مامۆستا، لەشکرێک مرۆڤی ترسنۆک‌و دۆڕاوو دووڕوو بەرهەمدەهێنێت

هێمن ئەحمەد
  2020-08-10     1127
بیرم دێت لە کۆتا ساڵی خوێندنم لە ناوەڕاستی بەھاری ساڵی ١٩٩٦ بۆ ئەنجامدانی یەک مانگ لە ڕاھێنان وەک ئەزمونی مامۆستایی نێردرام بۆ خوێندنگەی (ئ) لە ناو شاردا ،تا ڕادەیەکی باش حەز و خولیام ھەبوو بۆ پیشەی مامۆستایەتی .بیھێنە بەر چاو ، لە ئەوپەڕی تەمەنی گەنجیدا و دڵ گەرم و پڕ لە حەز و ھیواکانی دواڕۆژ و باوەڕ بەخۆ ، ئێستا تۆ بتەوێت یان نە ئەمە چارەنوستە .دەی فەرموو " ئەوە ئەرز و ئەوە گەز".
ئەوەندە دڵم بەم پیشەیە خۆش بوو ،خۆم وەک مامۆستایەکی بە ئەزموون نیشان دەدا . گرنگی دان بە جل و بەرگ، ئامادەبوون لە کاتی خۆیدا ، ڕۆیشتنە پۆل بە بێ دواکەوتن ، خۆشەویستی و پەیوەندی باش لەگەڵ خوێندکارەکان ، دروستکردنی پەیوەندی باش لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی ئیدارە و مامۆستاکان و پاشانیش لەگەڵ ھاوڕێ خوێندکارەکان تر کە لە شوێنی جیا جیاوە ھاتبوون بۆ ڕاھێنانی کرداری. ئەوەندە باوەڕم بە خۆم بو ماوەکانی پشو کاتێک لەگەڵ مامۆستا بە ئەزمونەکان دادەنیشتم ،ھیچ خۆم بە کەمتر نەدەزانی لە ئەوان و بە ئەوپەڕی توانا و باوەڕبون بە خۆوە دەکەوتمە گفتوگۆ و وەڵام دانەوەی پرسیارەکانیان .
چەند ڕۆژێک گوزەرا و تا ڕادیەک شتەکان ئاسایی بوون لام . ئەو کاتیش گەرمەی کێشمەکێش و شەڕی ناوخۆیی بوو . پاش چەند ڕۆژێکی تر پارتەکان کەوتنە کێوماڵ کردن و ڕاوەدونان و لێسەندنەوەی شوێنەکان  لە یەکتری . ھەتا ھەندێ جار شەڕ و کوشتار تەنھا لەسەر تەپۆلکەیەک یان شاخێک...نەک لەسەر شارێک یان شارۆچکەیەک بوو.
ڕۆژێک دوای وانەی دوەم زەنگ لێیدا و منیش وەک ھەموو مامۆستاکانی تر لە پۆل ھاتمە دەر و ڕۆیشتم بۆ پشودان . بینیم بەڕێوەبەر (م.ع) ڕادێۆیەکی گەورەی لەسەر قەراغ پەنجەرەی ئیدارە داناوە و دەنگی تەواو بەرز کردۆتەوە و خۆشی دەستی ناوەتە گیرفانی و سەری لێھێناوەتە پێشەوە . دەنگ ئەوەندە بەرز بوو ئەو گوێی لە زەنگی ھاتنەدەرەوە نەبوو...
ڕادێۆ ئەیشیڕاند" توانیمان شاخی فڵان و دۆڵی فڵان لە جاش و خۆفرۆشەکان پاک بکەینەوە و زیانەکان....دەستکەوت....". بەم شێوەیە ھەواڵ بەردەوام بوو . ھەموو مامۆستاکان گوێمان بۆ ڕادێرابوو...ھەندێک کەیف خۆش ھەندێکیش نا . خۆ من نەمدەزانی کێ سەر بە کام پارتەیە و منیش لایەنگری ھیچ پارتێک نەبووم ،بۆیە زۆر باشیش لە ھاوکێشەکە نەدەگەیشتم و بگرە گرنگیش نەبوو بۆم.
چەند ڕۆژێک ئەم نەڕە نەڕە بەردەوام بوو ئینجا خۆ جەنابی بەڕێوەبەر تۆزێکیش ڕادێۆکەی کز نەدەکرد . ئێمەش پێنج خولەک پشومان ھەبوو ، دەبوو لەگەڵ ئەودا بە ناچاری گوێ بگرین.
پاش چەند ڕۆژی تر ، من لە نزیک ژوری ئیدارە بووم و وانەم نەبوو لەپڕ بەڕێوەبەر ھاواری کرد" ئەرەوەڵا کەپکی (ھین) گیرایەوە ". بە مامۆستایەکی وت کوا مامۆستا (م)، ئەویش وتی وانەی ھەیە ، وتی ڕاکە بیھێنە ، خێرا پێی بڵێ کەپکی ھین گیرایەوە .بەڕێوەبەر دەموچاوی پەمەیی ببوو ،نازانم لە خۆشیان بوو یان ئەو کات ھیچ ھەواڵێکی گرنگتر و خۆشتر لە ئەمەی نەبیستبوو .
مامۆستا(م) پۆلی جێھێشت و خێرا دەرکەوت..چیە؟ "پرسیاری کرد لەبەڕێوەبەر"، وەڵامی دایەوەو ئەمیش کەوتە سەما و دەنگی ڕادێۆکەی بەرزتر کرد و ئەمیش ناردی بە شوێن چەند مامۆستایەکی تردا.....بەم جۆرە پۆلەکان ھەمویان بەرەڵا کران و مامۆستایان لە دەوری نەڕەی ڕادێۆکە گرد بونەوە و دەستیان کرد بە مشتومڕ و لێکدانەوە و دەرەنجامی شەڕ و دۆخەکە.
ئیتر ئەمە ببو بە خو ھەر ھاوار ھاوارێک لە ئەم ڕادێۆیەوە بھاتایە ، ھەموومانی گرد دەکردەوە و بەڕێوەبەریش بەوە تێر نەدەبوو تەنھا گوێ بگرێت سەریشی لێی دەبردە پێشەوە. تا وای لێھات خوێندکارەکانیش لە ئیدارەو ژوری مامۆستایان نزیک دەبونەوە و گوێیان دەگرت . ھەتا دەنگی بەرزی ڕادێۆکە دەگەیشتە ھەندێ لە پۆلەکانیش .ئەوکات غەمی بژێوی و گرانی و قات و قڕی و پەیداکردنی تەنھا چەند نانێک پێشینە بوون ، بەڵام گوێگرتن لە ئەم ھەواڵانە زۆر گرنگتر بوون لەلای ئێمە .
بەم شێوەیە زۆربەی ڕۆژەکانی ئەو مانگە خۆشەی بەھارمان بردە سەر . لە کۆتا ھەفتە لە بەشەکەی خۆمەوە کە بەشی زمانی ئینگلیزی بوو ، بەڕێز مامۆستا (ش) ھات بۆ ھەڵسەنگاندنم و لەگەڵ مامۆستای وانەکە ھاتنە پۆل و زۆر ڕازیبون لە چۆنێتی وانە وتنەوەم و نمرەیەکی زۆر باشیان بۆ دانام و ئەمەش وای لێکردم ئەوەندەی تر دڵم بەم پیشەیە خۆش بێت .
پێش گەڕانەوەم بۆ تەواوکردنی خوێندن و جێھێشتنی خوێندنگە ، ڕۆژێک مامۆستا (م) دیار نەبوو ، دەی دوای ھەواڵپرسین وتیان ڕۆشتوە بەرەو ئەوروپا . پرسیار کرا " کێ ناردویەتی و ھاوکاری بووە و چۆن ڕۆیشتوە"؟مامۆستایەک ئاماژەی دا " ئەو پارتەی کەئەم لەدژی سەمای دەکرد ناردویەتی" . ئەو مامۆستایەی کە ھەموو ڕۆژێک دەچوو لەپۆل دەیھێنایە دەرەوە ، لەبەر خۆیەوە ھەناسەیەکی قوڵی ھەڵکێشا و زانی ھەموو ڕەنجی بە خەسار چووە ، چونکە ئەو ژێر بەژێر دڵی بۆ دژە پارتەکەی ئەم لێیدەدا و وە زانرا کە (خط مائل) بووە. کەچی لەگەڵ ھەموو سەرکەوتنێکی پارتەکەی ھاوڕێی دەکەوتە سەما.
ئەوکات ھەموو مامۆستاکان خۆبەخشانە کاریان دەکرد . بەچەند مانگ جارێک بڕێک پارەی کەم یان ھەندێ خواردنی ماوە بەسەرچویان پێدەدرا ، کە ڕێکخراوە خێرخوازەکان دابەشیان دەکرد . ئێستا لە دوای ٢٤ ساڵ  لەو کاتەوە ، ھەندێک لەو مامۆستایانە لە ژیاندا نەماون و زۆربەشیان خانە نشینن و ھەمان دۆخی بژێوی ئەوکاتیان ھەیە .منیش کە مامۆستام ھەر وەک ئەوان خۆبەخشم و دۆخی بژێوی و موچەش ھەر وەک ئەوکات وایە .
ئیتر من ھەر لەو کاتەوە زانیم خەونە خۆشەکەی بە مامۆستا بوونم لە گۆڕدایە و دەبێت بەردەوام گوێبگرم لە ھەواڵ تا بزانم کەی کۆتا گردۆلکە و منیش ئازاد و ڕزگار دەبین . بۆم دەرکەوت منیش دەبێت لەم ناوەندەدا، چەندان مرۆڤی ترسنۆک و شەڕەنگێزو دووڕوو دۆڕا و دروست بکەم و چاوەڕوان بم تا یەکێک لەھیتلەرە شەق وەشێنەکان لەدواڕۆژدا بەچەند شەقێک پاداشتم دەداتەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×