گەرمبونی بازاری چەند تاقمێکی ئۆپزسیۆن لە هەرێم

چیا عەباس
  2023-12-05     367

ئەم وتارە بەشێکە لەو چەند وتارەی لەسەر بەرەی ئۆپزسیۆن لە کوردستان نوسیومە، ئێستاش لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان بەشێک لێیان بازاری ئۆپزسیۆنبونیان گەرم کردوە.

ئاوردانەوەیەک لە رابوردو
لەو ساتەوەی کورد دوای روخاندنی سەدام جێگەیەکی لە عێراقی " نوێدا " بەرکەوتوە دەسەڵاتدارانی کورد بە دارشەق خاو و خلیچک و دودڵ تورەکەی نزا و دوعاکانیان بە مەزاری سەرۆکێک بۆ کۆمار و " پەرڵەمانێکی فیدراڵی"  و " سازانی سیاسی " و "دیموکراسی مەزهەبی" و " بودجەی نادیار" و " چەند مادەیەکی دەستوری سڕکراو"  و ژمارەیەک پۆستی بێ دەسەڵاتی بەناو سیادیەوە لکاندوە.
وێرای ئەوەی چەند دەسکەوتێکی باش بۆ کورد بەدەست هێنران، بەڵام لە دوا مەتافدا نازانم باسی چ ئەزمون و نمونەیەکتان بۆ بکەم لەو بیست ساڵەی پێشودا کە دەسەڵاتی کوردی، بە بەرەی موعارەزەی کوردیشەوە، لە پایتەختی وڵاتی وێرانەدا بەرێیان کردون. نمونە و چیرۆکەکان گەلێک زۆرن، مەخابن عیبرەت و وانەکان وەک سەرابی بیابانەکانی ئەو دەڤەرانەش دەبینرێن.
کێشەی دێرینی کورد لە گەڵ بەغدا پرسی خاک و مافە نەتەوەییەکانە، هێزە سیاسیەکانی کورد بۆ ئارایشتەکردنی داواکارە رەواکان هزری دیموکراسیشیان تێهەڵكێش کردون. تێهەڵکێشکردنێکی ناواقعی و خەیاڵپڵاوی چونکە لە مێژوی میسۆتۆپۆمیا و مێژوی ئیسلام و ئەزمونەکانی حوکمرانی لە چەند سەدەیەکدا کەمترین تۆوەکانی گوێگرتنی پێکهاتە جیاکان لەیەکتر تێیاندا بەدیش ناکرێن، جا بگرە دیموکراسیەت بە چەندین جۆرەکانیەوە. بەپێچەوانەوە ئەم پانتاییە جوگرافیە گۆرەپانی زۆرترین خوێنرشتن و وێرانکردن بوە سەرەرای ئەوەی میسۆپۆتۆمیا یەکێک لە مۆڵگە دێرینەکانی شارستانیەتی دێرین بوە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا.
لەو ساتەوەی ئیرادە و بەرژەوەندی حزبی و شەخسی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و حوکمرانی فرە مەزهەب و نەتەوە و سەرکردە تێکەڵ کراون دەبینین کێرڤی پێگەی بەهێزی کورد لە بەغدا بەپەلەیی بەرق روی لە داکشان کردوە، ئێستاش گەیشتۆتە ئاستێک دەسەڵاتی فیعلی بەغدا وەک داشی دامە گەمە بە دەسکەوت و خواستەکانی نەتەوەی کورد و دەسەڵاتدارانی کورد لە باشوری کوردستان دەکات. لەسایەی دەستورێکی هەیشەیی سەقەت وپر پێچوپەنا و بەرێگەی دادگایەکی فیدراڵی بەناو باڵا کە زیاتر لە حوسەینیەک دەچێت رەوایەتی بەم گەمانەی دەبەخشێت.
ناشێت چاوبنوقێنین لە راستیەک کە ماخۆلانی دەسەڵاتی بەغدا لەم هەڵوێست و رەفتارەیاندا بەدەستی چەند بەرپرسێکی کورد نەرم و گەرم دەخورێنرێت.  

نیەت رەحمی هەڵوێست و کردارە
ئەم باسکردنەم بەپێویست زانی بۆ بەرچاورونی ئەو گروپ و ئاراستە و کەسایەتیانەی لە باشوری کوردستان خۆیان بە ئۆپزسیۆن ناوزەد دەکەن و بۆ گۆرینی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم چاویان لە بەغدا چەقاندوە و دەستیشیان بۆ درێژکردوە.
سەبارەت بەمجۆرە نیەتانە پێویستە خاڵ لەسەر وشەکان دابنرێن، بۆ ئەمەش لە مەقامی یەکەمدا بەرچاورونی و دیدگای بێتەم زۆر پێویستن:
یەکەم: کێشەی بەرەی نارازی لە هەرێم لە گەڵ دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و نارەوایە لە فەرمانرەواییدا. مەبەستی سەرەکی گۆرینی ئەو دەسەڵاتەیە یاخود ناچارکردنی رێگەی دروستی حوکمرانی پێرەوبکات. پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پیرۆزە.
دوەم: پرسی دوەم ئەوەیە کە کێشەی دێرزەمانی کورد لە گەڵ بەغدا پرسی خاک و مافە رەواکانی نەتەوەی کوردە. کە بەشێک لێیان بە زیگزاگی لە دەستوری هەمیشەیی عیراقدا چەسپینراون و دانپێنان و پشتگیری نێودەوڵەتیشی بەدەست هێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی مەزهەبی بەغدا کار بۆ پوچەلکردنەوەی دەکات.
هەر پەنابردنێک بۆ ئەم جۆرە دەسەڵاتانەی بەغدا بەپاساوی بەدیهێنانی گۆرانکاری لە کوردستان گورزێکی کوشندەیە لە کیان و حکومەتی هەرێم.  
سێیەم: چۆن ئەم بەرە پەرتەواز و لاواز و فرە دیدگایە مامەڵە لە گەڵ گەمەکەرە دەرەکیە بەهێزەکان لە عێراق و کوردستان بکات.
چوارەم: گرنگترین پرس چۆن ئەم بەرەیە لەسەر کارنامەیەکی کاری بەهێزی واقعی و دروست و کاریگەر رێکدەکەون.
لە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان ئەم پارچە گەورە و هەستیارانەی سیاسەت و حوکمرانی زۆر دژوار و ئاڵۆز تێکەڵاوبون و بەیەکەوە گرێدراون، بۆیە ئەرکی بنەرەتی بەرەی ئۆپزسیۆنە دروست و واقعی و سیستەماتیک لە کارنەمەکەیدا بەیەکیانەوە گرێیان بدات و دوا وێنەکەش شایستەی رەزامەندی هاوڵاتیان بێت تا ببنە کەرەستەی بنەرەتی بۆ گۆرانکاری. کەسانێک ناهەقیان نیە بڵێن ئەم پرۆسەیە درێژخایانە، ئەوەی گرنگە باوەر بەوەی پرۆسەکە بۆ نەوەکانی ئایندەیە رێگاکە زۆر کورتر و ئاسانتر دەکات.

کورد و هێزە چەکدارەکانی عێراق
ناشێت لە کۆتایی ئەم وتارەدا باس لەوە نەکەم کە دەسەڵاتی فعلی بەغدا بە شورایەکی فرە میلیشیای مەزهەبی دەوردراوە کە بەشی هەرە زۆریان هیچ وەلایەکی جێگیریان بۆ عراق نیە و دانیشیان لە کوردستان جیرکردۆتەوە.
کورد لە عێراق چەندین ئەزمونی خوێناوی بێ وێنەی لەگەڵ هێزە چەکدارانی عێراق
هەیە: سیاسەتی ئەرزی سوتاو، وێرانکردنی شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، کییاباران، ئەنفال، راگوێزانی زۆرەملی و ...تاد. تۆ بڵێیت ئەم میلیشیا مەزهەبیانەی ئێستا چ جیاوازیەکیان لە گەڵ هاوپیشەییەکانی رابوردودا هەبێت؟
هیوادارم بەرێزێک وەڵامێکی موقنیعمان بداتەوە ! 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×