(کرێت)ی نیشتیمان لەلای کازانتزاکیس لە ڕۆمانی "ڕاپۆرت بۆ گریگۆ"دا

هێمن ئەحمەد
  2023-01-27     457

ڕۆمانەکە نزیکەی 600 لاپەڕە زیاتر لەخۆ دەگرێت و یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگ و پڕ بەهاکانی نوسەر، کە وەڕگێردراوەتە سەر چەندین زمانی زیندو. بە کاریگەری ئەوەی کازانتزاکیس لەنێوان ساڵانی (1883-1957)دا ژیاوە، ڕۆمانەکە باسی زۆرێک لە ڕوداوگەل و بابەتە هەمەچەشنەکانی ساڵانی هەردوو جەنگی جیهانی دەکات. ئەو لەساڵی 1956 دەستی بەنوسینی ڕۆمانەکە کرد، بەناوی (ڕاپۆرت بۆ گریگۆ) و ڕاپۆرتێک لەبارەی ژیانی خۆیەوە ئاراستەی باپیرەی دەکات و لەگەڵی دەدوێت و "وەک و ڕەمزێک بەکاریدەهێنێت"، ئەویش (ئیگۆل گریگۆ)ی هونەرمەندی ئیسپانی بەڕەچەڵەک کرێتیە کە لەنێوان ساڵانی (1541-1614)دا ژیاوە.
لە هەمو شتێک سەرنجڕاکێشتر نوسەر لە میانەی گێڕانەوەی بەسەرهات و ڕوداوەکان، چەندین جار و لە زۆرێک لە لاپەڕەکاندا ناوی (کرێت)ی نیشتیمان دێنێتەوە یاد. وە هەر جارێک، وەک نمونە و شانازیەکی گەورە باسی؛ ژینگەکەی، بەرخودانی خەڵک دژی تورکەکان، ژن، جەنگاوەر، لاو، شوان، جوتیار، ئاژەڵێکی.... کرێتی دەکات.
دەتوانین بڵێین ئەم پابەندبون و لێکدانەبڕانەی کازانتزاکیس لە کرێتی نیشتیمان ئەم ڕەهەندانە لەخۆ دەگرێت:
یەکەم-ڕەهەندی نەتەوایەتی و نیشتیمانی: کازانتزاکیس هەر لەمنداڵیەوە گۆچکراوی بیروباوەڕی نەتەوایەتی و خۆشەویستی نیشتیمان بوو. ئەوەی لە قوتابخانەو مامۆستا زیاتر کاریگەری لەسەر ژیانی کردبو بەرخودانی کرێت بو دژی تورکە داگیرکەرەکان. هەرچەند ئەو لە تافی مێرمنداڵیدا و لەساڵانی 1897-1899 دا بەخێزانی لەبەر باری ناهەموار و جەنگی ناوخۆی کرێت کۆچ دەکەن بۆ دورگەی(Naxos)، کە دەسەڵات و چەوسانەوەی تورکی پێنەگەشتبو. بەڵام هەرگیز ڕۆژێک ئەو نەیتوانی هیچ شتێکی کرێت لەیاد بکات. هەر ئەم هەستەشە وای لێدەکات لەساڵانی جەنگی جیهانی دوەمدا، لەناو ئەو هەمو کێشمەکێش و شەڕ و دۆخە ئاڵۆزانەی قەوقازدا خۆی بگەیەنێتە ئەوێ، بۆ ڕزگارکردنی گیانی سەدەها هەزار گریکی دانیشتوی ئەوێ."کە لە باشوری قەوقاز کوردەکان بزماریان بە قاچی دیلەکاندا دادەکوتا و لەباکوریش بەڵشەویەکان بە ئاگر و تەورەوە بۆیان دابەزیبون"، نوسەر خۆی دەڵێت.
دووەم- ڕەهەندی دگیرکاری و چەوسانەوە: کازانتزاکیس هەر لە سەردەمی منداڵیەوە و کاتێک چاوانی کرانەوە و هزری پێگەیشت، دیمەنی ڕق و داگیرکاری و کوشتن و خوێنڕێژی تورکەکان هاتە پێش چاوی. ململانێ ی کرێتیەکان و تورکە داگیرکەرەکان وەک ئەو دەڵێت؛" یەکێکیان(گرێگستان) هاواری ئازادی و ئەوی تریان (تورک) هاواری مەرگی دەکرد".ئەو دەڵێت" سەردەمی منداڵیم، چاوەڕێی ڕۆژانێک بووم، تا منیش قۆڵی لێ هەڵماڵم و بەرەو جەنگ بڕۆم". کەواتە بەرگریکردن لە نیشتیمان و ئامادەبون و باوەڕبون بە بەرخودان لە منداڵیەوە لەناخی ئەودا ڕەگ و ڕیشەی داکوتابو.
سێیەم- ڕەهەندی خێزانی و ڕەچەڵەک: کازانتزاکیس دەڵێت " لەباوکەوە باپیرانم(عەرەب) چەتەی زەریا و جەنگاوەر بون، نە ترسیان لە خوداوەند هەبو نە لە مرۆڤ". لەسەردەمی (نیفوروس فۆکاس) ئیمبراتۆری بیزانس، کرێت لە عارەب پاک کرایەوە و ئەوانەی لە کوشتن ڕزگاریان بو، بەسەر چەند گوندێکدا دابەش بوون، ناونران (بەربەری). ڕیشەو بنەچەی باپیرانی لەباوکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ. نوسەر چەندجارێک باسی ئەم جیاوازیە لەڕەفتاری ڕەق و توند و توڕەیی باوکی دەکات کە لەسەردەمی مناڵیدا هەستی پێکردوە، بەبەراورد بە هەڵس و کەوتی باپیرانی لەدایکیەوە کەنەرم و نیان و قسە خۆش بوون. لە دایکیشەوە باپیرانی خەڵکی ڕەسەنی کرێت بون(گوندی میاگالۆ کاسترۆ) و جوتیاری دڵ و دەرون پاک بون و هەمیشە خەریکی زۆران بوون لەگەڵ کێڵگە و سروشتە جوانەکەی کرێتدا. کەواتە نوسەر وەک کرێتیەکی ڕەسەن هەرگیز ناتوانێت خۆی دابڕێنێت لە نەژاد و ڕەچەڵەک و ڕەسەنایەتی خێزانی خۆی.
چوارەم- ڕەهەندی ئاینی و کۆمەڵایەتی: کازانتزاکیس خۆی لە خێزانێکی دایک گریکی مەسیحی (ئەرسۆدۆکس)ی و باوکێکی عارەبی مسوڵمان هاتۆتە دنیاوە. پاشان لەمنداڵیەوە و سەرەتای دەسپێکی خوێندندا لەناو کۆمەڵگەیەکی فرە کەلتوری و نەتەوەیی و ئاینیدا(مەسیحی،مسوڵمان،جولەکە...)بیری گەشەی کرد. کازانتزاکیس خۆی باوەڕدارێک بو کە باوەڕی لەدەست دابوو. زۆربەی کاتەکانی ژیانی بە ململانێی نەتوانینی باوەڕهێنان بەسەربرد. بێ باوەڕێک بو دەیویست باوەڕ بهێنێت، بەڵام نەیتوانی لەباوەشی کەنیسەی مەسیحیدا بێت. لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە کەسایەتی ئەو جێگەی مشتومڕ بوە. ئەو ناوهێنراوە بە؛ بێ باوەڕ، بیرمەندی ئاینی، هەرتیق، بودی، کۆمۆنیست....هتد. لەسەردەمانێکی جیاوازدا، نیتچە، (بێرگسۆن)فەیلەسوفی فەرەنسی، (هۆمە) شاعیری دێرینی گریکی، لینین، بودا و مەسیح وەک ڕابەرانی ڕۆحی ئەو کاریگەریان دەبێن لەسەری.
(ڕاپۆرت بۆ گریگۆ) وێنەیەکی زیندوی سەردەمی منداڵی کازانتزاکیسی لە کرێت نەخشاندوە.کەلەلایەن تورکەوە داگیر کرابوو. ئەمەش لەسەرخۆ گەشەی کرد بۆ دۆزینەوە و گەڕان و پاککردنەوەی ڕۆحیی، کەبردی بەرەو ئیتاڵیاو ئورشەلیم و پاریس و ڤیەننا و بەرلین و ڕوسیا و قەوقاز و وڵاتانی عەرەبی لە کەناری دەریای ناوەڕاست و چین و یابان و هیند و ....هتد.پاشان لە کۆتایدا، گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتیمان.



 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×