سەرنجێک دەربارەی رۆمانی براکوژی نیکۆس کازانتزاکیس

هێمن ئەحمەد
  2021-07-25     814
گەر وەرگێڕانی کتومت بۆ ناوی ڕۆمانەکە بکەین ناکاتە براکوژی،بەڵام گەر بە ووردی سەرنج بدەینە ناوەرۆک و ڕوداوەکانی ناو ڕۆمانەکە،دەزانیت کە ناوی براکوژی گونجاوە بۆ ناونان و بگرە وەرگێڕانیشی.
کازانتزاکیس؛شۆڕشگێڕێکی سۆشیالیست،یاخی بویەکی وجودی و مەسیحیەک کە هەرگیز مەسیحێتی بە شێوە باوەکەی بەدڵ نیە.کازانتزاکیس چەند ساڵێکی سەردەمی لاوێتی لە چیای(ئاتۆس)ی پیرۆزدا بەسەر بردووە.لەگەڵ ژیانی تایبەتی ڕەبەنەکاندا ئاشنا بوە.ئەو شێوازە ژیانەی کە خەڵکی دەرەوەی دێرەکان پەی پێنابەن.کەس هاوشێوەی ئەم نوسەرە بیرمەندە بە توانا نیە لە وەسفکردنی ژیانی ڕەبەن و باوک لەناو دێرەکاندا.ژیانێک کە خۆی ئەزمونی کردووە و وازی لێهێناوە تا بانگەوازی سۆسیالیزمی بدات.لە هەموو چیرۆکەکانیدا فێڵبازی ڕەبەنەکان دەگێڕێتەوە،کە چۆن لێرە و لەوێ خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکی هەژار و ئاسایی،تایبەت لە گوندەکان تا پارە و کەلوپەل و دەستکەوت بەناوی ئاینەوە کۆ بکەنەوە.لەگەڵ ئەوەشدا دان بەو ڕاستیەدا دەنێت،کە دڵسۆز و پاک و خاوەن ڕێبازی ڕاستەقینەی یەسوع زۆر هەن لە دێرەکاندا،کە لەوە ترساون خۆشیەکانی ژیان لە خشتەیان بەرێت.بۆیە گڕمۆڵە بون و ناخۆشیەکانی ژیان قۆزاخەی کردوون.
ڕۆمانەکە لە(٤٠٠)لاپەڕەدا باسی ئەو زنجیرە ڕوداو و بەسەرهاتانە دەکات کە لە جەنگی ناوخۆیی یۆناندا ڕویان داوە لە کۆتایی (١٩٤٠)کاندا.شۆڕشێک بەرپا دەبێت دژی ڕژێمی یۆنانی ئەوکات،بەسەرکردایەتی حیزبی کۆمۆنیستی یۆنان.ئەو سەردەمەش (کۆماری یوگسلاڤیا)کۆکەرەوەی دەوڵەتە کۆمۆنیستیەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بوو.یارمەتی شۆڕشەکەی یۆنانی دەدا.بەڵام پاشان یوگسلاڤیا لە ڕەوتەکە لایدا و پشتی کردە شۆڕشەکە و دەرەنجام شۆڕش شکستی هێنا.
شۆڕشی یۆنان و ڕوداوەکانی هاوشێوەی جەنگی ناوخۆیی کوردستان بوو.شۆڕش و پێشمەرگایەتی لە بەرەیەک و ڕژێمێکی کۆنەپەرست و ڕەگەز پەرستی داپڵۆسێنەر بە هاوکاری چەند تاقم و دەستەیەکی بەکرێ گیراو لە بەرەیەکی تر.بەرانبەر دەبنەوە و ڕژێم بەڕاست و چەپدا دەکوژێ و جیاوازی شۆڕشگێڕیک و منداڵێکی ساوا ناکات.
نوسەر لە ڕۆمانەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەداتە(باوکە یانارۆس)کە قەشەی گوندی(کاستلۆس) و کوڕەکەشی کەناوی(فەرماندە دراکۆس)ە.ناڕازی بونی باوکە یانارۆس لە کوڕەکەی،لەسەر ڕەتکردنەوەی خودا و نیشتیمان و باوک،وای لێکرد بوە دڕندە و لەماڵدا جێگەی نەبۆوە و ڕایکرد بۆ شاخ.ئەو سەرکردایەتی پارتیزانە کۆمۆنیستەکان دەکات کە ناسراون بە(کڵاو سورەکان)لە بەرزایی(شاخی هەڵۆکان)ەوە.کە شەڕ لە دژی هێزەکانی ڕژێم(کڵاو ڕەشەکان)ی ناو گوند دەکات.ئیتر قەشە لێرەدا تیا ماوە،پشتگیری کڵاو سورە بێدینەکان بکات یان دیندارە کڵاو ڕەشەکان.
کازانتزاکیس،لە ڕێگەی کاراکتەری(باوکە یانارۆس)ەوە دەیەوێت بڵێت"تەنانەت پیاوانی ئاینیش باوەڕیان بەوە نەما بوو کە خودا و ئاین فریاد ڕەزیان بێت لەم جەنگەدا".باوکە یانارۆس دستی بە نزا کرد و وتی"لە ئاسمان وەرە خوارەوە،بونت لەو بەرزیە چی کەڵکی هەیە.ئێمە لە(کاستلۆس)دا پێویستمان پێتە.گەر جەنگ ماوەیەکی کە بخایەنێت خەڵکی یەکتر دەخۆن.ئەی خودا هیچ نیشانەیەکی مرۆڤایەتیمان تێدا نەماوە".
نوسەر ئاماژە بەوە دەکات نەگبەتی و نەهامەتی و دڕندەیی هەموو چین و توێژەکانی گرتبۆوە و ئەوانەی ڕایان دەکردە ناو یاخیبوەکان بۆ شاخ و خەباتکردن لە پێناوی سەربەستی، بازرگان و جوتیار و مامۆستا و قوتابی و کەسی ئاسایی و شوان و هەتا ژنی فەرماندەی هێزەکانی گوند و کچان و کوڕان بوون.ئەمانە هەڵگری بیروباوەڕی چەپ بون و خۆیان بە هاوپەیمانی چین دەزانی.لەڕێگەی کاراکتەری(فاسۆس)سەربازێکی گوند بوو،کاتێک بە دیل دەگیرێت لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە دەڵێت"گەورەم فەرماندە چوار خوشکم هەیە،چاوەڕێی شوکردنن،توخوا مەمکوژن".چوار خوشکەکەی دوانیان قەیرە ببون،نوسەر دەیەوێت بڵێت؛جەنگ و دڕندایەتی خودی مرۆڤ خۆیەتی کە کچان قەیرە دەکات و ناگەن بە ئاواتی خۆیان.وە نمونەیەکی تر بیردێنێتەوە کە کاراکتەری(کیرا بۆڵیکسینی)ە کە هەتا پیر دەبێت هەر بەتەمای شوکردنە بەڵام پیر دەبێت و پاشان شێت دەبێت و ڕۆژانە یەخە بە(تاناسیسی)بەقاڵی گوند دەگرێت و داوای لێدەکات هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.ئەویش بەچەند قسەیەک هەڵیدەخەڵەتێنێت و بەڕێی دەکات..لە میانەی کاراکتەری(مامۆستا شالیکا)وە ئەوە نیشان دراوە کە چۆن بڕوا بوون بە چەپگەرایی زیادە ڕەوی و سەر لێشێوێنەر بوە بۆ شۆڕشگێڕەکان کە دەڵێت"چاینیەکان برامانن،چیتر جیهان ئەم پەڕ و ئەو پەڕی نیە.هەموو بوین بە ماڵێک،زۆرلێکراوان برامانن و هەموو یەک باوکمان هەیە کە لینینە."تەنانت کاراکتەرێکی تری ناو ڕۆمانەکە شوانە و ناوی(دیمۆس)ە.لەڕێگەدا یانارۆس کەبەرەو شاخ دەڕوا بۆ سەردانی یاخیەکان،چاوی پێی دەکەوێت کە دەڵێت"منیش دەچم بۆ شاخ بۆلای یاخیەکان.ئاژەڵەکانم نیوەی کڵاو سورەکان و نیوەی کڵاو ڕەشەکان بردیان.یانارۆس دەڵێت"کەواتە تۆش دەتەوێت دەست بکەیت بە خەڵک کوشتن".دیمۆس لەوەڵامدا دەڵێت"ماڵی دایکی خەڵک کوژ لە ماڵی دایکی کوژراو باشترە".کەواتە مەبەستی دیمۆس ئەوەیە لە جەنگی ناوخۆیدا هەموو کەس ماڵوێرانە و بۆ ئەوەی کەسێک نەتکوژێ دەبێت تۆ ببیتە بکوژ.کاراکتەرێکی تری ڕۆمانەکە(کۆسماس)ە کە بازرگانە.هەتا دەوڵەمەند بوو هێرشی دەکردە سەر کۆمۆنیستەکان و کە هەژار چووە پاڵیان.واتە سەرمایەدارەکانیش زەرەر مەند و ئیفلاسی دەستی ئەو دۆخەن و ئەویش ناچار بوو بڕواتە شاخ.نوسەر کاراکتەرێکی دی باس دەکات کە سەربازە و ناوی(لێۆنیداس)ە.بۆ تۆبەکردن هاتبوە لای باوکە یانارۆس و کچێکی خۆشدەویست،پاشان لەشەڕێکدا دەکوژرێت.ئەم سەربازە دەڵێت"لە سەرەتادا بە دەست خۆم نەبوو،دەمویست وەک دڕندان ڕەفتار بکەم و سەرەنجامیش وەهام کرد.دەستم پێکرد و خۆم لە ماڵان دەکوتا و قژی ژنانم دەگرت و ڕامدەکێشان و پێم بە منداڵە ساواکاندا دەنا".نوسەر مەبەستی ئەوەیە مرۆڤ بە ئەزموون دەبێتە ئەو دڕندەیەی کە خۆشی پێشبینی ناکات.کاراکتەری(ستراتیس)کە سەربازێکە بە هاوڕێکانی دەڵێت"کوڕینە بۆ یەکتر بکوژین؟ئێمە برا نین؟گەر کڵاوە سور و ڕەشەکانمان داکەند،هەموو سەرمان یۆنانی نیە؟"کەواتە مەبەستی نوسەر ئەوەیە شەڕی براکوژی لە پێناوی هیچدایە تەنیا ئەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەیەک دەکاتە دوژمنی یەک،شت گەلێکی بێ مانان وەک ڕەنگ و بیر و باوەڕی جیاواز و خۆ بە براوە و لەسەر هەق زانینە.بەدەر لەوە هەموو مرۆڤن و خاوەنی مافن و ڕۆڵەی نیشتیمانێکن.کەسایەتیەکی تری ناو ڕۆمانەکە مامۆستایەکی خانەنشینە و ناوی(فیلیساریۆس)ە کە نامەیەکی ئامۆژگاری ئامێز دەنێرێت بۆ(لێۆنیداس)ی گەنجی سەرباز و لە نامەکەدا دەڵێت"ئەمە ئەوەیە کە دەمەوێت دەربارەی خەڵک و نا هەمواری و بیرە بەرزەکانیان پێتی بڵێم،کە خۆم بڕوام پێی نیە.ئەو وتار دەرانەی باسی خۆشەویستیتان بۆ دەکەن،ئەو سیاسیانەی گوێتان بە باسی نیشتیمان و شەرەف و دادپەروەی دەئاخنن هەموویان هێڵنج بە پیاو دەدەنەوە.ئەوان هەموو ئەوانە وەک پیشە بەکار رێنن.خەڵکیش هەموو ئەوە دەزانن و خۆشیان پێش خەڵکی پەی بەوە دەبەن،کەچی کەس ناوێرێت تفێک لە ڕویان بکات".نوسەر بەم ئاماژەیە دەیەوێت بڵێت؛لە ناو ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتی و کاولکاری و کوشت و کوشتارەدا،هێشتا کەسانێک هەن بڕوایان بە یەکتر کوشتن نیە و ناچنە ژێر ڕکێف و خواستی ئەوانەی ئارەزوی خوێنڕشتن و درێژەدان بە جەنگیان هەیە لەژێر پاساوی جۆراوجۆری هیچ و پوچدا.ڕۆمانەکە زۆر کەسایەتی تر دەگرێتە خۆی،کە هەر یەکەو خاوەنی ڕۆڵ و ڕەفتار و پیشە و وتەی جیاوازن. بەڵام لە هەمویان ماندوتر و بێ ئارام تر و کۆڵ قورستر(باوکە یانارۆس)ی پیرە.ئەو بەردەوام نزا دەکات و داوا لە خودا و یەسوع دەکات بە هاواری خەڵکی (کاستلۆس)وە بێن و شەڕ و خوێن ڕشتن بوەستێنن.ئەو بەردەوام لەگەڵ خەڵکی گوندەکان و دایکانی ڕەشپۆش و کوڕ کوژراودا لە دێرەکەدا کۆ دەبێتەوە و نوێژ و نزای بە کۆمەڵ دەکەن.بەردەوام هەواڵ دەنێرێتە سەر شاخ و ناو سەربازەکانیش.خۆشی پێیەکی لە شاخە و پێیەکی لە ناو خەڵکی گوند و ناو سەربازەکانە.هەمو هەوڵێکی بۆ ڕازیکردنی هەردوو لایە تا جەنگ ڕاگرن و ئاشتبونەوە دەست پێبکەن.کەچی هەمیشە ئەم پیرە داماوە دەبێتە جێیی سەرزەنشت لەلایەن دایکی قوربانیەکان و هەندێ جار ئازاردانیشی،چونکە ئەو نەیتوانیوە بەڵێنەکەی بەرێتە سەر و نە خودا وە نە یەسوع هاوکاریان نەبووە دوای ئەو هەمو پاڕانەوە و نزایانەی بەردەوام دەکران.خۆ حاڵی یانارۆس کە سەردانی شۆڕشگێڕەکانی شاخی دەکرد هیچ لەوێ باشتر نەبوو.تێکڕا گاڵتە و سوکایەتیان پێدەکرد.لەبری سوپاس و ڕێز لێنان.هەتا مامۆستایەک لە شاخ زۆر سوکایەتی پێکرد و وتی"گیانی باوکە یانارۆس وەک ئەو دێڵە سەگە وایە کە خوالێخۆشبوی باوکم بۆ پاسی مەڕەکان ڕایگرتبوو.ئینجا خۆ یانارۆس لەناو سەربازەکانی گوندیش هیچ ڕێزێکی نەبوو ئەوانیش هەر بەچاوی کەم لێیان دەڕوانی چونکە کوڕەکەی فەرماندەی شۆڕشگێڕەکانی شاخ بوو.هەتا جارێک بە فەرمانی باوکە یانارۆس و بۆ داواکردنی ئاشتی خەڵکێکی زۆری بەرەو سەربازگە برد،بەڵام سەرەنجام بوە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆر لەلایەن سەربازەکانەوە.بەڵام ئەو بەردەوام لە هەوڵی ئاشتیدا بوو.تا لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا لەسەر داوای ئەو سەرکردەو سەربازانی گوند لەسەر شەرەفی(فەرماندە دراکۆس)ی کوڕی یانارۆس بە مەبەستی ڕێکەوتن خۆیاندا بەدەستەوە.بەڵام فەرماندە وتی ئازادی واتای ئەوەیە کە دەبێت بەگەڵ من کەون.ئەوانەی ڕازی بوون بەزیندویی مانەوە ئەوانی تریش کە ڕازی نەبوون بەر دەستڕێژی گوللە دران.باوکە یانارۆس زۆر لەم ڕەفتارەی کوڕەکەی نیگەران بوو پاشان وتی"دێ بە دێ دەگەڕێم و هاوار دەکەم؛نە بەکڵاو سورەکان باوەڕ بکەن نەبە کڵاو ڕەشەکان،تەنیا خۆتان ئاشت بنەوە".
لەکۆتا دێڕەکانیدا ڕۆمانەکە زۆر تراجیدی تر دەردەکەوێت.کاتێک یانارۆس بەو پەڕی نیگەرانی و توڕەییەوە هەوڵ دەدات گوندی کاستلۆس و فەرماندەی کوڕی جێ بێڵێت و بەرەو گوندەکانی تر بڕوات.بۆیە(لۆکاس)ی ئەفسەر بە فەرمانی دراکۆسی کوڕی یانارۆس باوکە یانارۆسی دایە بەر گوللە و کوشتی پاش ئەوی کەمێک لە گوند دور کەوتەوە.
کازانتزاکیس لە میانەی بەسەرهات و ڕوداوگەلی نێو ڕۆمانەکەوە دەیەوێت بڵێت؛جەنگ و خوێنڕشتن ئەزمونی دڕندەیی،بیر و هۆشی هەمو لایەکی بە نیشتیمانی و چەپ و بێباوەڕ و ئاینیەوە بۆگەن کردبوو.پاشانیش ببونە هۆی بۆگەن بونی دەشت وگوند و کۆڵانەکان،بە بۆنی لاشەی ئەو کوژراوانەی کە هیچیان نەیاندەزانی بۆچی بونەتە قوربانی.هەندێک لەوانە تەنها پیرە پیاو و پیرە ژن و منداڵی ساوا بوون،کە لەژێر دارو پەردوی خانوە ڕوخاوەکاندا گیانیان لەدەست دابوو یانیش ببونە خۆڵەمێش.هەتا ئاژەڵەکانیش پشکی ئەم قوربانیدانەیان بەرکەوتبوو.کە لێرە و لەوێ لاشەی وڵاخ دەبینران کە بە فیشەک کوژرابوون.یان پشیلە و سەگ و ئاژەڵی دی دەبینران کە لە برسان لات و گەڕ ببون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×