ئیسلامۆفۆبیا و ئەنتیسەمەتیزم

هێمن ئەحمەد
  2022-04-26     327

 هەردوو دیادەی (Islamophobia) ترس لە ئیسلام و (Antisemitism) دژە جولەکەبوون ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵ و فراوانیان هەیە لە ئەوروپا و ئەمریکادا. هەرچەندە ئەم دوو دیاردەیە جاوازن لە سروشتیاندا و شێوازی جیاواز نیشاندەدەن لە تێوەگلانێکی ئاڵۆزی کۆمەڵگە فرە نەژادی و ڕەگەزی و ئاینیەکانی ئەوروپای مۆدێرن و ئەمریکادا، بەڵام هەندێ جار دەستەواژەی (ئیسلامۆفۆبیا) هاوشێوە و خوازەیە بۆ (ئەنتیسەمەتیزم). پنتی وێکچونیان لەوەدایە کە هەردوو دەستەواژەکە هەستکردن بە ترس و دژایەتی کردن و ڕق لێبونەوە و هەستی دەمارگیری و بەکەم دانان و ئیهانەکردنی نەتەوەیەک، نەژادێک یان خەڵکانێکی خاوەن ئاینێکی دیاریکراو دەگرێتەوە. لەکاتێکدا خاڵی سەرەکی جیاواز بونیان ئەوەیە کە لەناوبردنی بەکۆمەڵ و سڕینەوەی تەواو مەبەستی سەرەکی دژە مسوڵمان نیە، وەک ئەوەی لەژێر ناوی(Haloccaust) کۆمەڵکوژی لەگەڵ جولەکەکاندا لەسەردەمی نازیەکاندا ڕویدا.پاشانیش ئیسلام زیاتر وەک دوژمنێکی دەرەکی سەیر دەکرێت بەڵام جولەکە مەترسی سەرەکی ناوخۆی دەسەڵاتەکەی هتلر بوون. وێڕای هەبونی هۆکاری تایبەت و سەردەمی جیاوازی سەرهەڵدانی هەر دیاردەیەکیان. ئیسلامۆفۆبیا تەنها ڕق و دژایەتیکردن و ترسان نیە لە ئیسلام و مسوڵمان بەڵکو ڕوانینێکی نەرێنی و دژە بەرانبەر هەمو دروشم و بەها ئاینیەکانیش لە حیجاب، مزگەوت، نوێژ...،هتد.کە بەشێک لە پارت و ڕێکخراو و مێدیا  نەژادپەرست و دەمارگیرە ئەوروپیەکان لەپشت بەهێزکردن و وروژاندنی ئەم تێڕوانینەن، کە گوایە زیادبونی ژمارەی مسوڵمانان کاریگەری نەرێنی و مەترسی دروست دەکات لەسەر کۆمەڵگەکانیان. 
مێژوی دروستبونی ئیسلامۆفۆفیا نوێ نیە، بەڵکو دیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پێشو. لەنێوان ساڵانی (1790-1952) پێست سپی بوون بناغەی یاسایی بو بۆ وەرگرتن و گۆڕینی ڕەگەزنامە بۆ ئەمریکی. وە مسوڵمانان وەک کەسانێکی کەم و کورت بە بەراورد بەسپی پێستەکان سەیردەکران. دادگای ئەمریکی ساڵی 1913 لەبڕیارێکیدا بەناوی(Ex Parte Mohreiz) دواکاری پەنابەرێکی هاوڵاتی لوبنانی مەسیحی ڕەت کردەوە، بەهۆی ئەوەی کە گەنم ڕەنگ بوو. لە ساڵی 1942 پەنابەرێکی مسوڵمانی یەمەنی هاوڵاتیبونی ڕەت کرایەوە چونکە لەسەر ناسنامەکەی عەرەب نوسرا بوو. دادگا تێبینی ئەوەی کرد کە ناکرێت ئەم چینانە لەگەڵ ئەمریکیەکاندا هاوسەرگیری بکەن و بێنە ناو شارستانیەتیانەوە. بۆیە دادگا لەم کەیسەدا عەرەبی بە ناسنامەی مسوڵمانەوە بەستەوە. دادگاکان باوەڕی تەواویان وابوو کە ئەم جۆرە ناسنامەیە نەگونجاو و ناتەواوە لەگەڵ دەستور.ساڵی 1944 دادگاکانی ئەمریکا ناسنامەی موسڵمانیان وەک بنەمایەیەک بۆ نکۆڵیکردن لە هاوڵاتیبوون بەکارهێنا تەنانەت مەسیحییەکانیش وا هەستیان دەکرد کە مسوڵمانن یان دەترسان کە "باوباپیرانیان لە پێکهاتەیەکی مسوسڵمان"بن. پاشان ئەم چاودێریکردنە فراوان و چڕتر بوویەوە دوای هێرشی (11 september)ی تێرۆریستان لەماوەی ڕابردودا. پرۆگرامی دژە توندڕەویی (CVE) ی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، هەروەها دیماگۆگی سیاسی، زیاتر جەختکردنە گوماناوییەکە لەسەر موسڵمانان فراوانتر دەکات.
هاوشێوەی دیادەی ئیسلامۆفۆبیا، ئەنتیسەمەتیزم سەرەتایەکی لە مێژینە و دور و درێژی هەیە لە ئەوروپادا، کە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و ناکۆکی نێوان جولەکە و مەسیحیەکان، لەسەردەمی یۆنانی کۆن و ڕۆمانەکان. لەسەرەتادا دژایەتیەکە دژە نەژادی بوو پاشان لە سەدەکانی ناوەندا دژایەتیەکە گۆڕدرا بۆ ئاینی کە تا سەردەمی ئێستاش بەردەوامی هەیە. ئینجا لەسەدەی نۆزدەدا دەگۆڕێت بۆ دژایەتی ڕەگەزی و نەژادی جولەکە وەک نەژادێکی سامی(Antisemitism).کە بە نەژادێکی کەم و نزم دادەنران. دوابەدوای ئەوەش دژایەتی  سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و ڕەگەزی و ....هتد. پاشان لەسەدەی نۆزدەهەم و بیستەم دا دژایەتی ڕەگەزی و ڕایسیزم بەردەوامی هەیە و ئەمەش دەبێتە بناغەی پلان دانان بۆ لەناوبردن وسڕینەوەی جولەکە(هۆڵۆکۆست) لە ئەوروپادا لەلایەن نازیەکانەوە، لەماوەی ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم. دواجاریش دروستبونی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی 1948 کێشەی شێوازێکی نوێی دژە جولەکەبونی دروستکرد. نالەبارترین جۆری ئەنتیسەمەتیزم چەمکی ”ڕق بونەوە لە خود“،ە (self-hating Jew)جولەکەیەک کە ڕقی لە خۆیەتی، بەو سەردەمەوە گرێئەدرێت. لە ئەڵمانیادا ژمارەیەکی بەرچاو لە جولەکە ئەڵمانەکان جولەکەبوونیان وەک بەڵا و دەردیسەری، یان وەک نەزانی و گەمژەبوون وێنادەکەن. زۆریان بە ئیھانەیان زانیوە بە جولەکە بناسرێن. جولەکەبوون وەک لەکەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئاینی و فەرهەنگی تەماشادەکرا.هەروەها جۆرێکی تری ئەم دژە جولەکە بوونە، ڕق لێبونەوەی هەندێک لە جولەکەکانی ئەڵمان بۆ جولەکەکانی پۆڵەند و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و گەلێک نمونەی زیندوی تر.
هەرچەندە ئەم دوو دیاردەیە ماوە ماوە لە سات و شوێنی جیا جیادا دەرئەنجام و تەنگژە و  دۆخی ناهەموار یان لێ بەرهەم دێت، بەڵام پێویستە لەسەر ئاستی  وڵاتان و ڕێکخرا و مێدیا و کەسانی خاوەن بڕوا بە کۆمەڵگەی فرە ئاین و نەژاد و کەلتور لەهەوڵی بەردەوامدا بن بۆ کەمکردنەوەی درز و هۆکارگەلەکانی زیادبونی دژایەتیکردن و ترس و ڕق لێبونەوە و بە کەم سەیرکردن بەهۆی جیاوازی نەژاد و ئاین و پێشینە و ڕەنگ و کەلتور.دەبێت هەموو کۆمەڵگە جیاوازەکان دژی بیرۆکەی خۆبینینەوە لە لوتکەدا بن و فەراهەم کردنی  ماف و ئازادیەکانی کەسانی تر بەڕەوا بناسن، تا سەرجەم مرۆڤەکان بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە هەست بە بوونێکی تەواو و ژیانێکی ئارام و پڕ شکۆ بکەن. 

 

سەرچاوەکان:
1-Viewpoint: Islamophobia has a long history in the USA,29 Sep.2015.
2-History of Antisemitism, Wikipedia.
٣- ڕق لێبونەوە لە خود : ئەزمونی جولەکەJul.13 .2020 مەریوان وریا قانع،مزەمەن
٤- ئیسلامۆفۆبیا،20221 .Aug.1، ئیسرا بورهان، زانیاری

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×