بۆچی پێویستە مەسرور بارزانیی لێپرسینەوە لە خۆی و نزیکەکانی بکات، نەک ڕاگەیەنراو دەربکەن!

شه‌ریف عەلی
  2025-08-11     1265

دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی بەریتانیی

 

درەنگانی دوێنێ، ڕاگەیەنراوێک بڵاوکرایەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە درابو: کۆمەڵە میدیایەکی چەواشەکار هەواڵێکی هەڵبەستراویان بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە کۆبونەوەی مەسرور بارزانیی لەگەڵ ترەمپ. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە: ئەو هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە؟

لێرەدا پرسیارێکی ساده کە گرنگیشە ئەوەیە: کێ بون ئەو میدیایانەی ئەو هەواڵەیان بڵاوکردەوە؟!

یەکەم کەناڵ کە ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە، کەناڵی ڕوداوی ئامۆزاکەی مەسرور بو، لە زاری باخەوانەکەی کۆنە حەرەکەی ئیسلامییەوە.

دووەم میدیا کە ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە، کەناڵی ئاڤای خودی مەسرور بو. هەواڵەکەشیان بەو جۆرە داڕێشتبو، کە لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمەوە ساغکراوەتەوە لە چەند ڕۆژی داهاتو دا، مەسرور بارزانیی لەگەڵ ترەمپ کۆدەبنەوە.

بێگومان، بەرپرسی باڵای حکومەتی هەرێم کە ئاڤا میدیا زانیاری لێوەربگرێ، یان مەسرورە، یاخود نزیکەکانیەتیی.

لەبەر ئەم حەقیقەتە ئاشکرایانەی سەرەوە، پێویستە مەسرور لێپرسینەوە لە کەناڵی ڕوداو، ئاڤا و، خودی نزیکەکانی خۆی بکات. چونکە بەپێی ڕاگەیانراوەکە دەسەلمێ کە ئەو میدیایانە چەواشەکارن!

لەڕاستیش دا، من نەمدیوە کەناڵی کوردساتی کوڕەکەی شاناز، یان کەناڵی ئێن-ئاڕ-تی شاسوار عەبدولواحید ئەم هەواڵە بڵاوبکەنەوە.

بەڵکو ئەوە میدیاکانی هەردو باڵەکەی پارتیی بون، کە ئەم زانیارییەیان بۆ بینەران دەخستەڕو.

بەڵام ئەگەر لە ڕوی سیاسیی و دبلۆماسییەوە ئەم مەسەلەیە هەڵسەنگێنین، دەکرێ بڵێین: هەواڵی کەناڵەکانی هەردو باڵەکەی پارتیی ڕاستیی تێدا هەبوە. بەڵام هەردو باڵەکەی پارتیی لەم بابەتەدا سیاسەتنەزان و فشەکەر و خۆبەزلزان بون کە زۆر زوو ئەم هەواڵەیان بڵاوکردەوە، بۆچی؟

چونکە دەکرێ هەواڵەکە ڕاستیی تێدا هەبو بێ. بەڵام کاتێک هەردو باڵەکەی پارتیی هێندە پڕوپاگەندەیان بۆ کرد، ئەوە وایکردبێت کە دبلۆماسییەتی حکومەتی ناوەندی عێراق لە ئەمریکا دژی پرسێکی وا وەستابێتەوەو، بەنهێنیی ناڕەزایی حکومەتی عێراق بە ئەمریکا گەیەنرابێت، لەبەر ئەوەی مەسرور سەرۆکی حکومەتی عێراق نییە، بۆیە عێراق بەو کۆبونەوەیە؛ ناڕازییە.

هەرچەندە، هەرشتێک ئەمریکا بیەوێت؛ ئەکرێ بیکات. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکاش هیچ بەرژەوەندییەکی خۆی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبەرچاو ناگرێت.

کەوابو، ئەوەی پێویستە لەم پرسەدا مەسرور بارزانیی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات؛ خودی خۆیەتیی کە گڵۆپی سەوزی بۆ کەناڵی ڕوداو و ئاڤا هەڵکرد کە ئەم هەواڵە زۆر زو بڵاوبکەنەوە. ئەوەش وایکردوە کە عێراق بە نهێنیی هەنگاوی دبلۆماسیی لە دژ بگرێتەبەر.

زۆرجار نوسیومە: زانستی بیرکاری دەتوانێ هەمو جۆرە [ژمێراو]ێک؛ بژمێرێت. بەڵام هەرگیز ناتوانێ ژمارەی دزی و گەندەڵیی و هەڵەکانی سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی بژمێرێت.

تەنانەت زانستی بیرکاری ناتوانێ ژمارەی موڵک، فڕۆکە، کۆمپانیا، کەشتیی، تۆن زێڕەکانی بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی، ئیبراهیم ئەحمەد، نەوشیروان، سەرکردەکانی تری یەکێتیی و پارتیی بژمێرێت.

ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەمەوە، ئەوەیە: مەسرور نابێ هیوای بەوە بێ لە جامۆڵکەیەک ئاو دا مەلە بکات. نەوشیروان لە شوێنێکی کتێبی نێوان خۆی و تاڵەبانیی دا نوسیویەتیی: "جەلال تاڵەبانیی زۆر عاشقی ئەوەیە وێنە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان بگرێت". بۆیە مەسروریش لەپێناو [ئەگەر]ی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ترەمپ، نەدەبو پێیخۆش بێ ئەم هەمو پڕوپاگەندەیە لە کەناڵی ئاڤاو ڕوداو بۆ ئەو بابەتە بکرێت.

بێگومان، ئێران و تورکیا دەیانەوێ کورد دژی ئیسرائیل و ئەمریکا هان بدەن. چونکە باش دەزانن گەر یەک ڕۆژ ئەمریکا دەست لە کورد هەڵگرێت؛ لە باشور و خۆراواش ئاشبەتاڵی لێدەکەن. وەک چۆن شانزەی ئۆکتۆبەر فرۆشتیان!

پرسێکی تری گرنگ کە لەبابەتی پێشوم دا "پەیامێک بۆ مەسرور بارزانیی" بڵاوم کردەوە، جەختی لەسەر دەکەمەوە. ئەویش ئەوەیە: پێویستە مەسرور بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردە کاریگەرەکانی ئەمریکا، ڕاپۆرتی شیکاریی و بەڵگەداری پێ بێت، لەسەر سێ پرسی گرنگ:

١-چۆن ئێران دەیەوێ هەرێم لە ناو ببات و، ستراتیژی ئێران دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

٢-زیاد لە دە ساڵە باشوری کوردستان جینۆسایدی ئابوری لەسەرە بەهۆی ستراتیژی ئێران-عێراق بە نەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەمەش باجێکی قورسە کە گەلی کورد لە باشور دەیدات بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانی ئەمریکایە. بۆیە پێویستە ئەمریکاش لەم پرسەدا پشتیوانی باشوری کوردستان بێت.

٣-پێویستە ئیتر کۆبونەوەی مەسرور یان هەر سەرکردەیەکی تری یەکێتیی و پارتیی لەگەڵ سەرکردە کاریگەرەکانی ئەمریکا؛ تەوەرێکی باسی پرسی بێمافی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت، کە چل ملیۆنەو، خۆی بە هاوپەیمان و پارێزەری هەمیشەیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەزانێت. نەک ئەوەی سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی وەک ڕابردویان بەردەوامبن لەوەی پرسی دبلۆماسیش بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبییان بەکاربهێنن.

بەڕاستی ئەگەر سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی کەمێک ستراتیژزان بن و، تۆزقاڵێک بە لۆژیک بیربکەنەوە، بۆیان دەردەکەوێت کە میللەت لەوپەڕی کەفوکوڵ دایەو، ئیتر میللەت پشودرێژی نەماوە. بۆیە بەرپرسی سیاسیی خاوەن دەسەڵات هەمیشە ئەم دۆخانە بۆ چاکسازی گشتگیر و دبلۆماسییەتی بەرهەمدار دەقۆزێتەوە. ئەگینا ئەوەی بیرکردنەوەی ئەوان نایبڕێت؛ ڕودەدات!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×