باڤڵ تاڵەبانی لەو بەرپرسانەی یەکێتیە کە لە رابوردو و دوای وەفاتیشی واقعی و بەرێزەوە مامەڵەی لە گەڵ کاک نەوشیروان کردوە و خوالێخۆشبوش بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ کردوە.
ئێستا باڤڵ تاڵەبانی لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدایە، بۆیە لاپەرەکانی مێژوی پەیوەندیەکانی نێوان مام جلال و کاک نەوشیروان لەلایەک و ئەوانەی گۆڕان و یەکێتی هەڵنادەمەوە کە بە هەڵکشان و داکشان تەنرابون.
لەو ساتەوەی باڤڵ تاڵەبانی لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا گیرساوەتەوە، هەرچەندە چەند دەستەیەکی ناو حزبەکەی بێ ئەمەکانە هێرشیان کردۆتە سەر مەزارگەی کاک نەوشیروان و مەکۆی سەرەکی گۆڕان، بەڵام بۆ خۆی زۆر بەرێزەوە مامەڵەی لە گەڵ رابوردو و ساڵیادەکانی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان کردوە. هاوکاتیش بە هۆکاری چەند هۆیەکی ترەوە ئەو تاقمە هێرشبەر و ناحەزانی کاک نەوشیروانی ناو حزبەکەشی پەراوێز و کەم دەسەڵات کردون.
باڤڵ وەک سەرۆکی یەکێتی دەبێت مامەڵە لە گەڵ واقعی سیاسیدا بکات، بزوتنەوەی گۆڕان پیكهاتەیەکی ئەو واقعەیە، بە واتایەکی تر ئیرسێکی مێژویی کاک نەوشیروان.
لێکتێگەیشتنی دەباشان و دواتر رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی لە سەردەمی مام جلال بەنەخۆشیەوە لە گەڵ کاک نەوشیروان هەنگاوێکی زۆر ورد و دروست بو، مەخابن شکستهێنان پێیان کردارێکی زۆر نابەجێ و مەبەستدار بو کە گوناهەکەی دەکەوێتە ئەستۆی چەند باڵادەستێکی ناو یەکێتی لەو سەردەمەدا، لە دوا مەتافدا بە قازانجی نەیارەکانی یەکێتی شکایەوە و لەپێشەنگیاندا پارتی.
ئەوساتەی باڤڵ و ئامۆزاکەی، لاهور شێخ جەنگی، دەسەڵاتی یەکێتیان گرتە دەست، کاک نەوشیروان لە ژیاندا نەمابو. پێشتر لاهور هەڵوێستێکی نابەجێی بەرامبەر کاک نەوشیروان نواندبو، کاتێک لە لێدوانێکی رۆژنامەگەریدا لە شاری سلێمانی تەحەدای کاک نەوشیروانی کرد و گوتبوی: با بێت ئەوە ئەرز و ئەوە گەز، کاک نەوشیروان پەیامێکی پربەپێستی بۆ نارد. دواتر بەهۆی نەخۆشیەوە کاک نەوشیروان روی لە لەندەن کرد و لاهوریش تێگەیشت هەڵەیەکی زۆر گەورەی بەرامبەر کردوە لە لەندەن سەردانی کرد و هەوڵی دا دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە. ئەوەندە من لێی بەئاگابم کاک نەوشیروان لەدوا قۆناغی ژیانیدا هیچ شتێکی نەرێنی بەرامبەر خودی لاهور شێخ جەنگی نەبو.
کاتێک باری لاهور شێخ جەنگی لە گەڵ باڤڵی ئامۆزای کەوتە لێژی پەنای جدی بۆ گۆران نەبرد چونکە گۆڕانێکی لاواز و شکستخواردو نەیدەتوانی هێجی بۆ بکات، باڤڵی ئامۆزاشی گۆرەپانی بەغدای گرتبو، ئەوەی مابوەوە پارتی بو.
پارتی لە مناوەرەی سیاسیدا بێ وێنەیە و دەرگایان بەروی لاهوردا کردەوە لە کاتێکدا بو باڤڵی ئامۆزای لە گەڵ پارتیدا گەیاندیە ئاستێکی مەترسیدار. گۆڕان وەک داخکراوێک نقەی لە خۆی بریبو، سیاسەتی نە شیش بسوتێت و نە کەبابی گرتەبەر، هەمو لایەک رازی بکات، خۆشی بەکەمترین زەرەر لێی دەرچێت.
ئاساییکردنەوە و چاککردنی پەیوەندیەکانی یەکێتی و گۆڕان نابێتە زەمینەخۆشکەری هەستیار بۆ زاڵبون بەسەر کێشە و قەیرانە زۆرەکانی هەرێم، چونکە دەسەڵاتیان بەوەی پارتیشەوە توانای ئەوەیان نەماوە، دەکرێت لە چەند بوارێکدا، وەک لە پەرڵەمان لە هەولێر و بەغدا و ئەنجومەنی پارێزگاکان و چەند بوارێکی تر دەرئەنجامی ئەرێنیان هەبێت.
باڤڵ تاڵەبانی چەند جارێک لە گەڵ گۆران کۆبۆتەوە، داوای سەرەکی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بوە، هەرچەندە زۆر یەقینم کە بەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی ئێستای گۆڕان ( تایبەت لەوانەی بە باڵی ریفۆرمی یەکێتی ناسرابو) پەشیمانن لە هاتنەوە دەرەوەیان لە یەکێتی، بەڵام ئەوانە نەیان ویستوە و نەشیان توانیوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی باڤڵ بدەنەوە، چونکە لەلایەک لۆبی پارتی لە نێو
" گۆرانخوازە وەهمیەکان" لە حوکمرانیدا بەهێزە و کورانی کاک نەوشیروانیش نایانەوێت پەیوەندیەکانیان لە گەڵ پارتیدا تێکبدەن، گۆرانیش مانگانە برێک پارە بە "قەرز" لە پارتی وەردەگرێت. ئەم گرێکوێرەیە ئەوەندەی تر پەیوەندیەکانی یەکێتی و گۆڕانی بە ناجێگیری و تەم و مژاوی هێشتۆتەوە.
پارتی خوازیار نیە گۆڕان ئەوەندە لاواز بێت زۆنی کەسک بەتەواوی بکەوێتە دەستی باڤڵ تاڵەبانی و باڤڵێش خوازیارە گۆڕان ئەوەندە بەهێز نەبێت هاوسەنگی لەگەڵ پارتیدا زیاتر لاسەنگ بێت. تۆ بڵێی تەنها خوا بە خوایەتی خۆی ئەم هاوکێشەیە یەکلایی بکاتەوە!
گۆڕان بەچەند کردار و گۆرانکاری لەناو خۆیدا و گوێگرتنی جدی و راستگۆیانە لە نارازیەکان دەتوانێت تەوژمێک بە بوژاندنەوەی هزری گۆرانکاری بدات، لەگەڵ ئەمەشدا پێموایە هاوپەیمانیەکی جدی و راستگۆیانە نێوان یەکێتی و گۆڕانێکی نوێ بزوێنەرێک دەبێت لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و نێودەوڵەتی بۆ پێداچونەوە بە سیاسەتیان بەرامبەر هەرێم کە تادێت مەترسی دارمانی هەرەشەیەک جدیە لە هەموان.
گۆڕانی نوێ هەنگاوێکی ئەرێنی بنێت بۆ پەیامەکەی باڤڵ، چونکە بەلایەنی کەمەوە زەمینەیەکی مێژویی هاوبەشیان هەیە و لەیەک گۆرەپانی جوگرافیای گەمارۆدراودا دەژین و زۆرینەی هاودارانیان ئاشنان بە یەکتر و ئەزمونی فەرمانرەوایی هاوبەشیشیان هەیە.
لەبەرامبەریشدا یەكێتی، تایبەت لە کۆنگرەی داهاتویدا، ئیرادەی جدی بەو ئاراستەیەدا دەربرێت کە لەگەڵ گۆڕان و کەسایەتی و گروپ و ئاراستە نارازیەکان بەرەیەکی فراوان پێكبهێنێت و بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان و بەغدا بکەن.
مایەی سەیر و سەمەرەیە بەشێکی زۆری سەرکردەکانی کورد لە باشور سەرەرای شکست و پاشەکشەکانیان کەچی ویستیان بۆ بەردەوامدان بە زەمینەکانی ئەزمونە شکستخواردوەکانیان هەر بەهێزی ماونەتەوە. تۆ بڵێی نهێنەکانی ئەم هاوکێشەیە لە چی و کوێوە رەگ و ریشیان داکوتابێت؟
وەڵامەکان بۆ ئایندە بەجێدەهێڵێن چونکە ئێستا تروسکایەکی زۆر کز بەدی دەکرێت.