" ناڕازی " چەمکێکی چەواشەکەر

چیا عەباس
  2021-02-27     685
لە ماوەی  ساڵانی رابوردودا دەستەواژەی نارازی بەخەستی کەوتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردی باشورەوە، لە گەڵ سەرهەڵدانی گروپ و تاقمە نارازیەکان لە دوای راپەرینەوە و لە سەردەمی باڵی ریفۆرمی ناو یەكیتی و دروستبونی گۆڕان، تایبەت دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، لە لایەن دڵگران و بەشخۆر و بۆڵەبۆڵکەر و یاخیبو و موریدە راستگۆکانی چاکسازی ناو گۆڕان و هێزەکانی تر و بەرەیەکی فراوانی هاوڵاتیان بەرگێکی فکری و سیاسی فرە رەنگ بەبەری ئەم چەمکەدا کرا.  لە ئەدەبیاتی سیاسی ئەو گروپانەدا ئەو چەمکە بە مەبەستی خۆ پێناسەکردن وەک بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی نافەرمی و کەنارگیر لە سێبەردا وەک دوعا و نوشتەی نزا جیاوازەکانیان بە زهن و خواست و ئیرادەی  هاوڵاتیاندا چرپێنراوە.
ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک دەیان گروپ و کەسایەتی و ئاراستە لە سایەی نارازایەتیان نازناوی تریشیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە و هەمان پەیامیش دەچرنەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابوردودا سەرجەم ئەو تاقم و گروپانەی ئاڵای نارازیان بە موناسەبە و بێ موناسەبە بەرزکردۆتەوە بەو ئاڵایە موخاتەبەی هاوڵاتیان کردوە، هەرچەندە ئەم کارە لایەنی ئەرێنی هەبوە، تایبەت وەک زەنگێکی هۆشیاردان بە دەسەڵات و حزبەکان کاریگەری هەبوە، بەڵام هاوڵاتی بەئاگا لەوان بیرتژتر و بەئاگاتر پێکهاتە و وردەکاری و مەبەستە جیاکانی ئەو چەمکە و هەڵگرانی خوێندۆتەوە، بە شێوازێکی عابر و بە دڵەراوکێ و نارونی بەدەنگیەوە چون و دەچن.

بۆچی؟
چەمکی نارازی و رازیبون لە بنەرەتدا دیاردە کۆمەڵایەتی و ئاینی و کڵتوری و ئابوری و سیاسیەکانی لە خۆ گرتوە، بۆ نمونە ئەو ئایاتانەی قورئان پەیوەندیان بە رازیبونەوە ( الرضا ) هەیە ٥٤ دانەیە، لە روی زمانەوانیشەوە وشەیەکە لە زمانی عەرەبیەوە وەرگیراوە و بەپێی بەکارهێنانی مانای جیاواز رادەگەیەنێت.
لە ئاینی ئیسلامدا رازیبون دو مانای بنەرەتی دەگەیەنێت: رازیبونی کەسێک لە خوا و رازیبونی خوا لە کەسێک، لەم هاوکێشەیەدا خەسڵەت و ئەرک و رەفتارە ئیسلامیەکان رۆڵی سەرەکی دەگێرن، بۆ نمونە:
قَالَ اللَّهُ تعالى: (هَذَا يَوْمُ يَنْفَعُ الصَّادِقِينَ صِدْقُهُمْ لَهُمْ جَنَّاتٌ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ [المائدة: 11].
لە بواری کۆمەڵایەتیدا نارازیبون زۆر بوار دەگرێتەوە و بەهەمان وەتیرەش لە بوارەکانی کارکردندا، لە سەرجەم ئەم حاڵەتانەدا دەکرێت پەیوەندار بە جێبەجێکردنی بەشێک یا هەمو خواستەکانی رازی بکرێت.
نارازیەتی لە کایەی سیاسی و حزبیشدا دیاردەیەکی ئاساییە، زۆر بوار دەگرێتەوە، وەک نارازیبون لە سیاسەتی حزب، لە سەرکردەکان یا بەشێک لێیان، لە دیاردە قێزەوەنەکانی ناو حزب، لە بێبەشبون یاخود کەمبەشی لە دەسکەوت و ئیمتیازات و پلە و پێگە و ....تاد. چەندین جار رویداوە کە لایەنەکانی ئەم دیاردەیە لە ناو حزبێکدا بە چارەسەر نەگەیشتون بۆیە جیابونەوە و شەر و مەرافە و ناخۆشییان لێکەوتۆتەوە.
" نارازیبونی " ئەم سەردەمە کۆکردنەوەی زۆربەی ئەو فرە زەمینە و هۆکارانەیە، ئەمەش وایکردوە کە بەکارهێنانی وەک چەمکێکی سیاسی بە پەرتەوازەیی و سەقەتی و نارونی و لە تەم و لێڵیدا بەرێوە دەچێت، هاوکاتیش سەرەرای زەمینەی پەرتەوازەیی و دەمارگیری و تاکرەوی ئەو هەمو گروپ و تاقمە "نارازیە" سیاسیانە، بەڵام تا ئەم چرکەیەش لە سەریەک خاڵی بنەرەتی هاوران، ئەویش هەمویان
" نارازین " و لە سایەی سحری ئەو چەمکەدا بەم شێوازەی ئێستایان دوای سەرابی گۆرانکاری و چاکسازی کەوتون و کات بەرێ دەکەن.
بۆ خۆم زۆرجار لە نوسینەکانمدا ئەم دەستەواژەیەم بەکار هێناوە، ئێستا زۆر لێی پەشیمانم، چونکە پێناسەیەکی نەگونجاوە لە گەڵ هیوا و خواستەکانی خۆم و هەزاران هاوخەونەکانم.
بیرکردنەوە لە جێگرەوەیەکی دروست بۆ ئەم دەستەواژەیە رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەرچاورونی زیاتر، بۆ زیاتر تێگەیشتن لە یەکتر و بۆ گەشەکردنی متمانە و هیوای هاوڵاتی بەو ئاراستە سیاسی و فکرە نوێیە یەکگرتوەی سەرهەڵدەدات.
لە نێوان دەستەواژەکانی جێگرەوە لای من زانراون: تاوکەر، هەوڵدەر. گۆرانکار، خۆراگر و ....تاد خۆراگر لە هەمویان بەگونجاتر دەزانم. 


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×