ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داھاتوو بینەری خستنە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی شەرع بین، لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کارگێڕی، سەربازی، تەنانەت ئابووری و ئەمنی لەو ناوچانەی کورد بەناوچەی جێ نفوزی خۆی ئەزانێ لە سوریا، و بەمەش قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ئاسایی و خەباتی کوردانی ڕۆژئاوا بێتە ئاراوە.
پرسیاری جەوھەری ئەوەیە، پاش ئەم پرۆسەیە شوێنی شەقام و دەنگی خەڵک چی لێدێ و بەرەو کوێ ملدەنێ ؟ شەقامێک کە لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی حکومەتەکەی شەرع بۆسەر ڕۆژئاوا خرۆشاوە، بۆ لەمەودوا کاریگەریەکانی بەسەر پرۆسەی سیاسی بەگشتی و پرسی کورد لە ناوچەکە بەتایبەت چی دەبێ؟
ئەوەی لەماوەی ڕابردوو بووە جێی سەرنجی تاک بەتاکی کورد ئەوەبوو، تەواو ھەستت بەو جیاوازیە گەورەیە ئەکرد کە دروستبووبوو لەنێوان سەدای شەقام و گوتاری نەتەوەیی لەلایەک و گوتاری حزبی و سیاسی لایەنە سیاسیەکان لەلایەکی دیکە، بە واتایەکی تر ئەتوانین بڵێین بۆ یەکەم جارە بەو جۆرە ڕای گشتی، ئەوەی لە موفرەدە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان پێی ئەوترێ (public opinion) دروستبێ، و حزب و ئایدیۆلۆژیاو دروشمەکانی جێبێڵێ، کە بێگومان ئەم چەمکە گرنگی خۆی ھەیە لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەو دەسەڵاتی سیاسی، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراس کە حکومەتەکان گرنگی بە دەنگی تاک ئەدەن و لەفشاری جەماوەری سڵ دەکەنەوە.
ھەر ئەو پرسیارەی سەرەوە، پرسیارێکی تری گرنگ بەدوای خۆیدا ئەھێنێ؛ باشە بۆ ئەبێ کوردانی باشور بەتایبەت و کوردانی ھەموو جیھان بەگشتی، خەمی لەناوچوونی ئەزموونێکی ساوای وەک ئەوەی ڕۆژئاوایان بێ ، بەدەست خستنە سەر دڵ، و بێ گوێدانە ئینتیمای سیاسی و ئایینی بڕژێنە سەرشەقامەکان و میدیاو سۆشیال میدیا پڕکەن لە گوڕوتینی بەرخودان و ھاواری ئازادی و سەرخستنی ئەو ئەزموونە ساوایە، ئەی لەپای ئەوەندە ساڵ حوکمڕانی ئەزموونی باشوور کەوا ڕۆژ دوای ڕۆژ بەبەرچاوی ھەموان لە پوکانەوەدایە، جۆش و خرۆشێکی لەو جۆرە پێویست نیە؟ .
لەگەڵ ئەوەی کە ئەبینرێ ئەزموونێک، ئەزمونی ھەرێمی کوردستان، کە کەمی لەپێناوا نەبەخشراوە، دیل و کۆتە بەدەست ئەو ھێزانەی خۆیانی بەخاوەنی ئەزانن، ھەوڵ و ھەڵوێستێکی کوردانەی گشتی وەک ئەوەی ئێستا لە ئارادایە بۆ ڕۆژئاوا، بۆچی بۆ فریاکەوتنی ئەم ئەزموونە ناخرێتە سەرپێ، بە ناچار کردنی ھێزە دەستڕۆیشتووەکانی ھەرێم بەلانی کەم؛ مۆرکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیرو کۆنکرێتی لەسەر دانانی ستراتیژێکی نەتەوەیی کە تێیدا زامنی پاراستنی ئەم ئەزموونەبکا، و ناچار بە ڕێزگرتن لە دامەزراوە شەرعیەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتیان بکا، و پرەنسیپەکانی دادپەروەری و سەروەری یاسا، لە دیباجەی ڕێککەوتنێکی لەو جۆرەیان پێ بچەسپێنن.
وەڵامی ئەم پرسیارە لە دوو ئەگەر تێناپەڕێ، ئەگەری یەکەمیان، یا ئەوەتا کۆمەڵگەی کوردی لەحزبە دەستڕۆیشتووەکانی باشور بێ ئومێدبووەو خۆری ئازادی و ئاوەدانی لە ھەڵاتنی خۆری کوردستانی ڕۆژئاوا ئەبینن، یاخود ئەگەری دووەم ئەوەیە نەخێر ئەوەی ئێمە ناومان لێناوە خۆپیشاندانی سەرتاسەری، و ڕای گشتی و دەنگی سەربەخۆی کۆمەڵگە ھەر لەبنەمادا بە ئیعازو ئۆکەی حزبەکانی باشور سەرپێ کەوتووە، و زیاتر لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانی خۆیانەوە بەناڕاستەوخۆ ، و بە وەکالەت، گوڕوتینیان پێبەخشیوە.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کە زۆرگرنگە، و داھاتووی دۆزی کورد لەم پارچەیەی کوردستان و تەواوی کوردستانی پارچەکانی تر دیاریدەکات، ئەبێ چاوەڕێی ڕۆژانی داھاتوو بکەین، و بزانین ئەو جۆش و خرۆشەی ھەبوو بۆ پاڵپشتی کردنی ئەزموونی ڕۆژئاواو نەکەوتنی، تاچەندێک بۆ ئەزموونەکەی باشوریش کە ھیلاک و ماندووی دەستی حزبەکانی باشوورە، ھەڵوێست و کاردانەوەیەکی لەو جۆرە ئەبینرێ؟ پێموایە ھەر ئەمەش نەخشە ڕێگەی سەرخستن و بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستان و ئاشتکردنەوەی دەسەڵات و کۆمەڵگەیە.