لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر جیھان لەئێستا و داھاتوودا

هێمن ئەحمەد
  2020-04-17     1467
گومانی تێدانیە کە پەتای کۆرۆنا کاریگەری و لێکەوتەی دەبێت لە بوارەکانی ؛ ئابوری و تەندروستی و پەیوەندی دەوڵەتان وکۆمەڵایەتی (کەلتوری) و پەروەردە ( ڕۆشنبیری) و سەربازی و ژینگەیی (زەوی) و دەرونی تاک و ھزرو ھەستی مرۆڤایەتی.
ھەموو دەزانین ئەو بوارەی کۆرۆنا زۆرترین کاریگەری لەسەر داناوە ئابوریە.کە ھەندێک لە دەوڵەتان ئابوریان بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ ئاستێکی نزم دابەزیوە و ھەتا گەیشتە ئەو ڕادەیەی ھەندێک لەوانە مایەپوچبوونی خۆیان ڕاگەیەنن. ئاشکرایە باری ئابوری دوای کۆرۆناش بەئاسانی و بەزویی چارەسەر ناکرێت و ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوو، گەرچی ھەوڵی بەردەوامیش ھەبن بۆ ئەو مەبەستە.
کاریگەری لەسەر بواری تەندروستیش لەوەدایە کە زۆربەی گرنگیپێدانی دەوڵەتان و بگرە تاکەکانیش لەسەر بواری تەندروستیە.
لەبەرئەوە بودجەیەکی زەبەلاح تەرخانکراوە بۆ کەمکردنەوە و ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی پەتاکە. وە دەبینین لەھەندێک وڵات کارمەندان و دامودەزگای تەندروستی تەواو شەکەت کردووە، ھەرچەند خاوەنی باشترین سیستمی تەندروستی جیھانین لەوانەش ئیتالیا.ھەرچەند پێدەچێت پەتاکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەرتی تەندروستی جیھانی جێبھێڵێت بەوەی کە وڵاتان و تاکەکانیش گرنگیەکی زیاتر بە ڕۆشنبیری تەندروستی بدەن لە داھاتوودا.
پەتای کۆرۆنا کاریگەری تەواوی لەسەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیش داناوە.دەبینین پەیوەندیەکان لە ئاستێکی نزمدا بەڕێوەدەچن و کونگرە جیھانیەکانیش پچڕپچڕ دەبەسترێن.ھەندێک جاریش دەبیستین لێرەولەوێ سەرۆکی وڵات یان وەزیر و کاربەدەستە باڵاکان لەنێو توشبوان و قوربانیانی پەتاکەدان وەک ئەوەی لە ئێران و ئیتاڵیا و کەنەدا و ئیسپانیا ھەیە. ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە ھەزارەھا گەشتی فڕۆکەوانی و دەریایی و وشکانی ڕاگیراون . پێشان دەبیینرا کە زۆربەی وڵاتان سنورەکانیەن بەڕوی یەکتردا واڵاکردبو بەنمونەی وڵاتانی ئەوروپا کە ئازادی و کارئاسانیەکی لەڕادەبەدەریان بۆ ھاوڵاتیەکانیان فەراھەم کردبوو.زۆر جار تەنھا ھەبونی پێناسێک بەسبوو بۆ دەربازبوون لەناو سنوری چەند دەوڵەتێک.بەڵام چیتر سنورەکان واڵا نەمان و توند قایمکران و جموجۆڵ و ھاتوچۆش کۆتایی پێھات و ھەر وڵاتەو خۆی دابڕیوە لەویتر...وە ناشزانرێت ئەم بارە کەی ئاسایی دەبێتەوە لە داھاتوودا.
وادەبینرێت لەئێستا و داھاتوشدا پەتاکە کاریگەری کۆمەڵایەتی وکەلتوری ھەبێت چونکە چیتر خەڵکی و نەتەوەکان ناتوانن لە بۆنە نەتەوەیی و ئاھەنگ و فێستیڤاڵ و پرسەکاندا بێباکانە گردببنەوە و لە خۆشی و ناخۆشیەکاندا ھاوبەشی بکەن.گەر پەتاکەش کۆتایی ھات بەردەوام ترسێکی گەورەی دەرونی لای تاک جێدەھێڵێت کە بەئاسانی ئەو ترسە ناڕەوێتەوە.ئەمەش کاریگەری کەلتوری و کۆمەڵایەتی لای ھەر نەتەوەیەک جێدەھێڵێت.وە ئەوەش دەزانین کە نەتەوە ھەن زۆر حەزو تامەزرۆی ژیانی کۆمەڵایەتی و پێکەوەبوون دەکەن لەوانەش جولەکەکان وئیتاڵیەکان و کوردەکان و...ھتد.
کاریگەری لەسەر بواری پەروەردە و ڕۆشنبیریش زۆر بەزویی ھاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی پەتاکە. ڕاستەوخۆ زۆربەی وڵاتان دەستیان کرد بە داخستنی ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و خوێندن .لەداھاتوش ئەم ناوەندانە جێگەی مەترسین بۆ گوێزانەوەی پەتاکە.چونکە شوێنی گردبونەوە و تێکەڵبونی بەشێکی زۆری ھاوڵاتیانن و نەتەوە جاوازەکانیشن.بۆ نمونە گەر تۆ خوێندکارێکی زانکۆی ئەم ھەرێمە بیت پێدەچێت مامۆستای زانکۆکەت بیانی بێت و مەترسی ھەڵگری ئەم ڤایرۆسەی لێبکرێت.وە لە ناوەندەکانی خوێندنیشدا ئاسان نیە لە داھاتوودا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکار لە پۆلێکدا تێکەڵ بکرێنەوە، تایبەت لەھەندێ وڵاتانی خۆرھەڵاتدا.
کاریگەری پەتاکە لە بواری جەنگ و سەربازیدا لێرەوە بەدەرکەوت کە وڵاتان و بەتایبەتیش زلھێزەکان ،فۆکەسیان خستە سەر ڕێڕەوی پەتاکە و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنی پەتاکە ھەر بۆیە لەماوەی چالاکبوونی پەتاکە ،شەڕ و پێکدادانەکانیش کەمبونەتەوە، تا ڕادەیەکیش لەزۆربەی بەرەکانی جەنگ ئارامیەک دەبینرێت.چونکە گرنگیدان لەسەر پەتای کۆرۆنا بۆتە خەمی یەکەم.
گومانی تێدا نیە بەھۆی وەستانی زۆربەی کارخانە و ھۆیەکانی گواستنەوە و  بەکار نەھێنانی شوێنە گشتیەکان و وەستانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبون لە جێگەی دارستانەکان کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ڕێکخستنەوە و پاکبوەنەوە و پشودانی ژینگە وە ئەم کاریگەریە لە ئێستادا زۆر ڕونە بەتایبەت لە شارە پیشەسازی و گەورەکان و لەداھاتوشدا ئەم کاریگەریانە زیاتر دەردەکەون. 
ئەم دۆخەی پەتای کۆرۆنا ھێناویەتە ئاراوە کاریگەری بەھێزی لەسەر دەرونی تاک دروستکردوە .ھەر لەوەی تاک مەترسی ڕاستەوخۆی بەرکەوتەی نەخۆشیەکەی ھەبێت یان  دریژبونەوەی دۆخەکە بۆ چەند مەنگ و ساڵێکیتر و سەرھەڵدانەوەی لە ساڵانی داھاتوودا.گومانێک لە دەرونی تاکدا دەخوڵقێنێت کە ھەمیشە وەک گرێیەکی ئاڵۆز لەژیانی داھاتویاندا سەیری بکەن.سەرەڕای دروستکردنی بارگرانی و ناھەمواری بژێوی بۆیان ھەمیشە تاک وا بیردەکاتەوە کە پاشەڕۆژێکی ڕون بەدیناکات و نائارامی دەرونی پێوە دیاردەبێت.
سەرەڕای ئەم ناھەمواری و کاریگەریانەی باسکران ،دەکرێت سەردەمی دوای کۆرۆنا وەرچەرخانێکی مێژویی بێت لەھزر و ھەستی موۆڤایەتیدا،کە مرۆڤەکان باشتر تێگەیشتنیان بۆ ژیان ھەبێت و حەز بە یەکسانی و ھاوکاری یەک بکەن.بەوەی دەکرێت پەتاکەو کاریگەریەکانی پەند و وانەیەک بن بۆ سەرجەم چینە جیاوازەکان و مرۆڤایەتی.کە چۆن لە ناھەمواری و بارگرانیەکانی سەرزەویدا ھەموو بەشدارن ئاوەھاش لە خۆشی و داھات و مافەکانیشدا ھاوبەش و یەکسان بن.
باشترە لە ئێستاوە بەیەکەوە چاوکراوە بین بۆ بینینی کاریگەری و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنادا لە داھاتودا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×