هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان: چەواشە و ناچاری

چیا عەباس
  2021-09-06     1155
پشتگیری لە هەر هاوپەیمانیەک نێوان هێزەکانی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیە گەر بۆ خزمەتی نەتەوە و نیشتمان بێت، گەر شایستەی متمانە بێت، گەر نیەتێکی پاک و بێگەرد دایرشتبێت و ئەگەر کاراکتەرەکانی ئەهلی ئەم چەمکانە بن.
یەکەم لێکتێگەیشتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان و دواتر رێکەوتنی دەباشان نێوان دو سەرکردە و هاورێی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی دەیان ساڵ بو، وێرای ناکٶکی و جیاوازیەکانیان هاورا بون بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد بپارێزن، هاورابون لە ساتە هەستیار و چارەنوسسازەکاندا یەکتر بدۆزنەوە و هاوراش بون لە نیشتمانەکەیان ماڵئاوایی لە ژیان بکەن.
مەخابن هەندێک لە هاوکارەکانیان لەو هاوکێشەیە نە تێگەیشتبون و نە ویستیشیان تێیبگەن، ئەمانە لە سایەی جیاوازیەکانی ئەو دو سەرکردەیە لە ناو یەکێتی و دواتر لە یەکێتی و گۆڕاندا سەرقاڵی نیەت و حەزە وردیلە و گەورەکانی خۆیان بون، بۆیە بەردەوام وەک راوچیەکی چاوچنۆک لە کەمینی تێکدان و تەماعکاریدا خۆیان مەڵاس دابو، جارێک کارتی پارتی یان بەکاردەهێنا و جارێکی تریش ئەختەبوتی تەکەتول و جەمسەرگەیان دەکردە تەڵەی خواست و نیەتەکانیان.
هەرچۆنێک بێت دوای وەفاتی ئەو دو سەرکردەیە زۆنەکەیان بێ خاوەن و بێ مەرجەع و بێ هزر و بێ پلان و تەنانەت بێ رێبازێکی دیاریکراو مایەوە، بۆیە هێدی هێدی پرەنسیپە رەسەنەکانی یەکێتی لە فرە منبەری و چەپکە گوڵ و کٶلنەدان و رێبازی کاک نەوشیروان بۆ گۆرانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی کەوتنە ژێر فشاری حەز و خواستە تایبەتیەکانی هاوکار و وارسەکانی سیاسەت و خوێنیان، لەو ساتەوەش ئەم زۆنە بەردەوام کەوتۆتە ژێر رەحمەتی کارەسات و قەیران و فرەکۆێخایی و گەندەڵی و نادادی و ......، لەو کەش و هەوایەدا تا دێت کایەکانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بە شێوازێک تێکدراوە کە کاریگەری وێرانکەری لە سەر تەونی کۆمەڵایەتی و هیوا و ئومێد و متمانەی مەردمی دەڤەرەکەی کردوە. شتێکی ئەوتۆ لە پرەنسیپ و بەها بەرز و جوانەکان نەماوە تا شایستەی شانازی و دڵخۆشی بێت.
لەم کەش و هەوایەدا دو هێزی سەرەکی ئەم دەڤەرە، یەکێتی و گۆڕان، هاوپەیمەنیەکیان گرێداوە بۆ بەشداریکردن بە لیستێکی هاوبەش لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
کەس لە چەمکی هاوپەیمانی دڵگران نیە، ئەوەی دەمێنێتەوە چەند گومان و پرسیاری جدین لە هۆکار و ئامانجەکانی ئەم هاوپەیمانیە، ئایا زەمینەی متمانە و باوەر ئەوەندە بەهێزن و ئایا ئەزمونەکانی کاراکتەر و نێوان یەکێتی و گۆڕان ئەوەندە ئەرێنین کە زامنی گەشبینی و سەرکەوتن بێت؟
هیچ شتێک لە دنیادا لە خۆیەوە ناخوڵقێت، هەمو شتێک پاشخان و ژێرخان و مێژو و پێکهاتەی خۆی هەیە، ئەمانەش بناغەی ماهیەتی ئەو شتە دیاری دەکەن، لێرەشەوە چاوەروانیەکان سەرهەڵدەدەن.
زۆربەی ئەزمونەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان ئەوەندە تفت  تاڵ و ناشرینن کە هەمو کەسێکی دڵسۆز لە ناخیەوە خوازیارە دوبارە نەبنەوە و زەمینەیەکی نوێ دابرێژرێت کە رێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکات.
لە سەردەمی کاک نەوشیروان چی خراپە یەکێتی بە گۆڕانی کردوە، گرتن، ئەشکەنجەدان، کوشتن، نانبرین، سزادانی سیاسی، کۆکردنەوەی هێز بۆ لە ناوبردنی سەرکردەکانی گۆڕان، هەڵمەتی توندی راگەیاندن، تەڵەکەبازی، پلانگێری و .... تاد. ‌دوربینی و هێوری و دان بۆخۆداگرتنی کاک نەوشیروان هۆکاری سەرەکی بو تا دۆخەکە نەتەقێتەوە، سەردەمێک گۆران لە گەڵ پارتی لە پرسی کابینەی هەشتەم رێککەوتن یەکێتی بو بە پارچەیەک ئاگر و چیان پێکرا بۆ تێکدانی ئەو رێکەوتنە کردیان، یەکێتی یەکەم هێز بو کە پشتی لە پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرد کە پرۆژەکە بیرۆکەی ئەوان بو، لە ساتی سەنگی مەحەکدا وتیان ئێمە بەشیک نین لە کێشە بەڵکو لە چارە، گوایە فریادرەسی دۆخەکەن،  بۆ روداوەکانی دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت زاکرەی مرۆڤە خەمخۆرەکان زیندوە تا باسێکی رەفتار وهەڵوێستە دوفاقەیی و ناجێگیرەکانی یەکێتی بکات.
دوای نەخۆشکەوتنی مام جلال و کاک نەوشیروان و وەفاتیشیان ئیتر هیچ رادعێک لە بەردەم تێکدەر و خۆپەرستەکان نەما، گەیشتە ئاستێک بە سەرگەرمیەوە پەلاماری مەکۆی سەرەکی گۆران بدەن و فیشەکی چەکی قورسی تێگرن.
زۆر دروستە کە نابێت بەردەوام روداو و قۆناغە نەخوازیار و ناشرینەکانی سیاسەت بکرێن بە پێوەر بۆ تێرامان بۆ ئایندە، چونکە گەر وا بەرێوەبچێت سیاسەت هیچ بەهایەکی بنیاتنەری نامێنێت، سەرەرای ئەم راستیە ناشێت ئەو مێژوە نەکرێت بە پەندو سودی لێ وەرنەگیرێت، ئەمەش لە خۆیەوە رو نادات، دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت و هۆکارەکانی ئەو روداوانە لە قاڵب بدرێن و نەهێلرێن. لەم روەوە باوەر ناکەم یەکێتی دە لە سەدی ئەو هۆکارانەی چارە کردبێت، هێرشبەران و تەقەکەران و قەڵەم رەشە بەدەستەکان و مرۆڤ بکوژەکان نەک سزا نەدراون و لێپرسینەوەیان لە گەڵ نەکراوە بەڵکو پاداشت کراون و دەسەڵات و درەندەییان گەشەیان کردوە، تەنانەت سەدان هەڵسوراوی گۆڕان کە نانبراو سزا دراون تا ئەم چرکەیەش کێشەکانیان لەلایەن یەکێتیەوە چارە نەکراون، تا ئێستا ئەو فیگەرە دەسەڵاتدارانەی یەکێتی کە دەیان کێشە و گرفتیان لە جومگەکانی حوکمرانی هەرێم بۆ گۆڕان و هەڵسواراوەکانی دروستکردوە هەر لە پێگەی خۆیانن و بە زانیاری وردی بەردەست ئیستاش لەو کارە تێکدەرانەیان بەردەوامن، تا ئێستاش زۆربەی زۆری پۆستە دیبلۆماسیەکان لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە نەک ئیحتکار کراون بەڵکو ئیبتزازی گۆڕانەکەی ئێستاشی پێدەکەن و ...... تاد.
گۆڕانی ئێستا جیاوازی نێوان ئەرز و ئاسمانی لە گەڵ گۆڕانی سەردەمی کاک نەوشیروان هەیە، کاک نەوشیروان رێبازێکی جێگیری بەهاداری هەبو و چەندی پێکرا کاری بۆ کردوە، ئەمانەی گۆڕانی ئێستا سیاسەت و سیاسەتکردنێکی کلاسیکی بەسەرچوی بێ دید و ئامانجی کۆنکرێت بەرێوە دەبەن و رێبازیان بەلادا داوە، ئێستا نەعامە ئاسا دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتوە نەک نەرمە بایەک بیبات، لەو پرۆسەیەدا بە راست و بەچەپدا ئامادەن زۆر شت بکەن، ئەمان درێژە بەو سیاسەتکردنە دەدەن چونکە حەزیان لێیەتی و ئولفەتیان لە گەڵیدا گرتوە.
بانگەشە و لێدوانەکانیان ئەوەندە سواو و دوبارە بونەتەوە کە بە گوێ بیستنیان مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و زاکیرەی زیندو ئەوەندەی تر لێیان دوردەخاتەوە.
دەسەڵاتدارە دێرین و نوێکانی یەکێتی لەم خەسڵەتە تایبەتانەی سەرانی گۆران تێگەیشتون، بۆیە بەردەوام ژێر پێیان بە لێدوانی رەنگینی بەتاڵ چەور دەکەن.
وەک دروشمە سواوەکانی یەکریزی، چاکسازی، یەکگرتویی، پرسی نەتەوەیی .... و دوا قەوانیش ئیدیعاکردنیانە بۆ یەکگرتنەوە لە گەڵ گۆڕان لە بری گەرانەوە بۆ ماڵە گەورەکە، بە واتایەکی تر ناراستەوخۆ زیاتر وشکردنی ئەو تڵپە تەرەیە کە لە ناو گۆڕاندا ماوە. جەختکردنەوەی یەکێتی لە هاوپەیمانیەکەی لە گەڵ گۆڕاندا لە سەر پرسی بەغدا و حوکمرانی هەولێر وەک ئەوە وایە چی لەو دو پایتەختە لە ساڵانی رابوردودا کرابێت و رویدابێت ئەوان لە دور و نزیکەوە لێی بێبەرین.
هەڵبژارنی ئەمجارە فرە بازنەییە، ئەوەی هاوپەیمانی گۆڕان و یەکێتی کاری بۆ دەکەن لە بیست تا بیست و پێنج کورسی تێناپەرێت بەدەستی بهێنن، ئەو ژمارەیە بۆ کورد لە بەغدا کەم نیە، بەڵام لە گەڵ هێزە کوردستانیەکانی تر بە وەتیرە بەسەرچوە سواوەکەی جاران کار دەکەن، پێموایە واشی لێبێت.
خوێندنەوەی ئەو مێژوە بە وردەکاری زیاتریشەوە لە گەڵ دۆخی خەست تێکچوی ئێستای ناو یەکێتی و لاوازی دەسەڵاتدارانی گۆران دەیسەلمێنێت ئەم هاوپەیمانیە لە سەر زەمینەیەکی لەرزۆک و لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز و نادیار و لە سایەی نیەتە شاردراوەکاندا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، مەگەر خوا دەرەقەتی ئەم حەزورەیە بێت!
دوا قسەم لەم نوسینەدا ئەوەیە کە بێگومان کەسانێک لە ناو یەکێتی و گۆران و بێلایەنیش لێکدانەوە بۆ ئەم وتارە بە بەرژەوەندی پارتی دەکەن، ئەوانە سەرپشکن چۆن بیر دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی لام گرنگە بیڵێم ئەوەیە ناشێت و ناکرێت خەڵک قەڵەم و دەمی گرێبدات چونکە باسکردنی بەشێک لە واقیع بە بەرەژەوەندی پارتی یا هیزێکی تر دەشکێتەوە یاخود بە پێچەوانەوەش، ئەم ئەقڵیەتە کاڵ و کرچە هۆکارێکی گرنگی نەهامەتی و دەردەسەریەکانی کوردە لە باشور کە زیاتر لە نیو سەدەیە بەدەستیەوە دەناڵێنین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×