هزری گۆڕان لهنێوان بەرەی دەسەڵاتو بەرەی نارەزا!
چیا عەباس
2019-06-11   1688
بزوتنەوەی گۆڕان دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دوچاری داکشانو گەلێک کێشەی ئاڵۆز بوە، هاوکات لەم دۆخەدا جۆرەها دەنگی نارەزا لەناو بزوتنەوەکە دەبیسترێن، لەخەمخۆریان بۆ گۆڕانو ئایندە هاورانو دەرباری رێگەچارە پەرتەوازەییو جیاوازیان هەیە.
وێرای ئەوەی زۆرینەی بەرەی نارەزا لەتوێژە گەییوەکەی بزوتنەوەکە پێکهاتوەو بەشێک لێیان خاوەنی دەیان هەزار دەنگی گۆڕانخوازانو ئەزمونێکی درێژی کارکردنن، وەک پەرلەمانتاران، ئەندامانی جڤاتەکان، هەڵسوراوە دیارەکانو کەسایەتیە ناودارەکانی گۆڕان، بەڵام ئەوەی جێگای تێرامانو سەرنجدانی وردە بۆچی نەیان توانیوە بەلایەنی کەمەوە سەکۆیەکی هاوبەش بۆ بەرەی نارەزا ساز بکەن تا پەیام و کارنامەو خواستەکانیان بەجەماوەری گۆڕان رابگەیەننو بەشێکی بێئومێدی و تورەبونی جەماوەری گۆرانیش برەوێننەوە؟
هەرچەندە وەڵامی ئەم پرسیارە هۆکار و لێکدانەوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەوەی بەرچاو دەکەوێت کە بەرەی نارەزا جۆرێک لە پاسیڤبونی پێوە دیارە، جەماوەری گۆڕانیش، تایبەت گەنجەکان، لە سایەی ئەدای ئەو نوخبەیەدا بەرچاویان رون نیە، هێدی هێدی کار بۆ یاخیبونێکی تایبەت بە خۆیان دەکەن.
بەتەنیشت ئەم پاسیڤیەی بەرەی نارەزا، بێگومان خانەی راپەراندن، ئەندامە نابەرپرسەکانی جڤاتەکان، کورەکانی کاک نەوشیروان و پرسی تەوریسی سیاسی رۆڵی هەستاریان لەسەرهەڵدان و هەم زیاتر ئاڵۆزبون و خەستکردنەوەی کێشەکانی گۆڕانیش هەبوە.
ئەم تێکەڵاوبونەی فاکتەر و کاراکتەر و بەرپرسیاریەتی و بەرژەوەندیە هەمە لایەنەکان زەمینەیەکی لەباری رەخساند تا بەشە هەستیارەکەی بەرەی نارەزا بۆ داپۆشینی دودڵی و نارونی وغیابی دیدگا و کارنامەی جێگیر لە پلەی یەکەمدا پەنا بۆ هەڵەی بەرامبەرەکان و پرسەکانی بەبنەماڵکردن و تەوریسی سیاسی بەرن و هەڵمەتێکی خەست لە سەریان بەرپا بکەن، زیادە بۆ ئەمەش بەردەوام کاک نەوشیروان بکەنە قەڵغانێک و سەر قافڵەی هەڵمەتەکان و وەک قەمیسەکەی عوسمان بەکاری بهێنن، بەرەی دەسەڵاتداریش بۆ شەرعیەتدان بە لادان و کارە چەوتەکانیان لە سایەی ناو و ناوبانگی کاک نەوشیرواندا پەناشیان بۆ ئەو بردوە.
هەرچەندە دیاردەکانی بەبنەماڵەکردنی گۆڕان و تەوریسی سیاسی کاریگەری نەرێنی زۆریان لەسەر دۆخی گۆڕان کردوە، بەڵام جەختکردنەوەی نارەزاکان لەسەریان وەک دو هۆکاری سەرەکی بۆ داکشانی گۆران و کێشەکانی شایستەی وردبینی و شێکردنەوەی مەنتقیە.
پەنابردنی چر و پڕ و بەرفراوان بۆ چەمکەکانی بەبنەماڵکردنی گۆڕان و تەوریسی سیاسی لە تێرامانی سیاسی بەرەی نارەزا و هەڵمەتەکانی گروپە جیاکان بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی ئەو دیاردانە لە سایەی کاری سیاسی و حزبی لە ناو بزوتنەوەکە و بە هیوای گۆرینی ئەو واقیعەی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان، بەهەر هۆکارێک بوە، لە ناو گۆڕان سەریهەڵدا، نەک مەبەستی نەپێکاوە، بەڵکو پێچەوانەکەی بۆتە ئەمرێکی واقیعی تاڵ.
ئەم هاوکێشەیە پارادۆکسێكی ئاڵۆز و تا رادایەک نادیارە، لە لایەک کورەکان لە سایەی ئیرسی سیاسی و مەعنەوی و مادی باوکیان ئەو دەسەڵات و پێگەیەیان هەیە، لە لاکەی تریشەوە بەرەی نارەزا پشتئەستور بە پرەنسیپی کاک نەوشیروان دژ بە بنەماڵکردنی حزب و دەسەڵات و ئەو ئیرسە مەعنەوی و سیاسیەی جێیهێشتوە ئەو هەڵوێستەیان دارشتوە. کێشەکە لێرەدایە کە چەند ئەڵقەیەکی گرنگی ئەو هاوکێشەیە دیار نین و بەشێکیشی رون نیە. لێرەدا دەبێت ئەو هاوکێشە سیاسیەی کە دەڵێت: ئەوەی نایزانین مانای ئەوە نیە بونیان نیە، لە زهندا پارێزراو بێت و چاوەروانی بکرێت ئایندە وەڵامیان بداتەوە.
ئەوەی زانراو و رونبو دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان ئاشکرابونی خاوەنداریەتی فەرمی ئیرسە مادیەکان بو بەو شێوەیەی راگەیاندرا، لە بەرامبەردا هیچ پێویستی نەدەکرد داوا لەکورەکانی بکرێت ئەو ئیرسە تەسلیمی گۆڕان بکەن، چاوەروانیەکی ناواقیعی چونکە لە بەر ئەوەی کوری کاک نەوشیروانن مانای ئەوە نیە کۆپی ئەو دەبن و وەک ئەو دەروێشێکی خەمخۆر و پێداگر لە گۆڕان و خەونە مەزنەکان دەبن.
ئەوانەی خەمخۆری جدی پرەنسیپ و ئیرسە سیاسی و مەعنەویەکەی کاک نەوشیروانن دەبوا و دەبێت خۆیان کار بۆ دابینکردنی داهات و پێدوایستیەکانی بزوتنەوەکە بکەن، هەر وەک چۆن زۆربەی هێز و حزبەکان دەستیان پێکردوە. دەکرا داوایان بکردایە بە گرێبەستێکی " کرێچیەتی" لە زەرگەتە کاروباری گۆڕان بەردەوام بوایە. گەر کارێکی وا بکرایە نە کورەکانی کاک نەوشیروان و نە کەسانی تریش دەیانتوانی ئەو دەسەڵاتەیان بەسەر بزوتنەوەکەدا هەبێت، هۆڵەندیەکان پەندێکیان هەیە دەڵێت: کێ پارە بدات ئەویش شتەکان دیاری دەکات.
دەرباری تەوریسی سیاسیش لێکدانەوەی جیاواز لە ئارادان، گرنگترینیان ئەوەیە کە بە هۆی خاوەنداریەتی موڵکەکانی کۆمپانیای وشە کورەکانی کاک نەوشیروان دەسەڵاتی راستەقینەی پشت پەردەن لە ناو گۆڕاندا. ئەمە تا رادەیەکی زۆر واقیعێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام هۆکارە سەرەکیەکەی دەگەرێتەوە بۆ لاوازی بازنە باڵاکانی دەسەڵاتی گۆڕان و پەرتەوازەیی و نارونی بەرەی نارەزا.
لە بەرامبەر ئەم واقیعە ئاڵۆزەدا ئەوەی تا ئێستا بینراوە و بیستراوە چەند هەوڵێکی گروپ و هەڵسوراوە دڵسۆزەکان بوە، چەند دروشم و پرۆژەی چەند بارەبوەوە کرۆکی ئەو هەوڵانەیان پێكهێناوە بە ئاراستەی چاکسازی ناو گۆڕان. زیادە بۆ ئەمەش پرۆژە و داواکاری و خواستەکانیان ئاراستەی سەروی خۆیان کردوە و کەمتر موخاتەبەی جەماوەری گۆڕان یان کردوە.
هێدی هێدی دەرکەوت ئەو هەمو هەوڵە خەمخۆر و دڵسۆزانە لە بەرامبەر پێداگری و بێباکی و گوێنەدانی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان گەیشتونەتە بنبەست، ئیتر کاتی بیرکردنەوە لە ئەڵتەرنەتیڤی واقیعی و جدی بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبوەکانی گۆڕان نزیکبۆتەوە.
کەس ناتونێت لە دڵسۆزی و خەمخۆری ئەم هەڵسوراوانە و پێگە و رۆڵیان لە ناو بزوتنەوەکە کەم بکاتەوە، تەنها ئاراستەی ئاشکراو و ناسراو لە ناو گۆڕاندا کە بێ دابران راشکاوانە پەیام و بۆچون و پرۆژە و هەڵوێستەکانی خۆی بۆ گۆڕان و رای گشتی بەیان کردوە پرۆگۆڕانە، جا چەند پشتگیری دەکرێت و لێی تێدەگەن، ئەوە کەوتۆتە سەر پرۆگۆران خۆی و بەرەی نارەزای وڵاتیش.
ئەم راستیە کەمکردنەوە نیە لە هەوڵ و ماندوبونی هیچ گروپ و کەسێک بەڵکو نمونەیەکە هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە دوا ئامانجەکانی راشکاوانە لە سەرخۆ و بە ئاگاییەوە ناوە و لە ئێستاشدا لە گەشەکردندایە. ئەوەی خواستی گەورە و چاوەروانکراوە هەمو ئەو نمونانەی نارەزایی بتوانن بە یەکەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەوڵ و پەیامەکانیان یەکبخەن بۆ دەربازکردنی گۆڕان لەو دەریایە لە قەیران و کێشانەی تێدا گیرساوەتەوە.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ١٠ی جونی ٢٠١٩