«بەڵتەجی» لە ئەسڵدا چەمکێکی تورکیە کە دوو پێکھاتەی وشەیە « بەڵتە » واتە داس یان چەپەچاخ و « چی » واتە ئەوەی چەپەچاخەکە ھەڵدەگرێت لەخۆدەگرێت ، بە کەسێک دەوترێت بەڵتەچی کە بێ ھیچ و خۆڕایی پەلاماری ئەوەی تر بدات ، بەڵام ئایا ھیچ پەیوەندیەک ھەیە لەنێوان بەڵتەجی و چەمکی سەروەری « سیادە » ، لە حالەتی بەڵتەجیدا قانون و دەسەڵاتی ڕەسمی غائیبە و کەشوھەوای کۆمەڵایەتی سازکراوە بۆ بەدیارکەوتنی کەسان و گڕوپ و دەوڵەت و ملیشیای بەھێزی چەکدار کە ھێزەکانیان بۆ ترس و تۆقاندن و پەلاماردانی ئەوانی تر بەکاردەھێنن بۆ وەرگرتنی خاوە ، یان کە بەرژەوەندی ئاغەکەیان دەکەوێتە بەر مەترسی بەڕێنمایی ئاغاکە پەلامار دەدات ، ئەمە ڕێک لەسەر ملیشیا چەکدارەکانی عێراق دەچەسپێت ، کە ناوە ناوە پەلاماری ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان دەدەن و ، دەسەڵاتدارانی عێراق قڕوقپ بەرانبەریان وەستاوە و ، ئەو ئیدانە و ناڕەزاییەش کە لە زاری سەرانی دەسەڵاتداری شیعە دەبیستین تەنھا لە چوارچێوەی بەیاننامەیە و ھیچی تر نین !! دیارە ھەروەکچۆن نازیەت و ھیتلەر دووچاری گەورەترین پڕۆسەی بە شەیتانیکردنی سیستەماتیک لە میژوو بوونەوە ، ئێستاش دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق و پێشووش سوننە بەتایبەتی لە ڕیفراندۆمدا بەشەیتانکراین ، ھەردوولایەنیان مێژووێکی پڕ لە شەرمەزاریان بەرانبەر کورد ھەیە ، جارێک بە جینۆساید ، ئەمجارەش کە ھەتا دوێنێ لەگەڵ شیعە ھەردوولا قوربانی بووین ئێستاش بۆتە جەلاد لە بڕینی قوتی خەڵکی و ھەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری و لووتبەرزی باڵادەستی ، ئەمە لاوازی کوردە کە وایلێھاتووە دەستەوەستان ڕاوەستێت ، کە بەڕاستی کورد تووشی ئایدزی سیاسی بووە و مناعەی سیاسی لەدەستداوە ، ھەروەھا لاوازی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و سیاسییە ، کە وایکردووە بێوەری پەیوەندی نیشتیمانیی لەسەر حسابی پەیوەندی حزبی و بەرژەوەندی کەسی ونبێت ، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە دەبینین ھزری غەرائیزی لە عێراق بە ڕوونی دیار و ئامادەیە ، ئەوانەی لە دەسەڵاتن بە ملیشیا چەکدارەکانیشیانەوە ، ھێشتا لە تۆڵەسەندنەوەی نەیارەکانیان چاکنەبوینەوە و ، پێیان وایە کە باپیرەی باپیرەیان لە چواردە سەدەوە نەیاری ئەوانەن کە ئێستا پێکەوەن ، عێراق حالەتێکی نموونەییە بۆ بیری غەرائیزی و سیاسەتی غەرائیزی و ، بەناو دەوڵەتەکەشیان لەسەر بنچینە و بنەمای غەرائیزی بونیاتناوە و پلانیشیان بۆ ئایندە بە ڕێبازێکی غەرائیزیە و بناخەی کۆمەڵگایەکی تائیفی کە بۆ سەدەکانی ناوەاراست دەگەڕێتەوە دانا ، ئەمە ھەناردەکردنی حالەتی غەرائیزیە بۆ نەوەکانی دادێ ، لەسەر ئەو بنچینەیە مامڵە لەگەڵ کورد و غەیرە کورد دەکەن ، جا وەرە لەگەڵ کەسانێک مەمڵە بکەیت کە غەریزە ئاژەڵیەکانی کۆنتڕۆلی ھەموو ڕەفتارەکانی بکات و ، کۆنتڕۆلی ئیدارە و دەسەڵات و حزب و گڕوپ و رێخراوەکانی بکات ! ئەو عەقلیەتی غەرائیزیە تەنھا لە میانی حەز و شەھواتەکانی واقیع دەبینێت ، لەمیانی لەگەڵ منی یان دەژمنمی ، ڕازیم دەکەیت یان تووڕەم دەکەیت ، خۆشمت دەوێت یان رقت لێم دەبێتەوە ، بەداخەوە ئەگەر لە مێژووی ئینسانیەتدا سەیری بەڕبەڕیەت بکەین کە چ تووندوتیژیەکی لە ڕادەبەدەر بەدرێژایی مێژوو ئەنجامداوە و ، ئێستاش لەناو دڵی شارستانیەتی نوێ وێنەی بەڕبەڕیەت دەبینرێت و ، ئەو بیرۆکانەی کە مرۆڤایەتی ئازار داوە ، بریتین لە سۆز و پاڵنەرە شەڕانگێزەکان ، لەوانە مەیلی سادیانە لە چێژوەرگرتن لە ئازاردانی کەسانی تر و ، سۆزی وێرانکەر و ھەستی بەخیلیبردن کەوا لە وڵاتان و گڕوپەکان دەکات بڕوا بەوە بھێنن کە پێشکەوتن و گەشەسەندن لەسەر حسابی ئەوان بووە ، کە ئێستا کەسانی شیعەی عێراق بازاری بۆ دەکەن و پاساو بۆ دواکەوتنی عێراق لەو پێشکەوتنە دێننەوە ، دیسان بەداخەوە لەنێو ئەو دۆخە پڕ کیشمەکێش و نالەبارەدا ، کورد بە دۆخێکی ناتەبا و پارچەپارچە و فەوزا و نەبوونی ھەماھەنگی و بێتوانایی لەسەر لێکتێگەیشتن و حیوار دەچێتە بەغدا ، کورد بەو عەقلیەتە ناتوانێت بچێتە ژوورەوە بۆ ئاییندە ، ئەو عەقلیەتە ھەروەکو سەدەکانی پێشوو لە دەرەوەی میژوو دەیھێڵێتەوە ، چونکە ئەو کەسەی بەھاکانی عەقل و زیرەکی و زانینی بەرژەوەندیەکانی بەشێوەیەکی ووردبین و واقیعی نەبینێت ناتوانێت لەناو ئەو سەردەمەدا بژیت و ناشتوانێت بەروەڕووی ناخۆشی و ڕووداوە نەخوازراوەکان وەکو ئەوەی ئێستا کە دووچارمان بووە ببێتەوە ، داھاتوو جێگەی ئەوانەی لێنابێتەوە کە جیھان بە پێوەری خۆیان یان بە پێوەری گڕوپ و حزبەکەیان دروستدەکەن ، ئەمەی ئەوان تەنھا لە ھۆنراوەکانی شیعر یان ڕۆمان- دا ھەیە .