بۆ کەمینەیەکی کورد: "تا کەی لێسانەوەی چەقۆی قەساب!؟".
نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی، کە نەتەوەییەکی نائاریی، ناسامیی و، نا مەگۆلییە، زانست سەلماندویەتی دێرینترین نەتەوەی خاوەنداری ناوەڕاست و باکوری میسۆپۆتامیاو، زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە.
واتە: ئەم نەتەوەی کوردە زاگرۆسییە؛ خاوەنی ڕەسەنی ناوچەکە یە، چونکە خاوەنداری جێگیر و هەمیشەیی کوردستان، بوە. بە پێچەوانەی فارسەکان، تورکەکان و، عەرەبەکان، کە یەکەمیان لە هۆزە ئارییەکانن، دووەمیان لە تاتار و مەگۆلییەکانن و، سێیەمیان لە سامییەکانی نیمچە دورگەی عەرەبن و، هەر هەموشیان کۆچیان بۆ ئەم ناوچانە، کردوە. واتە: زانست سەلماندویەتی کە ئەوانە خاوەنداری هەمیشەیی خاکەکانی ئێستایان نەبون و، خودی ئەم نەتەوانە خۆشیان دانیان پێدا ناوە کە ڕەسەنداری هەمیشەیی سەر ئەم دەوڵەتانەیان، نەبون، بۆ نمونە؛ فارسەکان خۆیان دانی پێدائەنێن کە؛ ئاریین و بە کۆچ هاتون.
بەڵام لەگەڵ ئەم حەقیقەتە زانستییەداو، لەگەڵ ئەوەش کە زۆرینەی کورد مسوڵمانن و، ئەم سێ نەتەوەیەش هەر ئیسلامن. کەچی هەمیشە ئەم سێ نەتەوە داگیرکەرە ئیمپریالیستە جینۆسایدی کوردیان کردوەو، سەدان جار فارساندن، تورککاندن و، عەرەباندنی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان ئەنجام داوە. وەکو، فارساندن، تورککاندن و، عەرەباندنی؛ غازی عەنتاب، ئیسکەندەرون، عەفرین، حەسەکە، موسڵ، کەرکوک، خانەقین، جەلەولا، ورمێ، نەغەدە، هەمەدان، شەهری کورد و زۆری تر.
زۆر ڕونیشە، ئەم نەتەوە داگیرکەرە ئیمپریالیستانەی سەر کوردستان، لەگەڵ ئەوەی سەدانجار جینۆسایدی بەردەوامیی ڕەگەزی کورد و، جینۆسایدی کلتوری-سیاسیی کوردستانیان کردوە، هەزارانجاریش ئەتکی شەرەف و کەرامەتی کوردیان کردوەو، بە ملیۆنان کوردیشیان شەهید کردوە.
بەڵام ئێستا لە جەنگی ئێران و ئیسرائیل دا، دەبینین هەندێ لە کورد، بەشێک لە سەرکردەکانیی و، تەنانەت کەمینەیەک لە حیزبەکانیشی، کەوتونەتە لێسانەوەی چەقۆی ئێران و، بەیاننامە دەردەکەن و، چاوپێکەوتن دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن.
بەشێک لە کوردە ئیسلامییە سیاسییەکان، بە ڕاگەیاندن، دژی ئیسرائیل وەستاونەتەوە، بەتایبەت یەکگرتو و کۆمەڵە، لەگەڵ ئەوەش دا سەرکردەکانیشیان، وێنەی ئەحمەدی موفتیزادەشیان داناوە! مەگەر ئەم ڕژێمەی ئێران نەبو لەگەڵ ئەوەی ئەحمەدی موفتیزادە پێشمەرگەی مسوڵمانی بۆ پشتیوانیی لە فەتوای جیهادی خومەینیی دژی نەتەوەی کورد، دروست کرد، کەچی عاقیبەتییش خودی خۆشیان داغان کرد!! وەک لەناوبردنی حەسەن خێری بەدەستی ئەتاتورک.
مەگەر ئەم ڕژێمەی ئێستای ئێران نەبو کە مەلا محەمەدی ڕەبیعیی و سەدان مەلای سوننەی تری لەناو ئێران تیرۆر کرد؟ ئەگەر لە ڕوی کوردایەتیشەوە لێی نەڕوانین و، لە ڕوی سوننەبونی یەکگرتو وکۆمەڵەوە هەڵیسەنگێنین؛ مەگەر ئەم ڕژێمەی ئێران نەبو کە ملیۆنان سوننەی لە سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان جینۆساید کرد؟
ئەی کەوایە، یەکگرتو و کۆمەڵە بۆچی نۆکەربونی خۆیان بۆ ئەم ڕژێمە "کوردکوژ و، سوننەکوژە" لە ئێستادا دەسەلمێننەوە؟ چونکە سەرکردەکانیان لە ئاشکرابونی زۆر مەلەفی حەیاتکاوییان دەترسن کە لە پاش ڕوخانی ڕژێمی ئێران بەردەست دەکەون!
"قاسملو: خۆری ناسیۆنالیزمی کوردەو، تا هەتایە بەپێوەیە!".
ئەم ڕژێمە جوانییکوژ و ژیانکوژەی تاران، لەسەر مێزی دانوستان، لە ڕۆژی جەژنی قوربان، لە ڕۆژی هەینیی، دەستیان چوە شەهیدکردنی بیرمەندترین ڕێبەری شۆڕشگێڕی جیهانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە؛ قاسملو، بو.
قاسملو دەیویست ئەم دڕندانە بێنێتەسەر ئەو باوەڕەی؛ دەکرێ ئەوانییش وەکو مرۆڤ مامەڵە بکەن و، ڕێز لە نەتەوەیەکی هەمیشە زیندوی وەک کورد بگرن و، واز لە جینۆسایدکردنیان بێنن. کورد نەتەوەیەکە بە هیچ دڕندەو فاشیستێک لە ناو نابرێ! ئەم ئەهریمەنانە، لە ژێر پەیمانی ئەوەی کە بەشێک لە مافی نەتەوەیی کورد دەدەن، زیرەکترین ڕوناکبیری سیاسیی، ڕێبەری کورد؛ قاسملویان، شەهید کرد. دواتر شەرەفکەندیی و سەدانی تریشی گرتەوە.
بەڵام سەلما، کە قاسملو؛ قوتابخانەی ناسیۆنالیستیی ئێستا و داهاتوی کوردستانە.
قاسملو: تاکە ڕێبەریی فکری-سیاسیی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنە لە ناو کورد، کە گەشەسەندنێکی ڕادیکاڵیی و ئیلهامێکی گەورەی بە ناسیۆنالیزمی کورد بەخشیی و، لە ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی و کلاسیکەوە، بیری نەتەوەیی کوردی تا ئاستی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن، فراژو کرد.
قاسملو: وەک بیرمەندێکی ڕەخنەگری جیهانیی لە کۆمۆنیزمی مەوجود، تێزەکانی داهێناو، بوبە یەکەم بیرمەندی جیهانیی، کە دژی دیکتاتۆریەتی سیستەمە کۆمۆنیستەکان و ئایدۆلۆژیا تەنگەتیلە دژە مرۆڤایەتییەکەیان وەستایەوە.
لەوەش دا، ڕێی گرت لە مارکسیست- کۆمۆنیستەکانی وەک مەنسوری حیکمەتی فارسیست-مارکسیست و، فاشیستەکانی وەکو حافیز ئەسەدی بەعسیست، گەللی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان، لە ڕێی کەسانی وەک؛ عەوڵا موهتەدی ئاغای دیبوکری، سەلاح موهتەدی ئاغای دیبوکری، عومەری ئیلخانیزادە ئاغای دیبوکری، ئیبراهیمی عەلی زادەوە، بە جاش، بکەن و، بیری نەتەوەیی ڕزگاریخوازیی کورد لە هزری تاکەکانی کورد دا، بشۆنەوە.
پراکتیزەبونی تێز و تێفکرینەکانی قاسملو؛ وەک چارەسەری کەماسییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی کێشەکانی کۆمەڵگای کوردستان و ناسیۆنالیزمی مەوجودی کورد و، گۆڕانی سۆزی تاکەکانی کورد لە پشتگیری کوێرانەیان بۆ عەشیرەت، حیزب، ئاغاوات و، کۆمۆنیزمی مەوجود، بۆ نیشتیمانی کوردستان، بە جۆرێک گەشاوەتەوە؛ جەماوەری خۆرهەڵاتی کوردستان لە ڕێی پەروەردەکردنیان بە میتۆدی تێزەکانی قاسملو وەک تاقانە قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردیی، بە تەواوی بە دیسپلینبون و، بە جۆرێ جەماوەری خۆرهەڵاتی کوردستان بەگشتیی، لە بۆنە ناسیۆنالە کوردییەکان دا، ڕێکخراو و یەکڕیزن، بونەتە ئیلهامدەر بۆ گشت بەشەکانی کوردستان.
ئەو جۆرە ڕێکخراوبونەی کوردانی خۆرهەڵات بە گشتی لە بۆنە نەتەوەییەکانی کورد دا، سەلمێنەری ئەوەیە: بیری ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردی قاسملو تەرکیزی لەسەر گشتە نەک تاک، گرنگی بە هەمو ڕۆڵەکانی کورد دەدا و گشت ئەندامانی کورد بە یەکسانیی پیرۆزن، بە بێ هەڵاواردنیان و جیاوازیدانان لە نێویان کە کامیان ئاغاواتە، مسکێنە، سەرۆک عەشیرەتە، پیاوی ئاینییە، یان سەرکردەیە.
بەرهەمی تێزەکانی قاسملو، وەک تاکە ڕێبەری ناسیۆنالیست-مۆدێرنی کورد، ئەو یەکڕێز و ڕێکخراوبونە جەماوەرییەی لە خۆرهەڵاتی کوردستان، خولقاندە!
لێرەدا، مرۆڤێک کە ژیریی خۆی بخاتەگەڕ، دەپرسێ: چ خۆشە، چەند گرنگە، چەنێک پێویستە کە ڕێبەرانی کورد و گەلانی جیهان، وەک قاسملو لە پێناو [گشت] ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیان خەبات بکەن. ئەوەتانێ ناوەکەی بوەتە وێردی سەر زمانی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی کوردستان و، بۆ داهاتوش؛ هەر قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی قاسملو دەبێتە پێویستییەک بۆ گشت بەشەکانی کوردستان کە لە ڕێیەوە دەتوانرێ کورد یەکبخرێ و، ئەژنۆی داگیرکەران بشکێنرێ!
چ ناخۆشە، چەند قێزەونە، چەنێک شەرمەزاربونی مێژوییه بۆ ئەو فەرماندەو سەرکردانەی ئێران و کورد، کە تەمەنیان درێژە، کەچی بە کوشتن یان مردنیان، زۆرینەی جەماوەر دڵشادن و ئاهەنگ دەگێڕن.
ئەوەتانێ دەبینین، ئیسرائیل کە ئەهریمەنەکانی ڕژێمی ئێران دەکاتە ئامانج، چۆن خەڵکانی مرۆڤدۆست، ئازادیخواز، حەقخواز، دینداری ڕاستەقینەو، مرۆڤە نیشتیمانپەروەرەکان، شادومان دەکات!
هەر یەک لەو فەرماندانەی پاسداران، دەستیان لە شەهیکردن و ڕەشەکوژکردنی سەدان کورد هەیە. بۆیە گرنگە هەندێ تاکی کورد؛ لەم تەوقیتەدا تۆزقاڵێک شەرم بکەن و، چیتر چەقۆی ئێران نەلێسنەوە.
وەک ڕۆژێک پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەم بەرنامە تایبەتەی کەناڵی کەی-ئێن-ئێن دا،
https://www.facebook.com/share/v/18prFcYeeD/
تێفکرینەکانم ئەوەبو: کە ئێران بەرگەی ئیسرائیل ناگرێ. ئێستا ئەو حەقیقەتانە دەبینین. ئیسرائیل سەلماندی بە چەند خولەکێک دەتوانێ زۆرینەی سەرکردەو فەرماندەکانی ئێران، بپێکێ. ئەوەش نیشانەی داغانبونی دەزگا هەواڵگری، سەربازیی و، سیاسییەکانی ئێرانە.
کەچی ڕژێمی ئێران، وەک حوسییەکان، حیزبوڵاو، حەشدی شەعبی، بە بێ ئەوەی توانای خۆی بسەلمێنێ و، بتوانێ بە دەقیق سەرکردەکانی ئیسرائیل بپێکێ، بە گۆترەیی تەلئەبیب موشەکباران و درۆنباران دەکات. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە: ئاستی پێگەیشتویی و پێشکەوتویی و توانای ئیسرائیل بە ئاستی لاوازیی و فشۆڵیی ئێران، بەراورد ناکرێ!
ڕاستە لەم جەنگەدا، ئیران زیاتر لە توانای حەماس، حیزبوڵاو، حوسییەکان، زەرەرو زیان بە ئیسرائیل، دەگەیەنێ. بەڵام ئەنجام؛ یان تەسلیمبون، یاخود داغانبونی ڕژێمی ئێرانە. بەتایبەت تا ئێستا ئێران نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێ کە بە هەمان شێوەی ئیسرائیل دەتوانێ سەرکردە باڵاکانی ئیسرائیل دەقیق، بپێکێ.
جەنگی ئێران و ئیسرائیل، هەم لە تەکتیک و، هەمیش لە ستراتیژ دا؛ بە سودی پرسی کوردە لە گشت بەشەکانی کوردستان، بەتایبەت بۆ باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان. دەبێت هێزەکانی کوردستان ئامادەبن بۆ ڕزگاری کوردستان هەر لە شەهری کورد، کوردە بەختیارییەکان، هەمەدان، کرماشان تا ورمێ و سەلماسی خۆرهەڵاتی کوردستان، بۆ موسڵ، کەرکوک، خانەقین و دوزخورماتوی باشوری کوردستان.
کوردبون: ئەوپەڕی شەرەفمەندییە.
جاشبون و هەر جۆرە سۆزێک بۆ داگیرکەرانی ئیمپریالیستی عەرەب، فارس و، تورک، لوتکەی بێشەرەفییە.
دەورانی داڕوخانی یەکجارەکیی داگیرکەرانی ئیمپریالیستیی کوردستانە.
شەرمەزارتر و سەرشۆڕتر بن؛ جاشەکانی کوردستان و سەرکردە گەندەڵ و سینەزەنەکانی بەرەی المهزومة ( بەرەی بەناو مقاومەی پێشو). دڵنیابن، ڕژێمی ئێران چارەنوسی یان تەسلیمبون و ئاشبەتاڵە، یان داغانکردنیەتی وەکو حیزبوڵاو حوسییەکان.