هەڵبژاردن شکستێکی نەتەوەیی هەستیار، شکستەکەی گۆڕان و ئەگەرەکانی ئایندەش

چیا عەباس
  2021-10-14     1225
لە سەرەتاوە چاوروان دەکرا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی بەغدا کورد توشی شکستێکی هەستیار بکات، زەمینە بۆ ئەو شکستە پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد، غیابی متمانە و باوەر و دیدگای هاوبەش بۆ پرسە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان، دەستتێوەردانی هێزە ئیقلیمیەکان، هاوکاتیش کێشەکانی ناو یەکێتی و لاوازی گۆڕان ئەو هۆکارانە بون کە بێئومێدی هاوڵاتیاینان بە پرۆسەی هەڵبژاردنیش خەستتر کردەوە، بۆیە شکستی نەتەوەیی چاوەروانکراو بو.
تێکچونی خەستی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکان لە بەغدا، تایبەت نێوان هێزەکانی شیعە، هەژمونی بەهێزی ئێران لەسەر دۆخی کوردستان و عێراق، نەبونی نیەتی جدی لە بەغدا بۆ مامەڵەکردنی واقیعی و دروست لە گەڵ پرسی کورد ( نەک لە گەڵ هێزە کوردیەکان) و هەڵوێستی پاسیڤی ئیدارەی بایدن ئاماژەی زەقی تر بون کە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنانە هەرچۆنێک بێت شتێکی ئەوتۆ لە پرسی کوردایەتی و جۆری پەیوەندیەکانی لە گەڵ بەغدا ناگۆرێت، دوبارەبونەوەی ئەزمونە شکستخواردوەکانی ماوەی ١٨ ساڵی رابوردو دەبێت، بۆیە هەڵمەتی جدی نەتەوەیی کورد، بێجگە لە چەند ناوچەیەکی زەوتکراو نەبێت، لەم هەڵبژارنەدا بونی نەبوە، بەشداری رێژەیەکی کەمی هاوڵاتیانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی عەرەب دەڵێت: " الآبکم من الاشارة یفهم"، بەڵام هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە مەراق و خەمی سەرەکی حزبی و بنەماڵەیی خۆیاندان بون.
مایەی سەرسورمانە وێرای ئەوەی کورد لە باشور لە زۆر بواری هەستیاردا پێویستی بە بەغدایە کەچی دەسەڵاتدارانی کورد بە سەرۆک کۆماریشەوە کە کوردە رۆڵ و کاریگەریان لەو پرۆسەیەدا لە لاوازترین ئاستدایە، بۆیە لەو باوەرەدوام گەر هەر سێ سەرۆکایەتیە سیادیەکەی عێراق بدەن بە حیزبە کوردیەکان سفری پاش فاریزەی کرۆکی پرسە نەتەوەییەکان ناگۆرێت، ئەوەی دەگۆرێت چەورتربونی جزدان و کۆیلایەتی زیاتری دەوروبەری دەسەڵاتدارانی کورد دەبێت.
دەبینین دوای ئاشکراکردنی ئامانجە بەراییەکانی هەڵبژاردن هاوکێشەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەچێت و گروپە چەکدارە بە هێزەکانی عێراق گەر هێزە ئیقلیمیەکان رێگایان پێبدەن فۆرمی دەنگدان وەک کاغەزی تەوالێت بەکار دەهێنن.
ئەم راستیانە کوردی باشوری لە نێو توێکڵە رەقی بێخەمی دەسەڵاتی کوردی و غیابی نیەتی جدی دەسەڵاتی بەغدا گیرۆدە کردوە و بواری جوڵەی تێدا نیە.
دەربارەی کوردستان کورد ئەزمونی زۆری لە گەل هەڵبژارنەکاندا هەیە، ساختەکاری، مامەڵەی هاوشێوەی بازاری عەکاز لە گەڵ دەنگدەر، خراپ بەکارهێنانی پێگە و دەسەڵاتی حزبی و حوکمرانی، دەسەڵاتی پارە و میلیشیا و بنەماڵە و ... ئەو هۆکارانەن کە کرۆکی هەڵبژارندەکانیشیان لە بنەرەتدا پوچەڵ کردۆتەوە، بینیمان چۆن پارتی و یەکێتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەرێوە برد، دەتگوت شەری ناوبازار و لاکۆڵانە و بە دەگمەن بەها نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەکان دەبینران.
پارتی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە بەغدا ئەوەندە پابەند نەبوە بە پرسی نەتەوەییەوە، چونکە هەر ئەو پارتیە بو کە بەغدای بە قوبلەی نەهامەتی و دەردەسەریەکانی کورد دەزانی، خێرە شەیتانەکانی بەغدا بونەتە فریشتە و پەپولە و بە راست و چەپدا لێیان نزیکبونەتەوە و تموحی پۆستێکی باڵای بەغداشیان هەیە.
پاشەکشەی یەکێتی چاوەروانکراو بو، هێزێک نێوان خۆیان لە سەر ئیرسێکی سیاسی و مادی کەوتونەتە گیانی یەکتر، من تێناگەم شەری باڤڵ و قوباد تاڵەبانی لە گەڵ شێخ لاهوری ئامۆزایان بە قازانجی کێ شکاوەتەوە، بۆ سەیرێکی ئەنجامەکانی حزبەکەیان لە هەڵبژاردنەکان ناکەن، تایبەت لە قودسی کوردستان و هەولێری پایتەخت، ئەوانیش لەم هەڵبژاردنەدا شەریان بۆ حزبەکەیان کردوە، هاوپەیمانیەکەیان لە گەڵ گۆران شایستەی گەلێک پرسیاری جدیە کە دەسەڵاتدارانی گۆڕان کەوتنە داوەکەیەوە.
بازدان بەسەر واقیعێکی تاڵی نەخوازیار تابلۆی هەڵبژاردنەکان بە ناتەواوی نمایش دەکات ئەویش غیابی هێزێکی ئۆپزسیۆنی تۆکمەی بەرچاوە، بۆیە هەڵتۆقینی هێزێکی ئۆپزسیۆنی وەهمی چاوەروانکراو بو، دەسەڵاتی کوردی لای مەبەستە بەناو ئۆپزسیۆنێک هەبێت بۆ ئەوەی کاڵای سیاسی خۆی بە دنیای دەرەوە بفرۆشێت، بۆ ئەو مەبەستەش ژێر بە ژێر یارمەتی چەند تاقمێکی بەناو ئۆپزسیۆنی روکەشی داوە، زۆربەی هێزە ئیسلامیەکانیش ئۆپزسیۆنی کاتی و مەوسمین، ئەوەی لە سایەی ئەو چەمکەدا دەیکەن  گەلێک پرسیاری وروژاندوە، تایبەت ئەوان و پرسی دیموکراسی و نەتەوەیی و دیدگایان بۆ دەسەڵات. راستیەکی حاشا هەڵنگرە دوای وەفاتی مام جلال و کاک نەوشیروان پرسە نەتەوەییەکان لە بەغدا رویان لە کاڵبونەوە کردوە.


شکستی گۆڕان و ئەگەرەکانی ئایندە
کەم نین ئەو کەسایەتی و گروپانەی دوای شکستی کەمەر شکێنەری گۆڕان بۆچون و هەڵسەنگاندن و تێرامانیان بۆ شکست و ئایندەی بزوتنەوەکە باس دەکەن.
لە کەش و هەوای کوردستان و لاوازی بەرچاوی گۆران بزوتنەوەکە پەنای بۆ هاوپەیمانیەک لە گەڵ ئەو هێزە برد کە لە مێژوی دروستبونیەوە تاوانی زۆری بەرامبەر کردوە و ئەزیەتێکی زۆریشی داوە، ئەم هەنگاوە خەیاڵپڵاویە چەندین لێکدانەوە لە خۆ دەگرێت. گرنگترینیان دەسەڵاتدارانی گۆڕان هیواخواز بون لە سایەی ئەم هەنگاوەدا پشکێک بۆ خۆیان بپچرێنن، وا دەرنەچو هیچ دوریش نیە لە ناو یەکێتیدا ساختە و فێڵی زۆریان لێکرابێت، ئەگەرێکی بەهێزە کە ئەم شکستەی گۆڕان رێگا خۆشکەر بێت بۆ هێدی هێدی گەرانەوە بۆ "مالە گەورەکە"، یەکێتیش  بە پۆستی حزبی  و ئۆفیسی ئیداری و برێ پارە گەراوەکان رازی بکەن. هەندێکیان نەیان شاردۆتەوە کە گەورەترین هەڵەی سیاسی ژیانیان وازهێنان بو لە یەکێتی، یەکێتیش لە سەرەتای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لە گەڵ گۆڕان لە وەتەری ئەم تەوەرەی داوە کاتێک دەیانگوت بەرەو یەکگرتنەوە کار بکەین.
ناشێت لێرەدا ئاماژە بە تاقمێکی گۆرانچیەکان نەدەم کە لە حوکمرانیدا بەرپرسیاریەتی باڵای پوچەڵیان پێدراوە و دڵیشیان پێیان زۆر خۆشە و ئامادەش بون کۆیڵەی دەسەڵات بن بۆ پاراستنی پێگە پوچەڵ و بێ بەهاکانیان، ئەمانە وەک تابوری پێنجەم کاریان کردوە و بەردەوامیش دەبن و کاریگەری زۆر خراپیان لە سەر پێگەی بزوتنەوەکەیان هەبوە.
ئەوەندەی ئەم گۆڕانەی دوای کاک نەوشیروان خزمەتی دەسەڵاتیان کردوە خودی دەسەڵات نەیکردوە، بەرپرسیاری سەرەکیش رێکخەری گشتی و تاقمەکەی دەوروبەریەتی. گوناهی گەورەی کورەکانی کاک نەوشیروان بێدەنگیان بو، ساتێک نەهاتن پەیامی خۆیان بۆ جەماوەری گۆڕان و خەڵکی کوردستان رابگەیەنن، تایبەت دەربارەی ئیرسی مادی و ئەوان و گۆڕان، بۆیە لە تاریکیدا گیرسانەوە، چەند هەڵسوراوێکی خۆپەرستی ناو گۆڕان لە ئاستی باڵاوە نان و پیازیان بەم پرسە هەستیارە خواردوە.
من دڵنیام کاک نەوشیروان لە دوا رۆژەکانی ژیانی روان بە تۆمارکراوی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە پرسە گرنگەکانی ئایندەی گۆڕان و موڵکداریەتی باس کردوە.
کورد وتەنی نان ئەو نانەیە ئەمرۆ لە خوانە !
زۆربەی جەماوەر و دەنگدەرانی پرسی گۆرانکاری دەنگیان بە گۆڕان و بە هێزەکانی تر نەداوە، ئەمە ئاماژەیەکی حاشاهەڵنگرە کە بە ئەمەک ماون بۆ ئەوەی باوەریان پێێ هەیە، هاوکاتیش زەمینیەکی زۆر بە پیتیشە بۆ بنیاتنانەوەی پرسی گۆرانکاریەکی نوێ و جێگیر.
ئەم بنیاتنانەوەیە چەند خاڵێکی گرنگی هەستیار لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: خانەی راپەراندن دەست لەکار کێشانەوەی راگەیاندوە، جڤاتی نیشتمانیش بەرپرسیارێکی سەرەکیە لەو دۆخەی گۆڕان و شکستەکەی، بۆیە ناکرێت ئەوان خۆیان لەو بەرپرسیاریەتە بێبەری بکەن، گرنگە بە بریارێک جفاتەکە هەڵوەشێننەوە و ئەنجومەنێکی کاتی بەرێوەبردن لە هەڵسوار و کەسایەتیە پاک و بوێر و خاوەن دیدگای تەندروست بۆ پرسی گۆرانکاری پێکبهێنرێت، تایبەت لەو کەسایەتی و گروپە دڵسۆزانەی لە ساڵانی رابوردو هەوڵی بەردەوام و جدیان داوە بۆ رزگارکردنی هزری گۆرانکاری لەو تاقمە نابەرپرسانەی خانە و ئەنجومەنی نیشتمانی.
دوەم: تیشکخستن بێ پێچ و پەنا لەسەر پرسی موڵکداریەتی و باسکردنی خواستەکانی کاک نەوشیروان پێش وەفاتی لەو بابەتە هەستیارەدا، ئەمە ئەرکێکی سەرەکی دو کورەکەی کاک نەوشیروانە کە تا دوا هەناسەی ژیانی لە گەڵیدا بون و لە زۆر بابەتی باسنەکراو بە ئاگان.
سێیەم: ئەنجومەنی کاتی بریار لە کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بدات، گەر پێرەو نەکرا سزای ریكخراوەیی خەوارجەکان بدات، ئەو سزادانە دەبێتە فڵتەرێکی گونجاو بۆ ناسین و راماڵینی دەمامک لە نیەتی حزبی و سیاسیشیان.
لە کۆتاییدا ئەو بەرێزانەی لە پرسی بنیاتنانەوەی هزری گۆرانکاری بە شێوەیەکی نوێ بەشدار دەبن دەبێت وەک شێر بچنە مەیدان و چاوەرێی خێر و بەرەکەتی ئەم و ئەو نەبن و لە کەمیندا نەبن بۆ پچراندنی پشکیان لە لاشەیەکی بێ جوڵە و وزە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×