لە شەوچەرە وە بۆ شەوسەرە

دلێر محەمەد نوری
  2022-04-29     770

جاری جاران زەمانی زوو، ئەو دەم زۆربەی خەڵکی یان گوندنشین بوون یاخود شارنشینی هەژار و کەم دەرامەت. کەم ماڵ هەبوو لە چلەکان و پەنجاکاندا خاوەن ڕادیۆ، تەلەفزیۆن ئەوە هەردەگمەن بوو. گوندەکان زۆرینەی هەرە زۆریان بێ کارەبا بوون، جا چییان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بکردایە گەر هەشبووبان!؟ کارەبا کە لە سییەکان و بۆ یەکەم جار لە عێراقدا بەکارهات و ئەو دەم کە پێیان ئەووت عەلەتریك، جارێ وا بڵاو نەبووبوو. کاتێ بڵاویش بووەوە بە کوردستاندا، کەس هێندەی دەرامەت نەبوو ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بۆ بکڕێت. 
هەر لە بەر ئەم هۆکارانەی سەرەوە دیاردەیەک هەبوو کە جێگەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بۆ کورد گرتبووە وە هەم لە لادێکان و هەم لە شارەکانیش، کە ئەویش دیاردەی شەوچەرە بوو. گەر خۆ خەریک نەکەین بە شەوچەرەوە ئەوا بە کورتی شەوچەرە واتا کۆبوونەوەی خزم و کەسوکار و هاوڕێ و دراوسێ لە دیوەخان یاخود ماڵی یەکێکدا، بە تایبەتی لە شەواندا و لە دوای کۆتایی هاتنی کار و فەرمان، بۆ گێڕانەوە ڕووداوەکانی ڕۆژ یان قسەی نەستەق و خۆش. بۆ یاری کوردەواری، نوکتە و مەتەڵ و چیرۆک گێڕانەوە...هتد. لەم دانیشتنانەدا پیاو و ژن و مناڵ بە بێ جیاوازی بەشدار ئەبوون و به دەم خواردنی باسوق و سجوق‌ و گوێز و مێوژە ڕەشەوە یان قرتاندنی گووڵەبەڕۆژەوە، کاتەکانیان بە سەر دەبرد. ئیتر ئەمە جێگەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و هەر ڕێگایەکی دیکەی خۆخڵەفان و کات بەسەربردنی گرتبووەوە.  
لە حەفتاکان بە دواوە هەم کارەبا و هەم هۆکارەکانی ڕاگەیاندنیش وەها تەشەنەیان سەند، وردە وردە لە شارەکان و دواتر هەندێک لە لادێکانیش جێگەیان بە شەوچەرە لێژ کرد بۆ خۆیان. ئیتر ئەمان هەم هەواڵ و هەم گۆرانی و هەم گێڕانەوە و هەم چیرۆکەکانیان بۆ خەڵکی ئەگێڕایەوە. هەم ڕێگەی لە کۆبوونەوەکانیش بڕی و ستایلی ژیانی وەها گۆڕی، هەر کەس لە ماڵی خۆی بە بێ ئەوەی یەکتر بدوێنن، دەمیان دادەچەقان بۆ ئەو حەکایەتخوانانەی کە ناویان عەلەتریک و تەلفزیۆن و ڕادیۆیە. ئاشکرایە کاریگەری عەلەترێک درێژەی کێشا تا نەوەدەکان و سەردەمی ڕاپەڕینیش.
لە دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و ڕاپەڕینەوە، ئیتر ژێرخانی ئابوری و لە ناویاندا تۆڕی ئاو و کارەباش بە تەواوی خاپور بوون، لە گەڵیشیدا باری دارایی و ئابووری خەڵکیش ناهەموار بوو. زۆربوون ئەوانەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی شەوچەرە، بە دیار چرا و مۆمەوە لە نەوەدەکاندا، بە هۆی کەمی و خراپی دۆخی کارەباوە. بەڵام ئیتر لە گەڵ داهاتنی ورزی شەوچەرە و لە سایەی گەندەڵی دارایی و خراپی ئیدارەدان، لە سی ساڵی ڕابردوودا، دیاردەگەلێکی دیکەش پەیدابوون و کە نەک گەڕانەوە نەبوون بۆ دواوە بۆ ژیانی گوند نشینان، بگرە قەتیس مان بوو لە نێوان ژیانی ئیفلیجی مۆدێرن و ئەستەمی گەڕانەوە بۆ ژیانی لادێ نشینان. لە نێوان دوو کەوانەدا هەر بە وشە و گوزارشت هەندێک لەو دیاردانە دەخەمە ڕوو کە لەم چرکەساتەدا لە یادما هەن، تا بزانن ژیانی دوای ڕاپەڕین چی بە هەمووان کرد؟ لەوانەش (دروست کردنی قوتیلە بۆ ڕووناکی، تەباخی نەوت لە تەنەکە بۆ چێشتلێنان، تەنەکەی ڕۆن بۆ فڕنی سەموون، هیتەرێ خۆماڵی بە هەموو قەبارە و جۆرەکانێوە بۆ خۆ گەرمکردنەوە لە فرسەتی کارەبا هاتنەوەدا، سەرە محاویلە، سەرە ئاو، کارەبای ڕەئیسی و موەلیدە، ماسیحە و جۆزە هەڵدانەوە و سەرە مووچە، رۆبعە مووچە، پاشەکەت، بندیوار، کوێلە،  ...هتد)
لە تازەترین دیاردەش لە سلێمانیدا بڕیار دەدرێ مووچە بدرێ، خەڵکی بانگهێشتی بەر بانکەکان ئەکرێ تا مووچە وەربگرن. کاتێ لە سەرەدان بۆ وەرگرتن، لە پڕ فەرمانبەرێک بە قیڕە قیڕ بانک پارەی تیا نەما، بڕۆنەوە و سبەی وەرنەوە. هەر بە هۆی ئەمەشەوە ئێستا شەوان خەڵکی هەژار و مووچەخور نا مووچەخوراو، بۆ ئەوەی لە پارەی کەمی نێو بانکەکان بەشی مووچەی ئەمانی تیابێ، ئەبێت شەوانە بە خۆیان و دۆشکەڵەکانیانەوە بە ڕیز لە سەرەی بانکەکاندا ڕاکشێن تا سبەی‌ کە بانکەکان کرانەوە، لە پێشەوە پارە بەشی ئەمانی لێ بدرێ. لەو دانیشتنانەی بەر بانکەکاندا بیروڕا گۆڕینەوە و گفتوگۆ و گێڕانەوەی ئێش و ئازاری ژیانی ڕۆژانە، دەگێڕنەوە بۆ یەکتری، هەر وەک شەوچەرەی زەمانی زوو، بەڵام بە بێ باسوق و سجوق و یاری کوردەواری و بە دڵی خەمناک و پڕ ئازارەوە و بە بێهیوایی، نەک بە دڵە خۆش و کامەران و پڕ هیواکەی جارانەوە. ئەم شەوچەرانەی بەر بانکەکانی ئەمڕۆی کوردستان بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش نیە بۆ سبەی نوێی پڕ ئومێد، بەڵکو سەرەگرتنە بۆ پارەیەک کە ڕەنجی خۆتە و پشتر ‌داوتە، بەڵام کەوتۆتە قورگی شێرەکانی سیاسەتەوە. تۆش وا بەم شەوگارە لە سەرەی وەرگرتنی ڕاکشاوی بەر لەوەی بانکەکان جارێ لە خەو هەستابن. بۆیە بەمەیان ناوترێ شەوچەرەی لادێ بەڵکو ئەمەیان شەوسەرەی شارە، شەوسەرەی شاری بێ حاکمانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×