یەکێتیەکەی باڤڵ تاڵەبانی!

چیا عەباس
  2023-07-07     702

یەکێتی لە تەمەنی نزیکەی نیو سەدەیدا چەند سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی ناوداری هەبوە، لە پێشەنگیاندا مام جلال، نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسوڵ، بەتەنیشت ئەمانیشەوە چەندین بەرپرسی سەربازی و سیاسی لێهاتوی هەبوە.
یەکێتی بەو تەمەنە درێژەوە و چەندین ئەزمونی هەڵکشان و داکشان بەڵام لە ئەرزی واقعدا بۆ مانەوەی ناچار بوە بەپێی سات و کات سیاسەت بەرێبکات، لە هەمو دەرگاکانی داوە و چەند جارێک پیچەوانەی هزر و دیدگا ستراتیژیەکانی کاری کردوە. مام جلال و کاک نەوشیروان تێگەیشتبون هێزی چەکدار و مانۆری سیاسی دو کۆڵەکەی بنەرەتی مانەوەی بەهێزی یەکێتین، هەوڵیشیان داوە لەو دو پرسەدا لە چوارچێوەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا گوزەربکەن.
پێکهاتە تێکەڵاوە سەرەتاییەکەی یەکێتی پێویستی بە چەپکە گوڵەکەی مام جلال هەبو کە سەردەمانێک کاریگەری باشی هەبو، بەڵام دواتر بوە زەمینەی بەپیتی زۆربەی کێشە و ئاڵۆزیەکانی ناو یەکێتی، ئەمە پەیوەندی بەبەهاکانی ئەو دروشمەوە نەبو بەڵکو بە سروشت و ئەقڵیەت و رەنگی پیكهاتەکانی چەپکەکەوە بو.
مارکسیەک و نەتەوەپەرستێک و لیبراڵێک و خەتیكی پان و پۆر بەزەبری توندی وستەمی سەدام یەکتریان دەگرتەوە، کاتێک سەدام نەما هەر یەک لێیان مشوری خۆی دەخوارد، لە تۆو و زەمینە جیاوازەوە سەریان هەڵدابو، تەنانەت سەردەمی خەباتی شاخیش چەپکە گوڵەکە توند و تۆڵ گرێ نەدرابو، جیابونەوەی "سۆشیالیستەکان" و گروپی ئاڵای شۆرش بە نمونە. بەپێچەوانەوە پارتی کە ئیدیعای چەپکە گوڵی نەکردوە ونەشی بوە بەردەوام بنەماڵەی بارزانی زەمینەی بەهێزی جێگیری و ئارامی ئەو حزبە بوە. دوای راگرتنی شەری ناوخۆ مام جلال دەستیکرد بە کۆپیکردنی ئەو نمونەیەی پارتی لە ناو یەکێتیدا.
دەرچونی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و دروستکردنی گۆران گورزە کوشندەکە بو کە یەكێتی بەرابەرایەتی مام جلال دوچاری ئایندەیەکی نادیاری تەماوی کرد، ئیتر شتێک نەما رەنگ و رەونەق و بۆنی چەپکە گوڵی هەبێت، چونکە یەکێتی لە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی هزر و تێرامانی سیاسی نوێ بێبەری بو و بوە ئەسیری تاکتیکی رۆژانەی سیاسی و حوکمرانی و پرکردنەوەی ئەو بۆشاییەش بە مێژو و نەوەکانی خانەوادە و بنەماڵەکانی ناو یەکێتی.
مام جلال لەو بوارەدا بلیمەت و لێهاتو بو، ناچاریش بو ئەو رێگەیە بگرێتەبەر، لەلایەک نەیدەویست بەهیچ جۆرێک ئەزمونە تاڵەکانی لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی دوبارە ببنەوە، لەلاکەشی ترەوە لاوازی یەکێتی بەرامبەر پارتی قبوڵ نەدەکرد، هاوکاتیش بەتەمەندا چوبو و باری تەندروستی لە داکشاندا بو و کاک نەوشیروانیشی لە دەور نەمابو و قەڵغانێکی بەهێزی لە دەور نەبو.
دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و مام جلال و تێكچونی باری تەندروستی هێرۆ خان یەکێتی تا رادەیەک بێ خاوەن و مەرجەع و کاریزما مایەوە، سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی دەستەوەستان بون، ناکۆک بون و تا رادەیەک شیر و تیریان لە یەکتر دەسو، ئەم دۆخە دەرفەتێکی رەخساند نەوەی دوەمی تاڵەبانیەکان خۆیان لە سەر شانۆی یەکێتی نمایش بکەن لە کاتێکدا دۆخی یەکێتی هیچکات وا لەرزۆک نەبوە.
کۆنگرە و پەراوێزکردنی سەرکردە دێرینەکان و هەڵبژاردنی دەیان روخساری نوێی زۆر کەم ئەزمون بۆ سەرکردایەتی و تەوافقی روکەشی دو تەرەفی خانەوادەی تاڵەبانی، باڤڵ و لاهور، لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیەکی ماندو و پەرتەوازە و هەژار لە دیدگایەکی رونی جێگیر بۆ ئایندە، ئیفۆریایەکی خەیاڵپڵاوی بەرپاکرد کە هەڵچون و کف و کوڵی کاتی بەدوای خۆیدا هێنا. زۆربەی یەکێتیەکان لەو ساتانەدا نامۆ بون بەو یاسا ئەزەلیە کە دەڵێت لە ژیانی مرۆڤدا دو سات زۆر گرنگە: ئەو ساتەی لە دایک دەبیت و ئەو ساتەشی تێدەگەیت بۆ لە دایکبوی. ویرای ئەوەی چەند هەوڵێکی لابەلا درا بەڵام لە ناوەرۆک و مانا قوڵەکانی ئەم گۆرانکاریە هەستیارانە تێنەگەیشتبون چونکە خۆیان لەسەرویانەوە دەبینی و تەنها حنانیان بۆ یەکەم لەدایکبون و تێگەیشتن گری لێدەوەری! بۆیە زۆر زو دۆخی یەکێتی گەیشتە لێواری تەقینەوەیەکی کوشندە، تایبەت نێوان دو ئامۆزاکە، بەشێکی بەرچاوی پێکهاتە دێرینەکانی یەکێتی کەنارگیر بون، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رێگری سەرسەخت بون لە تەقینەوەکە.
پێویست ناکات باسی ئەزمونەکانی نێوان دو ئامۆزاکە بکەم، هەرچەندە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە بەرەی ئۆپزسیۆنم لە دەسەڵات بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەپێویستی دەزانم پارتی و یەکێتی بتوانن لە ئەرزی واقعدا هاوسەنگی نێوانیان رابگرن، چونکە ئەوە، جا پێم ناخۆش بێت یاخود خۆش، لەم دۆخە ئاڵۆزەی عیراق و ناوچەکە و لە غیابی ئۆپزسیۆنێکی کوردی جدی بەهێز و غیابی متمانەی بەغدا زامنی سەرەکیە بۆ پاراستنی قەوارە و حکومەتی هەرێم، بۆیە سەرەتا هیوایەکم هەبو لاهور شێخ جەنگی لاسەنگیە زۆرەکانی نێو یەکێتی راست بکاتەوە و یەکێتی وەک هێزێکی بنەرەتی لە گۆرەپانەکە بپارێزێت، دەرکەوت ئەم زاتە ناتوانێت جێگیر و بەردەوام ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات، ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک چاوی لە روداوەکان و گۆرانکاریەکانی ئەملاو و ئەولا چەقاندوە، لەلاکەی تریشەوە بەتوندی  دەستی بە مێژوی یەکێتیەوە گرتوە بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە زەقەی تێیکەوتوە.
ئامۆزاکەی تر، کە بە پسوڵەیەکی خەتمکراو و پاش ئەوەشی بەسەر صرات المستقیمدا رۆیشتبو بە دەباشان گەیشتەوە. سەرەتای دەسەڵاتی تێرامانێکی سیاسی رونی نەبو، لە گەڵ لایەنەکانی تر، تایبەت پارتی، هێمن و هێور بو، زیاتر سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆی یەکێتی بو و خۆشی زۆر لە بەغدا نزیک دەکردەوە، بەمشێوەیە توانی هێزە سەرەکیەکانی دەوروبەری نەوروژێنێت، لە گەڵ ئێرانیش پەیوەندیەکی توندتۆڵی وەک ئیرس بۆ مابوەوە. هەر بۆیەش بێباک بو و پاشایانە رەفتاری دەکرد و هەڵوێستی هەبو. مەراق و خەمی سەرەکی باڤڵ تاڵەبانی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە و سەرکردە دێرینەکانی حزبەکەی و دەزگاکانی ئاسایش و دژەتێرۆر بون کە تەواو کۆنترۆڵی شارە حەیاتەکەیان کردبو. بێجگە پسوڵەی مێژویی سەرمایەکی گەورەی مادیشی لە بەردەستدا بو.
باڤڵ تەواو پێچەوانەی مام جلال تەسەروفی لەگەڵ ئەو دۆخە کرد.... چۆن ؟
چەندین بەڵگە دەیسەلمێنن کە چەند بەرپرسی باڵا و کادری یەکێتی مەلەفی گەندەڵی و سیخوری و کارکردنیان لەگەڵ رژێمی بەعس هەبو، بە گەندەڵچی و مەلەفچیەکان ناسراون، مام جلال زۆر باش دەماری دەناسین، لەگەڵ ئەوەشدا دەستی بەسەریاندا دەنا و پۆست و پلەیانی پێدەدا. چەند کادرێکی یەکێتی بە بەندەشەوە و دۆستە نزیکەکانی مام جلال لێیان دەپرسی بۆ وا مامەڵەیان دەکات، راستەوخۆ دەیگوت بچن لە دکتۆر فواد معسوم ببپرسن کە لە پلینیۆم پێشنیازی لێبوردنی گشتی بۆ کردن و پلیینیۆمیش پەسندی کرد. ئەمە دیوێکی واقعەکەیە، دیوەکەی تری پابەندە بەوەی مام جلال وەک زۆربەی سەرکردەکانی ناوچەکەمان کەسانی لاواز و سەرلەقێنەر لە دەوریان پێویستە تا داشیان بەسەریاندا زاڵ بێت.
باڤڵ تاڵەبانی ئەوەی بەپێویستی بینیبێت ئەوانەی لەکەدار و گوماناوی بون لەدەوروبەری کەمیانی کردون و لە پۆست و پلەی کاریگەر بێبەری کردون،
بەمەش نەوەستاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەزگا هەستیارەکان تۆلێرانسی بەرامبەر ئەو کەسانەی هاورا و گوێرایەڵی نەبون نەنواندوە، هەواڵەکانیش باس دەکەن لەوەی لەسایەی ئەودا ئەزیەتی فیزیکیش دراون.
هەرچۆنێک بێت بەم شێوازە تەواوی یەكێتییەکەی خۆی خستە ژێر دەسەڵاتیەوە، زۆربەی کادر و بەرپرس لە حزب، پەرڵەمان، حوکمرانی و بەغداش وەلایان بۆ سەرۆکی حزب کردوە. بۆ خۆم لەمە تێدەگەم و لە کۆی گشتیدا خاڵی ئەرێنی تێیدا دەبینم، چونکە لە گەڵ هێزێکی بەهێزی رکابەر بە حزب و هێزی پەرتەوازە و ناجێگیر و چەپکەگوڵی سیس و وشک و هەڵوەریو و زیادە بۆ ئەمانەش حوکمرانی و پەرلەمانێکی ئیفلیج  یەکێتی بێ کاریگەرتر دەبێت و هاوسەنگی هێز لە باشوری کوردستان بە ئەندازەیەکی مەترسیدار لاسەنگتر دەبێت..
لەلاکەی ترەوە ئەوەی خەڵکی نیگەران کردوە ئەو تارمایی ترسەیە کە باڵێ کێشاوە بەسەر زۆنی دەسەڵاتی باڤڵدا. سلێمانی شارێکی بەسەبر و نەفەس درێژە، خەڵکی ئەم شارە لە ئەزمونە سەختەکانی مێژویاندا فێربون بێدەنگیەکی شاردراوە و رێگا  بۆ مانەوە بگرنە بەر، بۆیە کردنەوەی زیاتری باڤڵ تاڵەبانی بەروی خەڵکی دەڤەرەکە و پێرەوکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایش و کەرامەتی کۆمەڵگا ئەو تارماییە کەمتر دەکات.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×