مرۆڤی کورد بەئاسانی ڕادەهێنرێت

هێمن ئەحمەد
  2021-04-23     560
پێدەچێت زۆرێک لە مرۆڤەکان وەها بیر بکەنەوە کە تەنها لە ڕێگەی (خەولێخستنی موگناتیسی)یەوە دەتوانین ڕەفتار و خواستەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەین.بەڵام گەر سەرنج بدەین،مرۆڤ بە گشتی و تاکی کورد بە تایبەتی لە توخمی ئەو بونەوەرانەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەزمونی ڕاهاتن و دەستەمۆ بوون قبوڵ بکات.
بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە،لە نمونەیەکی ڕون و بەرچاوە وە دەستپێدەکەم کە هەموو کەس دەتوانێت ڕۆژانە بیبینێت و هەستی پێبکات.
سەرنج بدە ئەو کەسەی بۆ خواردنی ژەمە خواردنێک لەسەر مێزی چێشتخانەیەک دانیشتوە و چاوەڕێی هاتنی سفرەچیەکە یان خواردنەکەیەتی.چاوێک دەکاتە هەزار چاو،هەر بە ئەمەشەوە ناوەستێت و جار جارێک مل بە ئەملاو ئەولادا دەسوڕێنێت وەک ئەوەی بەدوی شتێکی زۆر گرنگ و بە بەهادا وێڵ بێت.پاشان،هەر ئەم کەسە، گەر تۆزێک خواردنەکەی دوا بکەوێت،دەست بە بۆڵە بۆڵ و ناڕەزایەتی دەکات.خۆ پێدەچێت زۆریش برسی نەبێت،یان بەشێکی زۆری خواردنەکەی بۆ نەخورێت و جێی بهێڵێت.هەرچۆنێک بێت ئەم کەسە نەیتوانی چەند خولەکێک ئارام بگرێت و پاشان بە دەرونێکی ئاسودەوە ژەمەکەی بخوات.
دە بڕوانن هەر هەمان کەس لەم مانگەدا بەڕۆژوە و لە نیوە شەوانەوە تا ئێوارە مەحروم کراوە لە خواردن و خواردنەوە و بگرە چاوگێڕان و قسەکردنی زۆر و گەشت و گەڕان و ...هتد.بەڵام زۆر لای ئاساییە و هیچ نیگەران نیە.بگرە هەموو ئەمانە لە ناخیدا دەستکەوتێکی گەورەیە و ورەیەکی بەرزی پێدەبەخشن.ڕاستە ئەم بابەتە لایەنێکی دەگەڕێتەوە بۆ بیر و باوەڕە ئاینیەکە،بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەزمونکردنی ڕاهاتن و دەستەمۆبونە بۆ دۆخەکە.
سەرسوڕهێنەر تر لەم نمونەیە ئەمەیە؛مووچە خۆران و فەرمانبەران کاتێک مووچەی تەواو و شایستە داراییەکانیان پێدەدرا،پاشانیش ڕێزلێنان و پلە بەرزکردنەوە و لە هەندێ کەرتیشدا خەڵات و بڕە پارەی زیادە دەدرا.بەڵام هەموو ئەمانە خواست و داواکاریەکانی تێر نەدەکردن.بۆیە داوای یەکەی نیشتەجێبون و پارچە زەوی و خەرجکردنی بڕە پارەی زیاد و شوێن گۆڕکێ و پۆستی نوێ و هەوڵدانی زیادکردنی ساڵی خزمەتی وەهمیان دەکرد.گەر ئاوڕێک بۆ ژیانی ساڵانی نەوەدەکانی هەمان فەرمانبەر بدەینەوە،دەبینین ئەو دەستەمۆ کرابوو کە بەرانبەر بە پێدانی بڕێک لە خۆراکی ماوە بەسەرچو و چەندمانگ جارێک بڕە پارەیەکی زۆر کەم،بەردەوام کار بکات و گلەیی و گازاندەش نەکات.
لە ئێستادا،هەموو ئەو ماف و شایستە داراییانەی مووچە خۆر بونیان نەماوە،تەنها ئەوەی مانگانە دەدرێت یەکسانە بە نیوەی مووچەی پێشان.ئەوە مووچەی دزرا و نەدراو هەر باس ناکرێت.کەچی فەرمانبەران و مووچە خۆران ڕاهێنراون لەسەر ئەوەی کە لە نزیک سەری مانگدا بۆ بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە پێدان بڕوانن،بە هەمان شێوەی ئەو خەڵکانەی کە ڕاهاتوون بۆ دڵنیابونەوە لە هاتنی جەژن بۆ دەرکەوتنی مانگ بڕوانن،هەرچەندە گومانیشیان نیە کە بەیانیەکەی دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن. 
لە ئێستادا،تەنها شەڕێک کە مووچە خۆر دەیکات ئەوەیە کە دەیەوێت ڕێژەی لێبڕینەکەی کەم بکرێتەوە یان وەزارەتی ئەوان پێش ئەوانی تر بکەوێت لە دابەشکردنی مووچەدا.
لەوانەیە کەسانێک هەبن وەها بیر بکەنەوە ئەم بار و دۆخانە لەو حاڵەتەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێی دەگوترێت ناچاری.بەڵام دۆخی ناچاری لە کاتێکدا دروست دەبێت کە مرۆڤ هیچ بژاردەی تری نەبێت و تەنها بەرەو یەک بژاردە ئاراستە بکرێت.کەواتە ئیتر ئەو ڕاستیە دەسەلمێت کە مرۆڤی کوردیش لە توخمی ئەو بونەوەرانەیە کە دەکرێت  زۆر بە ئاسانی خواست و ڕەفتاری کۆنترۆڵ بکرێت بە ئەزمونی ڕاهێنان و دەستەمۆ کردن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×