شێخ لاهور، ئەگەرو ئەستەنگەکانی بەردەمی

چیا عەباس
  2021-03-09     1738

ئەم نوسینەم تەرخان کردوە بۆ شێخ لاهور و یەکێتی و زۆنی دەسەڵاتی حزبەکەی،
گەر خوا یاوەر بێت لە ئایندەدا لەسەر تەوەرەکانی تریش دەنوسم.


پێشەکی
شێخ لاهور وەک هاوسەرۆکێکی یەکێتی ئیرس و ئەرکی قورس و ئاڵۆز کەوتونەتە ئەستۆی، سەبارەت بە یەکێتی پاراستن و گەشەپێدانی پرەنسیپە رەسەنە دێرین و دەسکەوتە مەزنەکانی مێژوی یەکێتی، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و سازدانی هاوسەنگی و ئارامی نێوان فرە جەمسەرەکانی حزبەکەی، مامەڵەکردنی ورد و پێویست لە گەڵ کورەکانی مام جلال و خانەوادەکەی و رۆڵی لە بەرێوەبردنی سەرجەم بوارەکانی تری ناو یەکێتی بۆ نۆژەنکردنەوە لە پێشەکی ئەرکەکانیدان.
لە دەرەوەی یەکێتیش روبەروی چەندین هاوکێشە و واقیعی ئاڵۆز و قورس بۆتەوە، لە مەقامی یەکەمدا حوکمرانی زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و ئەو نارازیە بەرفراوانەی هاوڵاتیان لە سنوری ئەو دەسەڵاتەدا کە بەردەوام خەستتر دەبێت، بەرقەرارکردنی ئازادی بیر و را و سەروەری یاسا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دابینکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری  زۆنی دەسەڵاتی، پەیوەندیەکانی یەکێتی لە گەڵ هێزەکانی زۆنەکە، هەروەها لە گەڵ ئێران و تورکیا و پەکەکە و دیموکراتی ئێران و تێکۆشەرانی رۆژئاواش تەوەرێکی گرنگی ترە.
لەسەر ئاستی هەرێم یەکێتی بەشداری حوکمرانیەکە کە دەسەڵاتی فیعلی پارتی تێیدا بەمەبەستی سیاسی و بۆ رازیکردن و بێدەنگکردنی بەشێکی یەکێتی ئاورێکیان لێدەداتەوە، هاوکاتیش هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە شێخ لاهور و هەوادارانی هەیە، کورد وتەنی بانێکە و دو هەوا.
سەرەرای ئەوەی شێخ لاهور لەسەر ئاستی عێراق بەسودوەرگرتن لە مێژوی یەکێتی و لەقەبی تالەبانی و ناکۆکیە توندەکانی لە گەڵ پارتی و سەرکردایەتیەکەی توانیویەتی تا رادەیەک پێوەندیەکی نەرم لە گەڵ بەشێک لە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەڵچنێت کە تا ئاستێک وەڵامی داخوازیەکانی شێخ لاهور دەدەنەوە، بەڵام لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا دەسەڵاتی بەغدا مامەڵەیەکی دوفاقەیی و نادیار لە گەڵی دەکەن، هۆشیاری و بەئاگابون لەم داوە شاردراوە یەکێکە لەو ئەرکە هەستیارانەی روبەروی شێخ لاهور بۆتەوە.
بە تەنیشت ئەم واقیعە ئاڵۆزەشەوە شێخ لاهور خۆشی بوێت یاخود ترش، کێشەی خەستی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تری کوردستان لە زۆر روەوە روبەروی بۆتەوە و یەخەشیان گرتوە.
بۆ ئەوەی لە بیر نەچێت شێخ لاهور لە رابوردودا وەک بەرپرسی دژەتێرۆری ناوچەی دەسەڵاتی حزبەکەی پەیوەندی و هەماهەنگی توند و تۆلێ لە گەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، تایبەت ئەمریکا، هەبوە، ئێستا لە پێگەیەکی جیاواز لە پێشو دەبێت مامەڵەیان لە گەڵ بکات.
ئەمانە بە کورتی ئەو ئەرک و دۆخانەن کە بەگشتی روبەروی یەکێتی و بە تایبەت شێخ لاهور بونەتەوە. با بزانین شێخ لاهور لە گەڵ تەوەرە گرنگەکانی ئەم واقیعەدا تا ئێستا چۆن مامەڵەی کردوە!

یەکێتی
شێخ لاهور لە دوا کۆنگرەی یەکێتیدا سەرکەتوانە پێگەیەکی بەهێزی بە دەستهێنا، زۆربەی سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی هێمنانە بە پێکهاتە و پۆستی رەمزی حزبی رێزی لێگرتن و لە سەنتەری سەرەکی بریاردانیش دورکەوتنەوە، لە ئێستادا دەسەڵات و جەمسەرگەریان لە ناو رێكخستنەکانی یەکێتی و جومگەکانی حوکمرانی و هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیدا کاڵبونەتەوە، باوەریش ناکەم شێخ لاهور لە بریار و بەرێوەبردن و پەیوەندیە گرنگ و بەرفراوانەکانی حسابێکی بەردەوامی بۆ سەرکردایەتیە دێرینەکەی یەکێتی کردبێت. هەرچەندە زۆربەی زۆری ئەو سەرکردە و کادرە دێرینانە بەرپاکەرانی شۆرشی هەستانەوەی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول بون و خاوەنی خەبات و قوربانیدانێکی بێ وێنەن، بەڵام لە ساڵانی دواییدا زیاتر سەرقاڵی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان و دەوروبەریان بون و هەڵوێست و رەفتاری سیاسیان چەسپاو و رون نەبون. خەڵکێکی زۆر، تایبەت گەنجەکان، لە یەکێتی و دەرەوەشی ئەم هەنگاوانەی شێخ لاهور بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنن و پشتگیریشیان کردوە. لە گەڵ ئەوەشدا ئەمە کۆتایی ئەم بەشە نیە چونکە هاوڵاتیان شێخ لاهور و دەوروبەرەکەشی دەبینن، دەزانن لە چەند کاری نایاسایی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتدا رۆڵی هەستیاریان هەبوە، بۆیە دورکەوتنەوەیان لەو رەفتارانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی و خودی شێخ لاهور. کاتێک سەرکردەیەک  وەک هاوڵاتی بیر بکاتەوە و بگوزەرێت و لە خەم و مەراق و نارازی و داواکاریەکانی تێبگات و کاری جدیان بۆ بکات ئەوا سەرکەوتن بۆ نەتەوە و حزب و خودی خۆشی بەدەست دەهێنێت.
ئاشکرایە ئەو پێگەیەی شێخ لاهور لە یەکێتیدا بە دەستی هێناوە لە پلەی یەکەمدا بۆ تەوریسی سیاسی ناگەرێتەوە، پشکی شێری بۆ توانا و هیمەتی خۆی دەگەرێتەوە. سەرەرای ئەوەی لەقەبی تالەبانی مایەی شانازیە بۆ شێخ لاهور، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە پێگە و بەرپرسیاریەتی ئێستایدا بۆتە پارادۆکسێکی ئاڵۆز و قورسی سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتی لە بەردەمیدا. سەرەرای بۆچون و هەڵسەنگاندن و نیەتی جیاواز بەڵام شێخ لاهور ناچارە بەردەوام رەچاوی هەر دو کور و بنەماڵەی مام جلال بکات، بۆ نمونە، باڤڵ تالەبانی کورە گەورەی مام جلال هاوسەرۆکەکەی تری یەکێتیە، لە زۆر بۆنەدا مسعود بارزانی بە مەرجەع و مامی خۆی پێناسە دەکات و ناو بەناویش یەکتر دەبینن و لێکتێگەیشتن و رێکەوتنیش ساز دەکەن، هاوکات شێخ لاهور سەدان پلە بە پێچەوانەی باڤڵ هەلوێستی راشکاوی بەرامبەر بە مسعود بارزانی و دەسەڵاتی حزبەکەی هەیە. بە کوردی و کورتی دو هاوسەرۆکی یەکێتی بە دو ئاراستەی زۆر دور و پێچەوانەی یەکتر مامەڵە لە گەڵ پارتی و سەرکردەکەی دەکەن. هاوڵاتی کورد ناهەقی نیە گومانی لە نیەتەکانیان لا دروست بێت و بپرسێت ئەم جیاوازیە هەستیارە دابەشکردنی رۆڵە لە نێو خۆیاندا و بەشێکە لە گەمەی سیاسی ؟ یاخود رەنگدانەوەی نیەتی راستەقینەی ئەو دو سەرکردەیەیە؟
منداڵی سەر بێشکەش دەرک بەم جیاوازیە گرنگە هەستیارە دەکات، پێویستە دەرک بەو راستیە بکرێت کە هەر هۆکار و زەمینەیەک لەپشت ئەم جیاوازیەدا هەبن نەتەوە و نیشتمان باجە سەرەکیەکەی دەدەن نەک ئەو بەرپرس و سەرکردانە.
پرسیارێک لێرە خۆی دەوریژێنێت، ئەویش: ئایا شێخ لاهور تەنها لە بەرخاتری مام جلال دەرباری ئەم جیاوازیە هەستیارە بێدەنگە و چەند جارێک لە سەرهەڵدانی کێشەکان نێوان دەسەڵاتی هەولێر و دەسەڵاتی سڵیمانی لە دوا مەتافدا دڵی هەوڵیر نیگەران ناکات، یا هۆکاری تریش هەن؟
بێگومان رێزگرتن لە خانەوادەی مام جلال ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە،  چەندین جار بینراوە کە چەند هەڵوێست و رەفتارەکانی شێخ لاهور هەقیانەت و بوێریان تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام لە ژێر فشاردا، تایبەت لەلایەن دو کورەکەی مام جلال دا دەگەرێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لە دوا مەتافدا " گەمەکە " بەو شێوەیە بەردەوامە. ئەزمونەکان دەریدەخەن ئەو دۆخەی ناو یەکێتی بۆ پارتی زەرەربەخش نیە، بەڵام بەرپرسیاریەتی و خەتای پارتی نیە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتی بەو جۆرە رەفتار دەکەن. لە تەوەری یەکێتی و حوکمرانیدا دێمە سەرباسی قوبادتالەبانی ، دوەم کوری مام جلال.
دوای کۆنگرە ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا کە ژمارەی ئەندامانی سەدی تێپەراندوە کە نوێنەرانی یەکێتین لە سەرجەم ناحیە و  قەزا و شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستان، ژمارەیەکی زۆریان گەنج و خوێنی نوێی ناو یەکێتین، ئەرکێکی سەرەکی شێخ لاهورە بە شێوازێکی سیستەماتیک و دارێژراو کار بۆ پەروەردە و گۆشەکردنی دروستی ئەو نەوە نوێیە بکرێت و بۆ ئایندە ئامادە بکرێن، مەخابن ئەوەی دەبینرێت لەو ژمارە زۆرە کەمتر لە ژمارەی پەنجەکانی دو دەست  قسە و باس و کاری خۆیان دەکەن و لای هاوڵاتیان ناسراون، ئەم کەلێنە بێ چارەکردن دەبێتە هۆکارێکی زۆر سەخت لە بەردەم هەستانەوە و بوژاندنەوەی حزبەکەی شێخ لاهور.
ئەم باسکردنەی خوارەوە وەک ئەزمونێکی گرنگ باس دەکەم:
کاریگەری جمال عبدالناصر لەسەر مام جلال کەم نەبوە، چەندین بەڵگە و دۆکیۆمێنت پیشانمان دەدەن کە مام جلال سودی باشی لە ئەزمونەکانی عبدالناصر و " الاتحدا العربي الاشتراکي"   ەکەی لە دروستکردن و کارنامەی یەکێتیدا کردوە.
جمال عبدالناصر و هاورێکانی دوای سەرکەوتنی شۆرشی میسر لە تەموزی ١٩٥٧
" الاتحاد القومي العربي" یان دروستکرد بۆ بەدەستهێنانی  ئامانجەکانی شۆرش، ئەم حزبە نوێنەرایەتی هزری نەتەوەیی موحافزکاری دەکرد، لە ساڵی ١٩٦٢ عبدالناصر هەڵوەشاندنەوەی اتحاد القومي راگەیاند، هاوکاتیش کارنامەی میساقی نیشتمانی راگەیاند کە دروستبونی " الاتحدا الاشتراکي العربي" لێکەوتوە.
رێکخستنێک بربرەکەی بریتی بون لە کرێکار و جوتیار و رۆشنبیر و خوێندکاران.
مام جلال لە دروستکردنی یەکێتیدا سودێکی بەرچاوی لە ئەم ئەزمونە وەرگرتوە، پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی پابەند بە هزری فرە را و دادپەروەری و سۆشیالیزم.
سەرەرای جیاوازیە جیۆپۆلیتیک و سیاسیە زۆرەکانی ئەم دو نمونەیە بەڵام کرۆکەکەیان زۆر لەیەک نزیکن. دوای وەفاتی عبدالناصر هاورێ دێرینەکانی کە جێگرەوەی بون نەیانتوانی هەناوی پەیامە رەسەنەکەی بپارێزن، بۆیە تا دەهات پێگەی میسر لە رابەرایەتیکردنی بزافی نەتەوەیی عەرب روی لە لاواز بون بو، لە ئێستادا ئیرسی سیاسی و فکری و حزبی عبدالناصر پشتگوێ خراوە.
هۆکاری سەرەکی گەندەڵی و قۆرخسازی و لادان و پاشەکشەی سەرکردەکانی دوای عبالناصر بون، زەقترینیان نمونەی گەندەڵی و ستەمکاری دەسەڵاتی سەردەمی حسنی موبارەک و خانەوادە و دەوروبەرەکەیەتی، حسنی مبارەک کە دۆستی نزیک و هاورێی عبدالناصر بو لە سەرەتای دروستبونی " ضباط الاحرار" ەوە ، دواتر لە
" بەهاری عەرەبیدا' رژێمەکی روخێنرا و خۆی بەو دەردەچو کە چو. ئەم ئەزمونە وچەندی تریش دەیسەلمێنن هەر حزب و هێزێک مەرجەعە رەسەنەکەی لەدەستدا و جێگرەوەی نەبو و پێرەوی سەرکردایەتی دەستەجەمعی نەکرد رو لە ئاوابون دەکات.
لە ئێستادا یەکێتی زیاتر لە هەمو کاتێک مەترسی گەورەی لەبەر دەمدایە، سەرکردەکانی یەکێتی دوای وەفاتی مام جلال نێوان خۆیان رێک نەکەوتن، بەشێک لێیان لە گەندەڵی و ستەمکاری و لادان تێوەگلان و متمانەی خەڵکیان لە دەستداوە، دوای دوا کۆنگرە نەوەیەکی نوێ چونەتە جومگە هەستیارەکانی یەکێتی، بەپێی لێدوانەکانی بێت شێخ لاهور رابەرایەتی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە و بەدامەزراوەکردنی یەکێتی دەکات، پرۆسەیەک بە خۆپێناسکردنەوە دەست پێدەکات و پێویستی بە بەرچاورونی سیاسی و شەفافیەت و دادپەروەری و دەستپاکی و رێزگرتن لە یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتیە بەهادارەکان هەیە.     
لە جومگەکانی حزبی و حوکمرانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ئاستێکی بەرچاوی گەندەڵی و قۆرغکاری و ستەمکاری دەکرێت، هاوڵاتیان لەو دیاردانە تا سەر ئێسک بێزار و تورەن. دەزانم شەرکردنی ئەو جۆرە کەس و گروپ و دەسەڵات و جومگانە ئاسان نیە، بەڵام تەمێکردن و سزادانیان ئەوەندە ئەستەم نیە.
چەندین جار هاوڵاتیانی ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی خۆپیشاندان و جورێک لە راپەرینیان بەرامبەر ئەو دۆخە ئەنجام داوە، بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی یەکێتی  بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بەچەک سەرکوتی خۆپیشاندەرانیان کردوە و لە ئاکامیشدا ژمارەیەکی بەرچاو هاوڵاتی نارازی کوژراون، بریندار کراون و دور لە یاسا و رێساکان گیراون و سزای هەرەمەکی دراون.
شێخ لاهور بێبەری نیە لە بەرپرسیاریەتی ئەو کارانە، گەر پێچەوانەی ئەم بۆچونە راستە با بفەرموێت بەفەرمی خۆی لەو بەرپرسیاریەتیە بێبەری بکات، وێرای ئەوەی سەردانی خانەوادەی شەهید و برینداربوانی خۆپیشاندانەکان و لێدوانی دڵنەواییکردنەوە کاری باشن، بەڵام زامە قوڵ و خەستەکان سارێژ ناکەن.
تا ئەو چرکەیەی ئەم جۆرە کار و رەفتارانە لە زۆنی دەسەڵاتیدا بەردەوام بن شێخ لاهور لە سەر بەرماڵی پێغەمبەریش (د.خ) نوێژ بکات نابێتە شایستەی متمانەی دانیشتوانانی دەڤەری دەسەڵاتی یەکێتی، تایبەت پارێزگای سلێمانی، چونکە خۆشی دەزانێت بێدەنگی پچرپچری سلێمانی مانای رازیبون و موتیعی نیە،
بۆیە چاوەروانیش بێت خۆپیشاندان و سەرهەڵدان و نارازی لە سنوری دەسەڵاتیدا بەردەوام دەبێت،  کوشتن و گرتن و سزادان لەلایەن هێزەکانی سەر بە حزبەکەی هیچ لەو راستیە ناگۆرێت کە کێرڤی هەستانەوەی یەکێتی بەرەو داکشان بەردەوام دەبێت، خەونەکانی شێخ لاهوریش هەر وەک خەون دەمێننەوە.


نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٩ فێبرواری ٢٠٢١


کۆتایی ئەم بەشە  
     
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×