جیهان و کورد: ئێستاو لە سەردەمی دوای کۆرۆنا

چیا عەباس
  2020-04-08     1000

مرۆڤایەتی سەرقاڵی جەنگێکی سەختە دژ بە ئافاتێکی وێرانکەر، هەر وڵات و ناوچەیەک بە پێی دۆخ و كلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی و توانای خۆی بەشدارە لەو جەنگەدا، لێرە و لەوێش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جۆرێک لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەرچاو دەکەون. دەسەڵات و خەڵک و رێکخراو و خەمخۆرەکانی هەرێمە بچوک و دابراو و لاوازەکەی خۆشمان لە هەوڵدان بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا.
مەبەستی سەرەکی ئەم جەنگە سەرکەوتنە بەسەر ئەم ئافاتەدا، بەڵام سەردەمی پۆست کۆرۆنا چۆن دەبێت و چ گۆرانکاری بەسەر دنیادا دێت کەوتونەتە بەر چەقۆی تیژی لێكۆلینەوە سیاسی و ئابوری و زانستیەکانەوە، هەمو کۆکن لەسەر ئەوەی قۆناغی دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لەوەی پێشوتر.
لە ناوەراستی سەدەی چواردەم ئافاتی تاعون دەیان ملیۆن کەسی لە دنیادا کوشت، ئەم ئافاتە کاریگەری زۆر گەورەی لە سەر رەوشی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کەش و هەوا کرد و بوە هۆی مەجاعەتێکی کوشندەش.
لە ئافاتی تاعون جوەکان تۆمەتبار کران بە هۆکاری ئەو ئافاتە، ئێستاش هەمان بابەت ورێژڕینراوە، پەنجەی تۆمەت بۆ چین، ئەمریکا و ئەوروپا درێژ دەکرێت. 



ئەگەرەکانی ئایندە
هەرچٶنێک بێت مرڤایەتی سنورێک بۆ ئەم ئافاتەی ئێستا دادەنێت، لە روی سروشتیەوە ڤایرۆسەکە چی لێدێت و چۆن خۆی دەگونجێنێت و چی دەکات ئەو پرسیارانەن دنیا لە ئایندەدا بە دوای وەڵامەکانیاندا دەگەرێت.
هەڵسەنگاندن بۆ ئاکامە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە چاوەروانکراوەکانی ئەم ئافاتە بە نزا و دوعا و نوشتە ناکرێت. ئاوردانەوەیەکی جدی لە رابوردوی نزیکی پێش دەرکەوتنی ئافاتەکە و وردکردنەوەی دۆخی ئێستا و کار و نیەتە بەرچاوەکان ئاسانکاری بۆ خوێندنەوەی ئەگەرەکانی ئایندە دەکەن.

 


ئەمریکا
زۆربەی چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی لەو کاتەوەی ترامپ چۆتە کۆشکی سپی پێگەی ئەمریکا لە دنیادا روی لە داکشان کردوە، رەوشی سیاسی ناوخۆی ئەمریکا زۆر پەرتەوازەیی و لەتبونی پێوە دیارە، ئەمریکا لە روی سەربازی و ئەمنیەوە لە چەند ناوچەیەکی هەستیاری دنیا پاشەکشەی کردوە. بە کورتی ئیدارەی ترەمپ ناجێگیر و کەم متمانە بەرچاوە، تەنانەت گەورەترین دامەزراوەی تایبەت بە ئیپیدێمی کە سەر بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بو ترەمپ هەڵیوەشاندۆتەوە.

 


چین
چین هێزێکی ئابوری زەبەلاحە، بەڵام خاوەنی هێز و بنکەی سەربازی نیە لە ناوچە  گرنگەکانی دنیا، زیادە بۆ ئەمەش دەبێت پێویستیەکانی وزەی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی دابینیان بکات. بۆ قەرەبوکردنەوەی غیابی سەربازی و ئەمنی لە دنیادا و مسۆگەرکردنی وزە چین تۆر و جەنجاڵێکی ئابوری بێئەندازە گەورەی لە دنیادا دروست کردوە، سەدان ملیۆن هاوڵاتی خۆی و وڵاتانی تر لەو جەنجاڵەدا کار دەکەن و لێشی سودمەندن.
چین گەورەترین فابریکی هەرزانی دنیایە، لە گەڵ هندستان یەکەم بەرهەمهێنەری دەرمانن، چین زۆرترین یەدەکی دۆلاری لە دنیادا هەیە و هاوکاتیش لە چەند بوارێکی تەکنۆلۆژیای سەردەم ، تایبەت 5G ، لە پێش ئەمریکا و ئەوروپایە.
ئێستاش بەسودوەرگرتن لەو جەنجاڵەی دروستی کردوە هاریکاری و یارمەتی وڵاتان، بە ئەمریکاشەوە، بۆ بەرەنگاربونەوەی  کۆرۆنا دەدات.
چین بۆتە ئەم هێزە گەورەیە لە سایەی سیستەمێکی ئۆتۆکراسی کە سەرمایەداری دەوڵەت بەرێوە دەبات و ئاراستەی دەکات، بۆیە سیستەمی سیاسی و فەرمانرەوایی و ئابوری چین سیستەمێکی جێگیری بەهێزە کە تێیدا ئۆپزسیۆن و نارازی بونی نیە.

 


روسیا
ساڵانێکە روسیای پوتین خۆی مات داوە، بێجگە لە هەوڵەکانی بۆ خۆشەکردنی شوین پێی بەهێزی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گەمەکردن لە سایەی ناکۆکی و ململانێکانی هێزەکانی تر دەستپێشخەریەکی ستراتیژی بەرچاوی لە گرتنەدەستی سەرکردایەتیکردنی دنیادا نەبوە، ئەو کارانەشی ئەنجامی داون تێکەڵاوێک بوە لە تەکتیکی کاتی و تموحاتی ستراتیژی، وەک رۆڵی لە سوریا و پەیوەندیەکان لە گەڵ  تورکیا و ئێران و مامەڵەکردنی گرژیەکانی لە گەڵ ئەوروپا.
روسیا لە رەوشی ئێستای کۆرۆناشدا خۆماتکەرە و چاوەروان دەکات. هەرچۆنێک دۆخی دوای قۆناغی کۆرۆنا بشکێتەوە پوتین پشکی خۆی دەبات، بەلایەنی کەمیشەوە دەتوانێت ئاهەنگی سەرکەوتنی هێزەکانی تر تێکبدات.

 


ئەوروپا
هەرچۆنێک قۆناغی دوای کۆرۆنا بسورێت، سێ سەرکردەی دیاری دنیا: ترەمپ و پوتین و زی جینپینگ خوازیارن یەکێتی ئەوروپا لاواز تر بێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئەوروپا دەتوانێت پێگەی خۆی لە سەر شانۆی سیاسی دنیا بپارێزێت؟
مێرکڵ و ماکرۆن لەو هاوکێشەیە تێگەیشتون، بیرکردنەوەی ئەم دو سەرکردە گرنگەی ئەوروپا گوێرایەڵی کوێرانەی ئەمریکا نیە، چەند وڵاتێکی دەوڵەمەندی ئەوروپا ئێستا بە دو ئاراستە کاردەکەن. یەکەمیان هەماهەنگی و هاوکاری لە گەڵ ئەمریکا، دوەمیشیان رازیکردنی ئیتاڵیا و ئیسپانیا کە کۆرۆنا زۆر هیلاکی کردون بە هاریکاری و یارمەتی بچوکی مەرجدار بۆ پاراستنی یەکێتی ئەوروپا.

 


ئەگەرەکانی ئایندە
زۆربەی کارتەکان لە ئێستادا لە قازانجی چیندان، گەر هەواڵەکان راست بن کە کۆرۆنا لە چین کۆنترۆڵ کراوە ئەوا فرسەتی سەرکردایەتیکردنی دنیا لەلایەن چینەوە بەهێزە.
لە مێژە بیرمەند و سەرکردە ناودارەکانی کۆمینیزم و سۆشیالیزم وتویانە سەرمایەداری بە ئاسانی گۆرەپانەکە چۆڵ ناکات، لەم دۆخەی ئێستادا ئەمریکا و رۆژئاوا کارتێکی زۆر بەهێزیان لە دەستدایە بۆ دەرهێانی بەڕە لە ژێر چین و پوچەڵکردنەوەی خەون و خواستەکانی دەسەڵاتی ئۆتۆکراسی چین.
زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە دەکەن بەوەی ئەمریکا لە گەڵ چەند وڵاتێکی ئەوروپا، تایبەت لە گەڵ هۆلەندا، زۆر نزیکن لە دروستکردنی ڤاکسین دژ بە کۆرۆنا، گەر لەمەدا سەرکەوتوبن، دەبێت چین دەیان ساڵی تر بێزو بە هێزی یەکەمەوە بکات.
بەشێکی بەرچاوی چاودێر و لیکۆڵەوەرەکان کۆکن لەسەر ئەوە جیهانگیری دنیا پاشەکشە دەکات، ئەگەر زۆرە شێوازێکی بچوککراوەی گڵۆبەڵایزەشن بێتە ئاراوە لە سەر ئاستی جوگرافیای سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کڵتوری جیاجیا لە دنیادا.
پێویستی چین و ئەوروپا بە وزە لە دەرەوی سنورەکانیان و چونیەتی دابینکردنیان تەوەرێکی گرنگی قۆناغی پۆست کۆرۆنا دەبێت. کەس لەو باوەرەدا نیە ئەو سیستەمەی ئێستای وزە، بری بەرهەمهێنان و نرخ، وەک خۆی بمێنێتەوە.

 


کوردستان
لەم سونامیە تەندروستی و سیاسی و ئابوریەی دنیادا هەرێمی کوردستان و وێرانەکەی عێراق هیچ پێگە و رۆڵێکی ئەوتۆیان لە بەرەنگاربونەوەی گشتگیری کۆرۆنا نیە، سەرقاڵی خۆپاراستن و سنوردارکردنی کاریگەریە خراپەکانین.
هەرێمی کوردستان تا رادەیەک سیستەمێکی حوکمرانی لێچوی ئۆتۆکراسی چینی هەیە، بەجیاوازی ئەوەی بەرەی نارازی و شەقامی کوردی گەر نەتوانێت هاوکێشەکان بگۆرێت ئێستا دەتوانێت دەسەڵات بێزار بکات و بیشڵەژێنێت.
حوکمرانی هەرێم لە ناو خۆیدا زۆر ناکۆک و پەرتەوازەیە و بواری ئابوریشی زۆر لاوازە، خاوەنی دیدگایەکی ستراتیژی و دامەزراوە و توانای تەندروستی مۆدێرنی پێویست نیە بۆ چۆک دادان بە کۆرۆنا و ئامادەسازی بۆ ئەگەرەکانی تر.
هەرچەندە بەشێکی دەسەڵات لە ئاستی هەرێم و دەسترۆیشتو و فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکان لە یەکەم ساتی سەرهەڵدانی کۆرۆناوە کەمتەرخەم و بێباک بون و زۆر خۆپەرست و بەرژەوەندخواز و کاڵفامەنە کاریان کردوە بۆ قۆستنەوەی دۆخەکە بە بەرژەوەندی سیادسی و مادی خۆیان، بەڵام ئەوەی کراوە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا مایەی دەستخۆشی و بەرزنرخاندنە.
لە ئاکامی ئەم ئەزمونەدا دەردەکەوێت متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات زیاتر کاڵ بۆتەوە و تا رادەیەک گەیشتۆتە ئاستی تورەبون و هەڵچونی رەوا.
گەر حکومەتی هەرێم بەجدی کار بۆ دابینکردنی لایەنی کەمی پێدوایستیەکانی کەم دەرامەت و هەژارەکان نەکات، ئیجرائاتی توند بەرامبەر شەقوەشێن و نەفامەکانی خزێنراو لە چەند دەزگایەکی حکومی نەکات، ئەوا ئەستەمە دروشمی هەمو بەیەکەوە بەرەنگاری کۆرۆنا دەبینەوە ئامانجەکانی بپێکێت. لە بەرامبەر ئەمەشدا پێویستە خەڵکی بە سنگێکی فراوان و دیسیپلینەوە رێنماییە دروست و پێویستیەکانی حکومەت و دەزگاکان پێرەو و جێبەجێ بکەن.
دەسەڵاتدارانی کوردستان لە دوای راپەرینەوە دۆستیایەتیان لە گەڵ هەمو دنیا کردوە، تەنها خەریکی خۆخۆری ناوخۆیی بون، کورد رۆڵی گرنگ و قوربانیەکی زۆری لە جەنگی دژ بە تێرۆریزم داوە، خاکەکەمان زۆر دەوڵەمەندە و لەسەر دەریایەک لە زێر دەژین، کەش و هەوای کوردستان و پیت و بەرەکەتی خاکەکەمان بۆ کشتوکاڵ لە دنیادا بەناوبانگە و ....تاد. ئەمانە هەموی کەرەستە بنەرەتیەکانن تا کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی عەولەمەی ناوچەیی لە قۆناغی پۆست کۆرۆنا.
بەدیهێنانی ئەم خەونە لە سەرەتا و کۆتاییدا پابەندە بە حوکمرانیەکی دادپەروەر و شەفاف و سەروەری یاسا و رێزگرتن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.
ئامادەسازی بۆ ئەم ئەگەرانە ئەرکی میللەتە بە رێکخراو و کەسایەتی و کەسانی پسپۆر و شارەزا و دڵسۆزەوە. ئەزمونەکان فێریان کردوین ئەم  ئامادەسازیە لە چنگی ئەمجۆرە حزبانەی لای خۆمان دەربهێنرێت، وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی پەسند بکرێت و کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×