سەدر بە نیازی چیە: دۆخی عێراق بەرەو کوێ!

شه‌ریف عەلی
  2022-03-30   

پاش شکستھێنانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان لە ئامادەبونی ڕێژەی پێویستی پەرلەمانتار بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەدر ڕایگەیاند: ''ھەرگیز ناگەڕێمەوە بۆ حوکمی پشک پشکێنە''. پرسیار ئەوەیە: سەدر بە نیازی چییە!؟

 

سەدر باش دەزانێت، دیاری کردنی ئامادەبونی ڕێژەی ٢٢٠ پەرلەمانتار بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پیلانێکی ئێران بو لە ڕێی دادگای باڵای عێراقەوە، بۆ تەگەرەخستنە ڕێی بەرەی سەدر+پارتیی+حەلبوسی.

 

سەدر درکیشی بەوە کردوە، کە بەتەواوی تورکیا خۆی یەکلانەکردۆتەوە بۆ پشتیوانی بەرەی سەدر+پارتیی+حەلبوسی. چونکە ئەگەر تورکیایان لە پشت بوایە، ئەوا پەرلەمانتارە تورکمانەکان و بەشێکی تری پەرلەمانتارەکانی سونەکان و، چەند پەرلەمانتارێکی یەکگرتو پشتیوانیان لە بەرەی سەدر+پارتیی+سونەکان دەکرد. ڕاستە باڵێکی یەکگرتو سەر بە یەکێتیی-ئێرانن، بەلام خۆ باڵێکی تریشیان سەر بە تورکیان. ئەو کات خۆ ھیچ نەبێ دوو پەرلەمانتاریان ھەر بە فەرمانی تورکیا، دەجوڵانەوە.

 

 ئەکرێت تورکیا بەرەی سەدر+پارتیی+حەلبوسی «پێ باشتر بێ» لە بەرەکەی تر کە ھی ئێرانن. بەڵام ئەگەر تورکیا «بە ڕژدی پشتیوانی» سەدر+پارتیی+حەلبوسی بێت ڕێژەیان زیاتر دەبێ.

 

پێموایە: سەدر لەوە دڵنیابوەتەوە، درێژەی ئەم دۆخە لە قازانجێتی، بەمەرجێک ھاوپەیمانێتییەکەی لەگەل پارتیی و حەلبوسی پتەو بێت. چونکە:-

 

١-دەیەوێت بۆ شەقامی عێراقی بسەلمێنێت کە ئەو کەسێکی عێراقییەو، دژبەرەکانی پاشکۆی بەرژەوەندییەکانی ئێرانین. سەدر دەزانێت ھەم لە ناو عەرەبی سونە و ھەمیش لە ناو شیعەکانی عێراق دا بۆچونی دژ بە ئێران لە گەشەسەندن دایە. لە ڕوی مێژوویشەوە، دوژمنایەتی عەرەبی عێراق و فارسی ئێران، دێرینە. واتە: دەیەوێت خۆی ھەم بۆ عەرەبە سونەکان و، ھەمیش بۆ عەرەبە شیعەکانی عێراق بسەلمێنێت کە ئەو ڕابەرایەتی جەمسەری بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکات.

 

٢-ئەکرێت سەدر بیری لە دوبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنیش کردبیتەوە. بێگومان کات-کوشتنی لەم شێوەیە بە قازانجی سەدرە. چونکە شەقامی سونە و شیعەی عێراق بە ڕونی لەگەل مالیکی و عامری و عەبادی دا نین. مەبەستم میلیشیا نییە، مەبەستم جەماوەرە. بە بەردەوامبونی ئەم دۆخە، ھەم بۆ شەقامی سونە و شیعە دەسەلمێنێت کە مالیکی و عامری و عەبادی دژی حوکمی زۆرینەن. ھەمیش شەقامی عەرەبی عێراق وا لێ دەکات کە ئەگەر ھەڵبژاردن دوبارە بکرێتەوە، سۆزی زیاتریان بۆ سەدر ھەبێ و، متمانەی پێ بکەن کە ڕژدە لەسەر باوەڕەکانی بۆ دورخستنەوەی دەسەلاتدارەکانی حوکمی دەیەی ڕابردوی عێراق لە دەسەڵاتی داھاتو دا.

 

٣-بۆ سەدر گرنگە ئەوەیە: بزانێت ئایا ھەتا سەر پارتیی و حەلبوسی پشتی دەگرن. بێگومان بۆ پارتیی و حەلبوسیش گرنگە کە بزانن ئایا تا سەر سەدر پشتیان دەگرێت. ئەگەر ئەم بەرەیە ھاوپەیمانێتییەکەیان بەھێز و یەکڕیز بێت «ئەکرێت بە نھێنییش ھێزی نێودەوڵەتیی ڕێکی خستبن!»، ئەوا گەر ھەڵبژاردنیش دوبارە بکرێتەوە، ئەمانە ھەر دەنگی پێویست دێننەوە.

 

٤-خۆ ئەگەر ھەڵبژاردنیش دوبارە نەکرێتەوە، عاقیبەت ھەر دەبێت سەرۆککۆمار ھەڵببژێرێت، بێگومان ھەر زۆرینە سەردەکەون. 

 

کەوابو، گەر ھاوپەیمانێتیی نێوان سەدر و پارتیی و حەلبوسی بەردەوام و پتەو بێ، چ ھەڵبژاردن دوبارە بکرێتەوە، یان نا، بە سودیان دەبێت. بەم پێیە، مەسەلەکە تەنیا لەسەر «کات» بەندە. چونکە تەنانەت گەر بەشێکی پەرلەمانتارەکان دڵنیاببنەوە کە ئەم خولەی پەرلەمان ھەڵدەوەشێتەوە، ئەوا تا سەر بایکۆت ناکەن و بەشدار دەبن.

 

بەڵام ئەگەر ھاوپەیمانێتییەکەیان یەکگرتو و پتەو نەبن، ئەوا چ ھەڵبژاردن دوبارە بکرێتەوە، یان نا، ئەوا بە زەرەریان دەشکێتەوە.

 

کەوابو، پێوەر بۆ ئەم دۆخە و بۆ داھاتوش ئەوەیە: ئایا ئەم ھاوپەیمانێتییەی سەدر+پارتیی و زۆرینەی سونەکان بە یەکگرتویی و پتەوی دەمێنێتەوە، یان نا؟!

ـ

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
سوپاسالاری ئێران: رێگه‌ناده‌ین كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی كه‌نداو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×