ئەوەندەی لیستی موچەم بینی هەرگیز ئەوەندە کارتی جەژنە پیرۆزەم نەدی

هێمن ئەحمەد
  2023-05-11     349

 

لەکاتێکدا هاوڵاتیان و موچەخۆران مافی خۆیانە بەتەنگ بژێوی و مافی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە بن. ئەم بابەتە گەر بوبێتە هەواڵی گەرمی ڕۆژ و بارگرانی و تێکچونی باری دەرونی بۆ خەڵکی هێشتا ناکرێت کەس لەسەر ئەمە سەرزەنشت بکرێت. چونکە موچەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی  بە؛ بژێوی، جوڵەی بازاڕ، پلانی ڕۆژانە، گۆڕانکاری لە باری خێزانی، گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و مامڵەکردنەوە هەیە.  بەڵام زۆر سەیرە شتی زۆر گەورەتر لەوە دەگوزەرێت و خەڵک گوێ و چاوی خۆیانی لێدادەخەن. وەک ئەوەی هیچی نەبینیبێت و نەبیستبێت. باشە بەیەکدادانی دوو ئۆتۆمبێل و مردنی هەمو ئەندامانی خێزانێک جەرگبڕ و تراژیدی نیە، کە بەهۆی کێشەی ڕێگاوبانەکانەوە دروست دەبن؟ ئەی بۆ کەس باکی نیە! لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە ئەوە سبەی لە تۆ. لە پیس بون و تێکدانی ژینگەی ئەم وڵاتە هەر باکمان نیە. کە هاوڵاتی بەهۆیەوە توشی نەخۆشی هەمەجۆر و دیاردەی نالەبار و کارەساتی ژینگەیی دەبێت.
داروخانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی، ڕێگاوبان، کارگەکان و پڕۆژەکان....هتد. نابێت بەرچاو نەگیرێت. دەرچونی هەزارەها گەنج و لاو لە زانکۆکان و بێکار بونیان و پاشانیش هەڵاتنیان بۆ دەرەوەی وڵات کەم نیە. نەبونی میکانیزمێکی گونجاو ئاسان بۆ دابەشکردنی موچەی خانەنشینان خاوەن پێداویستی تایبەت کارەساتێکی ترە. هەتا ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی موچەخۆران زۆر لەوە کارەسات بارترە، چونکە لەکاتی خانەنشینیداو تەمەنی پیریدا هیچ شتێک نامێنێت موچەخۆر هیوای لەسەر هەڵچنێت، تا ئەوچەند ساڵەی ژیانی ماوە بە شکۆوە ژیان بکات. ئەو بڕە پارەیەی پێی دەدرێت تەنها بەشی کڕینی بابەتی چارەسەرە پزیشکیەکانی ناکات. دەبێت هاوڵاتی قوڵتر و مەودا دورتر بیر بکاتەوە ژیان هەر بریتی نیە لە ئەمڕۆ و ئێستا. ئەی دواڕۆژی خۆت و نەوە و منداڵەکانت؟
کەواتە ئێمە خەمەکانمان تەنها لە دواکەوتن و پێشخستنی موچەدا قوڵ کردۆتەوە یان چاومان لەسەر ئەو بابەتانەیە کە پەیوەندی ڕاستەخۆی بە خۆمانەوەیەو بەس. هەمو شتەکانی تر کە بەرژەوەندی کۆمەڵگە و گشتی و ژینگەیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیشن لەلامان شتی بچوک و ئاسایین. لەکاتێکدا دەبێت تێبگەین ئەمانە هەموی یەک ڕایەڵەن و پەیوەستن بەیەکەوە. کێشە و گرفت لە هەر یەکێکیان، کاریگەری ڕاستوخۆ لەسەر ژیانی هاوڵاتی دادەنێت. جا لە نزیک مەودا یان دور.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×