خودا لەوە زیاتر غەزەب لە ناوەند و هەرێم ناگرێت!

هێمن ئەحمەد
  2023-12-14     252

دەگێڕنەوە؛ ڕۆژێک لە دارستان مەیمونێک و گوێدرێژێک هاوڕێگا دەبن. پاش ماوەیەکی دورودرێژ لەڕێکردن، لەناوەندی دارستانە چڕەکەدا، هەردوو هەست بە ماندویی و برسیایەتی دەکەن. بۆیە پاش پشودان، وا ڕێکدەکەون کە بابای مەیمون بچێتە سەر دار مۆزێک و پاش تێرخواردنی خۆی بڕێکی باشیش بۆ گوێدرێژی هاوڕێگای بەربداتەوە. مەیمون ڕازی دەبێت بەڵام بەرانبەر بەوە داواکاری ئەوە دەکات کە بەدرێژایی هەمو ڕێگەکە بچێتە سەر پشتی گوێدرێژەکە، چونکە چیتر توانای ڕێکردنی نەماوە.

گوێدرێژ بە ناچاری بەو داواکاریە ڕازی دەبێت و مەیمونیش ئەرکەکەی ئەنجامدەدات، بەڵام زۆر زیاتر لە پێویستی هەڵدەداتە خوارەوە. بۆیە گوێدرێژەکە هاواری لێدەکات و پێیدەڵێت " تکایە چیتر بەرمەدەرەوە با نەبێتە ناشوکری نیعمەت و بەکارهێنانی زیاد لە پێویست، ئەگینا خودا غەزەبمان لێدەگرێت و تۆڵەمان لێدەکاتەوە".

مەیمونیش لەوەڵامدا دەڵێت " ئینجا لەوە زیاتر غەزەبی چیمان لێدەگرێت، ئەوە نیە منی کردوە بە مەیمون و تۆش بە گوێدرێژ".

مەیمون و گوێدرێژ هیچیان لەویتریان بەبەختر و جوانتر و خۆشەویستر نین لەلای خەڵکی. تەنها خاڵی سەرەکی جیاوازیان ئەوەیە کە مەیمون هەمیشە خەو بە مۆزە دەبینێت و گوێدرێژیش بە ئالیکەوە. بۆیە چیتر چاوەڕوان ناکرێت خودا لەوە زیاتر توڕەیی خۆی نیشان ناوەند و هەرێم بدات چونکە ئێستا بەدەردی مەیمون و گوێدرێژەکە چون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×