ئەو تابلۆیەی،بەمنداڵی ھەموو شەوێک خەوی دەزڕاندم

هێمن ئەحمەد
  2020-10-20     744
تابلۆیەک بەرانبەر جێگە خەوەکەم بە بەرزی ھەڵواسرابوو،بە شوشەوە لە چوارچێوە گیرابوو.بۆم دەرکەوت تابلۆکە دیاری کەسێکی زۆر خۆشەویست بوو،بۆیە وەھا دەپارێزرا.
وێنەکە بە پێوانەی(٧٠بە٥٠)سم دەبوو.نمایشی جەنگێکی خوێناوی چەند ھەزار ساڵی پێش ئێستای نێوان سوپای مسوڵمانان و بێ باوەڕەکانی دەکرد.
کوشتار و خوێن ڕشتن لەو ڕوبەرە بچوکەدا بە جۆرێک بوو تەواو تۆقێنەر.ھەردوو سوپا بەرانبەر یەک وەستابوون،ماوەی نێوانیان تەنھا یەک بست دەبوو.خوێن ڕەنگی زەوی سور کردبوو،لاشەی جەنگاوەرە کوژراوەکانی ھەردوو بەرە و ئەسپەکان تێکەڵ ببون.ئەوەی زۆر منی تۆقاندبوو؛جەنگاوەرێکی باڵا بەرزی دەم وچاو جوان و پۆشتە و تۆکمەی زرێ لەبەر بەگەورەیی لە پێشەوەی تابلۆکە نەخشێنرابوو. بە دەستی ڕاستی شمشێرێکی سەراپا خوێناوی  ڕاکێشابوو،بەدەستی چەپیشی کەڵلەی کەسێکی بە قژ ھەڵگرتبو کە تازە لەلاشەکەی جیاکرابۆوە و خوێنی لێدەچۆڕا و لاشەکەشی لەسەر زەوی کەوتبو.بەڵام ئەم دەموچاوە سەربڕاوە زۆر ترسناک و ناشیرین دروست کرابوو (وەک نمونەی کەسێکی بێ باوەڕ).
ئەوەی زیاتر ھەموو ھزری داگیرکردبوم ئەوە بوو کە ئایا دەکرێت ئەم ھەمو کوشتار و خوێن ڕشتنە و کێشمەکێشە لە ڕوبەرێکی وەھا بچوکدا ڕوبدات؟ئەی بۆچی نا.
کارەساتی گەورە و سامناکترین سات ئەو ساتانە بوون کە لامپی ژورەکە دەکوژایەوە یان دەگۆڕا بۆ لامپی خەو،ھەرچەند دەم و چاوم بە پێخەفەکەش دادەپۆشی بەڵام ئەو ترسەم ھەر نەدەڕەویەوە.خۆ گەر پێخەفەکەشم لابدایە تا ھەناسەیەکی پاک ھەڵمژم،دیسان ڕوداوە ناھەموارەکانی ناو تابلۆکە یەخەیان دەگرتمەوە.بۆیە بەدرێژایی شەو بەترسەوە دەمڕوانیە تابلۆ و دیوارەکەی بەرانبەرم.ئاخر ناکرێت بۆ ئەمە سەرزەنشت بکرێم.چونکە ھەموو شەوێک چاوەڕێ بووم ئەم دوو سوپایە بدەنەوە بەیەکدا و ھەموو ئەو کارەساتانە چەند بارە ببنەوە.ھەرچەند من نەمدەتوانی خۆم بخزێنمە ناو ھیچ بەرەیەکیان،بەڵام چاوەڕوانی ئەوەش بووم  شەوێک منیش ببمە قوربانی پێکدادانی ھەردوو سوپاکە.
تەمەنم بوو بە ھەشت نۆ ساڵان ڕۆژێک خودا کردی و تابلۆکە کەوتە خوارەوە لە دیوارەکە،بەشێکی زۆری دڕا و لەگەڵ شوشەدا لەت و پەت بوو،دەمویست لێی نزیک ببمەوە و ئەو بەشەی بەساغی ماوەتەوە منیش تۆڵەی خۆمی لێبکەمەوە و پەژارەی چەند ساڵەمی پێ بڕێژم و ئەوەندەی تر لەت و پەتی بکەم.بەڵام ھەستم دەکرد ھەر ترسم تێدا ماوە و نەمدەوێرا ئەوە بکەم.ھەر چۆنێک بێت لە کۆڵ ئەم خێوە بومەوە و چیتر لەبەر چاوم نەما،بەڵام پاش چی.
ئێستا زۆر باش تێدەگەم و دەزانم ئەو تابلۆیە حەقیقەتی ژیان و کەلتوری ھەموو شوێنێکی ئەم وڵات و کۆمەڵگایەی نمایش دەکرد کە تێیدا دەژین.ئێ خۆ ئەو کارەسات و ڕوداوە سامناکانەی ھەموو خەوەکانی منداڵی منی زڕاندبوو ھیچیان زیاتر نەبوو لە لە ھەموو ئەو زوڵم و کوشت و بڕین و کۆمەڵ کوژی و بەیەکدادانەی کە ئەمڕۆ لێرەو لەوێ لەم وڵاتەدا ڕودەدەن.کەواتە ئەو تابلۆیە ئەوەی نمایشی دەکرد ھیچی نامۆ نەبوو.چونکە بەدرێژایی ژیانمان نەک ھەر جارێک چەندەھا جار و ڕۆژانە ڕوداوەکانی ناو ئەو تابلۆیە دێنەوە بەرچاو و ئێمەش بەردەوام تەماشایان دەکەین بەبێ ئەوەی ھەستمان ڕاچڵەکێنێت یان وەک مرۆڤێکی سەردەمیانە نییگەرانمان بکات و نامۆ بێت بە ژیان و بیرکردنەوەمان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×