خودئەڤینیو نائارامیی دەرونیی گەورەو منداڵ
هێمن ئەحمەد
2020-05-31   1149
ھەندێک لەزانایانی دەروونشیکاری دەڵێن : زۆربەی ئەو ناڕەحەتییەی توشی خەڵک دەبێت ، ھۆکارەکەی ئەوەیە کە خۆیان لە ئاستێکی زۆر بەرز و باڵادا دەبیننەوە...
کاتێک یەکێکیان دەخرێتە پلەیەکی بەرزەوە ، یەکسەر وا بیردەکاتەوە کە خۆی لەو لەپێشترە و مافی ئەوە بچێتە ئەو شوێنەوە . ھەرکاتێک بەخششێک (نعمە)ی پێدرا ، وا ھەست دەکات کە شایەنی لەوەش زیاترە . بۆیە ئەو ھەرگیز چێژ لە خۆشی و شادی نابینێت . بگرە ناڕەحەتی و بێزاری لە ناو خەڵکدا بڵاو دەکاتەوە . توشی بێھیوایی و ڕوخانیان دەکات بە ڕەخنە بەردەوامەکانی لەسەر ھەڵسوکەوت و جموجووڵەکانیان . ھەرچەندە ئەخلاق و ئاکاریان زۆر پەسەندیش بێت . ئەو کەسە ھەمیشە توڕەیە...بەردەوام توڕەیی بەڕوی کۆمەڵگەدا پەرچ دەکاتەوە . ئەو بەرز خوازیەی ئاشقیەتی و دەیپەرستێت دەستی ناکەوێت . بێزیشی لەو خەڵکە دێتەوە ، چونکە وا دەزانێت لە خۆی کەمترن ، زۆریش نەک کەم . لەوە کەمترن کە گاڵتەشیان پێبکات . خۆپەرستە و دەیەوێت ھەوەسە تایبەتەکانی خۆی بەدەست بھێنێت . خۆی زۆر بە خوێندەوارتر ، لە پێشتر و باڵاتر لە خەڵک دەزانێت ، لە کاتێکدا لەوانەیە خۆی نەزانترین ، حەپۆلترین و سووکترینی ناویان بێت .
ھەندێک لە لێکۆڵەران ئەم دیاردە دەروونیەی ناو ھەنێک کەس دەگەڕێننەوە بۆ درێژەی ئەو مامەڵەیەی کە باوک و دایکی خۆیان لێیان داواکردوون ئەو کاتەی منداڵ بوون ."ھەندێک دایک و باوک لە ھەموو شتێکدا داوای تەواویی (حد الكمال - perfection) لەمنداڵەکانیان دەکەن . لە کاردا ، لە ڕەفتاردا ، لە وتاردا دەبێت تەواو بێت . لەسەر بچوکترین شت ، لێپرسینەوەیەکی توندی لەگەڵدا دەکەن . وەھا تەماشای دەکەن وەک ئەوەی تەماشای کەسێکی پێگەیشتووی تێگەیشتووی دڵ و ئەقڵ توندوتۆڵ بکەن .
توندی پەروەردە و وابەستەکردنی منداڵ ، زۆرجار پەل بۆ ڕسکاندنی سیفاتی ڕیابازی و دووڕوویی دەھاوێت . "منداڵێکی دووڕووی ڕیاباز بەرھەم دێت کە شتێک دەڵێت و شتێکی دیکە دەکات ، ئەوە دەکات کە بڕوای پێی نییە . بڕواشی بە شتێکە کە ئەنجامی نادات ."
بۆیە منداڵی عێراقی بەدەست ئەو سزا دانراوانەوە دەناڵێنێت ، دەیەوێت ھەرچۆنێک بێت خۆیان لێ ڕزگار بکات لە ڕێگەی لادان و فرت و فێڵەوە .
ئەو خۆی بەڕێز و ئەدەب و نموونەی باڵاوە نیشان دەدات وەک ئەوەی مامۆستا و خاوخێزانەکەی داویانە بە گوێیدا ، کەچی ھەزار بەھانە و تەڵەکە دەھێنێتەوە بۆ خۆی تا خۆی لەو بەندوباوە ڕزگار بکات . ئەو بەرلەوەی خەڵکیی فریو بدات ، خۆی فریو داوە .
ھەموو دەزانین منداڵ ئارەزو دەکات بەپێی حەزە سروشتیەکانی ڕەفتار بکات نەک ئەو یاسا و ڕێسا دروستکراوانەی بونەتە چاودێر و لەمپەر و ڕێگر لە بەردەمیدا ، بە بڕوای ئەم .
کەواتە دەبێت ھاوسەنگی لە نێوان ئەو دوو تەوژمە دروست بکەین بۆ منداڵ ، کە یەکێکیان ئەو ھەوەسە سروشتیانەیە کە ھەیەتی وە ئەویتریان ئەو یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیانەیە کە لە دەرونیدا ڕسکاوە .
سەرچاوەکان :
١- کەسایەتی تاکی عێراقی (د. عەلی وەردی)
٢- سایکولوجیة الضمير ( محمد كامل نحاس )