سیستەمی بەڕێوەبردنی جیهانیی، ئایدۆلۆژیای وڵاتان، بەرژەوەندی و جەمسەربەندی وڵاتان، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای زیرەکی جەنگیی دەوڵەتەکان لە چەند بەرەیەکی جیاواز، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای جەنگی وڵاتانی ئیسلام بەتایبەت هی (تورکیا، پاکستان، ئێران و، میسر)، پێگەیشتویی تەکنەلۆژیای جەنگی وڵاتانی خۆراواخوازی هاوسێی ڕوسیا وەکو (ئۆکرانیاو، پۆڵەندا)، هەر هەمو ئەمانە وایانکردوەو ڕێگەخۆشکەرن بۆ؛ خولقاندنی جەنگ و بەردەوامبونی ململانێکان لە چەندین بەرەی جیاوازی جیهانیی داو، داڕشتنەوەی سنور و هەیمەنەی جیهانێکی نوێ لە ستراتیژ دا.
کەوابو، ئەگەر بەریەککەوتنەکان ماوە-ماوەش هێورببنەوە، پاشان لە شوێنی تر هەر سەرهەڵدەدەنەوە؛ چونکە تەکنەلۆژیای زیرەکی جەنگیی بەشێوەیەکی فراوان و هەمەجۆر لە گەشەکردنی خێرا دایە.
وردببنەوە، هێندە گەشەسەندویی تەکنەلۆژیای جەنگ گرنگترینە، کە؛ ئیسرائیل یەکێک لە لاوازترین هەڵکەوتە جیۆپۆلەتیکەکانە هەم لە ئاستی جیهان و هەمیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئێران یەکێک لە گرنگترین هەڵکەوتە جیۆپۆلەتیکەکانی هەیە هەم لە ئاستی جیهان و هەمیش لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. کەچی گەشەکردویی تەکنەلۆجیای زیرەکی جەنگیی ئیسرائیل وایکردوە، کە؛ ئیسرائیل کەمەری ڕژێمی ئێرانی شکاندوە. بەڵام تا ئێستا ئێران تەنیا وەک حوسییەکان و حیزبوڵا هەر بە گۆترەیی موشەک دەهاوێت!
واتە: گەشەسەندویی تەکنەلۆژیای زیرەکی جەنگی ئیسرائیل بەجۆرێکە بە دەقیق سەرکردە باڵاکانی ئێران دەپێکێ و ناوچە ستراتیژییە سەربازیی و ئەتۆمیی و ئابورییەکانی داغان دەکات.
بەڵام ئێران هاوشێوەی میلیشیای حوسییەکان تەنیا دەتوانێ بە هەڕەمەکی شارەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج؛ ئەمەش نیشانەی لاوازیی و داغانبونی هەواڵگری، سەربازیی، سیاسیی و تەکنەلۆژیای جەنگی ئێران، دەسەلمێنێ.
کەوابو: گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای جەنگیی ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەن پێگەی جیۆپۆلەتیکیی لاوازن، دەتوانێ هێندە کاریگەر بێ؛ هەم دەوڵەتە خاوەن پێگە جیۆپۆلەتیکە بەهێزەکان لاواز بکات و دابڕمێنێ و، هەمیش ببێتە هۆی بەردەوامیی هەڵپەی فراوانخوازیی لای وڵاتان و، خولقاندنی سنوری نوێ و دەوڵەتی نوێ لە ستراتیژ دا.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەکانی هەندێک لە هاوڕێیانی بەڕێز لە بارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، ئەمە تێفکرینی نەگۆڕمە بۆ پرسیارەکانتان: ئەگەر ڕژێمی ئێران سازشی گەورە (بەنهێنیی!) بۆ ئەمریکا نەکات؛ دەیڕوخێنن.
تەکتیکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ ئێران؛ شۆکهێنەرن. لەوەش دا کە بە ئاشکرا و بە قسە ناڵێن: دەیڕوخێنین، تەنیا دەیانەوێ ڕوسیا، چین و، وڵاتانی ناوچەکە لە هەمبەر ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل بەتەواوی بەخەبەر نەیەنەوە.
بەڵام بەکردەوە ڕژێمی ئێران داغان دەکەن و دەیڕوخێنن! خۆ ئەگەر ئێران تەسلیمیان ببێ و سازشی [زۆر!!] گەورەی نهێنیی بۆ ئیسرائیل-ئەمریکا بکات؛ ڕەنگە ڕێگای بدەن بتوانێ کەمێک تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە!