باسکردنی لێبڕینی مووچە تەنیا سەرئێشەیە

هێمن ئەحمەد
  2021-07-19     578
وەک زۆر ڕون و ئاشکرایە و بەپێی وتەی هەندێک لە کاربەدەستان و ئەندام پەرلەمانەکان بێت،پارەی تەواو و پێویست و بگرە دوو هێندەش لەبەردەستە لە خەزێنەی حکومەت،بە بەراورد بە ئەو بڕە پارەیەی کە پێشان حکومەت مانگانە توانای کۆکردنەوەی هەبوو.
گوێم لە پەرلەمانتارێک بوو لە شاشەی تیڤیەکەوە دەیوت"حکومەت بە نیازە لێبڕینی موچە بە یاسایی بکات و چیتر ناوی لێبڕین نەمێنێت.ئێستا پارەی زیاتر لە پێویست لەبەردەستەو بەڵام لێبڕین بەردەوامە.ئەم پلانی لێبڕینەش نوێ نیە.بەڵکو کابینەی پێشوش هەمان نیاز و پلانی هەبوو.بەڵام بەهۆی هەندێک گرفت و کێشەی تر نەیتوانی جێبەجێی بکات.تەنها بیانوەکەش ئەوەیە دەڵێن؛ئەو بڕە پارەیەی مانگانە وەک مووچە دەدرێتە مووچە خۆران و فەرمانبەران زۆرە.بۆیە بیر لەوە دەکرێتەوە بڕێک لە پارە وەک هەندێک دەرماڵە و ئەو بابەتانە ببڕدرێت و بە یاسایی و هەمیشەیی بکرێت"
باشە گەر ئەمە پلان و نیازی کابینەی ئێستا و پێشوی حکومەت بێت،چۆن بە بۆڵە بۆڵ و کۆمێنتی تەنز ئاسا تۆی مووچە خۆر دەتوانیت شایستە داراییەکانت وەربگریتەوە و فشار دروست بکەیت لە سەر دەسەڵات.
نا،نەخێر ئەم جۆرە لە ناڕەزایی و مت بون و خورتە و بۆڵەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان،هەرگیز هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.بەڵکو سەندنەوەی ماف هەمیشە قوربانی پێویست بووە.خۆ بڕوا مەکەن کەسیش ئامادە بێت ببێتە قوربانی سەندنەوەی مافەکانی خۆی و کەسانی تر.گەر کەسێکیش ئامادەی ئەم قوربانیدان و سەرکێشیەی هەبێت،کەس منەتی پێی نیە و تاکی ئەم سەردەمەش خاوەنی مەزاجێکی شپرز و بۆچونێکی خۆپەرستانەیە.ئێستا باوی"ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی)ە. 
لە ئێستادا،دەسەڵات سیاسەتێکی بژێوی گرتۆتە بەر کە بەهۆیەوە توڕەیی خەڵکی کپ و قەپ و قڕ  کردوە.ئەویش بالانس ڕاگرتنە بە پێدانی بڕە مووچەیەک کە پێی زۆر نەبێت و خەڵکی بوغرا بکات و زیاد لە بەڕەکانیان پێ ڕابکێشن.وە ئەوەندەش کەم نەبێت کە خەڵکی برسی بکات و لە برسان  توانای پەلامار و سەرکێشیان زیاد بکات.
ئیتر دەبێت بۆ هەموان ڕون بێت، هیچ ئاسان نیە خورتە و بۆڵە بۆڵەکانتان مافەکانتان بۆ بگێڕێتەوە، بەبێ هەڵوێستێکی گشتگیر و تۆکمە، کە وەها لە دەسەڵات بکات مل بدات بۆ داوا ڕەواکانتان.
وتەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێت"السکوت علامە الرچا"واتە بێدەنگی نیشانەی ڕازیبونە.ئیتر کە تۆی فەرمانبەر و مووچەخۆر بێدەنگ و ڕازیت بەرانبەر بەو دۆخەی بە ئەنقەست بۆت خوڵقێندراوە،بەتەمای کێ ببێتیە فریادڕەسی مافەکانت؟


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×