وەهمەکانی بزوتنەوەی گۆڕان!

چیا عەباس
  2021-12-30     633

بەپێی دوا هەواڵەکان بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم مانگی ساڵی نوێدا کۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستێت، پێش بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەکە لە پەرلەمانی کوردستان داوای کشانەوەی بزوتنەوەکەی لە حکومەتی هەرێم دەکات. دو هەواڵی وروژێندراو روکەشانە جوان و بەپێز بۆ ئەوانەی هیوا و ئومێدێکیان بەم بونیادەی ئێستای گۆڕان ماوە.
پێشنیازی کشانەوە لە حکومەت لە دۆخی شکستدا گەورەترین موزایەدەی سیاسیە بەرامبەر بە جەماوەری پێشو و ئێستای بزوتنەوەکە، جۆرێکە لە ختوکەدان و چاوبازی لابەلا، وەک ئەوەی دانەوێڵە بۆ راوکردنی متمانە برێژن، ئەو دەسەڵاتەی چەند ساڵێکە بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەچەوری لە بەروبومەکەی دەخۆن بکەنە " پاساوێک بۆ هەستانەوە " ، باشترە دەسەڵاتدارانی گۆڕان لەو راستیە تێبگەن کە پێش شکستە گەورەکەیان گۆڕانەکەیان لەسەر پێێ خۆی نەوەستابو تا ئێستا هەڵبسێتەوە. زیاتر لە سێ ساڵ لەمەو پێش بەتەنیشت چەندین کەسایەتی و گروپی ترەوە، گروپێکی هەڵسوراوە دێرینە خەمخۆرەکانی گۆڕان پرۆژەیەکی چاکسازیان پێشنیاز کرد بۆ گۆڕان و یەکێک لە خاڵە بنەرەتیەکانی هۆشداری دان بو لە بەشداریکردن لە حکومەتی هەرێم، ئەوسات ئەو دەسەڵاتەی گۆڕان زۆر لە خۆی باییی بوبو، گوێان نەگرت و وەڵامیشیان بۆ پرۆژەی پرۆگۆڕان ئەوە بو: دەچن دەبن بە پارتی، بە یەكێتی برۆن، چی دەکەن بۆ خۆتان بیکەن، بە واتایەکی تر بۆ چرکەیەکیش گوێیان نەگرت. خێرە ئێستا ئەم هەڵوێستەیان بەخەڵک دەفرۆشنەوە!
کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەم جار بەشداری هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستانی کرد، نە دەستورەکەی بە تەواوی دارێژرابو، نە یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی بەستبو، نە چارەکە و نیو موچە هەبو، نە شەری داعش رویدابو، نە هەرێم لە قەیران و کێشەی ئاڵۆزدا گیری خواردبو و نە ... تاد، لە گەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنێکی ئێجگار مەزنی بەدەست هێنا.
عیبرەت لەم راستیانە ئەوەیە و تایبەت لە دۆخی ئێستای کوردستان کە بەهاکانی کۆنفرانس و دروشم و هەرا و هەڵڵای حزبی لای هاوڵاتی زۆر کەمبونەتەوە، ئەزمونی دوا کۆنگرەی یەکێتی و ئاکامەکانی لە هەڵبژاردن و دۆخی ئێستای ئەو حزبە سەلماندیان کە کەرەستەکانی پێگەی جارانی حزبەکانی کوردستان بە نەرێنی گۆراون و و خودی حزب خۆی کردۆتە ئامانجی سەرەکی کار و کرداریان، لەم سەردەمەشدا حزبەکان، تایبەت ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، لە سایەی خەیمەی کوردایەتی، حوکمرانی، گۆرانکاری و چاکسازیدا خۆیان پەردەپۆشتر دەکەن.
ئەم راستیانە زۆر خەستتر و بەرچاوتر لە گۆڕانی ئیستادا بەدی دەکرێن، لە مەقامی یەکەمدا هەڵگری مۆمیك بون کە تادێت تیشکەکەی رو لە کوژانەوە دەکات و دوەمیش کێشەی بنەرەتی گۆڕان نە بەشداریبونە لە حکومەت و نە دۆخی رێکخراوەیی، بەڵکو ئەم هێزە خاوەنی هیچ تێرامان و ستراتیژێکی جێگیر و رون نیە کە شایستەی متمانەی بەشێکی هاوڵاتیان بن بۆ گەشاندنەوەی مۆمەکە.
سەبارەت بە بەستنی کۆنفرانسی گۆڕان مافێکی رەوای ئەوانەیە کە لە بزوتنەوەکە ماون یاخود دەستیان پێوەگرتوە. وەک راستیەکی مێژویی زۆربەی وردەکاریەکانی هەنگاوەکانی ئێستای گۆڕان بۆ دارشتنەوەی رێكخراوەیی بزوتنەوەکە لە هەمان پرۆژەی پرۆگۆڕان بە تێروتەسەلی پێشنیاز کرابو و لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٩ بەچەند نامە و راگەیانراو جەختی لێ کرابوەوە، ئەمەشیان بە هەمان شێوازی خاڵەکانی تر رەتکرایەوە.
هەرچۆنێک بێت باسکردنی ئەو مێژوە بەمەبەستی گەرانەوە نیە بۆ ئەو ساتانە، بەڵکو راماڵینی پەردەیە لە چەند روداوێکی هەستیار کە لە مێژوی گۆڕاندا  دەسەڵاتدارەکانی زۆر بێباک و بێخەمانە مامەڵەیان لە گەڵیان کردوە، ئێستاش دوای شکست پەنایان بۆ دەبەن.
لە کۆتاییدا گەر گۆڕان بتوانێت ئاورێکی جدی و لە ناخی دڵ و قەناعەتیەوە لە رابوردوی چوارساڵی رابوردوی بداتەوە و دەست لە سەر زامە قوڵەکانی دابنێ، وەک: دۆخی خانەی راپەراندن و جفاتی نیشتمانی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان، دەرکردن و دەرپەراندنی هەڵسوراوە دڵسۆزەکان، بێخەمی و بێباکی دەسەڵاتی گۆڕان، بەشداری لە حکومەت و چیان کردوە، پرسەکانی گەندەڵی و سودوەرگرتنی نارەوای بەشێک لە بەرپرسانی گۆڕان و موڵکداریەتی کورەکانی کاک نەوشیروان و گۆڕان و دواتریش نەک دواترینیان هۆکارەکانی شکستی گۆڕان بە فاکت و ژمارە نەک بەقسەی سواو و بەتاڵ.... گەر ئەمانە بکرێن و هەوڵی جدی بۆ راستکردنەوە و چارەی هەڵەکان بدرێت ئەوا گۆڕان هەنگاوێکی گرنگ بۆ پێشەوە بۆ خۆی تۆمار دەکات، پرسیاری بنەرەتی ئەوەیە ئایا ئەم گۆڕانە توانای ئەو هەنگاونانەی ماوە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×