سلێمانی جاران و ئێستا و ئایندە!

چیا عەباس
  2022-01-18     995

شاعیری گەورەی کورد سالم صاحبقران لە ساتەکانی هێرشی تورک بۆ سەر میرنشینی بابان لە سلێمانی دەڵێت:

عەزیزم وا لە ناو چاها خوداوەند نەجاتی دەی
لەچیهرەی ئەو بکا یەعقوبی دڵ رەفزی سەفا پەیدا
خودایە موڵکی بابان بێ رەواج و قەڵبە سا لوتفێ
بە ئەکسیری وجودی ئەو بکا وەک میسک و بەها پەیدا لە ئەزاعی سلێمانی
ئەوانەی شاد و ئاسودەن لە فەرعا نوتفەی هەیزن لە ئەسڵا
جنسی شەیتانن لە زوڵمی چەرخی چەپگەردیش
درێغا حەسرەتا دەردا
بە میسلی سالمی بێکەس گەلێ کەس وێڵی شارانن

ئاشکرایە شار تایبەتمەندی و کاریگەری خۆی لە سەر کۆی گشتی پرسەکانی سیاسەت و حوکمرانی و كڵتوری و ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکان هەیە، فەرەنسا بێ پاریس، بەریتانیا بێ لەندەن، روسیا بێ مۆسکۆ و ئێران بێ تەهران چ چێژ و تامێکیان دەمێنێت؟
پێگەی تایبەتی شارەکان زادەی مێژویەکی درێژە، لە قورسایی کەسایەتی و دانیشتوانانی، روداوەکان و رۆڵیان لە مێژودا ئەو پێگەیەی بەدەست هێناوە.
سۆز و خۆشەویستیم بۆ شاری باو و باپیرانم لە سونگەی دەمارگیری ناوچەگەری و سیاسیەوە نیە، لەو باوەرەشدام ئەوەی شارەکەی خۆی خۆش نەوێت و کار بۆ گەشەکردن و خۆشگوزەرانی نەکات مەحاڵە بتوانێت نێشتمانیشی خۆش بوێت.
لە سەرەتاکانی شەستەکانی سەدەی رابوردو گەنجێکی سەرگەرمی کوردایەتی بوم، لەو سەردەمەدا، بێئەوەی لە دور و نزیکەوە، بێجگە سلێمانی، بە خزمەتی ئەو شارانە  گەیشتبم هۆشیاری و گەنجینەی کوردایەتیم  بە ناوەکانی مەهاباد و دیاربەکر و قامیشلێ و سلێمانی و بە کەسایەتیەکانی پێشەوا قازی محمد و شێخ محمودی نەمر و شێخ سەعیدی پیران و مەلا مستەفا گۆشەکران.
ناشێت بازێک بدەم بەسەر دەنگە زوڵاڵەکە و بەرنامە بزوێنەرەکەی خوالێخۆشبو شوکروڵلای بابان کە ئێواران لە ئێسگەی رادیۆی کوردی کرمانشانەوە تا سەر ئێسک شەحنی دەکردمەوە.
لە گەڵ بەرپابونی شۆرشی ئەیلولیش ناوی پێشمەرگە و دەنگی وێستگەی رادیۆی شۆرش و گرمەگرمی فرۆکە جەنگیەکانی حکومەتی بەغدا کە رۆژانە لە ئاسمانی سلێمانیەوە بەرەو کوشتن و وێرانکردنی نیشتمان و نەتەوەکەم دەفرین ئیرادەی بەرەنگاربونەوەی دوژمن و پێداگریم لە دروشمە ناودارەکەی ئەو سەردەمە، کوردستان یان نەمان، مۆتۆربە دەکرد.
هەزاران گەنجی شارەکەم وەک من بوینە قەڵغانێکی بەهێزی بزافی کوردایەتی، بێئەوەی بۆ چرکەیەکیش ئایندەی خوازیاری نەتەوە لە زهن و ناخمان غیاب بوبێت.     
ئەمانە واقیع و راستیەکانی ئەو سەردەمە بون و تا لە ژیانیشدا مابم قەرزداری ئەو کەرەستە فرە رەنگە رەسەنانەی تابلۆی کوردایەتیم، چونکە ئەو واقیعە ناوەرۆک و پێوەرەکانی مانای کوردبونی منیان دارشتوە کە تا ئەم چرکەیەش پاش تێپەربونی نزیکەی شەست ساڵ شانازیان پێوە دەکەم.
کوردبون لەو سەردەمەدا پاک و بێگەردی بو، گیرۆدەی ئاڵۆزی و ساختەکاری و خۆپەرستی و نەهامەتیەکانی ئەم سەردەمە نەبو، کوردبون ئەسیری فرە حزبی و سیاسی و بەرژەوەندی تایبەت و مەزهەبی و جەمسەرگەری نەبو، یەک پرسیار هەبو کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە هەبو: لە بەرەی میللەتی یا لە بەرەیەکی تر؟
لەو ساڵانەدا پێش ئەوەی بە دهۆک و خانەقین و هەولێر ئاشنابم بە هۆی هاتوچۆم بۆ بەغدا بۆ خوێندن بە کەرکوکدا تێپەریوم، لە دوای تەمەنی ٢٢ ساڵیمەوە گەرمیان و دەڤەری بادینان منیان لە ئامێز گرت، دواتریش چومەتە خزمەتی سابڵاغ و دیاربەکر، چاوەروانیەکانی سەردەمی گەنجایەتیم بۆ شا شارەکانی کوردستان لە تابلۆیەکی نەتەوەییدا دەبینی.
باسکردنم بۆسلێمانی مانای کەمکردنەوە نیە لە هیچ شار و دەڤەرێكی تری کوردستان، بەڵکو واقعێكی حاشاهەڵنەگرە کە سلێمانی لە مێژە کەعبەیەکی مەزنی کوردایەتی بوە و هەرواش ماوەتەوە، بزانین چی بەسەر ئەو کەعبەیەدا هاتوە؟
ئەوانەی بەم بۆچونە سەغڵەت دەبن دەتوانن بە لاپەرەکانی مێژودا بچنەوە، ژمارە و روداوەکان بخوێننەوە و رۆڵی سلێمانیش لە زۆر بواردا هەڵبسەنگێنن، ئەم نوسینە شوێنی باسکردنی دەیان هەزار لاپەرەی ئەو مێژوە نیە.
سلێمانی لە مێژوی نزیکدا لە سەردەمی شێخ محمودی نەمرەوە و لە کۆماری مەهاباد و شۆرشی ئەیلول و دوای شکستی ئەو شۆرشە و لە شۆرشی هەڵساندنەوەشدا درێغی نەکردوە لە بەخشینی هەزاران  رۆڵەی خۆی.
قارەمان و قوربانیەکانی ئەم شارە لە سەردەمی پاشایەتی و دواتر کۆماری و شۆرشی ئەیلول و نەبەردەکانی کۆمەڵە و یەكیتی گەواهی بەو راستیە دەدەن.
ئەو رۆڵانەی لە سەختترین قۆناغی کوردایەتی لە باشور عەرشی دوژمنانیان هێنا بوە لەرزین.  
رۆڵە جوامیرەکانی سلێمانی و لە پێشەنگدا نەوشیروان مستەفا و سەدان فەرماندە و پێشمەرگە لە هەمو دەڤەرەکانی تری کوردستان رابەرایەتی مەزنترین راپەرینیان لە مێژوی ناوچەکەدا کردوە و چۆکیان بە درەندەترین رژێمی خوێنرێژ داناوە.
مەخابن  سلێمانی لە دوای راپەرینەوە بوە دەڤەرێکی نامۆ بە مێژو و سەروەریەکانی، بە تێگەیشتنی حوکمرانی و سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئەمنی سلێمانی بوە ناوچەیەکی قۆرخکراو و نامۆ بە زۆربەی بەرپرسە تازەکانی، ئەمە کێشە نەبو کێشەکە لەوەدا بو زۆربەیان سلێمانی یان لە یەک کاتدا کردە قەمیسی عوسمان بۆ کوردایەتی و بۆ حەزە وردیلە و زەبەڵاحەکانی خۆیان.
ئەوەی نەتوانراوە تا ئەم چرکەیەش دەستەمۆ و داگیر بکرێت ئیرادە رەسەنەکەیەتی، چونکە گەر ئەوە بکرێت سلێمانی دەبێتە لاشەیەکی مردو و بە دوای خۆیشدا بزافی کوردایەتی شتێکی ئەوتۆی نامێنێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
ئەمە کەمکردنەوە لە پێگە و گرنگی دەڤەرەکانی تر نیە بەڵکو راستیەکە مێژو سەلماندویەتی.
بەشێکی باڵادەستەکانی ئەم دەڤەرە، موڵکدارە تازە هەڵکوەتەکان، ئەوانەی لە پرێک بون بە کورێک، دزە روقایمەکانی شار، بکوژە دەمامک کراوە هاوردەکراوەکان ئەمرۆ هەمویان بێ وچان هەوڵدەدەن سیمای سلێمانی وەک روخساری خۆیان رەش بکەن.
سلێمانی بە زەعیم سدیق و سەدام و علی حەسەن مجید و چەندینی تریش دەستەمۆ نەکرا و ئیرادەی زەوت نەکرا، هەرواش دەمێنێتەوە، ئەمە ئەو سەرچاوە ئاگرینە سەرسەختەیە لە کوردستانی گەورە شانازی پێوە دەکرێت و هەزاران نوسین و چیرۆک و هەڵبەست لەسەر گر و تینی ئەو ئاگرە بونەتە تاجە گوڵینەکەی سلێمانی.
ناحەز و حەسود و رق و کینە هەڵگرەکان بەرامبەر بە سلێمانی ساڵانێکە بۆقی بێدەنگی و بێ ئومێدی و بێ ئیرادەیی سلێمانی بڵاودەکەنەوە، ئەوانە کاڵفامانە تێنەگەیشتون سلێمانی زۆر لە مێژە و تا ساتە زۆر سەختەکانی حوکمرانی خۆماڵی کوردی و تا ئەم چرکەیەش دەستپێشخەر و پێشەنگی یاخیبون و نارازی و  نۆژەنکەرەوەی شێوازەکانی بەرهەڵستی و خۆراگری بون، قوربانیەکی گەورەشی داوە، هاوکاتیش خەڵکە رەسەنەکەی شار لە ژیانی رۆژانەی خۆیان هێمنانە بەردەوام بون، تەنانەت لە سەیران و چێژکردنی خۆشیەکانی ژیان نەکەوتون، تۆ بلێی نهێنی ئەمە چی بێت؟
بە کورتی و کوردی خەڵکی سلێمانی لەو  دەیان ساڵەدا فێری هونەرێک بون ئەویش: هونەری ململانێ بۆ مانەوە و چاوەروانی ساتی گونجاو.
لە راپەرینە مەزنەکەشدا هەر وایان کرد.

بۆ خۆم لە پارچە پەخشانێکدا، لەسەر ئیستای سلێمانی نوسیومە:

ئەگەرئەمجارە بێمەوە

لە مەملەکەتەکەی شێخی نەمر و مێرنشینی بابان
لە لانەی مەحوی و سالم
لە چەقی دوا هەناسەی عەولە سیس
لە حامیەکەی مامۆستا  ئەنوەر و یاسین
لە بەر قاپی خانوە قورەکەی دایکە دڵ سوتاوەکەی مامۆستا عەزیز

لە حەوشە چۆڵ و وشکەکەی باجی رەحمەی جلشۆر
لەسەر گۆری بێ ناوەکانی بارزان و گەرمیان
سەری نەوازش دادەنەوێنم
پر بە قوڵایی زەوی و ئاسمان هاوار و نزا دەکەم
سەر لە نوێ دوازدە وانەکەی پەشێو
لە ئاسمانی شارەکەم بدرەوشێنەوە
لە گشت حوجرە و پۆل و باخچەی منداڵان بخوێنرێنەوە


ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
چنگ بە چنگ بە باڵای پیرەمەگروندا هەڵدەگەرێم
بە گوێیدا دەچرپێنم
لێی دەپارێمەوە
بە بیریدا دەهێنمەوە
چاوەزاری شارە بێ نازەکەم بمێنێتەوە


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×