دەبێت پەیوەندیەکانی نێوان مامۆستا و خوێندکار ڕێک بخرێنەوە

هێمن ئەحمەد
  2022-11-09     282

وەک هەمو بابەتەکانی تری سەردەم، پەیوەندیەکانی مامۆستا و خوێندکاریش بەدەرنیە لە ئەو هەمو کێشە و گرفتانەی کە کاریگەری و بەرکەوتەی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەم پەیوەندیانە هەیە.
ئاشکراشە گۆڕانکاریە خێراکانی تەکنەلۆجیا و هۆکارەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە هەرە کاریگەرە بەهێزەکانن. بۆیە ئەم پەیوەندیانەش بەگوێرەی گونجاندنی لەگەڵ سەردەم و جیهانی مۆدێرنی ئێستامان پێویستی بە ڕێکخستنەوە و نوێگەری هەیە.
لەوانەیە یەکێک لە هەرە بابەتە سەرەکیەکانی پەروەردە و فێرکردن لە ژیانی ئێستاماندا، فەراهەمکردنی پەیوەندیەکی ڕاست و گونجاو بێت لە نێوان مامۆستا و خوێندکار. دەرەنجامەکەشی پەروەردە و فێرکردنێکی دروست دەبێت بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتو.
گرنگترین ئەرکی مامۆستا پێش فێرکردن ئەوەیە کە بتوانێت ڕێز و خۆشەویستی خوێندکارەکان بەدەست بێنێت. ئینجا شۆڕکردنەوەی ئەم ڕێز و خۆشەویستیە بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن و هاوڕێ و خێزان و کۆمەڵگە و ژینگە و ....هتد.
سوقرات دەڵێت "دەتەوێت چی فێربکەم؟ ئەو منی خۆش ناوێت".
لەپاڵ ئەرکی پەروەردە و فێرکردندا، دەبێت مامۆستا ئەو هەستە لای خوێندکارەکانی دروست بکات کە؛ ئەو پشتیوان و هاوکار و دڵسۆزی یەکەمیانە. قبوڵ کەری ئەوانە بە ئاست و ڕەفتار و نەریت و کەلتورە هەمەچەشنەکانیانەوە. لای ئەو یەکسانن لە ماف و ئەرکدا، بەجیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و باری خێزانی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییانەوە. 
تۆماس کارلۆس دەڵێت "مامۆستا ئەو کەسەیە بیابان بچێنێت، نەک بژاری گژوگیای زیانبەخشی کێڵگەکان بکات".
لەڕاستیدا ئاسان نیە هەمو ئەو هۆکار و هەنگاوانەی دەبنە هۆی بەهێزکردن و  ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان مامۆستاو خوێندکار باس بکەین. چونکە ئەم پەیوەندیە هەم ئاڵۆزە هەم فرە ڕەهەندە. لە مامۆستایەک بۆ مامۆستایەک و خوێندکارێک بۆە یەکێکی تر جیاوازە. بگرە لە خوێندنگەیەک بۆ خوێندنگەیەکی تریش جیاوازە.
بەهەزاران مامۆستا و خوێندکار هەریەکەیان خاوەنی باکگراوند و خێزان و پێگەی کۆمەڵایەتی جیان. خاوەنی کەسایەتی و دەرون و سایکۆلۆجیا و جۆری بیرکردنەوە و پەروەردەی جیاوازن. کۆبونەوەی ئەو هەمو جیاوازی و هەمەچەشنەییە لە شوێنێکدا کە قوتابخانەیە و دروستکردنی پەیوەندیەکی تەندروست هەروا ئاسان نیە و دژوارە.
بەڵام  بۆ ئەوەی تێبگەین کە چۆن مامۆستایان دەتوانن هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیەکی دروست و ئەرێنی لەگەڵ خوێندکارەکانیان بدەن، پێویستە ئەو بیردۆزانە وە بیر بێنینەوە کە ڕەفتاری خوێندکارەکان ڕوندەکەنەوە و لەوانەش:
یەکەم؛ (attachment theory) تێۆری پەیوەست بوون، پەیوەندیە نزیک و دروستەکانی مامۆستا و خوێندکار چوارچێوەیەکی ئارام و سەلامەت دەخوڵقێنێت. ئەوان هەست بە سەلامەتی دەکەن بۆ پرسیارکردن و هەڵەکردنیش، هەروەها دەبێتە قەرەبوی ئەو هەستی نائارامیەی لەنێوان دایباب و خوێندکار دروست بوە(insecure parent-child attachment)، بەهۆی فەراهەم نەکردنی پێویستیەکانیانەوە لە ساتی منداڵیدا.
دووەم؛ (social cognitive theory)، تێۆری پێزانینی کۆمەڵایەتی، مامۆستایان ڕەفتار و هەڵس و کەوتی خوێندکاران بە نمونەیی و ڕێکخراو دەکەن لە میانەی  شارەزاییە ئەرێنیەکان لە پەیوەندیکردن، فیدباک و هاندان.
سێیەم؛ (self esteem-theory)، بیردۆزی بڕوا بەخۆ بوون، جەخت دەکاتەوە لەسەر سێ پێداویستی سەرەکی قوتابیان لە: لێهاتویی، سەربەخۆیی و پەیوەست بوون. گەر مامۆستایان ژینگەیەکی گونجاو فەراهەم بکەن، خوێندکاران زیاتر هاندەدرێن و سەرقاڵ دەبن. ئەوان پێویستیان بە فیدباک هەیە بۆ پشتگیریکردنی هەستی لێهاتویی و یارمەتیدانیان. بۆ ئەوەی ببنە فێرخوازێکی سەربەخۆ.
پێویستە مامۆستا هەمیشە هەوڵی دروستکردنی خۆشەویستی و پەیوەندیەکی نزیک و دڵسۆزانە و هوکارانە بدات لەگەڵ خوێندکارەکانیدا و زۆر بەگرنگیەوە بڕوانێتە هەرەمەکەی دەرونناس(ئەبراهام ماسلۆ)، کە بە هەرەمێک پلەبەندی پێویستیەکانی مرۆڤی کردوە و بەبڕوای ئەو بەبێ بونی ئەم پێویستیانە"وەک ئەو ناوی هێناون بە پێویستی سایکۆلۆجی" مرۆڤ توانای بۆ فێربوون نامێنێت، لەوانەش؛ خۆراک، ئاو، پشودان و هەستکردن بە سەلامەتیە.

 

سەرچاوەکان؛
1-پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی، هەورامان وریا قانع
2-پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار هەمو شتێکە، 2017، نوسین؛ جەیمس ئی فۆرد، وەرگێڕ؛ هاوکار حمد، LDC
3-positive student-teacher conections in the classroom, Jul 13, 2022 , Diana Zinvelin

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×