تکایە (هەژماری من) با هەر هی ئێوە بێت‌‌و موچەکانمان پێبدەن

هێمن ئەحمەد
  2023-03-15     611

وابڕیارە لەئێستا بەدواوە موچە مانگانە بەشێوازی بانکی و هەژماری بدرێت. هەرچەندە موچە خۆران هیچ چاوەڕوانیەکی باشیان بۆ پڕۆژەی (هەژماری من) نیە، چونکە چەندەها بەڵێنی ناڕاست و پڕۆژە و هەڵا هەڵای گەورە، لە پێشان و لەماوەی دەسەڵاتی کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتی هەرێم بەگوێی خەڵکی و موچەخۆراندا دراوە، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکران و بەڵێنەکان ڕاست دەرنەچون. لەوانە؛ چاکسازی، سیستمی کۆدی بایۆمیتری، پڕۆژەی (کەپکۆ) بۆ دابەشکردنەوەی داهاتی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا و...زۆری تر.
کێشەی سەرەکی موچەخۆران ڕێگە و شێوازی موچە وەرگرتن نیە ئەوەندەی کێشەی لێبڕین، پاشەکەوت، ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە و دواخستنی موچەیان هەیە.
ئینجا موچەخۆران وا مەزەندە دەکەن پڕۆژەی (هەژماری من) پڕاوپڕ بێت لە کێشە و گیروگرفت وەک و هەمو بابەت و بەڵێنەکانی تر لەوانە؛ ئامادە نەبونی دامودەزگانی حکومەت و بۆچونی سەرنەکەوتنی پڕۆژەکە بەهۆی نەبونی بنکە و بۆکس و ئامێرەکانی موچەدان، و ترسی نەگەیشتنی موچە لەکاتی خۆیدا، نەگەیشتنی بڕی موچەی تەواو، گومانی لێبڕینی بڕە پارەیەک لە موچە بەبیانوی بیمەی تەندروستی، یان کارا نەبونی کارتەکە و هەژمارەکە، نەتوانینی دەرکردنی هەمو بڕە پارەی موچەکە بە یەکجار چونکە هەمو هەژمارێک تەنیا بڕە پارەیەکی دیاریکراو دەدات لەڕۆژێکدا بۆ نمونە ڕۆژی(200 هەزار) یان پێدەچێت بنکەی بۆکسەکە پارەی تەواوی تێدا نەبێت کە ئەمە زۆر چاوەڕوانکراوە. ئەی کە ئەژمارەکەت کێشەی هەبو وە مانگێک چاوەڕێی موچە بویت و نەگەیشت پاشان موچەخۆر چی بکات و دواکاری لە کوێوە بۆ کوێ بەرز بکاتەوە. خۆ گەر لەڕێگەی فەرمانگەکەیەوە نوسراو بەرز بکاتەوە چەند مانگێک دەخایەنێت تا وەڵامی نوسراوەکەی دەدرێتەوە. ئایا ئەو ماوەیە موچەخۆر چۆن بژێوی خۆی ڕێکبخات؟
کێشەی سەرەکیتر ئەوەیە هیچ شوێنێکی گشتی و حکومی ئامەدە نەکراوە بۆ قبوڵکردنی بەکارهێنانی ئەو هەژمارە لەجیاتی پارەی کاش. بۆ نمونە هیچ پلانێک نیە بۆ بەکارهێنانی هەژمارەکە لەکاتی پارەدانی کارەبا، ئاو، باج، هاتوچۆ....هتد. لەشوێنە گشتیەکانیشدا هیچ ئامادەکاریەک نەکراوە بۆ بەکارهێنانی هەژمارەکە لە مارکێت و مۆڵ و هۆتێل و ڕێستوڕانت و شوێنەکانی تردا. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە سەراپا پڕ بێت لە گرفتی تەکنیکی و کرداری.
دەربارەی پڕۆژەی (یەک پەنجەرە)ش، هاوڵاتی ئەوەندەی هاوار و گازاندەیەتی لە دەست سەندنی باج و خەڕاج و سەرانەی یەکجار زۆر و نابەرابەر و نا دروست، هەرگیز نیو هێندە گلەیی نەبوە لەزۆری پەنجەرەکان و ڕۆتینەکانی مامڵەکردنی ڕۆژانە لە فەرمانگەکاندا.
گەر دەسەڵات دەیەوێت تۆزێ لە ئەرک و ماندوبونی هاوڵاتی کەم بکاتەوە، پێش هەمو شت دەکرێت ڕێژەی سەپاندنی باج و خەڕاجی زۆرە ملێ و نرخی کاڵا و خواردەمەنی لەسەر هاوڵاتیان کەم بکەنەوە. بەڵام ئەمە پێچەوانەکەی دەبینرێت و بەهۆی بەرز بونەوە و  لێسەندنی باج و گرانکردنی نرخی کارەبا و ئاو و ....هتد زۆرێک لەکۆمپانیاکان و شوێنە گشتیەکان لەکارکردن وەستاون و زیانێکی زۆری بە دۆخ و داهاتی خاوەن سەرمایە لەلایەک و بەهاوڵاتیش لەلایەکی تر گەیاندوە و هەزاران کەس بێ کار و داهات بوون.
بۆیە کورد وتەنی دەڵێین؛ "چاکی مەکەن با خراپ نەبێت". با هەژمار هەر هەژماری خۆتان بێت نەک هی ئێمە و پەنجەرەکانیش با هەر ژمارەیان زۆر بێت نەک بکرێنە یەک، چونکە هاوڵاتیان لە هەر داهێنان و گۆڕانکاریەکتان زیڕەی کردوە و وا چاوەڕوان دەکەن کە هەرگیز ئەم پڕۆژە و هەڵاهەڵایانە لەبەرژەوەندی ئەواندا نیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×