کاتیك باڤڵ تاڵەبانی سەنتەری باڵای دەسەڵاتی یەکێتی گرتەدەست زۆر کەس، بەخۆشمەوە، بە گەلێک پرسیار و دو دڵیەوە دەیانروانیە ئەم روداوە،
باڤڵ خاوەنی ئەزمونێکی کەمی سەربازی و هەواڵگری بو، ساڵانێکی زۆر لە سیاسەتی کوردی دوربو و لە لەندەن سەرقاڵی ژیان و کاری خۆی بو، لە دوای وەفاتی مام جلال سەرپشک کرا بگەرێتەوە بۆ کوردستان و گەرایەوە.
لەو ساتەوەش ورد و هەنگاو بە هەنگاو پێگەیەکی بەهێزی لە دەسەڵاتی یەکێتیدا بۆخۆی بەدەستهێنا، بێجگە کاری سیاسی و رێکخراوەیی بایەخی زۆری بە دەزگای دژەتێرۆر و زانیاری و هێزەکانی پێشمەرگە دا و پێگەی خۆی بەهێزتر کرد.
لە مانگی فێبرواری ٢٠٢٠ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی باڤڵی لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا وەک هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبژارد و هاوسەرۆکەکی تر لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای بو، بەهۆی کێشە و کێشمەکانی نێوان دو ئامۆزا و ناو یەکێتی لە مانگی ئۆگۆستی هەمان ساڵدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی باڤڵی بە سەرۆکی یەکێتی دانا و لاهوری ئامۆزای دورخرایەوە. ئەم روداوە گرنگترین و هەستیارترین سەرەتای وێستگەی وەرچەرخاندنە لە ژیانی سیاسی باڤڵ تاڵەبانی کە دەرهاوێشتە و ئاکامەکانی تا ئەم چرکەیەش جێگیر و بەرچاو ناکەون.
باڤڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی بێ رکابەری یەکێتی زۆربەی دەنگ و ئاراستە زۆرە رەوا و نارەواکانی ناو یەکێتی بێدەنگ و رازیشی کردون، تەنانەت بە قوباد تاڵەبانی براشیەوە. ئەگەرێکی بەهیزە کێشە و بەرهەڵستی گەورە لەبەردەم ئایندەی باڤڵ لەم هاوکێشەیەوە سەرهەڵدەن، بۆچی ؟
ئێستاشی لەگەڵدا بێت کرۆکی سەرەکی هێزی چەکداری و رێکخراوەیی یەکێتی لە فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەکاندا کۆبۆتەوە، ئەمان تا ئێستاش زەمینەیەکی بەهێزی مێژویی، جەماوەری، عەشائیری، رێکخراوەیی و فەرمانرەواییان هەیە، هەروەها نەوەکانیشیان پێگەی چەکداری و ئابوری بەرچاویان هەیە. هەرچەندە بەشێکی بەرچاو لێیان بەهۆی تەمەن، ماندوبون، ژیانی جێگیری کۆمەڵایەتی، فرە بەرژەوەندی و خۆ دورراگرتن لە دۆخی زۆر ئاڵۆزی حوکمرانی و سیاسی هەرێم بێدەنگیان بژاردە کردوە، بەڵام هیچ زەمانێک نیە لەمەدا بەردەوام بن، تایبەت پارتی وەک هێزی سەرەکی رکابەری یەكیتی و سەرۆکەکەی لە کەمیندان و لێرە و لەوێ رکابەرەکانی باڤڵ هاندەدەن و کارئاسانیان بۆ دەکەن.
سەرەرای ئەمانە پارتیش لە باڤڵ تاڵەبانی زۆر نیگەرانە و هاریکاری و پشتگیری هێزە سیاسیە دودڵەکانی زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی دەکەن، وەک گۆڕان و چەند تاقم و گروپێکی ئیسلامی و نارازی.
لە کۆی گشتیدا باڤڵ لە چەندین لاوە نەک تەنها گەمارۆ دراوە بەڵکو نەیارەکانیشی هێدی هێدی کنەکنی خۆیان دەکەن. ناشێت باس لەوە نەکەین کە تورکیای ئەردۆگان بە نیەتێکی زۆر خراپ بەرامبەر یەکێتی و باڤڵ تاڵەبانی کاردەکات، زیادە بۆ ئەمەش ئەمریکا لە باڤڵیش دڵگرانن وفشاری زۆی لێدەکەن تا دەستەمۆیان بێت.
هەرچەندە کۆماری ئیسلای ئێران و دەسەڵاتی شیعەی بەغدا بەدەنک یەکێتی و سەرۆکەکەیەوە دێن، بەڵام لە دۆزی زۆر ئاڵۆز و دژواری عێراق و ناوچەکە ئەم بەدەنگ هاتنەوە سنوری دیاریکراوی هەیە، چونکە بەرژەوەندیەکانیان زۆر گرنگتر و بەهادارترن لەوەی بۆ یەکێتی دەکەن کە بەشێکی زۆر بەرچاویان دەرژێتەوە ناو دەریای ململانێی سیاسی و مەزهەبی ناوچەکە و زۆر پێویستیان بە دۆستایەتی هێزێکی گەورەی کوردی سوننە هەیە لە دەروازەی هەرە گرنگی ئەو ململانێیەدا.
لە سێ چوار ساڵی دەسەڵاتیدا باڤڵ جەند کارێ باشی کردوە و دۆخی فرەکوێخایەیی زۆنی دەسەڵاتی کەمکردۆتەوە و تا رادەیەک کراوەیە لەگەڵ سکاڵا
و کێشەکانی هاوڵاتیان، هاوکاتیش دەسەڵاتی ئابوری جەمسەرە تەقلیدیە حزبیەکانی داتاشیوە و بە دەستەیەک لە گەنج و مرۆڤە باش و خراپەکانی دەوروبەری بەرێوەی دەبات. باڤڵ تاڵەبانی لە دوا هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان رۆڵیکی زۆر بەرچاو و گرنگی هەبو لە سەرکەوتنی کورد لە ناوچە زەوتکراوەکان، تایبەت لە کەرکوک، دەسکەوتێکی نەتەوەیی پێویستە کورد بە خودی خوشیەوە بەباشی بەکاری بهێنن.
باڤڵ تاڵەبانی گەر بیەوێت لەم جەنجاڵە سیاسی و حوکمرانی و هەواڵگری و سەربازی و ئابوریەی تێیدا گیرساوەتەوە بەسەلامەت دەرچێت، تەنها و تەنها یەک رێگەی لەبەردەمدایە، ئەویش:
پاراستنی ژیان و گوزەرانی و سەلامەتی و بەها مرۆییەکانی هاوڵاتیان، دابینکردنی داهات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە زۆنی نفوزیدا لەو داهاتانەی حزبەکەی و فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکانی زۆنی دەسەڵاتی بەدەستی دەهێنن، پێرەکردنی یاسا و دابینکردنی ئیدارەدانێکی پاک و دروست لە دەزگا حکومیەکانی ناوچەکە .... لەسەروی هەمو ئەمانەوە بوژاندنەوەی رۆحە رەسەنەکەی کوردایەتی دەبێتە ئەو رەحمەی گشت ئەم هانگاوانە گۆشە و پەروەردە دەکات.
بێگومان کەسانێک هەن ئەم خواستانەی من بە خەون و خەیاڵ دەزانن، بەڵام من هیوا لەدەست نادەم و پێشم وایە مرۆڤ بەرد نیە هەر وەک خۆی بمێنێت.