رایەڵێک لەنێوان خوداناسی‌و نەتەوەپەرستی‌-دا

هێمن ئەحمەد
  2020-05-09     362
لای ھەموان ئاشکرایە ، خوداناسی و پەیڕەوکردنی ئاین دەبێت لەپێناو خزمەتکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتیدا بێت . بەڵام ئەوەی بەدرێژایی مێژوو دەبینرێت لە سەدە و شوێنی جیاوازدا ، ھەتا ئەم سەردەمەش ، پێچەوانەی ئەمەیە .
تەنھا دەرخستن و وەبیرھێنانەوەی ئەم سێ نمونەیەی خوارەوە لەسەر ئاینی (جولەکە و مەسیح و ئیسلام) بەسە بۆ ئەوەی بزانین چۆن بیروباوەڕی ئاینی و خوداناسی و دەسەڵاتدارانی ئاینی بۆ مەبەستی خزمەتکردن بە بیری نەتەوە پەرستی و دەسەڵاتی حوحمڕان و کوشتن و چەوسانەوە بەکارھێنراون .
یەکەم ؛ بەپێی بیروباوەڕی جولەکە ، لەبنەڕەتتدا خودا بەڵێنی پێداون خاکی فەلەستینیان بداتێ و لە ئایندەشدا یارمەتیان بدات بۆ قەلاچۆکردن و وەدەرنانی ئەو خەڵکانەی لەوێ دەژین . تا بەڵێن و پەیمانەکەی بێنێتەدی لەگەڵیان . چونکە ئەوان(جولەکەکان) وەچەی ئیبراھیم پێغەمبەر و نوێنەرەکانین . چۆن ئەو نوێنەری پیرۆزی خودا بوو لەسەر زەوی و خودا بەڵێنی پێدابوو ، ئەمەش دەگوازێتەوە بۆ نەوەکانی :(ئەی ئیبراھیم ئەو خاکە دەدەمە وەچەی تۆ لە ڕوباری نیلەوە بۆ ڕوبارە گەورەکە ،ڕوباری فورات) "تەورات".
بەلای ئەوانەوە مرۆڤ ،بەڕەھایی، ھیچ گرۆیەکی بەشەری ناگرێتەوە جگە لە جولەکە . واتە خودای تەوراتی تایبەتە بە بەنی ئیسرائیل و تەنیا بەوانەوە سەرقاڵە . بەم شێوەیەش خودا بوو بە موڵکی جولەکە نەک ھەموو ئادەمیزاد . لەبەرئەوە جولەکە وەک وەک (اممی) تەماشای ئەوانە دەکەن کە جولەکە نین . وەک ئەوەی ئەھلیەتی مرۆڤبونی ناتەواو بێت و بۆی نیە ڕۆژێک خەون بە چوونە ڕیزی ڕۆڵەکانی خودا (جولەکە)وە ببینێت . مادام لەبنەڕەتدا لە دایکێکی جولەکە لەدایک نەبووە.

دووەم : کوشتنی (ھیباتیا) لە ساڵی ٤٥١ز ، تاکە ژنی زانای بیرکاری و فەیلەسوفی ئەو سەردەمە ، بە تۆمەتی (بێباوەڕی و جادو) . ئەمەش لەسەردەمی ئیمبراتۆر ( ثێۆدۆسی ڕۆمانی یەکەم ) ، لەلایەن مەسیحیەکانی ئەسکەندەریە کە ناویان بە ئەھلی ئیمانی ڕاست ۆ دروست (الایمان القیوم) دەرکردبوو . بەشەقامەکانی شاردا (ھیباتیا)یان ڕاکێشا و پێستیان لەلەشی داماڵی . پاش کوشتنی ھیباتیا ، جیھان کەوتە ناو تاریکیەکی تەواو ، بۆ چەند سەدەیەک ، لەدوای ئەو ناوێکی درەوشاوە لە ھیچ لقێک لە لقەکانی مەعریفە و زانستدا نابینرێت .
سەرەڕای ئەو ھەموو زوڵم ۆ ستەمەی بەناوی خودا و ئاینەوە لەسەردەمی دەسەڵاتدارانی ئاینیی مەسیحیدا کراوە . بەتایبەت لەسەردەمی ئیمبراتۆریەتی ڕۆمانیدا ، کە خۆیان پیاوان و دەسەڵاتدارانی ئاینیان دادەنا لە (میسر و شام و یۆنان و....).یان لەدەسەڵات لایان دەبردن و دوریان دەخستنەوە ،یان خۆیان ڕایان دەکرد و ھەندێجاریش دەکوژران گەر پێچەوەنەی یاسا و دەسەڵاتی ئیمبراتۆر ڕەفتاریان بکردایە . بۆ نمونە ؛ (ئەثناسیوس) ئۆسقۆفی ئەسکەندەریە (پلەیەکی بەرزی دەسەڵاتی ئاینی مەسیحیە) ، و پاشکۆکانی ، لە کەناراوەکانی لیبیاوە تا صعیدی میسر ، فەرمانەکانی لە ھەموو کاروبارە دینی و دنیاییەکاندا لە تەواوی جیھانی مەسیحدا پەیڕەو دەکران . ئەپناسیوس لەماوەی ساڵانی دەسەڵاتیدا ٢٥٦ز و مردنیدا ، چوارجاری لەدوایەک دوورخراوەتەوە یان لە فەرمانەکانی دەستگیرکردنی ھەڵاتووە . لەلایەن ئیمبراتۆریەتە باڵاکانی ئەو سەردەمە ، کە یەکێک لەوانە (قوستەنتینۆس ئیمبراتۆر) بوو .

سێیەم : کوشتنی (غەیلانی) ، یەکێک لە کەنارگیرەکان (معتزلە) . لەسەر دەستی خەلیفە (ھشام کوڕی عبدالملک) . غەیلان سەرپێچی ئەو بەزۆر چەسپاندنە (جەبریە) ی دەکرد کە ئومەویەکان جەختیان لەسەر دەکرد ، کەدەیانگوت گوایە ھەرچی بوەو ھەیە و لە ئایندەدا دەبێت ، فەرمان و تەقدیر و تەکبیری شاراوە و زانایانەی خودایە . بیدعەکەی غەیلان بەرپەرچی دانەوە و بە ناڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی بەڕونی بیدرکێنێت ڕایگەیاند ؛ (مرۆڤ سەرپشکە و لەسەر ھەڵبژاردنەکەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.....) .
(ئیبن عەساکر) لە مێژوەکەیدا دەگێڕێتەوە و  دەڵێت ؛ خەلیفە چەندساڵ لەوەپێش بەداخ بوو لە غەیلان . قیراندی بەسەریدا ؛ "دەستت درێژ کە" غەیلان دەستی درێژ کردوو خەلیفە دەستەکانی پەڕاند . ئینجا وتی ؛ "قاچت درێژ کە" قاچەکانیشی بە شمشێر پەڕاند .
پاش چەند ڕۆژێک ، پیاوێک بەلای غەیلاندا تێپەڕی ، کە لەبەردەمی ماڵەکەیدا و لە گەڕەکە ھەژار نشینەکەی دیمەشقدا فڕێدرابوو ، مێشو مەگەز لە دەستە پەڕیوەکانی دابوو . کابرا بە گاڵتە پێکردنەوە پێیوت ؛ "غەیلان ئەمە قەزا و قەدەرە گوێ مەدەرێ". ئەویش وتی ؛ "درۆت کرد نە قەزایە و نە قەدەرە". کاتێک خەلیفە ئەوەی بیستەوە ناردی غەیلانیان لەماڵەکەی ھێنا و لەسەر دەروازەی دیمەشق لە خاچی دا . پاشان (ئیبن عەساکر) لە مێژوەکەیدا دەڵێت ؛ کابرایەک ھاتە لای (عەببادە کوڕی نوسەی) و ڕایگەیاند ؛ کە میر ھشام کوڕی عبدالملک دەست و زمان و قاچی غەیلانی بڕیوە و لە خاچی داوە ، ئەویش وتی ؛ کارێکی چاکی کردووە و دەستخۆشیانەی بۆ دەنوسێت.
نمونەی تر زۆر و بێشومارن ، بەتایبەت لەسەردەمی حوکمڕانی خەلیفەکانی عوسمانیدا ، کە ئاین و خوداناسی و پیاوانی ئاینیان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵات و خزمەتی بیروباوەڕی نەتەوەپەرستی و کوشتن بەکار ھێناوە و تا ئێستاش لەم ھەرێمە ی ئێمە و زۆر شوێنی تری جیھاندا ئەمە درێزەی ھەیە .
ھیوا دەکەین بونی فرە ئاینی و ئاینزایی لە جیھاندا ببنە ھۆی گەشەکردن و تۆکمە کردنی پەیوەندی نێوان نەتەوە جیاکان و ھاوکار ی و خۆشەویستی کۆمەڵایەتی و خزمەتکردنی سەرجەم مرۆڤایەتی .


سەرچەوەکان :
لاھووتی عەرەب و بنەوانی توندوتیژی ئاینی : (یوسف زێدان)
تاریخ دمشق : ابن عساكر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×