چاوەڕێکردنی موچە واتە کڕ کەوتن لەسەر هێلکەی پیس

هێمن ئەحمەد
  2021-06-14     815

کڕ کەوتن؛بە کرداری ئارام مانەوە وکەوتن و دور نەکەوتنەوەی باڵندەیەک لە سەر هێلکەکانی دەوترێت بۆ ماوەیەک،بە مەبەستی هەڵهێنانی.ئینجا شێواز و ماوەی کڕ کەوتنەکە لە باڵندەیەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە.
هەندێک جار،باڵندەیەک چەند ڕۆژێک زیاتر لە ماوەی خۆی بەردەوام لەسەر هێلکەکانی دەمێنێتەوە.کەچی دەرەنجام هێلکەکانی پیس دەبن و ڕەنجی بە زیاد دەڕوات.
جا گەر ئەم باڵندەیە بەتریقی بەستەزمان بێت و هێلکەکەی پیس بکات،ئەوا بەتەواوی ماڵ وێران دەبێت.چونکە ئەو بەدرێژایی ساڵێک تەنها یەک هێلکە و هەندێکیشیان دوو هێلکە دەکەن.
گەر سەرنجێکی وردی ماوەی پێدانی موچە بدەین،هەمیشە موچە خۆران وەک ئەو بەتریقانەیان لێدێت کە تەنها لەسەر یەک هێلکە دانیشتون و ناتوانن لە ماوەی دیریکراودا هەڵیبێنن و پاشانیش پیس دەبێت.چونکە زوربەی موچە خۆران و فەرمانبەران خاوەنی تەنها کارێکن و موچەکەیان تەنیا سەرچاوەی بژێویانە.
هاوشێوەی بەتریقەکان،موچە خۆرانیش وەها ڕاهاتوون زۆر بە ئارامی و دان بەخۆداگرتنەوە چاوەڕێ بن و گوێ ڕادێرن بۆ هەواڵ و ڕۆژی سەرە و پێدانی مووچە.ئیتر ئەو ماوەیە هەرچەندێک بێت.تەنیا جیاوازی موچە خۆران لە بەتریقەکان ئەوەیە کە ئەوان ماوەی کڕکەوتنیان(٦٠ ڕۆژە)و لەو ماوەیەدا بە هیچ جۆرێک ناجوڵێن و هیچیش ناخۆن.
ئاخر ئەم جۆر و ستایڵە لە پێدانی موچە لەکوێی ئەم جیهانەدا بونی هەیە؟لە وڵاتانی ئەوروپادا زۆربەی پارە پێدانەکان هەفتانەن،یان دوو هەفتە جارێک بەدەگمەن سی ڕۆژ جارێک باوی ماوە.گەر سۆشیال و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش بێت.ئینجا ئەمە لە کەرتی دەوڵەتی یا تایبەت بێت بە هەمان شێوەیە.وە لە ژێر هیچ پاساو و بڕو بیانویەکدا کەس ناتوانێت دەستکاری بڕ و ماوە و شێوازی پێدانی موچە بکات.ئەوە بە یاسایەکی تۆکمە ڕێکخراوە و پارێزراوە و سادەترین مافی هاوڵاتیە.
گەر شیکارێکی سادە بۆ بڕی ئەو موچەیە بکەین کە لە ئەم مانگەدا دراوە،تەنانەت ناکاتە بڕی(لە سەدا بیست)ی یەک موچەی تەواو.بە لێبڕینی لە سەدا بیست و بەرز بونەوەی سەدا بیست و پێنج لە دولار و وەستاندنی پلە بەرزکردنەوە و درێژ کردنەوەی ماوەی پێدانی موچە بۆ زیاتر لە چل ڕۆژ،ئەمە سەرەڕای بەرز بونەوەی نرخی هەموو کاڵا و شمەکێک.ئاخر دەبێت ئەوەش تێبگەین،ئەو چەند ڕۆژەی ماوەی موچە پێدان درێژ دەکرێتەوە،موچە خۆران ناچار دەبن قەرز بکەن وپاشانیش بیدەنەوە لە ئەو بڕە موچە کەمەی وەریدەگرن.
دەکرێت ئیتر لایەنی بەرپرس چاوێک بەدۆخی نالەباری فەرمانبەر و موچە خۆراندا بگێڕێتەوە،وە بە هیچ پاساوێک دەستکاری بڕی پارە و شایستە داراییەکانیان نەکات و دڵنیایان بکات کە لە ماوەی دیاریکراودا موچە دەگاتە دەستی هاوڵاتیانی.چونکە ئەم دۆخە کێشە و گرفتی کۆمەڵایە تی و خێزانی و دەرونی زۆری خوڵقاندوە.
گەر تا ئێستاش موچە خۆر توانای دان بەخۆداگرتنی هەبوبێت،لە ئێستاوە چیتر توانای ئارام گرتن و بەڕێکردنی ژیانی نامێنێت.کە ڕۆژ بەڕۆژ ناهەمورابونی ژیان و گرانی و باج و خەڕاجی زۆر و نەبونی هەلی کار تەنگیان بە تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیە هەڵچنیوە.
موچە خۆر و فەرمانبەرانیش دەکرێت بە شێوازی یاسایی ئەوە بە گوێێ دەسەڵاتدا بدەن،کە ناکرێت بەردەوام مافەکانیان بخورێت و هەمیشە لەدۆخێکی دەرونی نائارامی چاوەڕێیدا بن.وە ڕاستیش نیە وەک بەتریقەکان دوای ماوەیەکی زۆر  دورودرێژ لە چاوەڕوانی بەردەوامدا خۆیان بهێڵنەوە و تەنیا خاوەنی یەک سەرچاوەی بژێویش بن و دەرەنجام ئەوانیش بەو دەردە بچن،گەر دۆخەکەش هاوشێوەی پێشان بمێنێتەوە دەکرێت بیر لەکارێکی تر و سەرچاوەیەکی تری بژێوی بکرێتەوە هەرچەندە قورسیش بێت،خۆ ناکرێت ژیان بوەستێت و لە پێناو چاوەڕێکردنی موچەدا ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان لە لێواری مەرگدا دانێین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×