کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئێران بۆ زیاتر لە دوانزە ڕۆژ، کوشتنی زۆرینەی جەنەراڵەکانی سوپای پاسداران، خاپورکردنی زۆر ناوەندی ستراتیژی ئێران، داغانکردنی بنکەکانی پاسداران لە تاران و، لە زۆرینەی شارە گەورەکان، سەلماندی کە کوشتنی خودی خامنەیی و تەنانەت ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران بۆ ئیسرائیل-ئەمریکا؛ نێچیرێکی ئاسانە!
بەڵام تەنیا هۆکار کە ئیسرائیل-ئەمریکا، وەک تەکتیک! لەم تەوقیتەدا ئەم ڕژێمەی ئێرانیان نەڕوخاند: نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بو! ڕاستە زۆرینەی گەلانی ئێران دژی ئەم ڕژێمەن، بەڵام بۆ ئیسرائیل-ئەمریکا سەلما، کە: هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران: هیچ، ن!
کاتێک ئێران پەیوەندی بە ئەمریکاوە کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ترەمپ لێدوانێکی سەیری دا، وتی: "ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوەکردین بۆ ئەوەی هێرشی ئیسرائیل بوەستێنم. ئەگەر ئێستا ئێمە ئێران بڕوخێنین؛ دواتر دۆخی ناوخۆیی دەبێتە فەوزا. پێشتریش لەگەڵ ڕوخانی عێراق دا نەبوم کە فەوزا هاتەکایەوە".
ئەم لێدوانە دەیسەلمێنێ کە ترەمپ و ئیسرائیل بە وردی درکیان بەوە کردوە لەگەڵ ئەوەی ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران بۆیان ئاسانە، بەڵام قۆناغی بەڕێوەبردنی ئێران نادیار دەبێ. چونکە سەلما کە ئۆپۆزسینی ئێران بە فارس و نەتەوەکانی دیکەشەوە، لەم زێڕینترین دەرفەتەی کە ئیسرائیل بۆی خولقاندن؛ خۆیان لە جوڵە بڕی بو.
لە بنەڕەتییش دا بەشێکیان هەر ئەوەنەی مابو کە گوتاری: "بژی کۆماری ئیسلامیی، بڵێنەوە!". بۆ نمونە؛ بەیاننامەکەی مریەم ڕەجەوی بخویننەوە، ئیتر تێدەگەن کە ئیسرائیل-ئەمریکا حەقی تەواویان بە پرۆسەکە دا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیان لەم تەوقیتەدا نەڕوخاند! چونکە پرسیاری لۆژیکی ئەوەیە: بۆ کێی بڕوخێنن کە بۆ دورمەودا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل لە ناو ئێران دا مسۆگەر بکات!؟
کاتێک تۆ پاڵت لێداوەتەوەو، لە زێڕینترین دەرفەت دا خەریکی ئێرانپەرستیت و، گوتارت نزیک گوتاری ڕژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامییە: ئیتر ئەوان چیت بۆ بکەن!
لەم پرسەدا، ناهوشیاری سیاسیی سەرکردەو حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان نابێت پشتگوێ بخەین. کاڵفامیی سەرکردەکانیان لەوەدایە: پرسی بە پاسداربونی حسک و یەکێتیی لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیست و، هێنانی پاسداران بۆ حاجی ئۆمەران، هەڵەبجەو، کەرکوک، لەلایەن یەکێتیی، پارتیی، حسک و،حەرەکە، کە ئەنفال و کیمیابارانی لێکەوتەوە، تێکەڵی هاوپەیمانێتییەک دەکەن کە لەگەڵ ئیسرائیل دا ئەنجامی بدەن.
لەڕاستیی دا: بەگشتیکردنی پرسی "ئەنفال و کیمیابارانکردنی باشوری کوردستان"، کە دەرئەنجامی تۆڵەی بەعس بو لە بە پاسداربونی زۆرینەی هێزەکانی باشوری کوردستان، بۆ هەر هاوپەیمانێتییەک کە هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئیسرائیل-ئەمریکا بێننیەکایەوە، کاڵفامیی سەرکردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانەو، نیشانەشە بۆ لەدەستدانی دەرفەتەکان. چونکە مەرج نییە هەمو هاوپەیمانێتییەک ئەنفال و کیمیابارانی لێبکەوێتەوە.
سەرکردەی سیاسیی هوشیار دەبێت درک بە جیاوازی قۆناغەکان و، جۆری ئەو هێزانە بکات کە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ دەکات.
بە پاسداربونی پارتیی لە سەرەتای هەشتاکان و، بە پاسداربونی یەکێتیی و حسک لە ١٩٨٦ ەوە تا ئێستا: پرسێکە زۆرجیاوازە لەوەی کە هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ببنە هاریکاری ئیسرائیل-ئەمریکا. بۆیە، سەرکردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان سەلماندیان کە لە دۆخە هەستیارەکان دا، یان: دەستەپاچەن و بینەری ئەنجامی ڕوداوەکانن، یاخود لە ژێر کاریگەری یەکێتیی دان کە هەڵگری گوتاری ئێرانە!!
ڕونە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردودا، یەک دێڕ پێناسەم بۆ ترەمپ هەبوه: "لە سیاسەت دا حولحولییەو، بازرگانێکی زیرەکە بۆ بەرژەوەنییەکانی خۆی و ئەمریکا!".
بەڵام پێموایە: ئۆپۆزسیۆنی ئێران سەلماندیان ئەو قسەیەی ترەمپ لۆژیکییە، کە وتی: "گەر ئێران بڕوخێنین؛ دەبێتە فەوزا. دۆخی عێراقیی دوای سەددام دوبارە ناکەمەوە!".
کەوایە: هەم بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل سەلما کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ساختەچیی و ترسنۆک دەرچون لە ساتە هەستیارەکانداو، هەمیش نیشانەی ئەوەیە: ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ ستراتیژ کە ڕژێمی ئێران دەڕوخێنن، بە دوای خولقاندنی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەن، کە ناڕەزایی زۆرینەی گەلانی ئێران لەم ڕژێمە، بقۆزێتەوە!
ئۆپۆزسیۆنی تاڵیبانی ئەفغانستانی دوای ٢٠٠١ و، ئوپۆزسیۆنی سەددامی دوای ٢٠٠٣، دو نمونەی هەرە گەندەڵ، ناشیرین و مافیابون بۆ ئەمریکاو، بۆ جیهانییش. کاتێک ژمارەیەک بازرگانی دز، لە فۆرمی سیاسیی و ئوپۆزسیۆن دا، ئەمریکا هەمو شتێکی بۆ پاککردن و، ئەوانیش ناشیرینترین و بەرەڵاترین جۆری حوکمڕانیان لە عێراق و ئەفغانستان پێشکەش کرد. بۆ دەبێ ئەمریکا-ئیسرائیل هەمان شت لە ئێران دوبارە بکاتەوەو، هەوڵنەدەن بەدیلێکی "ڕاهێنراو!!"ی بۆ بخولقێنن!!
بەشێکی سیاسەت؛ هاوتەریبکردنی بەرژەوەندییەکانتە لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکان بۆ ئەوەی دەرفەت بخولقێ و، بیقۆزیتەوە.
واته: لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەش دەبێت هەردولا سازش بۆ یەکتری بکەن و، هاوکاری یەکتر بن بۆ ئەوەی دەرفەتەکە لەدەست دەرنەچێت. نەک ئەوەی تۆ پاڵی لێبدەیتەوەو، چاوەڕوانی "ئەوی زلهێز"بیت کە هەمو شتێکت بۆ پاک بکات!
پرسیار ئەوەیە: ئایا بە هەمو شاپەرستەکان، موجاهیدینی خەلق، چریکە فیدائییەکان، دیموکرات و، کۆمەڵەکانی ئیمپراتۆری گوندی زڕگوێزەڵە، هێندەی یەک شەوی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران؛ گورزیان لە کۆماری ئیسلامیی داوەو، دەدەن!؟
کەوابو، هۆکارێکی هەرە سەرەکی وەستاندنی جەنگەکە لە ئێستادا: پاڵدانەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە، بەوانەی خۆرهەڵاتی کوردستانیشەوە. بۆیەشە: ئیسرائیل-ئەمریکا کاتیان دەوێ بۆ ئەوەی "ئۆپۆزسیۆن"ێکی تر بۆ ئەم دەسەڵاتەی ئێران بخولقێنن و، ئەشیبینین!
ئەوەی لەم جەنگە دوانزە ڕۆژییەدا هەرە گرنگ بو: ئیسرائیل بۆ ئەمریکاو دنیای سەلماند کە کۆنترۆڵکردنی ئاسمانیی ئێران و، ڕوخاندنی ڕژێمەکە: زۆر ئاسانترە لەو پێشبینیانەی کە پێشتر دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمریکا، ڕوسیا و، میدیاکانی ناوچەکە، بۆ ئێرانیان دەکرد.
تەنانەت دەشتوانرێ ئەوە بوترێت: تازە ئیسرائیل بە ئێران فێر بوە!! بەتایبەت لە کوشتنی باڵاترینەکانی ناو سوپای پاسداران دا!
گرنگە زیاتر لەسەر "فشۆڵیی"هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی بدوێم، بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنە کوردەکە، کە هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانن.
زۆرینەی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەدرێژایی ئەم جەنگە، بەتایبەت تەواوی سەرکردەکانی کۆمەڵەکان و، زۆرینەی سەرکردەکانی دیموکرات: لە ژێر کاریگەری گوتاری یەکێتیی دابون. واتە: ناڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری ئیتلاعات دا بون. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی لە ڕابردوادا، پارەی پێداون و، کڕیونیی و، ناڕاستەوخۆ بونەتە هەڵگری گوتاری ئیتلاعات!
پژاکیش کە بەشێکە لە پەکەکەو، پەکەکەش ئێستا ڕاستەوخۆ لەلایەن میت و ئیتلاعاتەوە ئاڕاستە دەکرێ.
کەوایە: سەلما هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانییش لەم تەوقیتەدا فشەکەرو بێکردەوەن و، تەنانەت ناڕاستەوخۆ هەڵگری گوتاری ئەم ڕژێمەی ئێرانن!
سەرکردەکانی دیموکرات، لەپێناو ئەوەبێ کە یەکێتیی کڕیونیی یان لە ترسنۆکیان بێ، دو مەسەلە تێکەڵ دەکەن، کە بریتین لە: "سەربەخۆیی سیاسیی" و، "بەرژەوەندی هاوبەش!".
کاتێک تۆ لەگەڵ زلهێزێک ببیە خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش، بێگومان سیاسەت وایە: دەبێت سازش بۆ یەکتری بکەن لە پێناو ئامانجەکەتان، کە: بەرژەوەندی هاوبەشە!
ئەی بۆچی کاتێک یەکێتیی "مستەفای سەلیمی"ی تەسلیم بە ئێران کردەوە، ئەوکات سەربەخۆیی سیاسیتان نەبو و، بە تەنسیق لەگەڵ یەکێتیی لە تەلەفزیۆنی تیشک ڕاتانگەیاند: "مستەفا سەلیمی لە سنوری بانە گیراوەتەوە"!؟
ئەوەبو، یەکێتییش لە کەناڵی گەلی کوردستان "کە هاوسیاسەتی کەناڵی سەحەری ئێرانە"، بەردەوام بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان؛ ئەو ڤیدیۆ-هەواڵەی کەناڵی تیشکی دیموکراتیی لێدەدایەوە!! ئایا ئەمە لەدەستدانی "سەربەخۆیی سیاسیی"تان نەبو بۆ یەکێتیی، کە هاوکات بەرپرسێکیشتان لە دەنگی کوردی ئەمریکا قسەی لەسەر هەمان پرس کرد، بە هەمان لەدەستدانی سەربەخۆیی سیاسیی!؟
تۆ بەرانبەر یەکێتیی کە هیچی بەسەر هیچەوە نییە؛ ئاوا بەرانبەر خوێنی سەدانی وەک "مستەفا سەلیمی"ی دەبیتە هاوگوتاری هێزە ناپاکەکە، تەنیا لە پێناو ئەوەی یەکێتیی بە پارە هەندێک سەرکردەتی کڕیوە، ئێستا بۆچی بۆ هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ ئیسرائیل-ئەمریکا خۆتت کڕ کردوە، لە هەڕەشەی ئێران-یەکێتیی ترساویت و زێڕەت کردوە، یان پارەی یەکێتیی ورگی سەرکردەکانتی زل کردوەو شۆڕشگێڕبونیی لێدادڕیون!؟
کەوابو، ئیسرائیل-ئەمریکا حەقیان بو لەم تەوقیتەدا ڕژێمی ئێرانیان نەڕوخاند و، مەبەستیانە ئۆپۆزسیۆنێکی تر بۆ ئێران بخولقێنن!!
بەڕاستی، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی: سفری دوای فارێزە بون!
سەلما کوڕی شا؛ بەس دەمە!
وەک وترا، بەیاننامەکانی موجاهیدینی خەلق بەسودی کۆماری ئیسلامی دەنوسرا، ئەمەش بۆ فاشیزمی فارس، دەگەڕێتەوە.
ئۆپۆزسیۆنە عەرەبەکە: جوڵەیان لە خۆیان بڕی بو!
ئۆپۆزسیۆنە بەلوچەکە: بێکردار بن.
لێرەدا، نابێت بەکورتی ئاماژە بە بەسیجەکانی باشوری کوردستان نەکەین، کە بەردەوام پڕوپاگەندەی میدیاییان دەکرد بە سودی ئێران، هەر لە حەشدی حەمەی حاجی مەحموەوە، بۆ حەشدەکانی ناو کەناڵەکانی ڕوداو، پەیام و سپێدە.
لە بنەڕەت دا، کەناڵی ڕوداوی باڵێکی پارتیی، تا ئێستا بەرنامەیەکیان تایبەت کردوە بە: جەنگی ئێران و ئیسرائیل. یەکێک لەو "بەناو" ڕۆژنامەنوسانە پێشتر لە گۆڤارێکی "بەناوبانگکراوی!!"ی زۆنی سلێمانیی ئیشی دەکرد، ئەو گۆڤارە لەلایەن دەزگایەکی هەواڵگرییەوە ئاراستە دەکراو، دوای گۆڤارەکەش؛ سەرنوسەرەکەی پۆستێکی پێ درا!
ئەم بەناو ڕۆژنامەنوسە کە بۆ ئەم جەنگە لەلایەن کەناڵی ڕوداوەوە کراوە بە یەکێک لە "بەناو!!" شیکەرەوەکانی جەنگی ئێران-ئیسرائیل: نوێنەری ئێرانە بۆ ئەو بەرنامەیە. واتە: کەناڵی ڕوداو ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ ئێران هەیە!! بۆیەشە بوەتە بڵندگۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و شیکاری سیاسیی بە سودی تورکیاو ئێران.
بەهەرحاڵ، لە ستراتیژدا: ڕوخانی ئەم ڕژێمەی ئێران حەتمییە! ستراتیژبینین؛ نەفەسی درێژی دەوێ!!
ئەوانەی پێیان وایە: بەریەککەوتنی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتوە، لە ڕاستییدا؛ کاڵفامی سیاسیین! ستراتیژی ئیسرائیل-ئەمریکا: نەگۆڕە، بەڵام تەکتیکەکان گۆڕانکاری بەسەریان دا دێت! داڕوخاندنی عێراق لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ی خایاند. سوریاش لە ٢٠١١ تا ٢٠٢٤.
دیسانەوە وەک بابەتەکانی پێشو جەخت دەکەمەوە: "گەر لە تەکتیکییش دا ئێران سازش بۆ ئەمریکا بکات و کەمێ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. لە ساڵی ١٩٤٨ ەوە تا ئێستا، هیچ دەوڵەتێک نەبوە کە موشەک بە ئیسرائیلەوە بنێ و، ئەو دەوڵەتەیان لە ستراتیژ دا نەڕوخاندبێ!". ئێران ڕوبەرەکەی گەورەیەو، بۆ ئیسرائیل-ئەمریکا گرنگەو کاتی دەوێ کە بەدیلێکی کۆنکرێتیی بۆ پەروەردە بکەن!!