ئاڵای شۆرش بۆ وایکرد؟
چیا عەباس
2020-09-29   2556
مەلا بەختیار و هاورێ دێرینەکانی لە ئاڵای شۆرش مافێکی خۆیانە تێبینی و رەخنە و تورەبون دەرباری شێوازی مامەڵەکردنیان لە مێژودا دەربرن، بەتەنیشت ئەمەوە بۆ خەڵکی تریش رەوایە پرسیاریان لێ بکەن بۆچی لەو ساتە هەستیارانەدا لە شۆرشی هەڵساندنەوە و یەکێتی و کۆمەڵە هەڵگەرانەوە، هاندەر و مەبەست و خواستیان لە دروستکردنی ئاڵاکەیان چی بون و لەو یاخیبونەدا چیان کردوە و بۆچی .... تاد ؟
بێ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە هەڵمەتی ئێستای مەلا بەختیار و بەشێک لە هاورێکانی مایەپوچ دەردەچێت، چونکە بازدان بەسەر ئەو تەوەرانەدا سرینەوەی بەشێکی گرنگی هۆکارەکانی ئەو مێژوەیە کە لەم سەردەمەدا پۆپۆلیست ئاسا خۆیان وەک قوربانی نمایش دەکەن، هاوکاتیش یەکلایەنە و بە داتاشینی ئەو مێژوە بەقەد باڵای مەرامەکانیان لەلایەک شەرعیەت بە نیەتی ناخی نزیکەی چل ساڵی پێشتوتریان دەبوژێننەوە و دەبەخشن، لە لاکەی تریشەوە وێرای دڵسۆزی و خەمخۆری بەشێکی هەوادارانی ئاڵای شۆرش لەو ساتە وەختانەدا، ناشێت هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ هەڵمەتەکەیان بۆ شێواندن و کلۆرکردنی شۆرشی هەستانەوە نەکەین، هەنگاوێک دوژمنانی شۆرش و کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لێی سودمەندبون.
بۆ خۆم لام سەیرە مەلا بەختیار لەم ساتە وەختەدا زیادە بۆ ئافاتی کۆرۆنا دۆخی باشوری کوردستان لە زۆر بواردا بە قەیران و کێشەی خەست و ئاڵۆز تەنراوە لە بری ئەوەی زیاتر کات و تواناکانی بۆ چارەی ئەو دۆخە تەرخان بکات بێت زامەکانی رابوردو زیندو بکاتەوە و دۆخەکە زیاتر نالەبارتر بکات.
ناشێت بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان نەگەرێینەوە بۆ بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان و شێکردنەوەی کاراکتەرە سەرەکیەکانی ئەو روداوانە.
با بێینە سەر بۆچون و هەڵسەنگاندنی ئەو تاقمە لە زاری خۆیانەوە.
دۆکیۆمێنتی پاشگەزبونەوەی مەلا بەختیار و هاورێکانی دەیسەلمێنن
کاتێک باریان لە لێژیدا بوە چیتر نەک باوەریان بە هەڵمەتەکەیان نەماوە بەڵکو زۆر لێشی پەشیمان بونەتەوە.
ئەم راستیانە دەیسەلمێنن پەنابردنیان لە هەڵمەتەکەیاندا بۆ فکر و هزری هاوردەکراو و دەمامک کردنیان بە چەند پرسێکی نەتەوەییەوە لە سیناریۆیەک بە رەگ و ریشەی لەرزۆکەوە زیاتر نەبوە کە تێیدا هەڵچو و زیگزاگانە دەکەونە راوکردنی سەرابێکی زادەی خەیاڵێکی زۆر دور لە رەشماڵی کوردەواری.
مەلا بەختیار زۆر باش دەیزانی لە هەڵکردنی ئاڵاکەیاندا ئەگەری براکوژی کەم نەبو، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە توندی و گەرمیەوە ئاڵاکەی لە خۆی ئاڵاندبو.
با بێینە سەر مەلا بەختیار.
بۆ یەکەمجار مەلا بەختیارم ناسی لە هاوینی ساڵی ١٩٧٢ بو، لە ئۆردوگای هاوینی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە باوە محمود نزیک لە خانەقین، گەنجێکی بزێوی تەموحی فکری شۆرشگیرانە و چەپ و هەڵچون و یاخیبون. بەندەش لەو ئاراستەیەدا دەگوزەرا بەڵام بەو خەستیەی ئەو نەبوم.
دوای شکستی شۆرشی ئەیلول پاش باسکردن و رەزامەندی شەهید خاڵە شەهاب و شەهید ئارام و خوالێخۆشبو دارا شێخ نوری و سالار عەزیز چوم بۆ هۆڵەندا، کاک سالار و حیکمەت لە ناو جەرگەی دۆخەکەدا مانەوە و بەشداری بەرچاویان لە شۆرشی هەڵساندنەوەی دوای شکست کرد، بەهۆی هیمەتی خۆیان ئەستێرەی سیاسیان لە گەشەکردندا بو.
لە کاتی نوستانەکانی یەکێتی لە گەڵ سەدام ( ١٩٨٣) مەلا بەختیار جەولەیەکی بەچەند وڵاتێکی ئەوروپادا کرد و هات بۆ هۆڵەند، لە کۆبونەوە و باسکردنەکاندا گوێبیستی تۆنێکی بریندارکەری مەلا بوم کە باسی سەرکردایەتی یەکێتی و شۆرشەکەی دەکرد، دوای بەجێهێشتنی هۆڵەند دو برادەری ناو یەكێتی باسی ئەوەیان کرد کە مەلا نارازی خۆی لە سەرکردایەتی شۆرشی بە گوێدا خوێندون، یەکسەر یەکێک لەو بەرێزانە وازی لە یەکێتی هێنا و رێگای خۆی گرتەبەر.
سالار عەزیز
دۆستایەتیم لە گەڵ نەجمەدین عەزیز دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای هەفتاکانی سەدەی پێشو، گەنجێکی دڵسۆز و خۆراگر و شۆرشگیر مۆتۆربەکراو بە هزرەکانی چەپ و سۆشیالزمی ئەو سەردەمە، پێداگر لە هەڵسەنگاندن و بۆچونەکانی خۆی، لە ساتەکانی جیاوازی و ململانێدا هەڵچو و کەم ئۆقرە. لە ساڵی ١٩٧٧ سەردانی هۆڵەندای کرد و چەند رۆژێک بەیەکەوە بوین، هەرچەندە ناوەکەی کردبو بە سالار بەڵام لە ناخیدا هەر نەجمەدین ەکەی جارانم بینی.
ئاڵای شۆرش دروستکرا و راگەیاندرا، زەمینەی بەپیتی ململانێ ناوخۆییەکانی ناو یەکێتی و کۆمەڵە خۆشکەری بنەرەتی ئەو هەڵمەتە بو، زیادە بۆ ئەمەش بەرگەکانی چەندین هزر و چەمکە چەپرەوە پەرش و بڵاوە بێ خاوەنەکانی ئەو سەردەمانە، کۆپیکردنی ناواقیعی ئەزمونەکانی شۆرشگیرە موغامەرەچیەکانی ئەو سەردەمەی دنیا کران بەبەری هەڵمەتەکەدا. هەوڵێکی بێ رەگ و ریشەی پتەو بو بۆ سەپاندنی هزری هاوردەکراو و نامۆ بە سەرهەڵدان و شۆرشەکان و کۆمەڵگای کوردەواری، لەمانەش زۆر گرنگتر ئەوهەڵمەتە لە ساتێکدا بو شۆرشی کورد و تایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە گەمارۆدراو بون و دوژمنەکانی بەدوای کەلێنێکدا دەگەران زەربەی لێبدەن، ئاڵای شۆرشەکەیان زەمینەی بۆ ئەو کەلێنە خۆشەکرد.
کاتێک لە خودی ناوی هەڵمەتەکە وردبینەوە ئەوا چەندین پرسیار لە نیەتی ئاڵا هەڵگرەکان دروست دەبێت، ئاڵای شۆرش ناوی جەریدەی گشتی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان بو، یەکەم ژمارەی لە سێپتەمبەری ١٩٧٧ بە هەشت لاپەرەی گەورە دەرکراوە، بژاردەکردنی ئەم ناوە لە لایەن گروپەکەوە مانای خۆ بەخاوەن زانینی کۆمەڵە و پشتگوێخستنی ئەوانی تر، هاوکات ناوەکە ئاماژەیەکی زەقیشە بەوەی هەڵمەتەکە بەمەبەستی " راستکردنە و چاککردنەوەی – حرکة تصحیح " نەبو بەڵکو خۆی وەک جێگرەوەی شۆرشی هەڵساندنەوە دەبینی، سەیرە کۆمەڵێک تێکۆشەر لە یەک پانتایی جوگرافی نیشتماندا و پرسە هاوبەشەکاندا دو شۆرش بەرامبەر هەمان دوژمن بەرپا بکەن!
کۆپیکردنی فکرێکی نادیاری هاوردەکراو و ئاڵاندنی لە هەڵمەتێک لە ناو جەرگەی شۆرش و خەباتی سەختی پێشمەرگایەتیدا بێ وێنە نەبو، هەڵمەتە هاوشێوەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان و لە زەفار و ئێران و یەمەنی باشور و بەشێک لە فەلەستینیەکان لە گۆمی لێڵدا راویان دەکرد و هیچیشیان سەرکەوتو نەبون تا ماسیەکانی مەبەستیان بە قولاپیانەوە بگیرسێنەوە، بەپێچەوانەوە زۆربەی کەوتنە ناو گۆمەکە و بەشێک لێیان تا ئەم چرکەیەش لێی دەرنەچون.
ئاڵای شۆڕش
زۆر لەسەر مێژوی ئاڵای شۆرش وتراوە و نوسراوە، بۆیە یەکلاییکردنەوەی راستیەکان پێویستی بە هەڵكەندنی قوڵتر و وردتری زەمینەکەی هەیە.
پشکۆ نەجمەدین، دامەزرێنەرێکی ئاڵای شۆرش دەڵێت: " ێمە بە ئارەزو ئاڵای شۆڕشمان دروست نەکردو جیابوونەوەش هیچ زەرورەتێکی نەبو! بەڵام تێکۆشان بۆ پاراستنی خەسڵەتە ڕەسەنەکانی کۆمەڵە و ڕێگرتن لە یەکسانکردنی کۆمەڵە بە حیزبێکی پانوپۆڕی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕێگرتن لە لەگۆڕنانی ئەو ڕێکخراوە چەپە، پێویست و زەرورەت بوو"
بە هەڵسەنگاندنی خۆم دوای لە سێدارەدانی خاڵە شەهاب کە لە گەڵ شەهید ئارام و چەند خوالێخۆشبویەکی تر دامەزرێنەرێکی کۆمەڵە بو، بۆشاییەکی گەورە لە سەرکردایەتی کۆمەڵە دروستبو، شەهید ئارام سەرکردایەتی کۆمەڵەی گرتە دەست و لە گەڵ مەلا بەختیار و سالار عەزیز کۆمیتەی هەرێمەکانیان دروستکرد. لە هەشتی شوباتی ١٩٧٦ شەهید ئارام و هاورێکانی بەناوی کۆمیتەی هەرێمەکانەوە بەیانێکیان دەرکرد. برایم جەلال ئەوكاتە لە باڵە كوردستانیەكەی كۆمەڵە بوە، باس لەوە دەكات كە بەشی یەكەمی بەیانی هەشتی شوبات باسی لاوازی و ورە روخانی ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی كۆمەڵەی تێدابوەو ئەوان پێیانوابوە كە ترسنۆكانە و لەو كاتە ناسكەدا كوردستانیان جێهێشتوە و رایانكردووە بۆ ئێران، بەوتەی برایم جەلال شەهید ئارام و هاوڕێكانی شەهید شەهاب و گیراوەكانی دیكەی كۆمەڵەیان بەوە تۆمەتباركردوە و پێیانوابوە كە بەرانبەر ڕێبازی كۆمەڵە بێباربون و بەرەو بیروباوەر و ئایدیای بۆرجوازی رۆشتون. لە درێژەی باسکردنەکدا دەڵێت: بەیانی ٨ ی شوباتی ١٩٧٦ ی شەهید ئارامو هاوڕێكانی كە بەناوی كۆمیتەی هەرێمەكانەوە بڵاویان كردەوە، بویە بناغەی كاركردنی هێڵە عێراقچیەكەی ناو كۆمەڵەی ڕەنجدەران و بویشە پەیڕەوی كۆمیتەی هەرێمەكان و ئەوان كاریان لەسەر بەیانی هەشتی شوبات دەكرد و تەنانەت ئەو بەیانە بویشە بناغەی دروستبونی ئاڵای شۆرش كە هەردو هاوڕێی شەهید ئارام مەلا بەختیار و سالار عەزیز رایانگەیاندو دەیانویست وەكو ڕێكخستنێكی جیاواز لەناو یەكێتیدا كار بكەن. هەر بەوتەی برایم جەلال، بەیانی هەشتی شوبات بەئاشكرا لێدانبو لە كۆمەڵە و ڕێبازی كوردستانی كۆمەڵە و ئەو كاتەشی شەهید ئارام و سالار عەزیز بەیانەكەیان نوسیوە هیچكامیان كۆمەڵە نەبون و پێشتر وازیان لەكۆمەڵە هێناوە. ( کۆتایی )
هەرچۆنێک بێت و بەپێی ئەم باسکردنانە دەتوانم بڵێم بەیانی ٨ ی شوبات لە سەرەتادا کودەتایەکی سپی بو بەسەر کۆمەڵە و یەکێتیدا، سەرهەڵدانی ئاڵای شۆرشیش هەڵمەتێک بو بۆ درێژەدان بە نیەتەکانی ناو بەیانەکە.
ئاڵای شۆڕش له ١٨ تشرینی دوهمی ١٩٨٥ بهیانێکی چوار لاپهره بهناونیشانی:
" تاوانێکی گهورهتری سهرانی یهکێتی نیشتمانی" دهرکرد. له پێشهکی بهیانهکهدا هاتوه: وا بۆ چهندین ساڵه، ناکۆکی و ململانێ له ناو یهکێتی نیشتمانی کوردستاندا، له نێوان دو تهیاری جیاواز له رووی فکری و سیاسیهوه بهردهوامه. ئێمه وهک تهیارێکی شۆڕشگێڕ و چهپ له ناو (ی.ن) دا خهباتی خۆمان دژی تهیاری راستڕهو و سازشکار درێژه پێداوه. له ماوهی ئهم ساڵانی دواییدا، توانیمان بگهینه ئهو راستیهی که چیتر ناتوانرێت و بگره کارێکی ئۆپۆرتۆنیستانهیه ئهگهر له ژێر باڵی (ی.ن) بمێنینهوه، سهرهرای ئهوهی که (ی.ن) له راستیدا بۆته حزبێک نهک بهره، یا نیوه بهرهیهکیش و دهستیشی له دروشمی روخانی رژێم ههڵگرتوه، له پێناوی رێکهوتن له گهڵ فاشستهکاندا خۆشکهری ئاگری شهڕی براکوژی تێکدهری ریزهکانی شۆڕش بوه. بهیانهکه بهوردی باسی دۆخی ناوخۆی یهکێتیی و به وتهی ئهوان لادان و تاوانهکانی یهکێتیی دهکات. بهیانهکه دهڵێت: کهچی ههر کۆڵیان نهدا و له ماوهی ئهم چهند مانگهی دواییشدا چهندین جار له گهڵ نوێنهرانی رژێمدا کۆبونهتهوه، بهڵام رژێم پاکسازی ریزهکانی خۆیانی ئهمجارهیان کردۆته مهرجی رێکهوتن، واته لێدان و پهلاماردانی هاورێانمان ههروهک چۆن قهسابخانهکەی قرناقا و پشت ئاشان بوه بارمتهی مفاوهزهکهی ساڵی ١٩٨٣ .
له مانگی تهموزی ئهمساڵدا سهرکردایهتی (ی.ن) روداوێکی بچوکی کرده ههلێک بۆ پهلاماردانی هاوڕێیانمان له ناوچهی قهرهداخ و کهوته کۆکردنهوهی هێز و پاش ئهوهی لهشکرکێشیان کرد، خۆشبهختانه ههوڵهکهیان پووچهڵ کرایهوە و .... تاد.
له درێژهی باسهکهدا ئاڵای شۆڕش دهڵێت: سهرهرای ئهم ههمو ههڕهشه و ئهو ههمو هێرشه ئیعلامیه مانگی پێشو هاوڕێی تێکۆشهر کاک مهلا بهختیار و چهند هاورێیهکی تر به نمایندهیی ئهم رێکخراوه چونه لای سهرانی (ی.ن) و له گهڵیاندا کۆبونهوه. هاوڕێیانمان بهوپهڕی شههامهت و راستگۆییهوه پێیان راگهیاندبون که ئهم تهییارهی ناو (ی.ن) ئهمڕۆ، که جیاوازی فیکری و سیاسیان له گهڵ (ی.ن) دا ههیه، ئهیانهوێت وهکو رێکخراوێکی سهربهخۆ کاربکهن و ئهوانیش لهسهر زهمینی کوردستاندا وهک هێزێکی ئۆپزسیۆن دهوری خۆیان ببینن...تاد. له درێژهی باسکردنهکهدا بهیانهکه دهڵێت: دیاره سهرانی (ی.ن)، دوژمنانی دیموکراتیهت و ئاشقانی دیکتاتۆریهت و ئیرهاب و فاشیهت، وهک پیشهی ههمیشهییان له فێڵبازی و درۆ له کاتی گفتوگۆکاندا وایان خۆ نیشان داوه که ئهو قسانهی ئێوهمان قبوڵه و زۆریشمان پێخۆشه که ئێوه بهو سهراحهت و شههامهتهوه ههڵوێستی خۆتان بۆ ئێمه دهربڕیوه...تاد.
ههرپاش گهڕانهوهی هاوڕێیانمان، سهرانی (ی.ن) بهپێی ئهو نهخشهیهی دیاره له دهمێکهوه ئامادهیان کردوه و لاشیان رون بوه که زۆربهی پێشمهرگه ئاماده نیه بهرهنگاری هاوریانمان بوهستنهوه، بۆیه زۆر به نهێنی هێزێکی چهکداری سهر بهخۆیان ئاماده کردوه. له بهرهبهیانی ٢ ی ئهم مانگهدا له سهعاتی سفردا، شاڵاویان بردۆته سهر ماڵی هاوڕێ مهلا برختیار له گوندی (تهکێ) ی ناوچهی قهرهداخ و گرتنی هاوڕێ ی ناوبراو و هاوڕێ مامۆستا پشکۆ و چهند هاوڕێیهکی تر و پهلاماردانی ههندێ کهرت و مهفرهزهی تر، ههروهها پهلاماردانی هاوڕێیانی ترمان له ناوچهکانی ههولێر و سلێمانی و کهرکوک و پهلاماردان و گرتنی کاک شێخ عهلی و چهند ...... تاد
ئاڵای شۆرش رۆژنامەیەکی دەوری دەردەکرد بەناوی ئاڵای شۆرشەوە کە ژمارەی لاپەرەکانی دەگەیشتە ٢٠ لاپەرە، زۆربەی ناوەرۆکە سیاسیەکەی لەسەر سۆشیالزم و چەپ و عەلمانیەت بون: بۆ نمونە سەیری ئەم مانشێتانە بکەن:
گەوهەری شۆرشی ئۆکتۆبەر، هەوێنی هەڵوێستی نوێخوازی چینایەتیە، خەباتی کرێکاران لە وڵاتەکانی دنیا، چەمکە گۆردراوی چەپ و راست، دیاریکردنی ئەرکەکانی چەپ و بابەتیانە کارپێکردنیان، دیاریکردنی ئەرکەکانی چەپ چەند گرنگە، گۆشەی خەباتی کرێکاران. لە گەڵ چەندین بابەت و تەوەری تر.
ئاڵای شۆرش سەرپشک بوە دیدگا و هەڵسەنگاندنی خۆی بەیان بکات، کێشە لەمەدا نیە، بەڵکو ئەو ئۆرگانەی ئاڵای شۆرش بە فەرمی و لە سایەی مۆڵەتی کۆماری ئیسلامی چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە، چونکە لە دوا لاپەرەی ژمارەکاندا نوسراوە:
ئەدرێس ALAY SHORSH
ایران / آورمیە THE ORGAN OF THE REVOLUTION’S BANNER
ص.ب. ٧٧٨
بۆ هێزێکی شۆرشگیری عەلمانی چەپرەوی تۆخ ئەم راستیە زۆر پرسیار هەڵدەگرێت، قسەی زیاتری لەسەر ناکەم.
یەکێتی و ئاڵای شۆرش
بۆ تێگەیشتن لە ئاڵای شۆرش پشتەستور بە بڵاوکراوەیەکی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – بەشی رێبەری سیاسی لە دەزگای پێشمەرگایەتی لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٥ بە ناونیشانی: " رونکردنەوەیەکی پێوییست بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان" دەرکراوە. لە بەرگی بڵاوکراوەکە ( وەک نامیلکەیەکی ١٥ لاپەرە) نوسراوە: ئەم رونکردنەوەیە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانە دەبێ لە پێشەوە بۆ سەرتیپ و جێگر و فەرماندەی کەرتەکان و جێگرەکانیان و فەرماندەی مەفرەزەکان ئینجا بۆ گشت پێشمەرگەکان شەرح بکرێت. پێویستە بەوپەری سەربەستی و ئازادیشەوە موناقەشەیان لە سەر بکرێت".
بابزانین چۆن باسی ئاڵای شۆرش دەکات
تێبینی: ( ناوی کەسانێک هاتوە، بێجگە مەلا بەختیار، کە لەم هەڵمەتەی ئێستادا رۆڵیان نیە بۆیە بەپێویستی نازانم ناوەکانیان وەک خۆیان لێرەدا بنوسم ، بەڵکو بە ناوێکی تر لە دو کەوانەدا ئاماژەیان پێدەدەم ).
بڵاوکراوەکە سەرەتا دەڵێت: هەفتەی رابوردو مەلا بەختیار و ( کارزان ) لەلای سکرتێری گشتی ینک و ناوەندی کۆمەڵە ئاشکرایان کرد کە ئەوان وا خەریکن بۆ خۆیان رێکخراوێکی تازە پێكئەهێنن: چونکە ناتوانن چیتر لە ناو کۆمەڵە ی رەنجدەرانی کوردستان و ینک دا کاربکەن، بەمجۆرە جیابونەوەی خۆیان لە کۆمەڵە و ینک راگەیاند.
مەلا بەختیار و ئەو دەستەیە ماوەیەکە لە ناو کۆمەڵە و ینک دا خەریکی دەستەگەری و خۆسازدان بون بۆ جیابونەوە. هەرچەندە لە چەندین کۆبونەوە و گفتوگۆدا سوێندی گەورەیان بە شەرەف و گۆری شەهید ئارام و بیروباوەر کە ئەوان نیازی جیابونەوەیان نیە ... چونکە ئیمرۆ لاوازکردنی شۆرش و ینک هەر تەنها خزمەتی دوژمنانی گەل و رەنجدەران دەکات. لەوەش زیاتر دو مانگێک لەمەوبەر بە هەڤاڵان ( نزار و سەروەر و مورادا) خەبەریان بۆ سکرتێری گشتی ینک ناردبو کە بەتوندی دژی جیابونەوەن و زۆریش بەخراپی دەزانن و ئامادەن بێنە لای سەرکردایەتی و هەرچی پێشیان بسپێرن دەیکەن.
کەچی کە هاتن بۆ لای سەرکردایەتی جیابونەوەیان راگەیاند..... ئەمانە لە ژێر پەردەی گوتە نەرم و خۆشەکانیاندا پیلانگێریان کردوە بۆ دروستکردنی رێکخستن بۆ خۆیان لە ناو رێکخستنی کۆمەڵەدا بۆ خۆسازدان و بۆ جیابونەوە، تەنانەت لەم دواییە بە بەڵگە بۆمان رونبۆتەوە کە لە گەڵ ( ناری) خائین و رەفتار جاسوسیشدا پەیوەندیان زۆر بەهێزە، بە جۆرێکی ( ناری ) دەڵێ مەلا بەختیار لێپرسراوی ناوەوەی وڵاتیانە !
لە لاپەرە پێنجی بڵاوکراوەکەدا هاتوە: دابینکردنی ئازادی بیروباوەر و سەربەستی سیاسی و فیکری و تەنزیمی بۆ هەمو رێکخراوە دڵسۆزەکانیش مانای پەسندکردنی جیابونەوە نیە، مانای نیشان نەدانی زیان و زەرەرەکانی نیە.... دیارە ئێمە وەک بە مەلا بەختیار یشمان راگەیاندوە زۆر بەتوندی دژی پچرپچرکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانین کە شەرتێکی گرنگ و سەرەکی یەکێتی شۆرش و سەرکەوتنی شۆرشی نوێی گەلەکەمانە.
بۆیە پێویستە هەڤاڵان لە هەندێ راستی ئاگادار بکەینەوە لە سەر ئەوەی: بۆچی مەلا بەختیار و ئەوان لەم کاتەدا خۆیان وەک رێکخراوێکی جیاواز ئاشکرا کرد؟ بابزانین ئەو رێکخراوەی مەلا بەختیار و ئەوان جیابونەوەیان لە کۆمەڵە و ینک بۆ راگەیاندوە ؟ ئەو رێکخراوەی دەیانەوێ بەرامبەر ینک ( بە کۆمەڵيشەوە ) قوتی بکەنەوە چ بابەتێکە ؟ رێکخراوێکی عێراقچیە یان داش عێراقە ؟ ( چونکە زۆر ئاشکرا کوردستانی نیە )، ئایا رێكخراوێکە جارێ لە کوردستانی عێراقدایە تاکو حزبی شیوعی سەرتاسەری عێراقی دروست دەبێت ؟ ( چونکە ئەوان حزبی شیوعی ئێستە بە تەحریفی دەزانن )، ئینجا ئەو رێکخراوە لە کێ پێکدێ ؟.
مەلا بەختیار و ئەوان وا بڵاودەکەنەوە کە هێشتا مەسەلەی عێراقی و کوردستانی عێراقیان ساغ نەکردۆتەوە.... رەنگە راستیش بکەن سەبارەت بە هەڵوێستی ئەوانەی لە گەڵیان بە تەمای رێکخراوەکەیان پێكبهێنن، چونکە عێراقچی ( وەک ناری) و ... تێدایە، لە گەڵ کەسانی ئاش کە هێشتا خۆیان بەلایەکدا ساغ نەکردۆتەوە، بەڵام ئەوانە هەمویان بێزاری و نارەزایی و هەندێکیان ( دژایەتیشیان هەیە ) لە گەڵ کۆمەڵە و ینک، زۆربەشیان لە دەرکراوەکان و دورکەوتەکانی کۆمەڵە وعەسکەری فیرار و هەندێ لاوی سەرچڵن.
ئەوانەی مەلا بەختیار و ئەوان دەیانەوێ رێکخراەکەی خۆیانیان لە گەڵ دروست بکەن بریتین لە:
کەسێکی ناسراو و دارودەستەکەی کە لە چەندین بەیان و بڵاوکراوەدا لە نزمترین ئاستی رەوشتی سیاسی و بەشێوەی جاسوسیانەش دەستیان کردوە بە جنێودان و بوختان هەڵبەستن و درۆ و دەلەسەکردن بە ینک و سەرکردەکانی شۆرش و ینک.
ئەو کەسە و دارودەستەکەی بە پاکانە و پارانەوە و مەرایکردنێکی زۆرەوە بۆ ینک هەڵاتن بۆ ئەوروپا .... تاد. بەڵام کە چونە ئەوروپا دەستیان کرد بە هێڕش و پەلاماردانی ینک و سەرکردەکانی شۆرش و ینک. دوای ئەوەی هەندێ لە دوژمنانی ینک چونە بن کڵێشەیانەوە و بەڵێنی پارە و پول یارمەتیدانیان پێدان ... بەفیتی دوژمنان گەرانەوە بۆ ئێران تا لەودیو سنورەوە کۆسپ و گرفت لە رێگەی گەشەکردنی ینک دا ساز بکەن..... دوبەرەکی و ئاژاوە بخەنەوە و تا لای ئێرانیەکان ئەوەندەی بۆیان دەکرێت درۆ و دەلەسە بۆ ینک دروست بکەن، بە پشتیوانی جود شەری ینک و شۆرشەکەمان بکەن.( جود: الجبهة الوطنیة الدیمقراطیة لە سەردەمی خەباتی شاخدا دروستبو، پارتی و سۆشیالیست و دواتر حزبی شیوعی عێراق).
دەستەی ئاش: بریتیە لە دەستەیەک لەو کادر و ئەندامانەی کۆمەڵە کە بەهۆی توندرەوی یاخود سەرنەکەوتن لەو ئەرکانەدا کە خرابوە سەرشانیان بەرە بەرە جێگەیان پێ لێژ بو و لە ئاستەکانی مەسئولیەتدا لاکەوتن و ئیتر کەوتنە نارەزایی و پرتە و بۆڵە، کەوتنە قسەکردن و پروپاگەندە دژی رێبازی سیاسی و هەڵوێستەکانی ینک و کۆمەڵە.... لە بنەوە کەوتنە دژی خەباتی چەکدارنە بۆ ساردکردنەوەی تێكۆشەرەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان ... وەک تابوری پێنجەم بۆ دوژمن لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کنەیان کرد و زۆر ساویلکەشیان بە تەسلیمبونەوە دا. لەم دەستەیە ژمارەیەک تەسلیمونەوە، بە نیازی ئەوەی ئاژاوەکە بگەیننە شارەکان. مەلا بەختیار دەوری سەرپەرشتیکردنی ئەم دەستە و تاقمانەی بۆ خۆی هێشتۆتەوە بە نیازی ئەوەی یەکیان بخا و لە روی یەکێتیدا قوتیان بکاتەوە.
لە لاپەرەی دەی بڵاوکراوەکە ( بەشی پێنجەم ) تا کۆتایی باس لە تەوەری زیان و ئەنجامی سامناکی جیابونەوە دەکات. لە بەشێکی ئەو تەوەرەدا هاتوە:
بۆیە ئێمە لە پێناوی پاراستنی شۆرشی گەلەکەماندا، لە پێناوی پاراستنی ینک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا، لە پێناوی یەکخستنی ریزەکانی جولانەوەی کورد دژی انشقاق ئەوەستین، ئەوانەش کە انشقاق ئەکەن و ریزەکان ئەشێوێنن و تێکی ئەدەن بە تاوانکاریان ئەزانین. لامان وایە تاوانێکی گەورەیان دەرهەق بە میللەتەکەمان کرد، بە تایبەتی کە لەم هەڵومەرجەدا ئەم انشقاقەیان کرد و مەترسیان بۆ جوڵانەوەی شۆرشگیرانەی گەلەکەمان پەیدا کرد. هەر لەسەر ئەو ئەساسە:
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان انشقاق بە تاوانێکی گەورە و زەرەرگەیاندن بە یەکێتی و ریزەکانی ئەزانێ،
- بەهیچ شێوەیەک، لە ژێر زەبری هیچ هەڵومەرجێکدا رێگە نادات ئەو انشقاقە بکەوێتە ریزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە،
_ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رەنجی دەیان هەزار تێكۆشەر و زیاتر لە ٢٥٠٠ شەهید بەم رادەیە گەیشتوە... هێزی پاراستنی کوردە لە تواندنەوە.... لەو جۆرە میراتە نیە لە گەڵ کەس و لە هیچ هەڵومەرجێکدا بەشی بکەین و پارچە پارچەی بکەین.. بۆیە ئەرکی هەمو فەرماندەیەکە، ئەرکی هەمو پێشمەرگەیەکە کە بەوپەری دڵسۆزی و پەرۆش بونەوە رێگە لە هەمو تەقەڵلایەکی بەد و روخێنەر بگرن کە کنە بۆ هێزی پێشمەرگە بکا.
یەکێتی وەکو رێگە بە پارچە پارچەکردنی هێزی پێشمەرگە نادات، رێگە لە هیچ دەستەیەک ناگرێ بچن کاری فیکری و سیاسی بکەن، حزب و رێکخراو دروست بکەن، ئەوان بۆیان هەیە بەوپەری ئازادی ئیشی فکری و سیاسی خۆیان بکەن بێئەوەی خۆیان لە قەرەی هێزی پێشمەرگە بدەن.
ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵانی خەڵک بەتایبەتی لە ناوەراست و خواروی عێراق نەجوڵاوە و دورە لە رێكخراوە سیاسیەکان، دورە لە جوڵانەوەی شۆرشگیرانە، دورە لە پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی شۆرشی کوردستان، بابچن دەیان هەزار کەس لەوانە بۆ ریزەکانی ئۆپزسیۆن و مەیدانەکانی خەبات رابکێشن، بەڵام تێكۆشەرەکانی ریزەکانی یەکێتی کە خۆیان لە گەرمترین مەیدانی خەباتی بەرامبەری عێراق دان هەڵنەگێرنەوە. ( کۆتایی بەشیک لە بڵاوکراوەکە )
با بێمە سەر ئەدەبیاتی سیاسی یەکێتی لەو سەردەمەدا دەرباری ئاش:
بۆ خۆم زۆربەی زۆری ژمارەکانی رێبازی نوێ، ئۆرگانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو ساڵانەدا لام پارێزراون.
لە ژمارە ٨ ی ئۆگۆستی ١٩٨٥ لە لاپەرەی یەک وتارێک بەناونیشانی: ئاش چی لێ دەکا؟ بۆ کێی دەکا ؟ بڵاوکراوەتەوە. لە بەشێکی نوسینەکەدا هاتوە:
ماوەیەکە بڵاوکراوەیەک بەناوی ( ئاش ) ەوە دەردەچێت کە هەندێ کوڕ و کڵۆڵ دەریدەکەن .... ئەو کور و کاڵە سەرلێشێوانەی ئاش دەیانەوێ سەر لە پێشمەرگە کوردستان بشێوێنن بە درۆ و دەلەسەی گوایە سەرکردایەتیەکەمان بۆرژوازیە.... کە گوایە شۆرش لە لادێ و شاخەوە باوی نەماوە و سەردەمی نیە.... بەمەش بیانەوێ یان نەیانەوێ هەر تەنها:
١- خزمەتی حوکمی رەفتار فاشستی بەغدا دەکەن،
٢- گیانی شۆرشگیرانە دەخەسێنن و دەمرێنن .... تاد،
٣- دەوری تابوری پێنجەم دەبینن لە شۆرشدا چ بە هاندانی دوژمن بێت یان بەخۆشی و ئارەزوی خۆیان بێت، دەڵێین چ بە هاندانی دوژمن بێت چونکە ئێمە گومانمان لەوەدا نیە کە نۆکەری دوژمن خراونەتە ریزەکانیانەوە و کە دوژمن بە عەمدی و بە قەسدی دەستیان بۆ درێژ ناکات، بەدوایاندا ناگەرێ.... تاد.
لە ژمارە ٩ ی سێپتەمبەری ١٩٨٥ ی رێبازی نوێدا نوسینێک بەناونیشانی : بەگژاهاتنی ینک دژایەتی بیروراکانی ئارام یشە، لە دەستپێکی وتارەکەدا هاتوە:
یەکێک لەو درۆیە شاخدارانەی ئاش و ماش بڵاوی دەکەنەوە ئەوەیە کە گوایا شەهیدی نەمرمان ئارام دژی ینک و کارکردنی کۆمەڵە بوە لە ناویدا. دو فس فس پاڵەوانە ئینتهیازیەکەش کە تا ئەو ئاستەش نزم بونەتەوە کە ئۆباڵی شەهیدکردنی ئارام لە ئەستۆی حوکمی عەفلەقی و جاشەکان داماڵی و بیخەنە سەر ینک. ئێمە لێرەدا نامانەوێ باسی ئەوە بکەین کە کێ هاوتا لە گەڵ جاسوسەکەی میری ویستی بە درۆ و دەلەسە شەهید ئارام نەگاتە لای سەرکردایەتی ینک بەڵام بە پێویستمان زانی هەندێ لە بیروراکانی شەهیدی نەمر ئارام بڵاوبکەینەوە هەروەک وەختی خۆی بە رەزامەندی هەڤاڵانی تری ( ک. ه ) لە بڵاوکراوەیەکی ناوخۆدا بڵاوی کردۆتەوە لە ژێر ناوی ( ئەرکەکانمان لەم پلەیەی خەباتدا ).
خوێندنەوەی بیر و بۆچونەکانی شەهید ئارام دەریدەخەن کە دو فس فس پاڵەوانەکە و هەندێ سەرلێشواوی ئاشیش تا چ رادەیەک خۆیان دور خستۆتەوە لە هەڵوێست و بیروراکانی شەهید ئارام، هەر بۆیەش بڵاوی دەکەینەوە کە چیکە نەتوانن لە ژێر ( کراسی ئارامیش ) دا هەڵە و لادانەکانی ئاش و یان خیانەتی دو فس فس پاڵەوانەکە بشارنەوە. ( کۆتایی بەشێک لە وتارەکە ).
کۆکردنەو و نوسینی : چیا عەباس
کۆتایی سێپتەمبەری ٢٠٢٠