ئاستی ژیانی موچەخۆرانو کرێکاران لەکوردستان زۆر نزمترە لە ئاستی ژیانی سۆشیال
هێمن ئەحمەد
2020-06-17   1010
بەراورد بە سیستمی کار و سۆشیالی وڵاتانی ئەوروپا دەتوانین بڵێین ھەموو مووچەخۆران و زۆربەی زۆری کارکەرانی کوردستان بێکارن . چونکە ئاستی مووچە و داھاتی تاکە کەسی نەک ھەر زۆر نزمە بگرە فەراھەمی بەشێکی پێویستیەکانی ھاوڵاتیش ناکات . گەر مووچەی ھەندێک مووچەخۆر بە نمونە وەرگرین ، دەبینین ھەموو مووچەکەی کرێێ خانوەکەی بۆ دابین ناکات . سەرەڕای نادادپەروەری و ناھاوسەنگی موچە لە کەرتێک بۆ کەرتێکی تر . جاری واش ھەیە نەخوێندەوارێک مووچەکەی چەند بەرانبەری خاوەن بڕوا نامەیەکە .
ژیانی سۆشیال کە بونی ھەیە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا ، زۆر بەرز و تێروتەسەل ترە لە ئاستی ژیانی مووچەخۆر و بگرە کارکەرێکیش لە کوردستان . بەتایبەت کە ھاوڵاتی خاوەنی چەند منداڵێک بێت ، ئەوا مووچەیەکی باش وەردەگرێت ، کە تەواوی پێویستەیەکانی بژێوی ڕۆژانە پڕدەکاتەوە . خۆ ئەگەر ئەندامێکی خێزان خاوەن پێداویستی تایبەت بێت ، ئەوا مافی زیاترە و چاودێری و ھاوکاری زیاتر دەکرێت . لە ھەندێک لەو وڵاتانەدا دایک و باوکیش بەھۆی مندااڵەکانیانەوە خەنی دەبن و بڕێکیش پاشەکەوت دەکەن و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی دایک دەتوانن ببنە خاوەنی ئۆتۆمبێل ، خانو ...، چونکە مووچەیەکی باشیان پێدەدرێت .لەوانەش وڵاتانی نەرویج ، ئەڵمانیا ، بەریتانیا...ھتد .
ھەتا لەولاتێکی وەک بەریتانیادا منداڵ خاوەنی دوو مووچەیە یەکیان دەوڵەتیە و ئەویتریان ھاوکاری شاژنی بەریتانیایە .ئەمە بێجگە لە ھەندێ یارمەتی تری منداڵان لە شیر و پێداویستی ناوماڵ . بۆیە خێزانە ڕۆژھەڵاتیەکان خواستی دروستکردنی خێزانی گەورە و منداڵی زیاتریان ھەیە لەوانە ؛ پاکستانیەکان ، ئێرانیەکان ، کوردەکان ،ھندەکان....
لە ئەوروپادا ئەوانە بۆیان ھەیە ببنە خاوەنی سۆشیال کە ھیچ کارێکیان نیە و ئەوانەی کاتەکانی کارکردنیان لە نزیکەی ٢٠ کاتژمێرێک بێت لە ھەفتەیەکدا ، ئەوا بەشێک لەو ھاوکاریە وەردەگرن وەک کرێی خانو ، باجی شارەوانی (council tax)...
ئێمە ناتوانین لە کوردستان مووچەخۆر ناو بنێین کارکەر ، ئەویش لەبەر دوو ھۆ ، یەکەمیان کە کاتەکانی کارکردنی تەواو نیە و زۆربەی مووچەخۆران کۆی کاتەکانی کارکردنیان ناگاتە (٢٠ بۆ ٢٥) کاتژمێر لە ھەفتەیەکدا و گەر واش بێت ، ئەوا کارێکی بێ چاودێری و سست و ناتەوا و ئەنجام دەدەن . بەھۆی لێنەپرسینەوە و قۆستنەوەی ھەلی قەیران و خزم خزمێنە و ھەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی و گەندەڵی زۆربەی مووچە خۆران تەنھا شوێنیان گرتوە و بەتاڵیەکی بێھودەیان پێ پڕکراوەتەوە . ئینجا ئەمە بۆ ھەمو بوارەکان ڕاستە ، ھەر لە بوارەکانی خزمەتگوزاریەوە بۆ سەربازی و ئەوا پەروەردە و تەندروستی و ھاتوچۆ و ھەر باس نەکرێن باشترە . دووەم لەبەرئەوەی زوبەی مووچەکان کەڤەری پێداویستیەکانی ھاوڵاتی ناکات ، بگرە بابەتە سەرەکیەکانیشی بۆ دابین ناکات .
ھاوڵاتیش ناچار و بەردەوام بۆ دابین کردنی بژێوی ھەڵپەیەتی و پەلاماری چەند کارێک دەدات لە ھەمان کاتدا . ئەم دۆخەش پشێوی و بارێکی دەرونی ناتەندروستی بۆ ھاوڵاتی دروست کردووە بەتایبەت سەرۆک خێزان . بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ ئاستی بژێوی و بارودۆخی گوزەرانی تاکی کوردی لە ھەموو بوارەکاندا لە پاشەکشەدایە و کۆمەڵگا بەرەو ژیانی سەرەتایی و ھەژاری ملدەنێت .