناوخۆی یەکێتیدا هاتوە: شیانی باسکردنه‌ ئێران به‌ چه‌ندین شێواز یارمه‌تی بزوتنه‌وه‌ی دا له‌م شه‌ڕفرۆشتنه‌دا و بزوتنەوەش سودی له‌ شاره‌زایانی سه‌ربازی و هه‌واڵگری ئێران کردوە. راپۆرتەکە باسیش له‌ تواناکانی بزوتنه‌وه‌ ده‌کات،... تاد،بزوتنه‌وه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌که‌ی گوڵبه‌دین حکمتیاری ئه‌فغانستان به‌ پاره‌ و چه‌ک و مه‌شقکردن یارمه‌تی دراوه‌، هاوکاتیش له‌گه‌ڵ حزبه‌ ئیسلامیه‌کانی پاکستان په‌یوه‌ندیان هه‌بوه‌، ته‌نانه‌ت پاکستانیه‌ک له‌ باره‌گایه‌کیان له‌ سلێمانی به‌دیل گیرا. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و چه‌ند وڵاتێکی که‌نداو‌ توند و تۆڵ بوه و پاره‌یه‌کی زۆریان لێ وه‌رگرتون. له راپۆرتهکەشدا هاتوه‌: بزوتنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان – یه‌کگرتو هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت پاش یه‌که‌م شه‌ڕ له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری 1993 هه‌ندێک رێکه‌وتنی لۆکاڵیان کردوه‌ .... تاد. راپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ش ده‌کات به‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ئاسایی له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ی حاجی محمود هه‌یه‌ و ته‌نسیقێکی باشیان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌، له‌ هه‌مان راپۆرتدا باس له‌ سه‌رچاوه‌کانی دارایی بزوتنه‌وه‌ کراوه‌ که‌ بریتین له‌: یارمه‌تی ئێران، سعودیه‌، وڵاتانی که‌نداو و زه‌کاتی هه‌واداران و لایه‌نگرانیان و دۆسته‌کانیان له‌ پاکستان و ئه‌فغانستان و لوبنان. بودجه‌ی مانگانه‌ی بزوتنه‌وه‌ 1،812،850 دۆلار بوه‌. له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی خولی یه‌که‌می شه‌ڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یه‌کێتیی له ساڵی 1994 بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ته‌واوی پشتگیری پارتیان کرد، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌کانی شاره‌زور و شارباژێر. ( کۆتایی راپۆرتەکە)،

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×