بیرم نایە کەی فێرکراین کە ھێز لە یەکێتیدایە، ئەو دەمە کە چیرۆکی باوکەکە و کوڕەکانی لە پڕۆگرامی خوێندنی بنەڕەتی دەخوێندراو، باوکەکە یەکی چڵێک داری دایە دەستیان و پێی وتن ئادەی بزانم ئەتوانن بیشکێنن، کوڕەکانی زۆر بەئاسانی چڵەدارەکانی دەستیان شکاند، بۆ جاری دووەم باوکەکە چڵەداری نوێی ھێناو بەڵام بەیەکەوە بەستنیەوە، ھەمدیس داوای لێکردن کە چڵە دارەکان پێکەوە بشکێنن، بەڵام کوڕەکانی نەیانتوانی ئەوکارە بکەن، لێرەوە باوکەکە وانەیەکی ئەخلاقی فێری کوڕەکانی کرد کە ھەمیشە پشتی یەک بگرن، ئەبوایە ھەر ئەم چیرۆکە وانەیەکی سیاسیش بێ بۆ حزبەکانی کوردستان کە ھێزی ئەوان و جوامێریان لە بەیەکەوە بووندایە.
ئەمەی سەرەوە ڕەنگە وابێتە پێشچاوان کە تەنھا چیرۆکێکی پەروەردەییەو بەس، بەڵام لە ڕاستیدا باکگراوندی ئەم چیرۆکە ڕیشەیەکی فەلسەفی و سیاسیشی ھەیە، ئەوانەی لەم بوارە کەمێک شارەزاییان ھەیە ئەزانن کە فەیلەسوفەکانی یۆنان بەنموونە ئەفڵاتون و ئەرستۆ چ گرنگیەکیان داوە بە ڕۆڵی یەکڕیزی ناوخۆیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵانگێریەکانی وڵات لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، نەک ھەر ئەوان بڕۆ بزانن ئیبن خەلدونی باوکی کۆمەڵناسی عەرەب لە پێشەکیەکەیدا چۆن بەگرنگیەوە باس لە چەمکی (عصبية) * واتە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە لەلایەک و ھێزو ڕەوتە سیاسیەکان لەلایەکی تر، لە بونیاتنانی دەسەڵاتێکی بەھێز ئەکا.
گەر بەمێژووی نزیکی دەسەڵاتی کوردیدا بچینەوە، زۆر دوورنا تەنھا مێژووی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تاوەکو ئەمڕۆ، تێبینی ئەوە ئەکەی کە ئەم دەسەڵاتە بەدەست ھێزە سیاسیەکانەوە بەتایبەت پارتی و یەکێتی دەسەڵاتێکی کلۆربووە، نەک دەسەڵاتێکی بەھێزو پتەو چەندین کەلێنی تێکەوتووە کە نەیارەکانی بەئاسانی مشتەکۆڵەی خۆیانیان تێوەسرەواندووە، ئەمڕۆو دوای ئەو مێژووە تاڕادەیەک درێژە، ئەبینین کە چۆن ھەڕەشەکان لەسەر دەسەڵات و کیانی ھەرێم بە ئاسانی جێبەجێدەکرێن.
ڕووداوی ھێرش کردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە شەوی بردوو و کێڵگە نەوتیەکانی تر لە چەند مانگی ڕابردوو، ڕاستی ئەم کلۆریەی دەسەڵاتمان بۆ دەسەلمێنێ، کێشەکە ئەوەنیە کە ئەم کردەوە دوژمنکارانە چەنێک زیان بەژێرخانی ئابووری و وزەی ھەرێمی کوردستان ئەگەیەنێ، بەڵکو لە پاڵ ئەوەدا بۆشایی و بەدگومانی نێوان لایەنە سیاسیەکان ھێندە قوڵ و فراوانە ناکاتە بایی ئەوەی موود و حەوسەڵەی ھاوڵاتیان بەرگەی پیاکێشانێکی لەو جۆرە بگرێ و ھێندەی تر دەسەڵات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی پێوە نابوتکاو دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی لەبری قووتدانی تفی کاتەوە سەرزەمینی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەی.
ئەبێ کاربەدەستانی ئەم ھەرێمە پێش ئەوەی داوا لە ھاوپەیمانەکانیان بکەن بۆ دامەزراندن و چەسپاندنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و دژە درۆن، وەک سیستمێکی بەرگری ئاسایشی نەتەوەیی، گرنگە لەناوخۆ کار بۆ چەسپاندنی ئاشتیەکی کۆمەڵایەتی بکەن کە بەرگەی کارەساتی زۆر لەوەگەورەتر بگرێ.
لە ڕاستیا ئەبوو حزبەکان بەدرێژایی ئەو مێژووە یەکڕیزیان بکردایەتە ڕێسا گشتیەکەی سیاسەتکردن و پەرتەوازەییش وەک ھەڵاوێکرێکی ئەو ڕێسا گشتیە، بەڵام ئەمە ڕێک بەپێچەوانەوەبووە.!
لەسەروەختی جەنگی دوانزە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، خۆ ئاسمانی تەلئەبیب پارێزراوبوو لەبەرامبەر مووشەکەکانی ئێران، بەڵام بایی ئەوە کەلێنی تێدابوو کە جار جار موشەکێک ئەو سیستمە ببڕێ و زیان بە ھاونیشتمانیان بگەیەنێ، ئاسمانی کوردستانیش ئەکرێ بەسیستمی بەرگری بپارێزرێ، بەڵام بایی ئەوە ھەر ئەبێ گریمانەبکرێ کە موشەکێک بەسە بۆ دروستکردنی کارەساتێکی ھاوشێوەی دوێ شەو، ھەر لەبەرئەوە پێش ھەرشتێک ئەبێ ھزرو پشت ئەستووری حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە بەوەبێ، گەر ئاسمانیشت نەپارێزرا ئەبێ سەرزەمینت ھێندە پتەوو تۆکمەبێ کە کاریگەریە نەرێنیەکانی نەپاراستنی سەروەری ئاسمانی لەخۆیدا نقومکا.
* ئەبێ خوێنەران لێم ببورن کە نەمتوانیوە ئەم چەمکە بە کوردی بکەم، چونکە پێموانیە وشەیەکی کوردی ھاو واتای ئەم چەمکەمان ھەبێ، ھێندە ھەیە ئەتوانین بڵێین جۆرێک لە (ئیرادەی گشتی یاخود گیانی یەکێتی و یەک ڕیزی) .