پێم وایە لە بەدبەختی کوردە کە ئەوەی ئاگر و ئاسن نەیسەپاند بە سەریدا، خەریکە ئازادی ئەیسەپێنێت. ئایین ھێندەی لە سێبەری ئازادیدا دەنگی زوڵاڵە، لە ھیچ سایە و سێبەرێکی دیکەدا ناتوانێ ھێندە دەنگ ھەڵبڕێ، گەرا بخات و بیر و فەلسەفەی خۆی بسەپێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ھیچ بۆشاییەک بۆ بەرانبەر ناھێڵێتەوە کە بۆچوونێکی دیکەی ھەبێت.
ئەمڕۆ لە کوردستاندا، ئایینزاکانی ئایینی سیاسی و دەست و پێوەندەکانی تورکیا و قەتەر و ئێران و سعودیە، تەواوی بۆشایی ئازادی کوردستانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە. بەڵام ھەرچ ڕایەکی پێچەوانەش ببیستن، گورج دەیخەنە گۆشەیەکی تەنگەوە و، بە بیانووی پێشێلکردنی پیرۆزی ئایینی، نەفرەت دەبارێنن بە سەریدا و تەواوی کۆمەڵگای عەوام دەکەن بە گژیدا. نەک ھێندە، بگرە دەکەونە وێزەی خودی ئەو ئازادییەی لە سایەیدا ئەخۆن و ئەخەون و پەلاماریش دەدەن.
ھیچ کات فەلسەفە و بیری ئازادی کێشەی لەگەڵ خودی ئاییندا نیە، بەڵام بیری سیاسی ئایین ھەمیشە ھەوڵ ئەدات بە تەنھا تەواوی پانتایی ئازادی داپۆشێ و ھیچ بوار بە بەرامبەرەکانیشی نەدات کە شتێکی پێچەوانە بڵێن.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەھاری ١٩٩١ەوە، بیروڕا جیاوازەکان لە مڵملانێ و گفتوگۆ و کێشمەکێشدان، لەم سەری چەپ و عەلمانییەوە بۆ ئەو سەری ڕاست و ئایینییەوە. بەڵام ھیچ کات ھێندەی ئەمڕۆ دەنگی ئایین و پیاوەکانی نەبوون بەم دیکتاتۆرە زاڵەی ئەمڕۆ، بەسەر تەواوی شەقامی کوردی و مەزاجی گشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی و زمان و ھونەر و ئەدەب و سیاسەت و دونیای ئێمە.
ئەمڕۆ ئایینی سیاسی فشار و کارێکی وای کردووە، چەپی عەیارە بیستوچوار وتارەکانی بە «بیسمیلا» دەست پێ بکات و عەلمانی پەنا بۆ یاسا و ڕێسای ئایینی ببات و مەسیحی فاتیحا بخوێنێ و مەشروبخۆر بە ڕۆژوو بێ و لەشفرۆشیش بچێ بۆ عەمرە! ھەموو ئەمانەش تەنھا لە پێناو ئەوەی جێگەیان ببێتەوە و نەکەونە بەر تانە و تەشەر. ئەمڕۆ بانگخوازێکی گەمژەی نەخوێنەوار نزایەکی عەرەبی کۆپی بکات و فڕێی بداتە سۆشیال میدیاوە، زۆر ئاسانە لەم فەزایەدا لایکی بکەی، شەیری بکەی یان کۆمێنتی بۆ بنووسیت. بەڵام نووسەرێکی دەیان ساڵە، لێکۆڵەرێکی بە ئەزموون یان ڕۆشنبیرێکی شارەزا، ڕەخنەیەکی زانستی ئایین بکەن، تۆ نەوێری لایکی بکەیت، چ جای ئەوەی کۆمێنتێکی پۆزەتیڤی بۆ بنووسیت، دەیان جنێو و ھەڕەشە و تەکفیرت بکەن و بە نامەی تایبەتی چاوترسێن بکرێی. ئەمە جگە لە ناردنی نامەی ئاگادارکردنەوە بۆ کەسە نزیکەکانت. ئاخۆ ئەمە چ نابەرابەرییەکی کووشندەیە تووشی کایەی ڕۆشنبیری و زانیاری کوردی ھاتووە؟ ئاخۆ ئەم پڕۆسەی یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگا و بارگاویکردنی بە مەزھەب و ئایینی ئەوپەڕگیر چ داھاتوویەکی ڕەش بۆ نەوەی داھاتوو و داھاتووی تەواوی کۆمەڵگا دەخوولقێنێت؟
تۆ تەماشا، تەواوی حزب و ڕەوتە ئاینییەکانی کۆمەڵگای کوردستان ١٠ بۆ ١٢٪ی دەنگەکانی ھەڵبژاردن دەبەن، بەڵام ھەمیشە بە دەنگی زاڵیان لە کۆمەڵگادا مەودای ٩٥٪ ئەو فەزایە داگیردەکەن. ھەڵبەت ئەمە پاڵپشتە بە ھێزی تەکفیرکردن و داگیرکردنی فەزای گشتی و تۆقاندن و فەراھەم نەکردنی بواری یەکسان بۆ بیر و فەلسەفە و لایەنە جیاوازەکان لە گفتوگۆ و ڕەخنەی ئایینیدا. ھەر بۆیە ئایینی سیاسی کۆمەڵگایەکی تەواو ساختەمان نیشان دەدات. کۆمەڵایەکی سەرلەقێن بۆ دەنگی ھاواری ئایینبازەکان، بەرانبەر بە لایەنگری شەرمنی دەنگی ڕەخنەگری ئایینی. تۆ بێنە بەر چاوی خۆت، ھێندەی ژمارەی پەرستگا و بۆدجەی بۆ تەرخانکراویان، ماڵی فەلسەفە و حیکمەت و ڕۆشنبیری ھەبووبا! بیربکەرەوە، ئەگەر ھێندەی ژمارەی ئایینزا و بانگخواز، ڕۆشنبیر و نووسەر و فەیلەسوف و لێکۆڵەری چاونەترسمان ھەبا! بیربکەرەوە کە ئەگەر فەزای ئازادی و ڕێزلێنان و پارێزبەندی بۆ ھەموو ئەوانی دیکە، وەکو ئایینزا و بانگخواز، فەراھەم بکرایە، چ جۆرە کۆمەڵگایەکمان دەبینی؟ کۆمەڵگایەک کە پڕ لە تاکی ئازاد و بیرکەرەوە و ڕاستگۆ و یەکڕوو و یەک قسە و یەک ھەڵوێست و خاوەن بڕیار. نەک کۆمەڵگایەک کە زۆرینەی ڕەھای تاکەکانی بە «بارک اللە، جزاک اللە، الحمد و السناء» گفتوگۆکانی دەست پێ دەکات و ناشزانێ مانایان چییە! لە کوا نوێژخوێنان ڕیزیان بەست، ڕیزی پێشەوە بگرێ، بە بێ ئەوەی فاتیحاشی لە بەربێ. کۆمەڵگایەک پڕ بووە لە ریکلامی خێرکردن بە ھەژار، بە جۆرێک بە دەستی ڕاست خێر ئەکەن و بە دەستی چەپیش وێنەی ئەگرن. بە کورتی، ئایینی سیاسی دونیای ئێمەیان پڕ کردووە لە درۆ و مەرایی و دووڕوویی؛ ئایینێک پێی خۆشە بە دزییەوە قۆڵی کچان ببڕی و خەریکی مێبازی و تەڵەکەبازی بیت، و بەو مەرجەی سەروسیمات نورانی و جلی سەحابەکان بپۆشی و ڕیشی خەنەیی یان ڕەشی قەترانی لێ بەردەیتەوە.
ئەمڕۆ ئایینی سیاسی تەنانەت بووە بە ھۆکاری سەرخستنی حزب و سەرکردە لە ھەڵبژاردن و خستنی بەھای زانست و لێدان لە شارستانی و تێکشکانی زمان. تەحەدا ئەکەم سەرکردەی ھیچ حزبێکی چەپ، سۆسیالیستی، عەلمانی، دیموکراسیخواز، ئازادیخواز و سۆشیاڵ دیموکرات بتوانێ بە ئاشکرا ڕەخنەی جدی لە ئایین بگرێت؟
ئایینی سیاسی وەکو موخورک و مۆرانە خەریکی شێواندنی تەواوی تابلۆ ڕاستەقینەکەی کوردەوارییە و ڕەنگاڵەیی گۆڕیوە بە دسداشەی سپی و حیجاب و نیقابی ڕەشی قەترانی.
ساڵانێکە ئەوەی کە پێی دەڵێن ئیرھابی فیکری، لە لایەن ئایینی سیاسییەوە، ھەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانی کوردەوارییان شێواندووین. بەچی ڕەوایە سەمایەک لە سەھۆڵەکەی شاری سلێمانی ببێ بە مادەی تەواوی وتارەکانی ڕۆژی ھەینی، کلیپی کچە ھونەرمەندێک لە شەقامی سالم دەیان بانگخواز بێنێتە قسە، تابڵۆی سەمایەکی ھونەری سەر شانۆ ڕۆژی دوایی بە مینبەرەکان بێنێ، وتاری مامۆستایەکی ڕۆشنفکری و گەورە چیرۆکنووس، ھەموو ئاینزا سیاسییەکان بخاتە لەرزە، خۆپیشاندانی پاڵپشتی شۆڕشی لەچکفڕێدانی ڕۆژھەڵات پایەکانی ئایین لەق بکات و دەیان و دەیان حەملەی ناڕەوای ئایینی سیاسی دژ بە ھەر بزاوت و جووڵەیەکی کۆمەڵاتی یان ھونەری، یاخود سیاسی، پێچەوانە.
ئەوەی لە ھەموو ئەمانەش خراپتر و مەترسیدارترە، حەملەکردنە بۆ سەر زمان و کولتور و کەلەبووری کوردییە. ئەو بابەتانەی کە تاکە چەکی بە خۆڕایی مانەوەی کوردبوونمانە لە بەرانبەر ئاگر و ئاسن و جینۆساید و ئەنفال. کەچی، وا لە سەر دەستی ئایینی سیاسی کوردی پڕۆسەی ئەنفالکردنی خودی زمان و کەلەپوری کوردی بەرپابووە.
ئەمڕۆ، جگە لە شێواندنی زمانی ڕۆژانەی خەڵک، خەریکن ھەرچ لێدوانێکی ئاسایی لێرە و لەوێ بکەن بە ڕۆژەڤ بۆ ترساندنی لێدوانی داھاتوو و پاشگەزبوونەوە لە ھەوڵی دووبارەکردنەوە. چ لۆژیکێکە تۆ تەنانەت نەوێری بڵێی ناوەکەی خۆمم بە دڵ نیە کە ئەبو بەکرە و بریا ناوم شۆڕش یان تێکۆشەر بووایە؟ بە ڕیشی کێ ڕەوایە بڵێی دسداشە ناشرینە و لە کورد نایەت، ببێ بە کوفر و ئیلحاد و ھێڵی سوور؟ ئەمەی ئەگووزەرێ جگە لە بەرپاکردنی کەشێکی تۆقێنەری وەھمییە دژ بە دەربڕینی ھەرچ بۆچوون و بیروڕایەکی ئازاد، ھیچی دیکە نیە. گەر ئەم ھێزە تۆقێنەرە لە سنورێکدا نەوەستێنرێ، پریشکی دەگاتە ھەمووان و کۆمەڵگاش بەو فیکر و مەزاجە داعشیانە ڕەنگڕێژ ئەکات. دواجار، بەر لە ھەرچ کەس، پریشکی ئەو ئاگرە خودی دەسەڵاتی کوردی ئەسووتێنێ کە ئەم بوارەی بۆ ئەم گرووپە فیکر توندڕەوانە ڕەخساندووە.
ئەوەی لێرە بۆ من گرنگە، خودی زمان و کولتوری کوردەواریمانە کە چۆن بتوانین لەو ھەڕەشانە ڕزگاریان بکەین، بەو پێیەی وتم کە زمان و کولتور تاکە کەرەستەی بە خۆڕایی مانەوەمانە. دەسەڵاتی جووت حزب ئەمڕۆ ھێندە ھەلپەرستە، پێویستی بە ھەموو دەنگێکی نەشاز و نامۆیە بۆ ڕکابەرێتی ھەڵبژاردن. تازە، دەسەڵاتێکی خۆماڵی خەمخۆر و بە ھەڵوێست شک نابەم تا بتوانێ ھەم لە بەرانبەر دوژمنی چوار دەور بوەستێت و ھەمیش خەمێک لە تابوری پێنجی ئایینی سیاسی ناوخۆش بخوات.