ئابووری ڕەفاھیەت یاخود خۆشگوزەرانی Welfare Economics) لقێکی سەربەخۆی زانستی ئابووریە، کە تێیدا گرنگی ئەدا بەو بنەما ئابووریانەی کۆمەڵگە ئەخەنە سەرڕێچکەی خۆشگوزەرانی و ڕەفاھیەت.
ھەرچی ئابووری جەنگە( War Economy) ، بەھەمان شێوە لقێکی سەربەخۆی زانستی ئابووریەو گرنگی ئەدا بە قەبەکردنی ئابووری لە ڕێگەی جەنگ و کوشتارەوە لەسەر حسابی ئاشتی و ئاوەدانی، وەلانانی سێکتەرە مەدەنیەکان و خستنە خزمەتی بوارە سەربازیەکان.
لە نێوان ئابووری ڕەفاھیەت و ئابووری جەنگ ، ھەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا کە پێش ئەوەی سەرۆکی گەورە زلھێزێکی جیھان بێ بزنسمانێکی کارامەیە، سیاسەتی ئیدارەکەی بەلای یەکەمیاندا ئەیشکێنێتەوە.
بۆیە پێموانی یە جیھان لەم قۆناغەدا لەبەردەم کارەساتێکی ئابووری و مرۆیی گەورەدابێ، بەپێچەوانەوە پێدراوەکان پێمان ئەڵێن لەو ناوچانەی جەنگ بەرۆکی گرتوون بەتایبەت ، جیھانیش بەشێوەیەکی گشتی ، ئاشتی و ئاوەدانی لە چاوەڕەونیدایە نەک کوشتارو جەنگ.
ترەمپ ئەو چەکانەی کە بەکاریاندەھێنێ لە دژی نەیارەکانی ئستوڵ و فڕۆکەی جەنگی و تانكی گوللە نەبڕ نین، بەڵکو زیادکردنی باج و پێناسەی گومرگیە لەسەر کاڵاکانیان، یاخود سەپاندنی سزای ئابووریە بەسەر کەسایەتیە بازرگانیەکان و کۆمپانیاو بانکەکاندا.
بەھەڵەدا نەچووین گەر لە چوارچێوەی بیرکردنەوەو ئەنگێزەکانی ترەمپەوە خوێندنەوە بۆ جیھان بکەین، نەک لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەکانی ترەمپمان لاپەسەندە ، بەڵکو لەبەرئەو ھۆکارە زۆر سادەیەی کە کە ترەمپ سەرۆکی وڵاتێکی زلھێزی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
ترەمپ لە دیدارو وتارەکانیدا نەیشاردۆتەوە کە پارە و ئابووری خاڵی وەرچەرخانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکان لەم قۆناغەدا، ھەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ بەڵگەی ئەم تێڕوانینەمانن، کە لەم چەند خاڵەی خوارەوە کورتیان ئەکەینەوە:
١-دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران لەجیاتی دروستکردنی تەنگژەو گەورەکردنی کێشەکان.
٢-بینینی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو لابردنی سزاکانی سەر سوریا بەمەبەستی دروستکردنەوەی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە.
٣-ئیمزاکردنی چەندین گرێبەست لەبوارەکانی وزە، ژیری دەستکرد، فڕۆکەوانی بازرگانی، لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ھەریەک لە وڵاتانی سعودیەو قەتەرو ئیماراتی یەکگرتوو.
٤- ھەوڵە یەک لەدوایەکەکانی بۆ ھەرچی زووتری کۆتاییھێنان بە جەنگی ڕووسیاو ئۆکراین.
پرسیاری گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە؛ کوردانی ھەرچوارپارچەکە، چۆن بتوانن ئەم قۆناغە بخوێننەوە؟ چۆن لە ڕوانگەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و دیموکراسیەوە ھەنگاوی کاریگەربنێن؟
پێموایە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ دەستبەرداربوونی پەکەکە لە خەباتی چەکداری و لاکردنەوە بۆ خەباتی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستانی باکور، خۆی لەخۆیدا خوێندنەوەیەکی عەقڵانیە بۆ ئەم قۆناغە، قۆناغێک کە ئابووری و خۆشگوزەرانی نەک ئابووری لەسەر حسابی جەنگ ئەیەوێ پەلوپۆ بھاوێ.
رێبەری پەکەکە خوێندنەوەی ئەوەی بۆ قۆناغەکە کردووە، کە دنیا ، چیدی لە لوولەی تڤەنگ و تانک و تەنانەت ئێف 16 و ئێف ١٨ ی سوپەر ھۆرێنتەوە کۆنتۆڵناکرێ، ڕاستە ئەم فاکتەرانە گرنگی خۆیان ھەیە، بەڵام ئەمڕۆ قۆناغەکە گۆڕاوە، جیھانی نوێ ، ئەو دەوڵەتانە کۆنترۆڵی ئەکەن کە ئابووریەکی زەبەلاح بەپشتی زیرەکی دەستکردوو تەکنەلۆژیای پەیوەندی و تەنانەت بەنداوی گەورەی گلدانەوەی ئاو و پێشکەوتن لەبوارەکانی وەدەستخستنی وزەی خاوێن، بەڕێوەئەبەن.
ئۆجەلان درکی بەوەکردووە کە قوڵایی ستراتیژی خەباتی کوردەکانی باکور چیدی قەندیل نیە، بەڵکو گەمەکردنە لە ناو ئەو پرۆسە(گەربەناویشبێ) دیموکراسیەی لە تورکیا لە نێوان حزبەکان جگە لە دەم پارتی، لەسەر دەسەڵات و ئابووری بەڕێوە ئەچێ، گەمەیەک براوەو دۆڕاوی چیدی گرتنی ڕەبیە و ناوچەیەکی سنوردار و قوربانی گیانی و خوێن و شەھیدبوون نیە ، بەڵکو سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجونە خۆجێیەکان و ئەو ھاوپەیمانێتانەیە کە لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئەکەونەوە.
ئەوەی ماوەتەوە کوردانی باشوورو ڕۆژائاواو ڕۆژھەڵاتن کە چۆن لەبەر ڕۆشنایی ئەم قۆناغەدا ستراتیژی کارکردنیان دابڕێژنەوەو ئەوەی کە ئەگوزەرێ و ھەستی پێ ئەکرێ بەشێوەک مامەڵەی لەگەڵ بکەن، ھاوتای ئەو ئیرادەیە بخەمڵێنرێ کە ڕێبەری پارتی کرێکاران بۆ ئەم قۆناغە نواندی.