ژیلیاکان، تکایە لە مێرمنداڵە یاخیبوەکان ببورن

هێمن ئەحمەد
  2022-06-20     662

ژیلیا خانمی بەرێز ...تۆ پەیامێریت.کاتێک ئەم پیشەیەت هەڵبژاردوە بەڵێنت داوە بوێر و چاونەترس بیت.پەیامێر یان دەبێتە جەنگاوەرە لەهەندێ کاتدا، یان دەبێتە هاوڕێی ئەو.کەواتە هەمیشە چاوەڕێ دەکرێت نەک تەنها جەستەی بکرێتە ئامانج بەڵکو دەرونیشی بریندار بکرێت.بەڵام مەرج نیە هەمو برینێک ساڕێژ نەبێت.تایبەت ئێوەمانان سەدان کەس بۆتان دەبنە برینپێچ و هاوکار.ژیلیا خان، هیچ نیگەران مەبە کاتێک تازە پێگەشتویەکی دەروون پڕ گڵپە و یاخی لە ژیان و کۆمەڵگە و کەلتور و بەها کۆمەڵایەتیەکان بەم شێوازە پیاتدا هەڵدەشاخێ و ڕوبەڕوت دەبێتەوە.ئەویش قوربانی لەگۆڕنانی پەروەردە و فێرکردن و بێ سەروبەرەیی سیستمی ژیان و  حوکمڕانیە لەو شوێنەی کە هەست دەکات دەبێت نیشتیمان هی ئەویش بێت.ڕاستە ئەو مێرمنداڵە دەیەوێت بەکاردانەوەیەک ئەوە دەرببڕێت کە زوڵم و ستەمی لێکراوە بەڵام تاوانیشی نیە لەکاتێکدا ئەو تەنها تۆ دەبینێت کە ڕقی خۆی پێ بڕێژێت و فشاری دەرونی خۆێ تیا بەتاڵ بکاتەوە.ئەو لەو کاتەدا خۆی بەبراوە و پاڵەوان دەزانێت.ئەمە ئەزمون و تێگەشتنی ئەوە بۆ ئەو دۆخە ی کە هەیە. ئەی ئەو کە ئێوارە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ ناو ئەندامانی خێزانەکەی بەدەستی بەتاڵەوە دەبێت هەست بە تاوان نەکات لەبەرئەوەی نەیتوانیوە دڵی خوشک وبرا بچوکەکانی خۆش بکات بەکڕینی هەندێ شیرینی و میوە بۆیان!
ئەو مێرمنداڵە یاخی دێتە پێش چاو، یاخیبوونیش لەو کۆمەڵگایانەدا سەرهەڵدەدات کە یەکسانی و دادپەروەرییان تێدا نییە، مرۆڤی یاخیش زۆرکات کەسێکی چاکەخوازە، هەستکردن بە نامۆبوون لە ژیانی کۆمەڵایەتی و دابونەریت یاخیبوونی لێدەکەوێتەوە. 
ماغوتی گەورە نوسەری عەرەب خۆشەویستییەکی زۆری بۆ ئەو شوێنانە هەیە کە تێیاندا ژیاوە، بەڵام نیشتمانێک کە رۆژانە شکۆی مرۆڤی تێدا دەشکێنرێت وەک زیندانێکی گەورەیە لای ئەو، بۆیە یاخیبوونی لە نیشتمان تا ئاستی خیانەتکردن دەڕوات. 
"من مناڵەکانم دژی باوکەکان‌ و باوکەکان لە دژی دایکەکان ‌و نەوەکانم دژی باپیرەکانیان هانداوە" - ماغوت.
وا باشترە بڵێیین هەمو ئەو جەنگاوەرانەی جەنگە قورس و ناهەموارەکان دەبینن و چەند جارێک لەبەرەکانی شەڕدا بەئامانج دەکرێن و دەپێکرێن لە ئەنجامدا دەبنە جەنگاوەری زۆر زیت و بە ئەزمون و چاونەترس.کە لە ئێوەش هەمان شت چاوەڕێ دەکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×