پارتی لە سنوری هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی گەورەی دەسەڵاتدار و بریاردەر بەرچاو دەکەوێت و لای بەشێک لە کۆمەڵگا وەک حزبێکی چەسپاو و تۆکمە و کەم کێشە و خاوەن مەرجەعێکی جێگیر دەخوێنرێتەوە.
بەشێکی ئەم تێرامان و هەڵسەنگاندنانە بۆ زەمینەی کۆمەڵایەتی و مێژوی دور و نزیکی ئەو حزبە دەگەرێتەوە، بەشێکی تری بۆ توانای بنەماڵەی بارزانی لە ئیدارەدانی پارتی و سیاسەت و حوکمرانیدا، بەشێکی گرنگیش بۆ لاوازی و غیابی دیدگا و هەڵسەنگاندنی واقیعی رکابەرەکانی پارتی دەگەرێتەوە، بێجگە ئەمانەش هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیە پەیوەندارەکان زۆربەی مامەڵەیان لە گەڵ پارتیە چونکە هێزێکی خاوەن مەرجەعێکی تۆکمەیە و هەمو بە یەک ئاواز دەخوێنن و پارتی کێشەی ئەوتۆی لە گەڵ وردەکاریەکانی ئەو پەیوەندیانەدا نیە.
هونەری پارتی لە مامەڵەکردن لە گەڵ بەشێکی ئەم هۆکارانە، تایبەت دوای وەفاتی مام جلال و کاک نەوشیروان، پرۆسەی چۆنیەتی بەرێوەبردنی ناکۆکی و ململانەکانیەتی، تایبەت لە عێراق و هەرێمدا.
پارتی نە عەسای سحری پێیە و نە خاوەنی سیاسەتێکی جێگیرە و نە خاوەن دەسەڵاتی رەهایە لە باشوری کوردستان، چەندین جار توشی گرفت و داکشان بوە، لە گەڵ ئەوەشدا توانیویەتی لە دوای زۆربەی قەیرانەکان، سەرەرای نارازیەکی بەرفراوانی کۆمەڵگاش لێی، هێزتر بەرچاو بکەوێت. تۆ بلێی لە واقیعدا ئەمە وابێت؟ یاخود نهێنی و هۆکارەکانی لە سیناریۆ نەبینراو و فرە مانۆرەکانی دەسەڵاتی لوتکەی پارتی و رەوشی ناوچەکەدا خۆیان دەبینن؟
ئەوەی لە پلەی یەکەمدا شایستەی باسکردنە ئەوەیە پارتی لە گەڵ روداو و گۆرانکاریە گەورەکاندا سیاسەتی خۆی دادەرێژێتەوە، بەتوندی خۆی بە هیچ پرسێکەوە نەبەستۆتەوە، ئەوە پێرەو دەکات کە لە بەرژەوەندیدایە، کورد وتەنی ئەو نانە نانە ئەمرۆ لە خوانە.
ئەم هاوکێشەیە لە چەندین روداوی گرنگدا لە دوای راپەرینەوە پێرەوکراوە، وەک فیفتی بە فیفتی و دو ئیدارەیی، شەری ناوخۆ، ٣١ ئۆگۆستی ١٩٩٦، هەڵوێست لە بەغدا، سەرهەڵدانی داعش و کاتی تیكشکاندنی سەربازی داعش، روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، پرسی نەوت و پەیوەندی لە گەڵ تورکیا، شکستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم، هەڵوێست و رەفتاری توندی لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، کێشەکانی لە گەڵ پەکەکە و شێوازی مامەڵەکردنی لە گەڵ ئیرسەکانی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و مام جەلال و چەندین تەوەری تریش. پشکی پارتی لە زۆربەی ئەم روداوانەدا کەمترین زەرەر و زۆرترین سود بوە، ئەم هاوکێشە پارادۆکسە تا ئەم چرکەیەش پەیوەندی بە رەوایەتی و نارەوایەتی پرسەکانی پارتی و بەرامبەرەکانی نەبوە، بەڵکو لە بنەرەتدا هەڵقوڵاوی جومگە بنەرەتیەکانی سیاسەتکردنی ئەو حزبەیە کە بریتین لە چەن جومگەیەکی سەرەکی:
یەکەم: دەسەڵاتی خانەوادەی بارزانی لە ناو حزب و حوکمرانیدا،
دوەم: پشتئەستور بە هێزی چەکدار و دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان،
سێیەم: تۆرێکی بەرفراوانی راگەیاندن و پەیوەندیەکان.
چوراەم: توانای دارایی زۆر گەورە،
پێنجەم: ئاسانکاری بێئەندازە بۆ تورکیا لە زۆر بواردا لە هەرێم مەمەرێکی نیمچە ستراتیژی بۆ پارتی خۆشەکردوە،
شەشەم: زیرۆ تۆلێرانس بۆ دەنگی نارازی و ئۆپزسیۆن لە ناوچەکانی دەسەڵاتی.
دوای داکشانی متمانەی خەڵک بە سەرجەم هیزەکانی کوردستان و زاڵبونی دەنگێکی نوێ لە بەغدا دەربارەی ماڵئاوایی لە پرەنسیپی تەوافق و پێرەوی پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە لە حوکمرانیدا، پارتی تاکلایانە و بەو رێژە کەمەی لە ناو میللەتدا نوێنەرایتی دەکات بوە سەری رمەکە بۆ خۆ گونجاندن لە گەل ئەم گۆرانکاریە گرنگ و هەستیارەدا، لە گەڵ سەدر و سوننەکان هاوپەیمانی سازکرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە بەغد. پاش موشەک بارانی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بە بیانوی بونی بنکەی ئیسرائیلی لە هەولێر دۆخەکە بۆ پارتی زۆر ئاڵۆز و خەستتر بۆتەوە، هاوکاتیش رۆژئاوا، تایبەت ئەمریکا نیگەرانە لە زۆر بواری هەرێم و دەسەڵاتە حوکمرانیەکەی و لە ئێستادا زۆر سەرقاڵی روسیا و ئۆکرانیایە و پرسی کورد و کێشەکانی لە عێراق خاڵێکی لاوازی ئەجێنداکەیەتی.
وێرای ئەوەی هێرشەکانی ئێران لەسەر هەولێر ناوجەرگەی دەسەڵاتی پارتی گرتۆتەوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا هێرشێکە بۆ سەرجەم باشور و حوکمرانی خۆماڵی، دەشێت بوترێت بە هۆکاری ئەم روداوە هەستیارانە زیادە بۆ دۆخی نالەباری سیاسی و حوکمرانی هەرێم پارتی و لوتکەی دەسەڵاتی گەمارۆ دراوە، وەک دەوترێت لە کاتی هاوشتنی رمدا نوکەکەی پێش هەمو شتێک دەچەمێتەوە، با بزانین پارتی لەم قەیرانە گەورەیە و گەمارۆدانە چی دەکات؟
پێشەکی دەبێت بوترێت پارتی بە تەنها هۆکاری ئەم قەیران و گەمارۆدانە نیە، هێزەکانی دەسەڵات، هەر یەک بەپشکی خۆی، بەرپرسیاریەتیان هەیە، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی خۆیان وەک قوربانی سیاسەتەکانی پارتی عەرز دەکەن و قاچێکیان لە حکومەتدایە و ئەوی تریشیان بە ریتمی شەقام دەجوڵێنن زەمینەی ئینتباعێکیان لای رای گشتی خۆشەکردوە کە پارتی خەتاباری سەرەکیە.
لە واقیعدا کێشە و قەیرانەکانی هێزەکانی تری دەسەڵات لەوانەی پارتی کەمتر نین بە یەک جیاوازی بەرچاو کە زۆربەی قەیرانەکانی ئەوان ناوخۆیین و خاوەنی مەرجەعێکی تۆکمە نین.
هەرچۆنێک بێت ئیدارەدان و سیاسەتە چەوتەکانی پارتی خودی حزبەکەشی بەم رۆژە گەیاندوە، وەک: سیاسەتی باڵادەستی و رەهایەتی سیاسی و فەرمانرەوایی، سیاسەتی شکستخواردوی سەربەخۆیی ئابوری و توند پشتئەستور بون بە تورکیا، سیاسەتی خۆماتکردن و کەمینگرتن لە دۆخی بەغدا، سیاسەتی بەگژداچونی رای ئازاد، سیاسەتی حوکمرانیەکی پەرتەوازە و ناداد و قۆرخکار، سیاسەتی توندی بەرامبەر بە پەکەکە و ... تاد.
لەسەر دوا روداوەکان بۆ خۆم لەو باوەرەدام کە زۆربەی حزبە علمانیەکانی کوردستان مافی خۆیانە پەیوەندیان لە گەڵ ئیسرائیلەکان هەبێت بەمەرجێک ئاشکرا بێت و نەبێتە پاساو بۆ هێزە ئیقلیمیەکان بۆ پەلاماردانی کورد لە باشور، خۆ ناشێت ئێمە لە پاپا مەسیحی تر بین، با سەیرێکی پەیوەندیەکانی زۆربەی وڵاتانی عەرەب لە گەڵ ئیسرائیل بکەین!
بۆ بەبیرهێنانەوە هەر لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابوردو پارتی بە نوێنەرایەتی کەسایەتی سیاسی ناودار خوالێخٶشبو ابراهیم احمد یەکەم پەیوەندی سیاسی لە گەڵ شامۆن پێریز لە فەرەنسا ئەنجامداوە، پەیوەندی خوالێخۆشبو مەلا مسەفا و خانەوادەکەی لە گەڵ جولەکەکانی کوردستان بۆ دەیان ساڵ دەگەرێتەوە و پەیوەندیەکانیشی لە گەڵ ئیسرائیل نەشاردۆتەوە، مسعود بارزانی نەیشاردۆتەوە کاتێک عێراق پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل دروست بکات کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە هەولێر بکرێتەوە، لەو باوەرەشدام یەکێتی بەنهێنی چەندجارێک چەند کادرێکی باڵای بۆ ئیسرائیل ناردوە و چەند هەڵسوراوێکی گۆڕانیش پچرپچر لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی ئیسرائیلی قسە و باسیان هەبوە، سەرجەم ئەم پەیوەندیانە بۆ دژایەتی هیچ هێز و وڵاتێکی ئیقلیمی نەبوە، مەبەستی ئیسرائیلیش شکاندنی زنجیرەی گەمارۆدانە کلاسیکیەکەی ناوچەکەیە لەسەری.
لە سەردەمی کۆرەکەدا لۆبی جولەکە لە ئەوروپا و ئەمریکا ئەوەی بۆ کورد کردوە لە کۆکردنەوەی یارمەتی مرۆیی و خستنە گەری خەستی راگەیاندنی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ ئەو روداوە بێ وێنە بوە، لە کاتێکدا سەدان هەزار منداڵ و پیر و خێزانی کورد لەسەر سنورەکانی ئێران و تورکیا لە سەرما و سۆڵە و برسیەتی و مەترسی سەدام ژیانیان بەرێدەکرد، بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەب و ئیسلامی سیاسی بە تەنزەوە دەیانگوت: کورد چی دەوێت ئەوە نیە ئەمریکا بە فرۆکە هەمبەرگەریان بەسەردا دەرێژێت.
هەرچٶنێک بێت بۆ هەندێک ئەقڵیەتی سیاسی ناوچەکەمان پرسی ئیسرائیل و هەر جۆرێک پەیوەندی لە گەڵیدا و باسکردنی بڤە و تاوانە.
سەبارەت بە هاوپەیمانی پارتی لە گەڵ سەدر و بەشێک لە سوننەکان روداوێکی ئێجگار پر مەترسیە و شایستەی وردکردنەوەی وردە.
بازدانی پارتی بەسەر لێکتێگەیشتن و بۆچونە هاوبەشەکان لە گەڵ هێزەکانی تری کوردستان، تایبەت لە گەڵ یەکێتی، سەبارەت بە بەشداریان لە حکومەتی ناوەندا، هەنگاوێکی چاوەروانکراو بو لە پارتی، پارتی دەمێکە ئاماژەی زەقی داوە کە ناچێتە ژێر رکێفی باڵە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە حوکمرانی بەغدا. رەوتی سەدر و سەرکردەکەی مقتدی سەدر کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بەدەست هێناوە و کێشەی توند و تۆڵی لە گەڵ شیعەکانی تر هەیە، گونجاترین ئامرازە بۆ ئەو خواستەی پارتی، سوننەکانیش دەستیان بە سوچێکی ئەم چەمکەوە گرتوە تا پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن.
ئەوەی پارتی حسابی ورد و قوڵی بۆ نەکردوە ئەوەیە هەر دو تەرەفەکەی تری هاوپەیمانیەکە مەبەستیانە پارتی وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی کورد بەرامبەر بە رکابەرەکانی تریان بەکار بهێنن، سوننەکان دەمێکە لە کەمیندان و ئەم هەلەیان بە زێرینی بینیوە، سەدریش وەک سیاسەتمەدارێک دیاردەیەکی کاتیە و کەسایەتیەکی پۆپۆلیستی خۆپەرست و تەماعکارە، زیادە بۆ ئەمانەش ئیدیعای پرسی هاوڵاتیبون لە کەوالەی دارماوی عێراقدا دەکات، بۆیە هەر لە بنەرەتدا هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکە لەرزۆکە و تەنراوە بە مۆمبی تەوقیتکراو.
لە بەرامبەر ئەم روداوە هەستیارە یەکێتی بێدەنگ نەبوە و ئەویش کەوتۆتە خۆی، لێرەدا پرسی سەرۆک کۆماری ئایندەش رۆڵێکی زۆر هەستیار دەبینێت.
هەرچٶنێک بێت ئەم روداو و دۆخە نێوماڵی کورد زیاتر پەرتەوازە و لەرزۆکتر کردوە، خەونەکانی ناحەزانی کوردی لەسەر هەڵچێنراوە .
با چاوەروان بین و بزانین پارتی چۆن مامەڵەی تر لە گەڵ ئەم دۆخەدا دەکات، ئایا وەک جارانی پێشوتر بە کەمترین زەرەر و زۆرتری سود لێی دەردەچێت!