ئۆخەێ ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی

هێمن ئەحمەد
  2022-03-23     718

 بەڕاستی جێگەی شەرمەزاریە بۆ کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانی وەها بیربکاتەوە کە هەر خۆی بونی هەیەو چاوی تەنها خۆی و بەرژەوەندی و خۆشیەکانی خۆی ببینێت. ئاشکرایە ئەم دیاردەی خود پەرستیە لەڕادەبەدەرە هۆکاری زۆرە، بەڵام لەسەرو هەمویانەوە تکێچونێکی باری سایکۆلۆجی و ڕەفتار و ئیتیکی کەسەکانە. بڕوانن خەڵکی بەگشتی هاواریانە لەدەست نادادی، نەبونی ماف، گرانی، بێ موچەیی، نەبونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و...هتد.
 کەچی دەبینین ئەمە تەنها جۆرێکە لەگازاندە و کوڕوزانەوەیەکی ڕۆژانە و بوە بە ڕۆتین. بەبێ ئەوەی کەسەکان هیچ هەڵوێستێکی مرۆڤانەیان هەبێت کە  هەست بکەن کۆمەڵە خەڵکێکی تر هەن هاوڵاتین و ژیانیان لە ناهەمواری و بارگرانیدا بەسەر دەبەن. ڕۆژانە لێرە و لەوێ چەندەها کارەساتی ناخ هەژێن و نامۆ ڕودەدەن، کەچی خەڵک وەک وشترمر سەریان دەکەن بەناو خۆڵدا تا خۆیان لەگێلی بدەن و نەبینن چی دەگوزەرێت. هەموان دەبیستین کەسانی بەساڵاچو و خانەنشین شەوان لەبەردەمی بانکەکاندا ئێشک دەگرن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان. لەوەش ناسۆر تر ژمارەیەک هەر لەوێدا گیان لەدەست دەدەن.کەچی ئەمە ویژدانی هیچ کەسێک ڕاناچڵەکێنێت. دەیەها خێزان سەری خۆیان هەڵدەگرن و لەڕێگەی هاندەران نوقومی ژێر دەریاکان دەبن. ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان لە ژێر پاسا و بیانوی بێمانادا دەکوژرێن. خاوەن پێداویستی تایبەت بێ ڕێزی پێدەکرێت و گرنگیان پێنادرێت و بگرە ئەو بڕە پارە کەمەی هەیانە پێیان نادرێت. چەندجارێک لەڕوداوی هاتوچۆدا مەرگی بەگۆمەڵ ڕودەدات و هەندێک جار هەمو ئەندامانی خێزانێک دەبنە قوربانی بەهۆی نادروستی ڕێگەوبانەکان. چەند گەنجێک دەخنکێن  لە ئاودا و لاشەکانیشیان نادۆزرێتەوە...هتد.
 بەڵام لەلایەکی ترەوە بڕوانە ڕەفتار و بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە و بگرە کەسایەتیە ئاینیەکانیش ئەم شتانە ڕایان ناچڵەکێنێت و هیچ هەڵوێستێکیان نیە. بە گشتی خەڵکی لە ئێستادا تەنها خۆی و خواستەکانی خۆی لا گرنگەو بەس. ئیتر ڕۆژانە چی ڕو دەدات با ڕوبدات. کۆمەڵگەیەک ڕێز لە باوانیان نەگرن و گرنگی بەژیانی پیر و پەکەوتەکانیان نەدەن کە لەبەرچاویاندا گیان دەسپێرن، ئیتر دەبێت چاوەڕێی چیان لێبکرێت!
 شێوازی ژیان لە ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا وەک دیسکۆیەکی شەوانەی لێهاتوە، هەرکەسە و تەنها خەیاڵی لای هەڵدانی پێکی خۆیەتی و مەراقی سەمایەکی گەرم و گوڕە تەنها بۆخۆی. ئیر خوا نەکات یەکێک بکەوێت و ببێت بەژێر پێوە، خۆ ئیتر دەبێت ئەو کەسە دەستی لێبشۆرێت. لەجیاتی دەست بدەنە دەستی و ڕاستی بکەنەوە، ئەوا هەرکەسێک دێت و بەسەریدا دەکەوێت، خۆ کاکی مەستی سەماکەر تێناگات کە سەماکردنیش بەبێ دۆست و هاوڕێ نزیکەکان هیچ لەزەت و خۆشیەک نابەخشێت و بەردەوام تۆش لە خۆشیدا نابیت. کورد واتەنی "شین و شایی دەستەوامە" ئەمڕۆ لە ئەوە سبەی لە تۆ. کەواتە پێویستە هەموان وەک مرۆڤ پاشانیش هاوڵاتی ئەم هەرێمە ڕەفتار و بیرکردنەوەمان بەرانبەر کەسانی تر جوان بێت. دەرون و ویژدانمان ڕاچڵەکێت کاتێک ناسۆری و ناهەمواریەکانی خەڵکانی تر دەبینین، نەک ببینە کەسێکی خۆپەرست و هەل پەرست و تەنها هەڵپەمان بێت بۆ سود و بەرژەوەندیەکانی خودی خۆمان و بەس. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×