بۆ هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان!

شه‌ریف عەلی
  2025-06-23     195

له ڕوی ستراتیژییەوە: ڕوخانی ئەم ڕژێمەی ئێران؛ حەتمییە! 

لە ڕوی کاتیشەوە: دەکەوێتەسەر چۆنێتی سەرکەوتنی تەکتیکە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل-ئەمریکا. ڕونە، هەندێک تەکتیک لە ڕوی کاتەوە، زیاتر، یان کەمتر، دەخایەنێت!

 

تەنانەت، ئەگەر ئەم ڕژێمەی ئێران تەسلیمی خواستەکانی ئەمریکا-ئیسرائیلیش ببێت: هەر ئەمریکا-ئیسرائیل لە چوارچێوەی "تەکتیک" دا مامەڵە لەگەڵ [ئەگەر!]ی تەسلیمبونە سیاسیی-دبلۆماسییەکەی ئەم ڕژێمە دەکەن. چونکە ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل بریتییە لە: کۆنترۆڵکردنەوەو داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەپێی بەرژەوەندییەکانیان. ئەو ستراتیژەش بەبێ زاڵبون بەسەر جیۆپۆلەتیکی ئێران؛ بەدی نایەت. بۆیە لە ڕوی ستراتیژییەوە؛ هەر دەیڕوخێنن!

 

ئایا وەک داڕوخانی ڕژێمی سەددام لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ دەخایەنێت، یان وەک ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٢٠١١ تا ٢٠٢٤ دەخایەنێت، یاخود ڕوخانی ئەم ڕژێمەی ئێران کەمتری پێ دەچێت، هیچ لەو فاکتە ناگۆڕێت کە ئەم ڕژێمە لە ڕوی ستراتیژییەوە لەسەر ڕێڕەوی داڕوخان دایە.

 

هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان پێویستە لەسەر چەند ستراتیژێک پێکەوە کاربکەن.

 

یەکەم: ستراتیژی ڕزگاریی [جوگرافیا]ی خۆرهەڵاتی کوردستان. ئەم ستراتیژە نابێت [زۆر!] گرنگی بەو شارو شارۆچکانەی خۆرهەڵاتی کوردستان بدات کە ڕزگارکردنیان [زۆر] ئاسانە، وەک: پاوە، مهاباد، بۆکان، جوانڕۆ، قەسری شیرین، ڕوانسەر، بانە، سەقز، کامیاران، مەریوان و هتد. چونکە لە تەوقیتی ڕزگاریی دا: جەماوەر، بە ئاسانیی خۆیان ئەم ناوچانەیان ڕزگاردەکەن. بەڵام بە تێفکرینی من، ستراتیژی ڕزگاریی خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێت [زۆر] تەرکیز و گرنگی لەسەر چوار شوێن، یاخود چوار سەنتەری خۆرهەڵاتی کوردستان بێت، کە کلیلی ڕزگاریی-یەکجارەکیی تەواوی کوردستانن، بەتایبەت بۆ باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان. ئەم هێڵەی ستراتیژی ڕزگاریی دەبێت فۆکەسی لەسەر ئەم [چوار ناوەندە]ە بێت:

 

ئەلف: ڕزگارکردنی هەمەدان، لوڕستان، کوردانی بەختیاری و، شەهری کورد تا پشکی کورد لەسەر کەنداو. ئەمە گرنگترین جیۆستراتیژە کە بتوانرێ لە ئانوساتی ڕوخانی ڕژێمی ئێران دا؛ ڕزگارکردنیان دەبێتە مومکین و، دەبێت خێرا بقۆزرێتەوە!! واتە: دەبێت بیر لە خۆسەلماندنی دیفاکتۆ بکرێتەوە!!

 

با: ڕزگارکردنی ورمێ. ئەمەش دەبێت بخرێتە هێڵی ڕزگارییەوە لە ئانوساتی ڕوخانی ڕژێم داو، بەشێوازێکی خێرا ئەنجام بدرێ و، زۆر [لێزانانەو عاقڵانە!!] تیمی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی بۆ دابنرێ!

 

جیم: ڕزگارکردنی نەغەدە. دەبێت بەخێرایی لە ساتی داڕوخانی ڕژێمی داگیرکەردا، گرنگییەکی پێویست بە ڕزگارکردنی نەغەدە بدرێ و، تیمی [شیاو] بۆ بەڕێوەبردنی دیاری کرابێ!

 

دال: ڕزگارکردنی کرماشان؛ گرنگترین گەورە شاری خاوەن جیۆپۆلەتیکێکی تۆکمە لەسەر ئاستی هەمو بەشەکانی کوردستان. ڕونە ڕزگارکردنی کرماشان و بەڕێوەبردنی ئاسانترە لە خاڵی ئەلف و با. بەڵام، کرماشان: گرنگترین جیۆپۆلەتیکی هەیەو، دەبێت ئەمیش لە [ئەولەویەت]ی ستراتیژی ڕزگاریی دا بێ و، بەخێرایی: وەک پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستان بناسرێت، کە دڵی گرێدانی کوردانی لوڕ و لەکە لە باشوری خۆرهەڵاتی کوردستان بە کوردانی کرمانج لە باکوری خۆرهەڵاتی کوردستان. مێژو و جوگرافیا سەلماندویانەو دەشیسەلمێنن: هەر هێزێک کرماشانی لەژێر دەست دا بێت، لە باشورییەوە هەتا کەنداو و، لە خۆراواشییەوە هەتا بەغدا، کاریگەری دادەنێت.

 

دووەم: ڕونە لای هەموان کە فارس کەمینەن لەناو ئێران دا. گرنگە هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکی [ستراتیژی]ی لەگەڵ هێزەکانی عەرەبی [عەرەبستان]ی ئێران و، هێزەکانی بەلوچی [بەلوجستان]ی ئێران پێکبێنن و، هەرسێکیان داوای [کۆنفیدراڵی]ی بکەن لە ئەمریکاوئیسرائیل. واتە: لە ئێستاوە پێویستە ئەو هاوپەیمانێتییە لەگەڵ عەرەبەکان و بەلوچەکان پێکبێت. لە ئێستاشەوە هەر پێویستە نوێنەرانی هەر سێ نەتەوەکە پێکەوە پەیام بۆ ئیسرائیل-ئەمریکا بنێرن لەسەر داخوازییەکانیان. بێگومان تێکۆشانی دبلۆماسییش [سەختی]ی خۆی هەیەو، کۆڵنەدان و لێزانینی دەوێت! ئەگەر پاڵیلێبدەیتەوەو، بە نیاز بیت بەلوچەکان و عەرەبەکان، یاخود ئیسرائیل و ئەمریکا پەیوەندیت پێوە بکەن: ناسیاسییبون و نادبلۆماتبونت، دەسەلمێنیت. سەرکردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارن لە لە دەستدانی هەر دەرفەتێک کە دەکرێ بیقۆزنەوە بە قازانجی ئەو بەشە بەتایبەت و، هەمو کوردستانییش بەگشتیی.

 

 

سێیەم: پرسی دابەشبونی ئێران و، ڕزگارکردنی نیشتیمانی نەتەوەکانی ناویشی؛ هەر ئەگەرێکی سیاسیی-ستراتیژییە. بەڵام وەک لە خاڵی دووەم ئاماژەم پێداوە: لۆژیکییە کە کورد، بەلوچ و، عەرەب، هاوپەیمانێتییەک پێکبێنن و، داوای [کۆنفیدراڵی]ی بۆ نیشتیمانەکانیان بکەن لە چوارچێوەی ڕژێمی ئێرانی داهاتو دا. بەڵام ئەگەر، دەوڵەتانی عەرەب توانیان باشوری ئێران [عەرەبستانی ئێران] بکەنە؛ دەوڵەتێکی سەربەخۆ. کوردییش پێویستە پێشتر حسابی بۆ ئەم ئەگەرەو، ئەگەری دیکەش، کردبێ. بەڵام جێبەجێکردنی خاڵی یەکەم، کلیلی سەرکەوتنی خاڵی دووەم و، تەنانەت سێیەمیشە.

 

چوارەم: دەبێت تەواوی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەوە کۆک بن، کە: هەر ڕەگەزێکی سەر بە نەتەوەی داگیرکەر، لە خۆرهەڵاتی کوردستان بگیردرێت؛ نابێت دەستی لێبپارێزن. هەروەها ئەو کوردانەی کە سەر بە داگیرکەرن؛ حەقێکی تەواوە سزای خۆیان وەربگرن و، ناوەکانیشیان لە چەندین بەرگ کتێب دا؛ وەک ڕوڕەش و شەرەفرۆشانی هەمیشەیی ناو مێژوو، چاپ بکرێت. ئەگەر هەر هێزێکیان کۆمەڵە جاشێکی دەستخوێناوی بگرنەخۆ: بناغەیەک بنیاد دەنێن، کە: لە ڕووەکانی کارگێڕیی، نەتەوەیی و، سیاسییەوە، دۆخیان لە باشوری کوردستان زیاتر بەرەڵاتر دەبێ. بۆیە نابێت ڕێگا بە هیچ سەرکردەیەکیان بدەن کە ببنە پارێزەری کۆمەڵە جاشێک. چونکە بیریشمان نەچێت ساڵی ١٩٩١ جەماوەری باشوری کوردستان لە لوتکەی هۆش و بیری ناسیۆنالیستیی کوردیدا بون. بەڵام لێخۆشبون لە جاشەکانی لەلایەن هێزەکانی باشورەوە: کلیلی داڕمانی هۆشی نەتەوەیی زۆرینەی تاکەکانی باشوری کوردستانی لێکەوتەوە.

 

پێنجەم: دەبێت گشت هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بڕوای تەواویان بە [یاساسەروەر]کردن و، [خاکپارێزی]ی خۆرهەڵاتی کوردستان هەبێ و، ڕێکەوتننامەی کۆنکرێتی لەسەر ئیمزا بکەن، کە: لە [هیچ] دۆخ و ئەگەرێک دا هیچ لایەکیان دەستناکەنە دابەشکردنی زەوی شارەکان، دروستکردنی زۆنی حیزبیی، خولقاندنی فیوداڵیی سیاسیی وەرەساتسەپێنیی، دامەزراندی گومرگ و کۆمپانیای حیزبیی لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان. پێویستە لە سەرەتادا، بەرەیەکی هێزی پێشمەرگەی خۆرهەڵاتی کوردستان پێک بێنن کە تەنیا سۆزیان بۆ نیشتیمانی کوردستان هەبێ و فەقەت!

 

سەرکەوتن لە خاڵی یەکەم؛ بە ئەلف، با، جیم و، دالییەوە: کلیلی لەپێشینەیە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی دووەم، سێیەم، چوارەم و، پێنجەم. گرنگترینە لە ئێستادا، بەلای کەمەوە ستراتیژی خاڵی یەکەم و، دووەم، دابڕێژرێت.

 

بۆ مێژو با ئەم کۆتا پەرەگرافەشی بۆ زیاد بکەم: هەرگیز لە مێژوی ساڵی ١٩٤٨ ەوە تا ئێستا، هیچ هێز و دەوڵەتێک نەبوە کە بەم شێوەیەی ئەم ڕژێمەی ئێران بەهەڕەمەکیی موشەکباران و درۆنبارانی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی کردبێ و، نەیانڕوخاندبێت!! زۆر زۆرم نوسیی لە ٢٠٠١ ەوە تا ئێستا کە ئێران ناوێرێ ئیسرائیل بکاتە ئامانج؛ عاقیبەت خودا کردی کەوتە تەڵەکەوەو، توش بو. دەرئەنجامە ستراتیژییەکەی ئەمەش: ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێرانە. 

هەمیشەش یەکێک لە ستراتیژەکانی نوسینەکانی من، هەوڵدانمە کە کۆمەڵە بیرۆکەیەک بخەمەڕو، کە: دوژمنی زیاتر بۆ داگیرکەرانی کوردستان، بخولقێنم.  

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×