نەناردنی موچە و پارە لەلایەن بەغدادەوە لەبەرژەوەندی هەرێمە!

هێمن ئەحمەد
  2023-09-24     272

کاتێک بەغداد نکوڵی لە ناردنی موچە دەکات دەسەڵاتی هەرێم بست بە بست باڵا دەکات لەبەر ئەم هۆکارانە.

یەکەم: کاتێک بەغداد ڕازی دەبێت بەناردنی بڕێک لە پارە، هەرێم پابەند دەکرێت بەتەواوکردنی موچە و خستنە سەری بڕێک لەپارەی داهاتی ناوخۆیی، بەپێچەوانەوە هەمو داهاتی گومرگی و ناوخۆ بۆ خۆیان هەڵدەگرن لەکاتی نەهاتنی پارە لە بەغدادەوە.

دووەم: ئەو بڕە پارەیەی دەنێررێت زۆر بەوردی و لەژێر چاودێری یاسایی قەرزی بانکی دەدرێت و ناتوانرێت مامڵەی لابەلاو نایاسایی پێوە بکرێت و بۆ مەبەستی تایبەت خەرج بکرێت.

سێیەم: چونکە بڕە پارەکە بە قەرزە دەسەڵاتی هەرێم پڕ بەدڵ حەز دەکات نەیەت یان کەمترین پارە بێت، چونکە قازانج دەچێتە سەری و دەبێت لە پاشەڕۆژدا بەناچاری بدرێتەوە.

چوارەم: ناهەموار کردنی دۆخەکە و بێ موچە کردنی خەڵک دەسەڵاتی هەرێم وا لێدەکات گرێوەکە بباتەوە و دەمی هەمو دەنگە ناڕازیەکان لە سیاسەتمەدار و هاوڵاتی و دەسەڵاتدارانی بەغدادیش بگرێت و دۆخی پێشان بە باشتر بزانن و ئیتر خەڵکیش ناچار بکەن لە نێوان خراپتر و خراپترین یەکەمیان هەڵبژێرن.

پێنجەم: هەرێم دەیەوێت بە دروست بونی تەنگژە و ناهەمواری ئابوری و ڕەفتاری خراپی سیاسی بەغداد بەرانبەر بە خەڵکی هەرێم، وا لە وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا و دادگا نێودەوڵەتیەکانیش بکات کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشان بژاردەیەکی باش بێت و بیسەلمێنن کە ناردنی نەوت و فرۆشتنی بە سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە ناچاری بوە و تەنها بژاردە بوە. بۆیەش لە ئێستادا دەنگۆی ناردنی نەوت بەڕێگەی تورکیا بۆ جارێکی تر لە ئارادایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×