چاومان لەسەر کامێرا گیرفانبڕەکانتان  یان لەسەر تاسە جەرگبڕەکانتان بێت؟

هێمن ئەحمەد
  2024-02-05     272

 

ھێندەی نەماوە ژمارەی کامێراکانیش نزیک ببنەوە لە ژمارەی تاسەی ناو ڕێگاو شەقامەکان.
گەر بڕوانینە جادەو ڕێگاکانی ئەم شارە و دەوروبەری، ئەوا ھیچ ستاندارد و پێوانەیەکی ڕێگاوبانی سەردەمی و نێودەوڵەتی بەدی ناکەیت. بەڕاستی سەیر و سەرسوڕھێنەرە، لەجیاتی باشترکردنی دۆخی ڕێگاوبانەکان و دانانی ڕێژەی پێویست لە؛ ھۆکارەکانی ڕونکردنەوە و ئاماژە و ئاگادارکردن، ڕوناک کردنەوە، سەوزکردنی ناوەندی شەقامەکان، فراوان کردن یان دروستکردنی شەقامی نوێ، ئەوا بەردوام ھەوڵدەدەن شەقامەکان بە کامێرا بڕازێننەوە.
باشە پرسیارێکی لۆژیکانە، شۆفێر پێویستی بە چەند چاو ھەیە بۆ بینینی ئەم ھەمو نالەباری و تاسە و ھەمپی نایاسایی و ژمارە زۆرە لە کامێراکانی خێرایی سەر شەقامەکان؟
دەبو شۆفێرانی ئەم ھەرێمە مۆڵەتی لێخوڕینی نێودەوڵەتی و  خەڵاتی شۆفێری سەرکێش و لێھاتویان پێ ببەخشرایە، چونکە ڕۆژانە دەتوانن خۆیان لەم ھەمو کۆت و ھۆکاری مەرگ و کامێرا تاڵانکەرانە ڕزگار بکەن.
ھەمیشە شۆفێر لە ترس و دڵەڕاوکێی نێوان دوو بژاردەدا لێدەخوڕێت، ئایا خۆی لە و ھەمو تاسە و نالەباریەی تێکشکانی ئۆتۆمبێل و ھەندێ جاریش ھۆکاری گیان لەدەستدانی خۆی و سەرنشینەکانی بپارێزێت، یان خۆی لەسزای ڕیزە کامێرا کانی سەر شەقامەکان بەدور بگرێت؟
ئاشکرایە بەم شێواز و ژمارەیەی دانانی کامێرا ی سەرپێچی لێخوڕین، تەنھا مەبەست لێی پارەکۆکردنەوە و تاڵانکردنی گیرفانی خەڵکە. کە بڕی پارەی سەرپێچی بە ھیچ جۆرێک ناگونجێت لەگەڵ داھاتی ڕۆژانە و بژێوی تاک. پێویستە پێشان بیر لە ھەبونی شەقام و ڕێگەوبانی لەبار بکرێتەوە، گەر ھیچ نەبێت بە نیو ستانداردی جیھانی، پاشان بیر لە ڕێکخستنی ھاتوچۆ و جێگیرکردنی کامێراکان بکەنەوە بەشێوەیەکی گونجاو. 
خۆ ھەر بەتەنھا ئەم ژمارە زۆرەی کامێراکانی سەر ڕێگاوبانە شەقوشڕەکان نەبونەتە جێگەی نیگەرانی ھاوڵاتیان. لەزۆربەی فەرمانگە و سێکتەرە جیاوازەکاندا و تایبەت لە پۆلی خوێندنگەکاندا کامێراکان دەنگ و وێنە دەگوازنەوە، کە ئەم شێوازە پێچەوانەی یاساکانی بەکارھێنانی کامێرایە و ڕێگە پێدراو نیە. بەڵام لەبەر بژێوی قورس و بارگرانی دۆخی ھاوڵاتی  وەک بابەتێکی لاوەکی سەیر دەکرێت و نەبۆتە جێگەی مشتومڕی ڕژد و بابەتی سەرەکیان. 
پەنا بەخوا تەنانەت لە ژمارەو سیستمی کامێراشدا لە پێش ھەمو جیھانەوەین.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×