وەهمی میدیای سەربەخۆ

چیا عەباس
  2022-06-30     578

ئێستا و ئایندەی ئەم هەرێمە بچوکە گەمارۆدراوەی باشوری کوردستان کە زیاتر لە قەرارگایەکی بنەماڵەیی و حزبی دەچێت، خاوەنی ناسنامەیەکی یەکگرتوی دیاریکراو نیە، کەرەستەکانی فەرمانرەوایی  لەرزۆک و ناجێگیرن و گیرۆدەی زلهێزەکان و گەمەکەرە ئیقلیمیەکانە، گەشبینین تێیاندا بەدی ناکرێت.
لە دۆخی ئاڵۆز و دژواری ئەم هەرێمە، تایبەت دوای راگرتنی شەری ناوخۆ،  دەسەڵاتدارانی هەرێم بە مۆڵەت و چاوپۆشینی گەمەکەرە زلهێزەکان بۆیان هەیە ناوماڵی هەرێم بە پرۆسەیەکی دیموکراسی و کراوەی وەهمی و چەواشەکەر بەرێوەی بەرن، بە مەرجێک پێکدادان و شەر و مەرافە نێوانیان سەر هەڵنەدەن و یەکپارچەیی و سەروەری عێراق بپارێزن. بەکورتی ئەمە پێناسە و خەسڵەتەکانی ئەم کیانە وەهمیەیە کە کورد ئۆقیانوسێک لە خوێن و قوربانی بۆ داوە.
لەم کەش و هەوایەدا ساڵانێکە بەتەنیشت راگەیاندنی ئاراستەکراوی حزبیەوە چەند سەنتەری راگەیاندنی بەناو ئەهلی و سەربەخۆ کاردەکەن. بەگشتی زۆربەیان رۆڵی گرنگیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و رەخنە لە دەسەڵات و راماڵینی دەمامک لە روخسارە قێزەوەن و گەندەڵ و تاوانبارەکانی سەر بە هێزەکانی دەسەڵاتدار هەبوە، ئەم راستیە لە قۆناغی یەکەمی سەرهەڵدانی ئەو سەنتەرانە زۆر چڕوپڕ بەرچاو دەکەوت، کەچی لە گەڵ ئەوەشدا دۆخەکە تا دێت خراپتر و ئاڵۆزتر دەبێت، تۆ بڵێی رۆڵی ئەو جۆرە میدیایە چۆن بێت؟
سەرەرای ئەوەی ئامراز و ناوەرۆک و کەرەستەکانی راگەیاندنی باڵادەست تا ئەم چرکەیەش نیشتمانی و نەتەوەیی نەبون و نیشن میدیای بەناو سەربەخۆش شکستی هێناوە ئەو بۆشاییە هەستیارە گرنگە بەرتەسک بکات و خۆی وەک بەدیلێک لە گۆرەپانەکەدا عەرز بکات، مەخابن لە ئێستادا بۆتە بەشێکی ناراستەوخۆی دەسەڵات، خۆشیان بوێت یاخود ترش تا رادەیەکیش لە خزمەتی دەسەڵاتدایە.
پێویست دەکات نمونەیەک بخەمە بەرچاوی هاوڵاتیان وەک شوبهاندن بەم رۆڵەی بەناو میدیای ئازاد: ئەبۆرجیناڵەکان دانیشتوی رەسەنی ئۆستراڵیا بون، بەریتانیای کۆڵۆنالیست تەفر و تونای کردن، لەو ساتەوە هەر ساڵێک ئەبۆریجیناڵەکانی نیشتەجێی بەریتانیا لە رۆژێکی دیاریکراودا لە سەر کەناری روباری مانش گرتدەبنەوە و پرۆتێستی خۆیان دەردەبرن، بیرۆکەیەکی رەسەن بەڵام بێ کاریگەری.
دەسەڵات هەستی بە کاریگەری میدیای سەربەخۆ لە سەرەتادا دەکرد، پێی تورە و زۆر دڵگران بو،  ئەمەش زەمینەی سەرکوتکردن و دەمکوتکردنی ئەو بوێرانە بو کە لە سەنتەرە سەربەخۆکان راشکاوانە بۆچون و هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتداران رادەگەیاند.
ئەم واقعە مایەی نیگەرانی رێکخراو و گروپ و تەنانەت چەند وڵاتێکی دەرەکی بو و پرۆفایلی حوکمرانی هەرێم لەو بوارەدا لای رێکخراو و لایەنە پەیوەنددارە بیانییەکان تەنراوە بە نارازی و رەخنەی توند لە دەسەڵات، بێگومانیش لە پەیوەندیە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی دەسەڵاتی هەرێم لە گەڵ پەیوەنددارە بیانیەکان هۆشیاری زۆر توند بە دەسەڵات دراوە.
لەم واقعەدا یەک ئەڵتەرنەتیڤ لە بەردەم دەسەڵاتدا مابو، کە بە هاریکاری و کارئاسانی دەرەکی کاری جدی بۆ کراوە، ئەویش: ئیحتواکردنی ئەو جۆرە راگەیاندنانە بە رێگەی گوێگرتنی روکەشی لێیان و کەمکردنەوەی فشارەکان لە سەریان، رێکخراو و لایەنە دەرەکیەکانیش رۆڵی گرنگیان لە تەمویلکردن و دەستەمۆکردن و پەروەردەکردنی بەشێک لەو جۆرە راگەیاندنانە هەبوە و هەشە.
ئەم گۆرانکاریە پلان دارێژراوە دۆخێکی ئاڵۆزی پارادۆکسی خەڵقاندوە، لە لایەک دەسەڵات میدیای بەناو سەربەخۆ وەک کارتێک بەروی رەخنەگر و نارازیە بیانییەکان بەکاردهێنێت و لە لاکەی تریشەوە سەکۆیەکی لەرزۆکی بێ پایەی بۆ دەنگ و هزری نارازی راگرتوە. عەرەب دەڵێت: " ذر الرماد في العیون".
لە ئێستادا بەرچاو دەکەوێت بەشێکی راگەیاندنی بەناو سەربەخۆ بەخەستی کار لە سەر دۆسیەی هەرێم و بەغدا دەکەن کە بازارێکی گەرمی هەواڵە، گەیشتۆتە ئاستێک کاتێک بەرپرسێک، نوسەرێک یاخود پەرلەمانتارێکی نەناسراو لە بەغدا بکۆکێ ئەمان لە کوردستان بە مانشێتی وروژێنەر و وێنە و ترش و خوێکردنێکی چەور بایەخی پێدەدەن. بێگومان تێشیاندایە کۆیلەی سەدام بوە و بەشدار بوە لە تاوانەکان دەرهەق بە کورد. ئەمجۆرە راگەیاندنە زیاتر لە بازاری عەکاز دەچێت نەک هاوسەنگ و راست و دروست بەدوای هەواڵی گرنگ و باوەرپێکراودا بچێت.
لەم دۆخەدا دەبینرێت کە زۆرینەی خەڵک پەنای بۆ سۆشیال میدیا بردوە، هەرچەندە خراپ بەکارهێنانی ئەمجۆرە میدیایە کارەساتێکی قوڵی بۆ رەوشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فکری دروستکردوە، بەڵام بۆتە مەنفەزێک بۆ بچێک هەناسەدان سەرەرای خاڵە نەرێنەکانیشی.
بۆ خۆم لە رۆڵ و کاریگەری ئەمجۆرە میدیایە کەم ناکەمەوە و ئەوەندە یەغنیش نیم چاوەروانی سیاسی لە سەریان هەڵچنم، بەڵام لە ئێستادا کار و هەڵپەکانیان کەوتونەتە بەردەم گەلێک پرسیارەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×